جیهان

دوای گەیشتنی بە تەلئەبیب، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر حەماس رەتیبکاتەوە چەک دابنێت، ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و جەختیشیکردەوە لەوەی حەماس رۆڵی نابێت لە داهاتوی غەززەدا.

ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە  بۆ جێبەجێکردنی قوناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە ئیسرائیلە رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەندی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە بن و دەیانەوێت؛ هاوکاربن بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە یارمەتی خەڵکی غەززە بدات بەبێ حەماس باشتر بژین.

وەزیرەکەی ئەمریکا ئەوەشیخستەڕوو، پێشبینی دەکات حەماس چەک دابنێت و هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی حەماس رۆڵی لە داهاتووی لە غەززەدا نابێت.

جەختیسیکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حەماس حوکمی غەززە نەکات و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل نەبێت.

مارکۆ رۆبیۆ دڵنیایشی داوە لەوەی تا ئەو کاتەی هەرێمێک هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات، ئاشتی بەدی نایەت و  هەمووانیش لەوەتێگەشتوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل لەهەمو ئۆپراسیۆنەکان، کە ئەنجامی داوە  ئاگاداری کردوەتەوە بە تایبەتی روداوی پەیجەرەکان، ئاماژەی بەوەشکردوە جیهان دژی ئیسرائیل وەستابونەوە بۆیە شەڕم بە ناتانیاهۆ وەستاند.

 ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، ئەو بە تەواوەتی ئاگاداری ئۆپراسیۆن و ‌هێرشەکانی ئیسرائیل بووە لە ناوچەکە، ئەوەی بەدەستیان هێناوە ئاشتییەکی هەمەلایەنەیە لە ناوچەکەدا لە ماوەی سێ هەزار ساڵدا ڕوینەداوە.

 سەرۆکی ئەمریکا  باسی لەوەشکردوە، ئەو ڕێگریی لە نەتانیاهۆ کردوە لە درێژەدان بە شەڕە، چونکە  زانیویەتی جیهان لە دژی ئیسرائیل دەوەستانەوە.

ترەمپ پەیامێکیشی ئاراستەی حەماس کردوە  و دەڵێت؛ ئەوان سەرکردە باڵاکانیان بە تەواوەتی لەناوجون لە شەڕی ئیسرائیلدا،  ئەگەر رێککەوتنەکە پێشێل بکەن، ئەوا بە تەواوی لەناو دەچن

جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداری ئەو هیچ کارێکی نەکردووە و بەردەوام ئاگادری ئۆپراسیۆنەکانیان بوە بە تیابەتیش ئۆپراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی حزبوڵای لوبنان.

ترەمپ دەڵێت بەهۆی هەوڵەکانیەوە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان  دەستکاریکردوە، ئێستا نە هەڕەشەی ئەتۆمی هەیە ، نە شەڕی ناوچەیی، ئەوەی هەیە ئاشتییە و وردە وردە زیاتریش دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین ڕایگەیاند، پەکین و واشنتۆن دەتوانن بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکانیان، لە کاتێکدا دانوستانە نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵات نزیک دەبنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، وەزیری بازرگانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە "چوار خولی پێشووی ڕاوێژکارییە بازرگانییەکانی چین و ئەمریکا دەریخستووە کە چین و ئەمریکا توانای تەواویان هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد،  نیگەرانییەکانی هەردولا و دۆزینەوەی رێگەی باش بۆ پێکەوە ژیان و پێشخستنی گەشەسەندنی دروست و سەقامگیر و بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێزگرتنی یەکتر و ڕاوێژکاری یەکسانەوە دەکرێت.

وەزیری بازرگانی چین ئەوەێ بەرۆژنامەنوسان وتووە؛ شی جین پینگی سەرۆکی وڵاتەکەیان،  هەمیشە جەختدەکاتەوە لەوەی "دیالۆگ و هاوکاری" تاکە هەڵبژاردەی دروستە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چیندا.

 

ئەم لێدوانانەی وەزیرەکەی چین لە کاتێکدایە، لەدوای  بوون بە سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار، سزای و باجی بەسەر وڵاتی چیندا سەپاندوە و بەردەوام لێدوان دەدات دژیان و پەکین تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت ئابوری جیهان کۆنتڕۆڵ بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا هەڵدەوەشێنێتەوە، پارێزگای ئۆنتاریۆی تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی ریکلامێکی "ساختە" کە تێیدا رۆناڵد ریگان سەرۆکی کۆچکردووی کۆمارییەکانی ئەمریکا بە نەرێنی باسی باج دەکات.

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، رایگەیاندووە کەنەدا 75 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو ریکلامە خەرج کردووە وەک هەوڵێک بۆ "دەستوەردان لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا و دادگاکانی دیکەی وڵاتەکە".

ناوبراو وتوشیەتی؛ باجەکان زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری ئەمریکا، بە پشتبەستن بە رەفتاری رکابەرەکانیان، هەموو دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێدێنێت، کە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت بەهۆی ئەو ریکلامە ساختەیەی دروستیان کردوە دژی سیاسەتی باجی  ئێستای ئەمریکا.

ئەم کاردانەوەی ترەمپ لە کاتێکدایە،  پارێزگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا هەڵمەتێکی ریکلامی ئامادەکردووە کە "کلیپی دەنگی و ڤیدیۆیی هەڵبژێردراوی سەرۆک رۆناڵد ریگانی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکای بەکارهێناوە  کە وتاری رادیۆیی خۆی پێشکەش بە میللەت دەکات و دژی سەپاندنی باجە و سەبارەت بە بازرگانی ئازاد و دادپەروەرانە قسەدەکات و وتارە دەنگییەکەی ریگان مێژوکەی بۆ ساڵی 1987 دەگەڕێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاراستەی  ئەمریکا کردوە دەڵێت؛"تکایە نا بۆ شەڕێکی شێتانە"، ئەمەش لەدوای ئەو گرژیانە دێت لە نێوان فەنزوێلا و ئەمرکادایە دروست بوە و لە پەرەسەندندایە، ترەمپ چەند جارێک وتویەتی؛ سەرۆکی فەنزوێلا شێتە و دەستی هەیە لە بازرگایکردن بە ماددی هۆشبەر و لە بەرانبەردا، مادۆراش هەڕەشەی دەکرد و رایگەیاندبوو، پێنج هەزار موشەکیان هەیە و رویی لە ئەمریکایە.

لە چەند رۆژی رابردودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دەسەڵاتی بە سی ئای ئەی داوە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئەو کەسانەی کە گوایە بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن لە وڵاتانی کاریبی و زەریای هێمن زیادی کردوە.

 

مادۆرۆ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخراوە دڵسۆزەکانی وڵاتەکەی وتویەتی "بەڵێ بۆ ئاشتی، بەڵێ بۆ ئاشتی  هەمیشەی،  نا بۆ شەڕێکی شێتانە تکایە".

ئەمریکا فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەی ئەوەی نەخستۆتەڕوو کە ئەو ئامانجانەی لێی داوە کە تا ئێستا هەشت بەلەم و ژێردەریایی لەخۆدەگرێت، تێوەگلاون لە قاچاخچێتی.

داتاکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەریانخستووە کە لانیکەم فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراوی ئەمریکی B-1 بە ئاسمانی کەنارەکانی کاریبی و کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا فڕیوە، ئەمەش دووەمین نمایشی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە لە ماوەی هەفتەیەکدا لەو سنورە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

 ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رووی ئابوری و ژێرخانی سەرچاوە سروشتییەكانی بۆ ئەمریكا ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ ووڵاتەكە پەیدا دەكات بەهۆی هەناردەكردنی نەوت و غاز و كشتوكاڵ و بەرهەمی كارگەكانی. 

 

تەکساس یەكێكە لە گەورەترین ویلایەتی ئەمریكا لە رووی ئابورییە و رۆڵی هەیە لە بەرهەمی نیشتمانی ئەمریكا و رەخساندنی هەلی كار و هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ و سەرچاوەكانی.

 

ویلایەتەکە پێشەنگی ویلایەتەكانی ئەمریكا بۆ هەناردەكردن و ساڵان بە بەهای سەدان ملیار دۆلار كاڵا هەناردە دەكات و سێكتەری كارەبا و تەكنەلۆجیا و پیشەسازی ویلایەتەكە رۆڵیان هەیە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی و جیهانی و ئابورییەكەی گەورەترینە لە جیهاندا و قەبارەی ئابورییەكەی دەگاتە نزیكەی سێ ترلیۆن دۆلار لە ساڵێكدا.

 

نەوت و غاز و وزەی بای تەكساس بنچینەیەكی گرنگن بۆ ئەمریكا كارەبایان بۆ ویلایەتەكە و چەند ویلایەتێكی تر دابین كردووە و پلەی دووەمی گرتووە لە ئەمریكا بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی شل و بەردەوامیشە لە گەشەپێدانی وزەی خۆر و سودوەرگرتن لێی و 40٪ی نەوتی خاو و 25٪ی غازی شلی ئەمریكا لە تەكساسەوە بەرهەمدێت.

 

لە تەكساس گرنگی بە كانە كانزاییەكان دەدرێت و سودی لێوەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن و پێشەنگ لە پیشەسازی پێتڕۆكیمایی و ئۆتۆمبێل و ئەلیكترۆنی و كۆمپیوتەر.

 

بەهۆی كەمی باج و خەرجی ژیان و پاڵپشتی بۆ كرێكار و كارمەند زۆربەی كۆمپانیاكان ئارەزووی ئیشكردنن لە تەكساس و رێژەی بێكاری كەمتر لە 4٪ە و گەشەی ویلایەتەكە بەردەوامە لە هەڵكشان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی چۆنیەتی دروستبوونی ئاگربەستی غەززە و دیدگای خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە ئاشکرا کرد و هەڕەشەیەکی تووندیشی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە لکاندنی کەناری رۆژئاوا.

"من ناتانیاهۆم راگرت"

ترەمپ لەبارەی ناتانیاهۆوە وتی: "وەک دەزانن، من رامگرت (لە بەردەوامبوون لە جەنگ)، چونکە ئەو بەردەوام دەبوو، رەنگە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوایە و من رامگرت، و کاتێک رامگرت هەمووان یەکیانگرت، شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو."

وتیشی: "کاتێک ئەو هەڵە تاکتیکییەی ئەنجامدا، کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو،  ئەوە هەڵەیەکی کوشندە بوو، بەڵام لە راستیدا، وەک بە میرم وت، ئەمە یەکێک بوو لەو شتانەی هەموومانی کۆکردەوە، بە جۆرێک کە وای لە هەمووان کرد ئەوە بکەن کە پێویست بوو بیکەن."

ترەمپ جەختیکردەوە، "پێویست بوو (ناتانیاهۆ) بوەستێت چونکە جیهان رایدەگرت. من دەمبینی چی روودەدات. ئیسرائیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ جەماوەری خۆی لەدەستدەدا. هەر بۆیەش کاتێک وتم 'جیهان'، مەبەستم ئەوە بوو."

لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد کە پلانی هەیە سەردانی غەززە بکات و وتی: "بەڵێ، دەیکەم، سەردانی دەکەم."

هەڕەشەی بڕینی پشتیوانی لە ئیسرائیل

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگریکردن لە ناتانیاهۆ بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا، ترەمپ بە تووندی وتی: "ئەوە رونادات، ئێمە پشتیوانییەکی گەورەی عەرەبیمان هەبوو، ئەوە رونادات چونکە من بەڵێنم بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە. ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات."

سەبارەت بەوەی ئایا مەحمود عەباس لە دەسەڵاتی غەززەی دوای جەنگدا دەبینێت، ترەمپ وتی: "باشە، من هەمیشە لەگەڵیدا گونجاوم. هەمیشە بە کەسێکی عەقڵانیم زانیوە، بەڵام وەک دەزانن، کاتێک لێم نزیک دەبووەوە زۆر دۆستانە بوو... بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی رایەکم هەبێت، لە کاتێکی دیاریکراودا رام دەبێت."

لەسەر پرسی مەروان بەڕغوسیش، ترەمپ بە شێوەیەکی کورت وتی: "من بڕیاری لەسەر دەدەم."

"سعودیە و رێککەوتنەکانی ئیبراهیم"

ترەمپ پێشبینی کرد کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی نێوان سعودیە و ئیسرائیل "زۆر نزیکە" و وتیشی، "پێم وایە سعودیە رێبەرایەتیی رێگاکە دەکات بەرەو رێککەوتنەکانی ئیبراهیم."

کاتێک گۆڤارەکە پرسیاری کرد ئایا پێی وایە تا کۆتایی ساڵ سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "بەڵێ، پێم وایە. بڕوام وایە."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هێرشێکی تووندی کردە سەر گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "شێت" ناویبرد. ئەم لێدوانە دوای تۆخبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و بۆگۆتا دێت، کە بەهۆی هێرشێکی سوپای ئەمریکاوە بۆ سەر بەلەمێکی ماددە هۆشبەرەکان لە زەریای هێمن دروست بووە.

"کێشەکە سەرۆکێکی شێتە"

رۆبیۆ بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێم وایە دەسەڵاتدارانی کۆڵۆمبیا، بەتایبەتی سوپا و پۆلیس، هێشتا زۆر دڵسۆزن بۆ ئەمریکا. تاکە کێشە لە کۆڵۆمبیا سەرۆکێکی شێتە."

وتیشی: "ئەو پیاوە شێتە، شێتە! عەقڵی تەواو نییە."

پەیوەندییەکان لە خراپترین ئاستدان

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە دوای لێدوانە تووندەکانی ترەمپ، کە هەڕەشەی بڕینی هاوکاری و سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کۆڵۆمبیادا کرد و سەرۆکە چەپڕەوەکەی بە "سەرکردەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" تۆمەتبار کرد.

لەوەڵامدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رەخنەی تووندی لە هەڵمەتەکەی ئەمریکا گرت و ترەمپی بە "کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" تۆمەتبار کرد. دوابەدوای ئەمەش، وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا رایگەیاند کە باڵیۆزەکەیان لە واشنتن گەڕاوەتەوە بۆ بۆگۆتا.

گۆڕینی هاوکێشەکان:

کۆڵۆمبیا گەورەترین وەرگری هاوکارییەکانی ئەمریکایە لە ئەمریکای باشور، کە لە ساڵی2023دا نزیکەی 740 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. بەڵام بە گوتەی چاودێران، ئاڵوگۆڕی تۆمەتی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی گەیاندووەتە خراپترین ئاستی لە ماوەی دەیان ساڵدا.

مانگی رابردوو، واشنتن پۆلێنکردنی کۆڵۆمبیای وەک هاوپەیمانێک لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان هەڵوەشاندەوە، بۆگۆتاش لە وەڵامدا کڕینی چەکی لە ئەمریکا راگرت.

لەوەتەی لە ساڵی 2022ەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پێترۆ داوای گۆڕانکارییەکی ریشەیی دەکات لە جەنگی دژی ماددە هۆشبەرەکان و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، نەک پشت بەستن بە سەرکوتکردن. بەپێی ئامارەکانیش، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، روبەری چاندنی کۆکا (ماددەی خاوی کۆکاین) بە ڕێژەی ٪70 زیادیکردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە هەفتەی داهاتوو لە کۆریای باشور چاوی پێی دەکەوێت، دەتوانێت "کاریگەرییەکی گەورە"ی لەسەر ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، هەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکانی ئۆکراین.

"شی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پوتن هەبێت"

ترەمپ لە کۆشکی سپی لە کاتی پێشوازیکردن لە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێم وایە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پوتن هەبێت."

وتیشی، "بڕوام وایە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو بسەپێنێت، و بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆسیەی روسیا و ئۆکراین دەکەین."

چاودێران دەڵێن: ترەمپ بە هیوای ئەوەوە کە لەگەڵ پوتن رێکبکەوێت هەوڵی سازان لەگەڵ هاوپەیمانەکەیدەدات.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لووتکە دەبێت لە نێوان ترەمپ و شیدا لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، کە بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە کۆریای باشور بەڕێوەبچێت.

هیوای رێککەوتنی بازرگانی:

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ترەمپ هیواخواز بوو لەم لووتکەیەدا بتوانێت لەگەڵ چین بگاتە رێککەوتنێکی بازرگانی.

ناوبراو وتی: "پێم وایە رێککەوتنێک ئەنجام دەدەین،" و لە بەهای ئەو بڕیارەی پەکینی کەمکردەوە کە کۆتوبەندی خستووەتە سەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان.

گرژییە بازرگانییەکانی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان لە دوای ئەوەوە زیادیکردووە کە چین دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاریدا کۆتوبەند بخاتە سەر هەناردەی کانزا دەگمەنەکان و تەکنەلۆژیا پەیوەندیدارەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای نێوان کامپالای پایتەخت و شاری گولو لە باکووری وڵات، 46 کەس گیانیان لەدەستداوە.بۆ تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلی تر و لەوکاتەدا بەیەکیاندا داوە.

سەرەتا پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاندبوو کە 63 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دواتر ژمارەکەیان بۆ 46 کەس کەمکردەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دزییە گەورەکەی لۆڤەر؛ راپۆرتێکی نهێنی شکستە ئەمنییە مێژووییەکانی ئەو مۆزەخانەیە ئاشکرا دەکات:


دزییە مەترسی دارەکەی رۆژی یەکشەممە لە مۆزەخانەی لۆڤەر، کە تێیدا هەشت پارچە لە گەوهەرە شاهانەکان دزران، نەک هەر ناوبانگی مۆزەخانەکەی خستە مەترسییەوە، بەڵکو بووە هۆی ئاشکرابوونی زنجیرەیەک کەموکورتیی ئەمنیی قووڵ و مێژوویی. ئێستا راپۆرتێکی نهێنیی دامەزراوەی باڵای وردبینیی فەرەنسا، وردەکاریی شۆکهێنەر لەبارەی سیستەمی ئەمنی و کەمکردنەوەی بودجە ئاشکرا دەکات و ئەنجومەنی پیرانیش بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردووە.

راپۆرتە نهێنییەکە چی ئاشکرا دەکات؟

رەشنووسێکی نهێنیی راپۆرتی "دادگای ژمێریاری" کە باڵاترین دامەزراوەی وردبینییە لە فەرەنسا، بە توندی لۆمەی ئیدارەی لۆڤەر دەکات بەهۆی چەندین خاڵەوە:

سیستەمێکی ناتەواوی کامێرای چاودێری: لە هەر سێ ڕووە سەرەکییەکەی مۆزەخانەکەدا سیستەمی چاودێری لاوازە. بۆ نموونە، لە رووی "ریشیلیۆ" لە کۆی 182 ژوور، تەنها 25%یان کامێرای چاودێرییان هەیە.

کەمکردنەوەی بودجەی ئەمنی: بودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری ئەمنی لە ساڵی 2024 زۆر کەمترە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئەمنی.

گرنگیدان بە پڕۆژەی لاوەکی: راپۆرتەکە دەڵێت ئیدارەی مۆزەخانەکە سەرقاڵی پڕۆژەی نوێ بووە لەجیاتی ئەنجامدانی "کارە بنەڕەتی و پێویستەکان" بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە.

مێژوویەک لە دزیکردن و شکستی ئەمنی:


ئەمە یەکەمجار نییە لۆڤەر روبەڕووی دزیی گەورە دەبێتەوە. بەناوبانگترینیان دزینی تابلۆی مۆنالیزا بوو لە ساڵی 1911. هەروەها:

دزیی شۆڕشی فەرەنسا (1792): لەناو گێژاوی شۆڕشدا، زیاتر لە 10 هەزار بەردی بەنرخ و مرواری دزران، لەنێویاندا ئەڵماسی بەناوبانگی "شینی فەرەنسی" کە دواتر بە ناوی "ئەڵماسی هیواداری" (Hope Diamond) لە مۆزەخانەی سمیسۆنیان لە واشنتن دەرکەوتەوە.

شمشێرە ئەڵماس رێژکراوەکە: (1976) سێ دزی دەمامکدار شمشێرێکی ئەڵماس رێژکراوی شا چارلزی دەیەمیان دزی کە هەرگیز نەدۆزرایەوە.

تابلۆی "رێگای سێڤر:" (1998) لە رۆژی رووناکدا، دزێک تابلۆیەکی بەنرخی لە چوارچێوەکەی دەرهێنا و دیارنەما.

کێشەی سەرەکی: لۆڤەر کۆشکێکە کە بۆ مۆزەخانە نابێت

شارەزایان پێیانوایە کێشەی سەرەکیی لۆڤەر، لە خودی پێکهاتە تەلارسازییە ئاڵۆزەکەیدایە. ئەم باڵەخانەیە کە وەک قەڵایەکی سەربازی دروستکراوە و دواتر کراوە بە کۆشک، لە 25 ئاستی جیاواز پێکدێت و پاراستنی کارێکی ئێجگار سەختە. وەک جیرارد ئارۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی لۆڤەر دەڵێت: "لۆڤەر کۆشکێکە کە لۆژیکی مۆزەخانەی نییە. ئەو بۆخۆی گەردوونێکە."

سیستەمی ئەمنی لۆڤەر و کەلێنەکانی:

لۆڤەر بە دوو چینی ئەمنی دەپارێزرێت: نزیکەی 1200 پاسەوانی تایبەتی مۆزەخانەکە، و هێزێکی 52 کەسیی ئاگرکوژێنەوە کە بەشێکن لە سوپای فەرەنسا. بەڵام:

پاسەوانەکان: بەردەوام سکاڵایان لەبارەی خراپیی بارودۆخی کارکردنیان هەبووە. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی دان بەوەدا دەنێت کە موچەیان کەمە و قوتابخانەیەکی تایبەت بە راهێنانی پاسەوانی مۆزەخانە بوونی نییە.

ئاگرکوژێنەوەکان: هێزێکی زۆر راهێنراون بەڵام ئەرکی سەرەکییان بەرەنگاربوونەوەی ئاگر و لافاوە، نەک رێگریکردن لە دزی.

نهێنیی شووشە شکاوەکە:

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چۆن دزەکان توانیویانە شووشەی قەفەزەی گەوهەرەکان بشکێنن؟ لە کاتێکدا مۆنالیزا لەناو شووشەیەکی دژە فیشەک و پۆڵاییندایە، بەڵام شووشەی گەوهەرەکان جیاواز بووە. بەرپرسێکی پێشووی سەربازی ئاشکرای دەکات کە شووشەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە بەهێز بێت دژی تاوانباران، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن بیشکێنن لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بۆ رزگارکردنی گەوهەرەکان. وا دیارە دزەکان ئەم خاڵە لاوازەیان قۆستۆتەوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی روسیا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی دەستپێکرد. بەهۆی هێرشەکەوە لە کیێڤ دوو کەس کوژران و لە زاپۆریژیاش 15 کەسی دیکە برینداربوون.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی شەوی سێشەممە، دوو کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانە. هەروەها بڕانی کارەبا لە بەشێک لە پایتەخت راگەیەندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکانەوە، ئاگر لە نهۆمی هەشت و نۆیەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی کەوتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری 10 کەسیان لە باڵەخانەکە رزگارکردووە. هاوکات لە ناوچەی دارنیتسکی، باڵەخانەیەکی نانیشتەجێبوون ئاگری گرتووە.

هێرشەکان تەنها کیێڤی پایتەختی نەگرتەوە، بەڵکو تەقینەوە لە شارەکانی دنیپرۆ، زاپۆریژیا، و بەندەری ئیزمایلیش رویانداوە. ئیڤان فیۆدۆرۆڤ، پارێزگاری زاپۆریژیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە و لانیکەم 15 هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. لە شاری ئیزمایلی سەر بە هەرێمی ئۆدێساش، هێرشەکان بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبا.

ئەم هێرشە بەرفراوانەی روسیا دوای ماوەیەکی کەم دێت لەوەی کە ئۆکراین بە موشەکی "ستۆرم شادۆ" هێرشێکی کردە سەر کارگەیەکی کیمیایی بڕیانسکی روسیا کە کەرەستەی سەرەکی بۆ موشەکەکانی روسیا بەرهەمدەهێنێت.

هێرشەکانی روسیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕدان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین لەپێش وەرزی زستاندا. پێشتر ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریدابوو کە روسیا هێرشەکانی بۆ سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا زیاتر دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە فشارە نێودەوڵەتییەکان کەمبوونەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل داوای لە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مارک کارنی کردووە ئەو بڕیارەی، کە سەرۆک وەزیرانی پێشوی کەنەدا دەریکردوە بۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ لە ئەگەری چونی بۆ کەنەدا هەڵبوەشێنێتەوە.

شوش بێدرۆسیان، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان پێیان وایە کە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کارنی بەو بابەتەدا بچێتەوە و بەخێرهاتنی سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ، سەرۆکی تاکە دەوڵەتی جولەکە و دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ کەنەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرکردوە و کەنەداش رایگەیاندووە پابەندە بە بڕیارەکەی دادگاکەوە و جێبەجێدەکات.

هەفتەی رابردوو بلومبێرگ  پرسیاری لە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کرد، “ئایا رێز لە پابەندبوونی جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی پێش خۆت دەگریت کە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ  فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکردوە؟  وەڵامی سەرۆک وەزیران بۆ پرسیارەکەی بلومبێرگ  ئەرێنی بوو.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە شەڕی غەززە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد و ئیسرائیلیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و داننانی کەنەداشی بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بە پاداشتێک بۆ تیرۆر وێناکردوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ زۆر روونە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و سەرۆک دەیەوێت ئێران وڵاتێکی سەرکەوتوو و ئاوەدان بێت.

جەی دی ڤانس ئەوەشی خستوەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ  دەیەوێت پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە تاران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

جێگەرەکەی ترەمپ وتوشیەتی؛  حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامرازە دیپلۆماسییەکان بۆ پێشگرتن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.

بە وتەی جەی دی ڤانس نەبوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ئامانجی سەرەکی واشنتۆنە و لە داهاتوویەکی دوریشدا ئەو ئامانجەی ئەمریکا ناگۆڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی ئاراستەی حەماس کرد و رایگەیاند  ئومێد هەیە حەماس کارە دروستەکە بکات و ئیسرائیلیشی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی کە هێستا کاتی دەستوەردانی سەربازی نییە لە دژی حەماس و غەززە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی تروس، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، پەیامێکی ئاراستەی حەماس کردوە.

لە پەیامکەیدا ترەمپ نوسیویەتی؛ هاوپەیمانانی ناوچەکە ئاگاداریان کردووتەوە کە پێشوازی لە هێزێکی سەربازیی بەرفراوان دەکەن کە بچێتە غەززە و بۆ روبەڕوبونەوەی حەماس ئەگەر ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردوە؛ هاوپەیمانان و ئیسرائیلی ئاگادارکردوەتەوە کە هێشتا کاتی دەستوەردانی سەربازی لە دژی حەماس نییە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ترەمپ دەڵێت؛ تائێستا  ئومێد هەیە حەماس کارێکی دروست بکات، بەڵام ئەگەر ئەوەنەکات، کۆتاییەکەی خێرا و توندوتیژی و دڕندانە دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراین دووپاتدەکەنەوە و جەخت لە راگرتنی جەنگ  و هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەنەوە.

هەر یەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپی لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بۆ پشتگیری لە ئۆکراین بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە، دەبێت شەڕ و کوشتارەکان لە ئۆکراین رابگیرێت.

راگەیەنراوەکە لەلایەن حکومەتی بەریتانیا بڵاوکراوەتە و تێیدا هاتووە،  پشتگیری تەواو لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکراین ، هەروەها هێڵی پەیوەندیی ئێستا دەبێت خاڵی دەستپێکی دانوستان بێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە فشارەکان لەسەر ئابوری و پیشەسازی سەربازیی روسیا چڕتر بکرێتەوە تا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا ئامادە دەبێت بۆ ئاشتی.

جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ پێنجشەممەی رابردوو، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن، رایگەیاند، هەردوولا "کۆک بوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان راوێژکارە باڵاکانیان لە هەفتەی داهاتوودا".

هەروەها تائێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا دواخستنی کۆبوونەوەی سەرەتایی نێوان لاڤرۆڤ و رۆبیۆ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لوتکەی داهاتووی ترەمپ و پوتن لە بوداپێستی هەنگاریا دەبێت یاخود نا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2930313233...576