سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل: گەشبینین بە هەوڵەكانی ترەمپ بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران
سەعید
١٢ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گەشبینی خۆی بەرانبەر هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ تاران دەربڕی بەڵام دوودڵی خۆشی سەبارەت بە هەر رێككەوتنێك نەشاردەوە.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ناتانیاهۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن جەختیكردووەتەوە، پێیوایە ئەو رەوشەی ترەمپ دەیخوڵقێنێت هەروەها لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جاری پێشوو نەگەیشتن بە رێككەوتن هەڵە بووە رەوشەكە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی باش لەگەڵ ئێران لەبار دەكەن.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش كردووە، هێشتا بەگومانە لە كوالێتی و ئاستی هەر رێككەوتنێكی نێوان ئەمریكا و ئێران، پێویستیشە هەر رێككەوتنێكی نوێ پرسی موشەكی بالیستی و پشتگیری گروپە چەكدارەكان لەخۆ بگرێت.
باسی لەوەشكردووە، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ترەمپ بێوێنە بووە و پێكەوە تاوتوێی رەوشی ناوچەكە و پرسی كەرتی غەززەیان كردووە. وتیشی، ترەمپ لەو بڕوایەدایە ئێستا ئێرانییەكان تێدەگەن لەگەڵ كێ مامەڵە دەكەن.
ئەو لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە كاتێكدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و ئیسرائیل دەیەوێت رێككەوتنێكی توندتر ئیمزا بكرێت.



