پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی سەبارەت بە رەوشی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پەسەند کرد و تێیدا بە توندی سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی کرد، جەختیشکرایەوە هاوکارییە داراییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا، پیویستە  مەرجدار دەبێت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمان ئەوروپا لە کۆبوونەوەی گشتی خۆیدا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا،  هۆشداری دا لە تێکچوونی مەترسیداری باری مرۆیی و ئەمنی، جەختیشی کراوەتەوە، کە پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام بپارێزرێت وەک مەرجێک بۆ دەستپێکردنی گۆڕانکاریی سیاسی لە سووریادا.

لە بڕیارەکەدا نیگەرانی قووڵ دەربڕدراوە بەرانبەر هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی "حکومەتی کاتی" و گروپە چەکدارەکان، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار کەس و بێبەشبوونی سەدان هەزار کەس لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا.

هەرروەها داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی خێرا دەکرێت لەو تاوانەکانی "کوشتن لە دەرەوەی یاسا و رفاندن" کە دژ بە دانیشتووانی ناوچەکە ئەنجام دراون.

پەرلەمانی ئەوروپا ستایشی تێکۆشانی هێزە کوردییەکانی کرد لە شەڕی دژی داعشدا و جەختی لەسەر پێویستی دانپێدانان بە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد و پاراستنی بەڕێوەبەریی خۆسەر کردەوە.

هەروەها داوایان لە تورکیا کردوە، کۆتایی بە دەستوەردانە سەربازییەکانی بهێنێت و هۆشداریانداوە، کە ناسەقامگیریی ناوچەکە دەبێتە هۆی هەڵاتنی چەکدارانی داعش و دروستبوونی مەترسی ئەمنی بۆ سەر ئاستی جیهان.

لە کۆتاییدا، پەرلەمانی ئەورپا دوپاتیانکردوەتەوە هەر جۆرە هاوکارییەکی دارایی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا، مەرجدار دەبێت بە پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکان و داواش دەکەن هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕ بکرێنەوە بۆ دابینکردنی ئاشتییەکی سەقامگیر، بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزێت.