جیهان

سەرۆکی ئۆکراین داوا لە کەنەدا دەکات هێزەکانیان لە وڵاتەکەیدا لە پێناو ئاشتیدا جێگیربکەن.

ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە داوای لە مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کردووە، هێزەکانی کەنەدا "بۆ ئاشتی" لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکات.

زیلینسکی رایگەیاندووە، کەنەدا ئامادەیە یارمەتی دارایی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئۆکراین بدات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین کێشەی بودجەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفرڕۆکەوان.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، رەنگە وڵاتەکەی بچێتە ناو هێزەکانی ئاشتیپارێز لە ئۆکراین دوای شەڕی مۆسکۆ و کیێڤ.

سەبارەت بە هەوڵەکانی گەیشتن به رێککەوتن لەگەڵ روسیا بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ، سه ڕۆکی ئۆکراین رایگەیاند،کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا روسیەکەی ڤلادیمێر پوتن کاریگەرترین رێگەیە بۆ بە دیهێنانی ئاشتی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی کورتخایەن لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک لە روسیا و زیانی بە کارەبای وێستگەکە گەیاندو بووە هۆی کەمبوونەوەی توانای کارپێکردنی یەکێک لە یەکەکانی وێستگەکە.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تێلیگرام" رایگەیاند: "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جەنگیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینایان لە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک خستووەتە خوارەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەکاتی بەرکەوتنیدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تەقیوەتەوە، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە گۆڕەرێکی کارەبایی یارمەتیدەر"

نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە دووپاتیکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، کاری یەکەی سێیەمی وێستگەکە بۆ %50ی تواناکەی کەمکراوەتەوە. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکاوەکە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێک کە دواتر کۆنترۆڵکراوە.

نووسینگەکە جەختیشی کردەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکە و دەوروبەریدا سنوورە ئاساییەکانی تێنەپەڕاندووە.

پێشتر کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی روسیا وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین و ئامانج لێی تێکشکاندنی ئەو ژێرخانەیە کە بۆ هەوڵە سەربازییە گشتگیرەکانی روسیا بە گرنگ دادەنرێن..

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بانکی HSBC ی بەریتانی لە رێگەی لقی بانکداریی تایبەتی خۆی لە سویسرا، بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ زیاتر لە 1000 کڕیاری دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپچڕێنێت.

لیستی ئەو دەوڵەمەندانەی کە بانکە بەناوبانگەکە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا هێناوە، ژمارەیەک دەوڵەمەندی سعودی، لوبنانی، قەتەری و میسری دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی مامەڵەکانی بانکەکە دێت لەگەڵ ئەو کڕیارانەی کە وەک "مەترسیدار" پۆلێنکراون.

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، بانکەکە دەستیکردووە بە ئاگادارکردنەوەی ئەو کڕیارانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، کە هەندێکیان خاوەنی سەروەتی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارن. بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا نامەی رەسمی بۆ داخستنی هەژمارەکان و گواستنەوەی پارەکانیان بۆ دەسەڵاتە دادوەرییەکانی تر بنێردرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی دەسەڵاتدارانی سویسرا هاتووە کە لە مانگی یەکی 2025 دەستیپێکردووە و پەیوەندی بە گومانی سپیکردنەوەی پارەوە هەیە کە بەستراوەتەوە بە ڕیاز سەلامە، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی لوبنان و رەجای برای. بانکەکە تۆمەتبارکراوە بە کەمتەرخەمی لە پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار کە لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2015 لە لوبنانەوە بۆ سویسرا گواستراوەتەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە HSBC سەرەڕای بوونی ئاماژە مەترسیدارەکان، چاوی لەو گواستنەوە گوماناوییانە پۆشیوەلە ئەنجامدا، دەستەی چاودێری بانکداری سویسرا (FINMA) لە حوزەیرانی 2024دا سزای بەسەر بانکەکەدا سەپاند و پابەندی کرد بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە هەموو پەیوەندییە مەترسیدارەکانیدا و قەدەغەی کرد هەژماری نوێ بۆ کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان بکاتەوە تاوەکو چاکسازییەکان تەواو دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داواکاری گشتی فەرەنسا تۆمەتی "جیاکاری لەسەر بنەمای نەژاد یان نەتەوە" ئاڕاستەی بەڕێوەبەری پارکێکی یاری لە باشوری فەرەنسا کرد، دوای ئەوەی رەتیکردەوە پێشوازی لە گروپێکی منداڵانی فەلەستینی بکات کە ژمارەیان 150 منداڵی ئیسرائیلی بووە.

داواکاری گشتی رۆژی شەممە رایگەیاند، پیاوە تەمەن 52 ساڵانەکە، کە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستبەسەرە، براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتادا بە هەندێک کەسی راگەیاندووە کە رێگری لەو گروپە دەکات لەبەر "بڕوای تایبەتی خۆی"، بەڵام دواتر پاساوی دیکەی بۆ کەسانی تر هێناوەتەوە. دواتر، بەڕێوەبەرەکە جەختی لەوە کردەوە کە رەتکردنەوەکەی پەیوەندی بە هۆکاری ئایدیۆلۆژییەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر هۆکاری ئەمنی بووە، لە کاتێکدا پێشتر خودی پارکەکە رایگەیاندبوو کە لە رۆژی رووداوەکەدا دەرگاکانی داخستووە بۆ پشکنینی تەواوی دامەزراوەکانی دوای زریانێکی بەهێز.

گروپی منداڵە ئیسرائیلییەکان کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شازدە ساڵیدا بوو، ناچاربوون بەرنامەی گەشتەکەیان بگۆڕن و روویان لە شوێنێکی دیکە لە فەرەنسا کرد، کە لەوێدا هێزەکانی پۆلیسی سەربازی، ئاسایشیان دابینکردن بەبێ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات.

بەڕێوەبەری پارکەکە کە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاری نییە، دوای ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان ئازادکرا، بەڵام ئەگەر تاوانبار بکرێت، سزاکەی دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن و غەرامەیەک بە بڕی 75 هەزار یۆرۆ.

رووداوەکە کاردانەوە و توڕەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسادا لێکەوتەوە. پێرلا دانان، سەرۆکی لقی هەرێمی گروپی جوولەکەکان (CRIF)، رایگەیاند کە بەڕێوەبەری پارکەکە "سنوورەکانی بەزاندووە"، لە کاتێکدا گروپە جوولەکەکان ئەم رەفتارەیان بە "هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر بەها بنەڕەتییەکانی کۆمار" وەسف کرد.

برونۆ ڕوتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ڕووداوەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد و هیوای خواست دەسەڵاتی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا توند بێت. ناوبراو هۆشداریدا لە مەترسیی چاوپۆشیکردن لەم جۆرە کردەوانە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە کردەوە دژە جوولەکەکان بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێی ئامارە رەسمیەکان، ژمارەی رووداوە دژە جوولەکایەتییەکان لە ساڵی 2023دا بۆ1676رووداو بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی پێشتردا 436 حاڵەت بووە.بەڵام ئاستی دژایەتیکردنی جوولەکەکان لە وڵاتەکەدا لەم مانگانەی دواییدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، بەجۆرێک کە داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە لە مانگی یەک تا مانگی ئایاری ئەمساڵ 504 رووداوی لەم شێوەیە تۆمارکراوە، کە دوو هێندەی ژمارەی تۆمارکراوە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئۆكراین پەردەی لەسەر موشەكێكی نوێ لادا كە توانای هەیە لە دووری هەزارن كیلۆمەترەوە قووڵایی خاكی روسیا بەئامانجبگرێت.

ئیرینا تێرخ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای فایەر پۆینتی ئۆكراینی رایگەیاند، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا كۆمپانیاكە سەرقاڵی پەرەپێدان بە موشەكێكی نوێ بووە بەناوی فلامینگۆ  ئێف پی 5 كە كێشی یەك تۆنە و توانای هەیە لە دووری سێ هەزار كیلۆمەترەوە ئامانجەكەی بپێكێت.

ئەوەش لەگەڵ ئەوە دێت، زلهێزەكانی جیهان لە هەوڵدان رێككەوتن بكرێت و كۆتایی بە شەڕی زیاتر لە سێ ساڵی ئۆكراین بهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەرداتابەیسی سەرەکی کۆمپانیای گۆگڵ و هاککەرەکانیش توانیویانە دەستیان بە داتاکانی دوو ملیار و500 ملیۆن بەکارهێنەری جیمەیڵ بگات.

رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، گروپێکی هاککەر بەناوی شاینی هەنتەرز، توانیویانە دزە بکەنە ناو داتاکانی گوگڵ کڵاودەوە پاش ئەوەی توانیویانە کارمەندێکی کۆمپانیاکە فریوبدەن، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو فایلی بازرگانیان دەستکەوتووە کە ناوی چەندین کۆمپانیا و ژمارەی پەیوەندیدار بەو کۆمپانیانەی تێدابووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ژمارەی ئەو کارمەندانەوە توانیویانە پەیوەندی و کورتەنامە بۆ کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانە بنێرن تاکو بتوانن دەست بەسەر هەژمارەکانیاندا بگرن.

جەیمس نایت، شارەزای بواری پاراستنی ئەلیکترۆنی رایگەیاندوە، دزەکردنی ئەو هاککەرانە بۆ نێو داتابەیسی گوگڵ کڵاود، رەنگە زیانێکی زۆر بە هەر بەکارهێنەرێک بگەیەنێت کە هەژماری جیمەیڵی هەبێت، چونکە هاککەرەکان خۆیان وەک کارمەندی گۆگڵ نیشان داوە بۆ فریودانی بەکارهێنەرانی جیمەیل و داوای وشەی نهێنی هەژمارەکانیان لێکردون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای روپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە زەریای هێمندا و لە نزیک کەناراوەکانی گواتیمالا و ئێلسالڤادۆر روویداوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر بووە و کاتژمێر 4:14 خولەکی بەرەبەیان لە قووڵاییەکی کەمی 10 کیلۆمەتریدا تۆمارکراوە.

چەقی بوومەلەرزەکە 81 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەندەری ئەکاهوتلا لە ئێلسالڤادۆر و 107 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆرتۆ سان خۆسێ لە گواتیمالا دوور بووە.

جێگای ئاماژەیە، ئەکاهوتلا بە بەندەری بازرگانیی سەرەکیی ئێلسالڤادۆر دادەنرێت و پۆرتۆ سان خۆسێش گەورەترین شارۆچکەی کەناراویی گواتیمالایە.

تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە رانەگەیەندراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە پاریس باڵیۆزی ئیتاڵیای بانگهێشت کردووە دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گاڵتەی بە پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد سەبارەت بە ناردنی سەربازی ئەوروپی بۆ ئۆکراین.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی ماکرۆن، ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دەستەواژەیەکی میلانی(ئیتالی) بەکارهێنا کە بە نزیکەیی مانای "لێرە دوورکەوە" دەگەیەنێت.

سالڤینی بە رۆژنامەنووسانی وتبوو: "ئەگەر دەتەوێت خۆت بڕۆ بۆ ئەوێ. کڵاوەکەت لەسەر بکە، چاکەتەکەت لەبەر بکە، تفەنگەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ ئۆکراین."

سالڤینی سەرۆکی پارتی "رابیتە"ی راستڕەوە و وەزیری گواستنەوەیە لە حکومەتە پارێزگارەکەی جۆرجیا میلۆنی، و پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە ماکرۆن گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئۆکراین.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی بەوەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆژی هەینی بانگهێشت کراوە، کە ئەمەش نوێترین گرژییە لە زنجیرەیەک پێکدادانی دیپلۆماسیی نێوان پاریس و رۆمادا.

بە باڵیۆزەکە وتراوە کە ئەم لێدوانانە لەگەڵ کەشی متمانە و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتدا ناگونجێن، هەروەها دژی ئەو پێشکەوتنە دووقۆڵییانەی ئەم دواییەن کە لێکگەیشتنی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتیان دەرخستووە، بەتایبەتی لەبارەی پشتیوانیی پتەو بۆ ئۆکراین.

ئیمانوێل ماکرۆن، کە یەکێکە لە پشتیوانە بەهێزەکانی ئۆکراین دژی جەنگی روسیا، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی هەینی، بە چینێکی ئەستووری مکیاجەوە لەسەر دەستی  راستی، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ پێشانگای "ماڵی گەل" لە واشنتن، شەپۆلێکی نوێی پرسیاری لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە دروستکرد، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە چەندین جارە شوێنەواری شینبوونەوە و ئاوساوی لەسەر ئەندامەکانی جەستەی بەدی دەکرێت.

ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، کە ماوەیەکە مکیاج بۆ شاردنەوەی شوێنەوارە شینبووەکانی سەر دەستی بەکاردەهێنێت، لە نوێترین دەرکەوتنیدا، دەستی راستی بە چینێکی دیاری کرێمی شاردنەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەباشی لەگەڵ رەنگی پێستیدا تێکەڵ نەکرابوو، زیاتر سەرنجی راکێشا.

لەگەڵ ئەوەشدا، کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ پیاوێکی کۆمەڵایەتییەو رۆژانە لە هەر سەرۆکێکی دیکەی مێژوو زیاتر چاوی بە ئەمریکییەکان دەکەوێت و تەوقە لەگەڵ هەزارانیاندا دەکات". جەختیشی کردەوە کە "پابەندبوونی بە خزمەتکردنی هاووڵاتیانەوە راستیەکی نەگۆڕە".

پێشتریش کۆشکی سپی هۆکاری شینبوونەوەکانی سەر دەستی سەرۆکی بۆ زۆریی تەوقەکردن لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا گەڕاندبووەوە.

لە هەفتەکانی رابردوودا،  ترەمپ لە چەندین بۆنەدا دەرکەوتووە کە تەوقە لەگەڵ پۆلیس و بەرپرساندا دەکات، بەڵام نیشانەکانی ماندووبوونی جەستەیی وەک شینبوونەوەی دەستەکان و ئاوسانی قولەپێی، وایکردووە رۆژنامەنووسان بەردەوام پرسیار لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە بکەن، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی روون وەربگرن.

کۆشکی سپی لە مانگی تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو کە سەرۆک ترەمپ تووشی نەخۆشیی "کەمیی خوێنهێنەرە درێژخایەنەکان" (chronic venous insufficiency) بووە، کە حاڵەتێکی باوە لە تەمەنی ئەودا.

بەپێی یاداشتێکی شۆن باربابێلا، پزیشکی تایبەتیی سەرۆک، کە لێڤیت بۆ رۆژنامەنووسانی خوێندەوە، "وێنە نوێیەکانی سەرۆک، شینبوونەوەیەکی سووک لەسەر پشتی دەستی نیشان دەدەن، کە ئەگەری هەیە بەهۆی وروژانێکی کەمی شانەکانەوە بێت بەهۆی تەوقەکردنی بەردەوام، لەگەڵ بەکارهێنانی رۆژانەی ئەسپرین وەک بەشێک لە پرۆتۆکۆڵی خۆپارێزیی دڵ".

سەرەڕای ئاشکراکردنی دەستنیشانکردنەکە، پزیشکەکەی تا ئێستا ئامادە نییە وەڵامی پرسیاری میدیاکان بداتەوە. هەروەها هیچ پلانێکی چارەسەری یان گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیدا ئاشکرا نەکراوە.

جێی ئاماژەیە، راپۆرتی پزیشکیی ساڵانەی سەرۆک کە لە مانگی نیسانی رابردوودا بڵاوکرایەوە، ستایشی تەندروستیی جەستەیی و هزریی سەرۆکی کردبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە "تەندروستییەکی دەروونی و جەستەیی نایابی هەیە".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین روبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا دان بە ئاڵۆزیی قەیرانەکەدا دەنێت و کۆکردنەوەی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینی بە ئەرکێکی "زۆر قورس" وەسف کرد، هاوشێوەی "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو".

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ دەرگای هیوای بە کراوەیی هێشتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە بتوانرێت گفتوگۆ لەسەر شێوازەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو سەرۆک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە بەشداریی خۆی لە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا، تەنها وتی: "دەیبینین".

روسیا: هیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ ئەجێندایەکی ئامادەکراو ئەنجام نادرێت:

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ پێشتر هەڵوێستی خۆی رون کردبووەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، "هیچ نیەتێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان پوتن و زێلێنسکیدا" و جەختی کردبووەوە کە سەرۆکی روسیا تەنها کاتێک ئامادەی کۆبوونەوەی لەو شێوەیە دەبێت کە ئەجێندایەکی ئامادەکراو هەبێت.

لەم بارەیەوە، یەڤگینی سیدرۆڤ، نووسەر و توێژەری سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز عەرەبییە رایگەیاند: "لەلایەنی روسیاوە هیچ کێشەیەک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام دەبێت بە وردی ئامادەکاری بۆ کرابێت و خاڵەکان پێشوەختە رون بن. ناکرێت کۆبوونەوەکە ببێتە شەڕەقسە یان ئابڕووچوونێکی دیکە."

سیدرۆڤ وتیشی: "ئەگەر پوتن و زێلێنسکی سبەی کۆببنەوە، روسیا مەرجی هەیە و زێلێنسکیش بە تەواوی ئەو مەرجانە رەتدەکاتەوە، کەواتە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە هیچ نابێت."

کیێڤ مۆسکۆ بە رێگریکردن تۆمەتبار دەکات:

لەلایەکی دیکەوە، کیێڤ هەڵوێستێکی راستەوخۆی تۆمەتبارکردنی گرتووەتەبەر. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە روسیا "هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ" لە نێوان هەردوو سەرۆکدا و داوای سەپاندنی "سزای نوێ"ی کرد بەسەر مۆسکۆدا ئەگەر نیازپاکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نیشان نەدات.

داواکاریی گەرەنتیی ئەمنی.. بەڵێنێک بەبێ جێبەجێکردن:

هاوکات لەگەڵ ئەم مشتومڕانە، پرسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراین هێشتا یەکلانەبووەتەوە. مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ، لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤ داوای پێشکەشکردنی "گەرەنتیی ئەمنیی بەهێز"ی کرد بۆ ئۆکراین، بەڵام زێلێنسکی خۆی دانی بەوەدانا کە "هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی ئامادەن پشتیوانیی سەربازیی راستەوخۆ پێشکەش بکەن." سەرۆکی ئۆکراین رونیکردەوە کە وڵاتەکەی داوای گەرەنتییەک دەکات هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ، کە هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێک بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنێت.

ترەمپ.. لە نێوان هەل و قەیراندا:

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە کە "دوو هەفتەی داهاتوو کاتێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە ئۆکراین" و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەیەت، لەوانەیە واشنتن "رێبازێکی جیاواز" بگرێتەبەر.

بە بڕوای شرۆڤەکاران، ترەمپ هەوڵ دەدات خۆی وەک "ئاشتیخوازێک" نیشان بدات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە هەر شکستێک لەم ئەرکەدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسیی دەبێت، ئەمەش هۆکاری خۆبەدوورگرتنیەتی لە بەڵێنی راستەوخۆ.

لە کۆتاییدا، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم هەر کۆبوونەوەیەکدا مەرجەکانی روسیایە کە کیێڤ بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خۆی دەزانێت. تا ئەو کاتەی ئەم بنبەستە نەشکێنرێت، وادیارە لێکچواندنەکەی ترەمپ سەبارەت بە "تێکەڵکردنی رۆن و ئاو" باشترین وەسف بێت بۆ دۆخەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا ئاشکرایدەکات لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی سێ قۆڵی نێوان ولاتەکەی و ئەمریکا و ئۆکراین نیە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا ئامادەی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، هەرکات کارنامەی ئەو لوتکەیە ئامادەبکرێت، بەڵام لەئێستادا هیچ کارنامەیەک ئامادەنیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە باسکراوە نەرمی بنوێنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاندبوو، کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان ئەمریکا و روسیا ئۆکراین لە ماوەی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسانی ئۆکراین رایانگەیاند، روسیا لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، بە 574 درۆن و 40 موشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین. 

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، سوپای روسیا هێرشێکی ئاسمانی چڕی کردە سەر چەندین ناوچەی ئۆکراین و بەهۆی ئەو هێرشانەوە لە شاری لڤیڤ لە رۆژئاوای وڵات، کەسێک گیانی لەدەستدا و لە هێرشێکی دیکەشدا بۆ سەر هەرێمی ترانسکاپارپاتیای باشووری رۆژئاوا، 15 کەسی دیکە برینداربوون. 

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ راگرتنی شەڕەکە چڕکردووەتەوە.  ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە ئەوە دەردەخەن کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە "چەندە گرنگن."

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا "لە ئەوروپایەکی بێلایەن" وەک سویسرا یان نەمسا، دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە دژی ئەوە نییە کۆبوونەوەکە لە ئەستەنبوڵیش بەڕێوەبچێت. هەرچەندە زێلێنسکی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن "بە هەر شێوازێک" راگەیاندووە، بەڵام پێشوازی لە بیرۆکەی ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە بوداپێست نەکردووە و رایگەیاندووە "ئەمڕۆ ئەمە ئاسان نییە."

ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە ئالاسکا لەگەڵ پوتن کۆبووەوە، و دواتر لە رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی میوانداری زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپای کرد. سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتادا پێشنیازی گفتوگۆی سێقۆڵی بە بەشداری خۆی و پوتن و زێلێنسکی کرد، بەڵام دواتر رایگەیاندووە کە رەنگە خۆی بەشداری نەکات. 

هێزی ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاند کە شەوی رابردوو رووسیا 614 درۆن و مووشەکی دیکەی ئاراستە کردووە و توانیویانە577 دانەیان بخەنە خوارەوە، ئەمەش گەورەترین هێرشی ئاسمانییە لە مانگی تەممووزەوە.

لە کاتێکدا هێرشەکانی روسیا زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نزیک لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ چڕدەبنەوە، هێرشەکانی ئەم دواییە ناوچەکانی رۆژئاواشی گرتووەتەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشکردووە کە مووشەکی هایپەرسۆنیک و بالیستی و کروز لەو چەکانە بوون کە لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا بەکارهاتوون. هێزی ئاسمانی ئۆکراین رایگەیاندووە، زۆرێک لە هێرشەکان لە رۆژئاوای روسیا و دەریای رەشەوە ئەنجامدراون و یەکێک لە موشەکەکان لە نیمچە دورگەی کریمیای داگیرکراوەوە هاتووە.

لە هەرێمی لڤیڤ لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، جگە لە گیانلەدەستدانی کەسێک، سێ کەسی دیکەش برینداربوون و زیاتر لە 20 باڵەخانەی مەدەنی، لەنێویاندا ماڵی هاووڵاتیان و باخچەیەکی ساوایان، زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها لە ئەنجامی بەرکەوتنی مووشەکێکی کروز لە کارگەیەکی ئەلیکترۆنی ئەمریکی لە شارۆچکەی موکاچێڤۆی دووری باشوری رۆژئاوا لە ترانسکاپارپاتیا، کە لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ هەنگاریا و سلۆڤاکیایە، 15 کەسی دیکە برینداربوون.

زێلێنسکی رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هێشتا هیچ نیشانەیەک لە مۆسکۆوە نییە کە "بە راستی نیازیان هەبێت بۆ گفتوگۆی جدی" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. هەروەها ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بوداپێست وەک شوێنێک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان دووپاتکردەوە، بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا لەگەڵ مۆسکۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە كەرتی غەززە دەكات، حەماسیش دەڵێت پلانی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە بێ بایەخكردنی هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیرە.

 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانی كۆنفرانسێكدا لە ژاپۆن داوای ئاگربەستی دەستبەجێی كرد لە كەرتی غەززە، دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند كە هەنگاوەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری غەززە دەستیپێكردووە.
گۆتێرێس راشیگەیاند، بڕیاری فراوانكردنی  ئۆردوگاكانی نیشتەجێبوون بۆ جولەكان لە كەناری رۆژئاوا نایاساییە و  داوای لە ئیسرائیل كرد لەو پلانە پاشەگەزبێتەوە.

بزوتنەوەی حەماسیش، دوای دەستپێكردنی قۆناغی دووەی ئۆپراسیۆنی جەدعون 2ی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە رایگەیاند، ئەو پلانە بێ بایەخكردنی هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیرە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، وتیشی چۆن پێشتر ئۆپراسیۆنەكانیان شكستیهێناوە ئەم ئۆپراسیۆنەش بە هەمان شێوە دەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی کۆریای باکور دەڵێت: وڵاتەکەی پێویستی بە فراوانکردنی جبەخانەی ئەتۆمی هەیە و  مەشقی سەربازی دولایەنەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشور جێگەی مەترسییە.

کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکور رۆژ بە رۆژ ژینگەی ئەمنی دەوروبەری کۆریای باکور مەترسیدارتر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی و خێرا هەیە لە تیۆری و پراکتیکی سەربازیی هەنووکەیی و فراوانکردنی خێرای توانا ئەتۆمییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و کۆریای باشور بە زیادەرۆیی و مەترسیدار لە ناوچەکە، بەڵام بە پلانەکانیان بۆ زیادکردنی توانا ئەتۆمی وڵاتەکەی، روبەروی ئەو مەترسییانە دەبنەوە.

جێگەی ئاماژەیە، مانۆڕە سەربازییە هاوینەی نێوان سوپای کۆریای باشور و ئەمریکا رۆژی دووشەممە دەستیپێکرد بۆ بەهێزکردنی ئامادەکارییەکان بەرانبەر بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی کۆریای باکور.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 700 روداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئەوروپا رویداوە و بە هۆیانەوە نزیكەی نۆ هەزار كیلۆمەتر دووجا دارستانی كیشوەرەكە سووتاون.

ناوەندی زانیاری دارستانەكانی ئەوروپا بڵاویكردەوە، ئەمساڵ هەزار و 736 ئاگر لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كەوتوونەتەوە و بوونەتە هۆی سووتانی هەشت هەزار و 947 كیلۆمەتر دووجا روبەری دارستانی ئەو وڵاتانە، ئەو رێژەیەش 300% بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، 43%ی روبەری دارستانی سوتاو بەتەنها لە ئیسپانیا بووە، ئەوەش ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو وڵاتەكەی لێكەوتووەتەوە و رەخنەی ئەوە لە حكومەت دەگرن نەیتوانیوە وەك پێویست پلانی پێشوەخت بۆ روبەڕوبوونەوەی سوتانی دارستانەكان دابنێت.

بەپێی ئامارەكانی ناوەندی زانیاری دارستانەكانی ئەوروپا، سووتانی دارستانەكانی ئەوروپا لەمساڵدا بوونەتە هۆی دەردانی 31.9 ملیۆن تۆن گازی دوانۆكسیدی كاربۆن، ئەوەش 195% لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاترە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڕووداوێکی نامۆدا لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، گروپێکی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر فرۆشگایەک و بەبەهای  7 هەزار دۆلار بووکەڵەی جۆری "لابوبو" (Labubu)یان دزی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، رووداوەکە ب29  کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلسەوە دوورە.

بەگوێرەی پۆلیس، دزەکان ئۆتۆمبێلێکی دزراویان لە جۆری تۆیۆتا تاکۆما بەکارهێناوە، کە دواتر بەجێهێڵراوی دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر ئاشکرا نەکراوە.

بووکەڵەکانی لابوبو، کە لەلایەن هونەرمەندی خەڵکی هۆنگ کۆنگ، کاسینگ لونگ، دیزاین کراون، دوای دەیەیەک لە دەرکەوتنیان بوونەتە یەکێک لە بەنرخترین و بەناوبانگترین ئەو بووکەڵانەی کە خەڵک وەک یادگاری کۆیاندەکاتەوە.

فرۆشگاکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە کە دزەکان هەموو بووکەڵەکانی فرۆشگاکەیان بردووە و شوێنەکەشیان تێکداوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریدا دەردەکەوێت کە گروپێک کەس بە جلوبەرگی کڵاودار و دەمامکەوە شووشەی فرۆشگاکە دەشکێنن و سندوقی بووکەڵەکان دەبەن.

لە پۆستەکەدا هاتووە: "هێشتا لە شۆکداین"، و داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتییان بدەن بۆ دۆزینەوەی دزەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...528