جیهانجیهان

بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی دانیشتنێکی نهێنی و هەستیاری لیژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایش لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، چەندین زانیاری نوێی دەربارەی هێرشەکەی حەماس خستەڕوو، بۆ یەکەمجاریش دانە بەوەدا دەنێت، کە روداوەکە شکستی هەواڵگری بوە نەک خیانەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەتانیاھۆ بە هەڵگرتنی چەندین دۆسیە و کۆنوسی کۆبونەوەکانی پێش هێرشەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە روداوەکانی7ی ئۆکتۆبەر یەکێکە لە گەورەترین "شکستی هەواڵگری" لە مێژوی وڵاتەکەیدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە بوونی "خیانەتی ناوخۆیی" دەکەن و رایگەیاند؛ کە ئەوەی رویدا تەنها ئەنجامی باوەڕێکی هەڵەی دەزگا ئەمنییەکان بووە کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بووە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، نەتانیاھۆ پەنای بۆ وتەی بەرپرسانی باڵای ئێستا و پێوی وەک نەفتالی بینیت و گادی ئایزنکۆت و سەرۆکی "شاباک" برد، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هیچ کام لەو دامەزراوانە پێشبینی هێرشێکی وەهایان نەکردووە.

 ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت مشتومڕە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل و کێشە یاساییەکان وایکردبوو، پێشبینی هێرش وانەکەن لە حەماس و وایاندەزانی  کە ئیسرائیل لە ناوخۆدا خەریکی پارچەپارچەبوونە و پێویستی بە هێرش نییە، ئەمەش وایکردووە ئامادەکارییەکانی ئەو گروپە لەبەر چاوی هەواڵگری ون ببن.

ئەم لێدوانانەی نەتانیاھۆ لە کاتێکدایە کە روبەڕوی رەخنەی توندی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بووەوە لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە، کە داوایان لێکرد لە جیاتی گەڕان بەناو کۆنووسە کۆنەکان بۆ پاکانەکردنی خۆی، تیشک بخاتە سەر بەرەکانی جەنگ و دۆخی ئێستای وڵات و هەوڵ نەدات بۆ دورخستنەوەی بەرپرسیارێتییە سیاسییەکان لەسەر شانی خۆی و دابەشکردنی ئەو شکستە بەسەر تەواوی دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکانی پێشوو و ئێستای ئیسرائیلدا

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پاش زیاتر لە 60 ساڵ لە کارکردن، بڵاوکردنەوەی سەرچاوە زانیارییە بەناوبانگەکەی بە ناوی (World Factbook) رادەگرێت.

لەو راگەیەندراوەدا کە لە ماڵپەڕی رەسمیی دەزگاکە بڵاوکراوەتەوە، هیچ هۆکارێکی رون بۆ ئەم بڕیارە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای بەڵێنێکی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگاکە دێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕۆگرامانەی کە لە چوارچێوەی ئەرکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی دەزگاکەدا نین.

ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1962 وەک سەرچاوەیەکی چاپکراوی نهێنی بۆ ئەفسەرانی هەواڵگری دەستی پێکرد، کە تێیدا وێنەیەکی وردی دەربارەی ئابوری، سوپا، سەرچاوەکان و کۆمەڵگەی وڵاتانی دیکە دەخرایە روو. دواتر بەهۆی گرنگیی زانیارییەکانیەوە، دەزگا فیدراڵییەکانی دیکەش بەکاریان دەهێنا و پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، وەشانێکی رەسمیی بۆ هەموو هاووڵاتییان بڵاوکرایەوە.

لە ساڵی 1997ـەوە ئەم سەرچاوەیە خرایە سەر هێڵی ئینتەرنێت و ساڵانە ملیۆنان کەس لە رۆژنامەنوسان و قوتابیان وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەکاریان دەهێنا. بەڵام لە ئێستادا و لە دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، کۆشکی سپی پلانی کەمکردنەوەی میلاکی کارمەندانی لە CIA و ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ کردووە، ئەمەش وای کردووە دەزگاکە ناچار بێت تەنیا تیشک بخاتە سەر ئەرکە هەواڵگرییە سەرەکییەکانی و دەستبەرداری پڕۆژە لاوەکییەکانی ببێت.

کتێبی راستییەکانی جیهان کە بە (The World Factbook) ناسراوە، سەرچاوەیەکی زانیاریی گشتگیر و وەک "ئینسلۆپیدیایەک" وایە کە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) ئامادە دەکرێت. ئەم کتێبە زانیاریی ورد و رەسمی دەربارەی 267 وڵات و ناوچەی جیاوازی جیهان لەخۆدەگرێت.

ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر ئەم بوارە سەرەکییانە:

1. جوگرافیا: زانیاریی ورد دەربارەی سنورەکان، رووبەر، کەشوهەوا، سەرچاوە سروشتییەکان و نەخشەی رەسمی و وردی وڵاتان.

2. خەڵک و کۆمەڵگە: ئاماری دانیشتوان، ئایینەکان، زمانەکان، رەوشی تەندروستی، پەروەردە و منداڵان.

3. حکومەت: جۆری سیستەمی سیاسی، پایتەخت، دەستور، سیستەمی یاسایی و ئەندامبوون لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

4. ئابوری: بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، بودجە، کەرتی کار، کشتوکاڵ، پیشەسازی و زانیارییەکانی بانک و بازرگانی.

5. سەربازی و ئەمنی: توانا و ژمارەی هێزە چەکدارەکان، بودجەی سەربازی و ئەو کێشە و روداوانەی کە مەترسین بۆ سەر ئاسایش.

6. وزە و گواستنەوە: بەرهەمهێنانی کارەبا، نەوت، گاز، هەروەها ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەر، بەندەر و فڕۆکەخانەکان.

ئەم سەرچاوەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ، یەکێک بووە لە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەکان بۆ توێژەران، رۆژنامەنوسان، قوتابیان و بەرپرسانی حکومی لە هەموو جیهاندا، چونکە زانیارییەکانی لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کۆدەکرانەوە و بە وردی پشکنینیان بۆ دەکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ئەرکەکانی ئاشتی، گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی لە نێوان روسیا و ئۆکراین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی جەنگ راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، وەفدەکانی ئەمریکا، ئۆکراین و روسیا رێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی 314 زیندانی، کە ئەمە یەکەم پڕۆسەی لەو شێوەیەیە لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا بەڕێوەبچێت. ویتکۆف ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە بەرهەمی گفتوگۆکانی ئاشتییە کە بە وردی و بەرهەمهێنەرانە بەڕێوەچوون.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە کارێکی زۆر ماوە بۆ ئەنجامدان، بەڵام ئەم هەنگاوانە دەیسەلمێنن کە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئەنجامی بەرچاویان هەیە و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین بەرەو پێش دەبەن. بڕیاریشە لە هەفتەکانی داهاتوودا گفتوگۆکان بەردەوام بن و چاوەڕوانی پێشکەوتنی دیکە دەکرێت.

ستیڤ ویتکۆف لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی دەوڵەتی ئیماراتی کرد بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆکان، هاوکات ستایشی رۆڵ و رێبەرایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد لە بونیاتنانی ئەم رێککەوتنە و رەخساندنی هەلی سەرکەوتنی پڕۆسەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی ئەڵمانیای راگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوێکی هاوشێوەی حکومەتی ئەڵمانیا بەرانبەر بە دیپلۆماتکارێکی روسی.


وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یاداشتێکی رەسمییان رادەستی سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکەی ئەڵمانیا کردووە و تێیدا یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیایان وەک "کەسی نەخوازراو" ناساندووە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرکردووە. مۆسکۆ جەختی کردەوە کە حکومەتی ئەڵمانیا "بەرپرسیاری تەواوی ئەم ئاڵۆزییە نوێیەیە لە پەیوەندییە دوقۆڵییەکاندا."

ئەم بڕیارەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە لە 22ی کانونی دووەمی رابردوو، ئەڵمانیا دیپلۆماتکارێکی روسیای بە تۆمەتی سیخوڕی دەرکردبوو. وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەو تۆمەتانەی بە "بێ بنەما" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی ئەو "کرژییە سیخوڕییانەدایە"یەدایە کە بەرپرسانی ئەڵمانیا پەرەی پێدەدەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، مۆسکۆ تۆمەتەکانی بەرلینی بە توندی رەتکردەوە و بە "ئیستیفزازێکی هەرزان و پیلانێک" وەسفی کرد کە ئامانج لێی لەکەدارکردنی ناوبانگی نێردە دیپلۆماسییەکانی روسیایە لە ئەڵمانیا. ئەم روداوە ئاستی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە قۆناغێکی نوێ و پێدەچێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی داهاتوویان هەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ هۆشداری دەدات لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ و دەڵێت ، ترەمپ هێرش دەكاتە سەر بنەماكانی دیموكراسیەت لە ئەمریكا.

رێكخراوەكە لە راپۆرتی ساڵانەیدا كە باس لە رەوشی مافی مرۆڤ دەكات لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان ، باسی لە رەوشی ئەمریكا كردوە لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپ و رایگەیاندووە ، ئاستی دیموكراسیەت لە ئەمریكا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و ئیدارەكەی ترەمپ پشتگیری لە مافەكانی مرۆڤ ناكات ، لەسەر ئاستی جیهانیش ترەمپ سنورێك بۆ ئەو دەسەڵاتانە دانانێت كە دژی دیموكراسیەتن .

 پێشبینیشكردوە لە ساڵی 2026 ، ململانێی توند لە پێناو داهاتووی مافەكانی مرۆڤ لە ئەمریكا دروست ببێـت كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت . 

لە وەڵامی ئەو راپۆرتەشدا كۆشكی سپی رایگەیاندووە ، رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ دژایەتی ترەمپ دەكات تەنانەت پێش ئەوەش كە دەسەڵات وەربگرێت ، دوپاتیشیكردوەتەوە ترەمپ چەندین كاری بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ  و پاراستنی ئازادی كردوە و لە ماوەی ساڵێكی دەسەڵاتیدا كۆتایی بە 8 جەنگ هێناوە بۆ پاراستنی گیانی هەزاران كەس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، یەک لەسەر سێی کارمەندانی لادەبات و روماڵکردنی هەواڵە وەرزشی و دەرەکییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

ئەم بڕیارە کە رۆژی چوارشەممە راگەیەندرا، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەشەکانی وەرزش، هەواڵە ناوخۆییەکان و بەشی نێودەوڵەتی. مات مۆرای، سەرنوسەری جێبەجێکاری رۆژنامەکە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ هێنانەدیی "سەقامگیری"یە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکردەوە، هاتوچۆی هاووڵاتییان بۆ سەر ماڵپەڕی رۆژنامەکە کەمی کردووە و مۆدێلی کارکردنی رۆژنامەکەش پێویستی بە گۆڕانکاریی جدی هەیە تاوەکو بتوانن لەم سەردەمە نوێیەدا بەردەوام بن.

ئەم بڕیارەی واشنتن پۆست، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ جێف بێزۆس، ملیاردێری ئەمریکی و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن دەگەڕێتەوە، هێدمە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە. مارتی بارۆن، کە تا ساڵی 2021 سەرنوسەری رۆژنامەکە بووە، ئەم رۆژەی بە "تاریکترین رۆژ لە مێژووی یەکێک لە گەورەترین رێکخراوەکانی هەواڵ لە جیهاندا" ناوبرد. بارۆن رەخنەی لە جێف بێزۆس گرت و وتی، لە کاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، بێزۆس بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە ئازادیی رۆژنامەگەری دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بەو رۆحیەتە نابینرێت.

دەرکردنی رۆژنامەنوسان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ئەنجامدراوە؛ بەڕێوەبەری پێشوی نووسینگەی قاهیرە رایگەیاند، خۆی و "تەواوی لیستی" پەیامنێر و سەرنوسەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکراون. هەروەها پەیامنێرێکی دیکەی رۆژنامەکە لە ئۆکراین، نیگەرانیی خۆی نیشاندا کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی جەنگدا کارەکەی لەدەستداوە.

سەندیکای کارمەندانی واشنتن پۆست لە راگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە کە دەرکردنی کارمەندان تەنیا دەبێتە هۆی لاوازکردنی رۆژنامەکە و دوورکەوتنەوەی خوێنەران، نەک چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان. واشنتن پۆست کە بێزۆس لە ساڵی 2013دا بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار کڕیویەتی، ئێستا روبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاڵێنگارییەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەوەتەی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە نزیکەی 55 هەزار سەربازی ئۆکراین کوژراون.

زیلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس 2"ی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کرد، جگە لەم ژمارەیە، ژمارەیەکی دیکەی زۆر لە سەربازەکانیان بە رەسمی وەک بێسەروشوێن هەژمار دەکرێن. وتیشی: "لە ئۆکراین بە رەسمی و لە گۆڕەپانی جەنگدا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکان 55 هەزار کەسە، جا چ ئەوانەی لە سەرەتادا لە ریزی سوپادا بوون یان ئەوانەی لە کاتی جەنگدا ناویان نوسراوە؛ هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکەش هەن کە ئۆکراین بە بێسەروشوێن ناویان دەبات."

پێشتر و لە شوباتی 2025دا، زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو کە زیاتر لە 46 هەزار سەربازی ئۆکراین لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا کوژراون، ئەمەش نیشان دەدات لە ماوەی یەک ساڵدا ژمارەی قوربانییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

جەنگی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین لە 24ی شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە. لە ئێستادا روسیا نزیکەی 20%ی خاکی ئۆکراینی لەژێر دەسەڵاتدایە، کە نیمچە دوورگەی قرم و بەشێکی ناوچەی دۆنباس دەگرێتەوە. بەپێی خەمڵاندنی شرۆڤەکارە سەربازییەکان، مۆسکۆ لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە توانیویەتی 1.5%ی دیکەی خاکی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەیان قوربانی دۆسیەی ئێپستین بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیان داوای سڕینەوەی ناوەكانیان دەكەن لە ناو ئەو بەڵگەنامانەی كە وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" رایگەیاند، زیاتر لە سەد قوربانیی بەڵگەنامەكانی جێفری ئێپستین داوایان كردووە ناوەكانیان لەو ملیۆنان بەڵگەنامەیەی وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاوی كردوونەتەوە بسڕدرێتەوە.

پارێزەرانی قوربانییەكان جەختیان كردووەتەوە، بڵاوكردنەوەی وێنە و زانیارییە كەسییەكان كاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی ژیانی ئەو كەسانە دروستكردووە.

پام بۆندی، داواكاری گشتی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد، وەزارەتی داد لە سەعاتەكانی رابردوودا سەرقاڵی سڕینەوەی هەزاران بەڵگەنامە بووە كە زانیاریی قوربانییانی تێدایە.

وتیشی، ئەم كارە بەپێی داوای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بووە، بەڵام هەوڵ دەدرێت رێگری لە پێشێلكردنی تایبەتمەندیی كەسی بكرێت و چاودێرێكی سەربەخۆ دابنرێت.

دۆسیەی ئێپستین دوای مردنی لە ساڵی 2019دا هێشتا لێكەوتەی نوێی هەیە و ناوی چەندین كەسایەتی ناسراوی تر لە دۆسیەكەدا دەردەكەون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەكسیۆس بڵاویکردەوە، پلانی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا شكستی هێنا، ئێرانیش دەڵێت: تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستان دەکەن.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ "ویتکۆف" و "کۆشنەر" لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە بگەڕێنەوە واشنتۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ جۆرە کۆبوونەوە و دیدارێکیان لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران نابێت و راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.

ئەکسیۆس ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینی داهاتوو هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان تاران و واشنتۆن لە عوممان بەڕێوەناچێت.

لە بەرانبەردا، لێپرسراوێکی ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە، تاران تەنها سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگریی واشنتۆن لەسەر گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە نائەتۆمییەکان، دانوستانەکان دەخاتە مەترسییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە نوێترین کاردانەویدا سەبارەت بە بڵاوبونەوەی فایلە نهێنییەکانی "جێفری ئێپستین"، رایگەیاند، پێویستە هەموان لێدوانەکەی ڤلادیمێر پوتین بەبیر بهێننەوە کە دەڵێت "ئاهەنگی خوێنمژەکان بەرەو کۆتایی دەچێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، زاخارۆڤا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئابڕووچوونە گەورەیەی پەیوەستە بە بازرگانیکردن بە منداڵان و دەستدرێژی سێکسی، روی راستەقینەی بەشێکی زۆری نوخبەی سیاسی رۆژئاوا دەردەخات.

 ناوبراو دەڵێت؛ "پێویستە هەمووان سەیری چاوپێکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتین بکەن، کە تیایدا وتی ئێمە شاهیدی کۆتایی هاتنی ئاهەنگی خوێنمژەکانین، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە باسی دەکەین".

زاخارۆڤا جەختیشیکردوەتەوە کە زۆربەی سەرکردە و دەسەڵاتدارانی ئێستای رۆژئاوا، لەناو زەلکاوێکی "بۆگەن و پڕ لە ترسناکیدا" گەورە بوون و لەژێر سێبەری ئەم جۆرە کارە نایاساییانەدا گەیشتوونەتە پلە و پۆستە باڵاکان و دەبێت درک بەوە بکەن، کە سەردەمی شاردنەوەی تاوانەکانیان کۆتایی هاتووە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان لاپەڕە لە بەڵگەنامە و ناوی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە جێفری ئێپستینەوە هەبووە پێش ئەوەی لە ساڵی 2019دا  کە زیندان بوو رایانگەیاند، کۆتایی بە ژیانی خۆیهێناوە.

ئەم کاردانەوەیەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە کەیسی ئێپستین بووەتە گەورەترین ململانێی سیاسی و یاسایی لە واشنتۆن و چەندین ناوی دیاری وەک دۆناڵد ترەمپ و  بێڵ کلینتن و شازادە ئەندرو و چەندانی تری تێدا دەهێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، شەوی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران لەگەڵ کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە دورگەی کیۆسی رۆژهەڵاتی ئیجەدا پێکیاندا داوە و لانیکەم 15 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەروو، پێکدادانەکە لە دەوری سەعات 21:00 شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بەکاتی یۆنان روویداوە لە نزیک ناوچەی میرسینیدی لە کیۆس، کە ئەم ناوچەیە زۆر جار لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بەکار دەهێندرێت بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ دورگەکانی یۆنان.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکەدا چەندین کەشتی و هێلیکۆپتەر و تیمی ژێردەریایی بەشداربوون و توانیویانە 14 تەرم لە دەریاکەدا دەربهێننەوە و 25 کەسیش رزگارکراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری کیۆس، کە لەناویاندا منداڵ و ژنی دووگیان هەبووە.

روداوەکە بەهۆی ئەوە بووە کە کەشتیەکەی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ویستویەتی رێگری لە بەلەمی کۆچبەران بکات کاتێک لە رێگا ئاوییەکانی تورکیاوە هاتووە، بەڵام بەلەمەکە نەوەستاوە و خۆی کێشاوە بە کەشتیەکەی پاسەوانی کەناراوەکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سوڵتاننشینی عومان دەستپێبکات، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چوار مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی دیاری کردووە کە بە هیچ شێوەیەک پاشەکشەیان لێ ناکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم"  داواکرییەکانی دۆناڵد ترەمپ لە ئێران بریتییە لە وازهێنانی تەواو لە بەرنامەی ئەتۆمی، راگرتنی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی، کۆتایهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و باشترکردنی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران.

سەرەڕای ئەم داواکاریانەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بەردەوام رەتی کردوەتەوە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییە کەی و بەرنامە موشەکییەکانی ببێت،  رۆژنامە ئیسرائیلییەکە رایگەیاندوە، ئێران هەوڵ دەدات گفتوگۆکان تەنها لە چوارچێوەی دۆسیە ئەتۆمییەکەدا بمێننەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ترەمپ لە رێگەی ئەم داواکارییە قورسانەوە دەیەوێت شەرعییەتی پێویست کۆبکاتەوە تاوەکو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، زەمینە بۆ بژاردەی سەربازی دژی تاران خۆش بکات و ئاژانسی رۆیتەرزیشی رایگەیاندوە، ئێران ئەمریکای ئاگادار کردوەتەوە تەنها گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆشکی سپی رایگەیاند، کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن، سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە تاران سەبارەت بە شوێنەکەی داوای کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی کەم و بە دەنگی 217 ئەندام بەرانبەر 214 دەنگ پاکێجێکی خەرجکردنی بە بڕی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار پەسەند کرد، سەرۆکی ئەمریکا ئیمزای کرد و حکومەتەکەی  خستەوەکار.

پرۆژیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دەنگی 217 ئەندام لە بەرانبەر 2014 ئەندام پەسەند کرا و بەمەش حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ تا کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵ کێشەی دارایی زۆربەی وەزارەتەکان  چارەسەر دەبێت.

تەنها ناکۆکی و کێشە کە ماوە و  تا ئێستا چارەسەر نەکراوە کێشەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیە، کە  تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو پارەی بۆ دابین کراوە.

دوای داخستنی حکومەتی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو حزبەگەورەکەی ئەو وڵاتە،  بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکراتەکان) دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر چاکسازییەکانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئەوەی ئەو وەزارەتەش دووبارە دانەخرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆ ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هێرشێکی توند دەکاتە سەر ڤلادیمێر پوتن و بە "تاوانباری جەنگ" ناوی دەبات، هاوکات داوای دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە خاکی سوریا دەکات.

جۆ ویڵسۆن لە پەیامێکدا رایگەیاند، پوتن شاری حەلەبی وێران کرد وەک سەرەتایەک بۆ وێرانکردنی شارەکانی ئۆکراین، وەک ماریۆپۆڵ و بوچا. راشیگەیاند، پوتن ئێستا پەناگەی بۆ ئەسەد و سەرکردە باڵاکانی رژێمەکەی لە مۆسکۆ دابین کردووە، کە خەریکی داڕشتنی پیلانن بۆ روداوی نوێ لە سوریا.

ئەو ئەندامەی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەش کرد، پوتن تاوەکو ئێستا پابەندی هیچ رێککەوتنێک نەبووە و لەمەشدا نمونەی ئۆکراین و جۆرجیای هێنایەوە. پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سوریاش کرد و وتی: "هیچ شتێکی باش لە مۆسکۆوە بۆ ئێوە نایەت، چونکە بنکە سەربازییەکانیان تەنیا بۆ پاڵپشتیی دیکتاتۆرەکان و بڵاوکردنەوەی پشێوی بەکاردەهێنرێن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جۆ ویڵسۆن جەختی کردەوە کە دەبێت هاوکاریی سوریا بکرێت بۆ دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە وڵاتەکەیان. ئەم لێدوانانەی ویڵسۆن لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی دانیشتنێکی "کۆمسیۆنی هێلسینکی"دا هات کە کاتژمێر 14:30 بە کاتی واشنتن بەڕێوەچوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا، سەرۆکی ئۆکراین رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە لەگەڵ روسیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بڕیارە لە رۆژانی 4 و 5ـی ئەم مانگەدا، پایتەختی ئیمارات ببێتە میوانداری گەڕێکی نوێی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان (ئۆکرانیا، روسیا و ئەمریکا).

سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوەکردووە، تیمی دانوستانکارەکەیان راپۆرتی کۆتاییان ئامادەکردووە و ئامانجیان گەیشتنە بە رێککەوتنێک کە "شکۆی ئۆکراینییەکان" بپارێزێت.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، ئەم پێشهاتە سیاسییە دوای کۆبوونەوەیەکی نهێنی و "گرنگ" دێت کە لە ویلایەتی فلۆریدا لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا و نوێنەری ڤلادیمێر پوتین ئەنجامدرا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە کە "کەشێکی ئەرێنی" لە ئارادایە و روسیا ئارەزووی بۆ ئاشتی نیشانداوە.

ئەو کەسایەتییانەی مێزی گفتوگۆکە بەڕێوە دەبەن:

جارید کوشنەر: زاوای ترەمپ و یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی پشت پەردەی ئەم ڕێککەوتنە.

سکۆت بێسێنت: وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، کە ئاماژەیە بۆ رەهەندە ئابورییەکانی رێککەوتنەکە.

کییەریل دمیتریێڤ: نوێنەری تایبەتی روسیا بۆ گفتوگۆکان.

چاودێرانی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەبوزەبی دەکەن، کە ئایا دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ جەنگێک کە زیاتر لە سێ ساڵە ئەوروپای هەژاندووە، یان تەنها وێستگەیەکی دیکەی ململانێ دیپلۆماسییەکان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتی وڵاتی چینی کرد بۆ بەشداریکردن لە کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و لە ئەگەری قبوڵکردنی داواکارییەکەی لەلایەن وڵاتی پەکینەوە، ترەمپ بە "گرێبەستێکی گەورە" ناوی دەبات، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان پێشوازی لە هیندستانیش  دەکەن بۆ هەمان مەبەست.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، ئەوان  پێشوازی لە چین دەکەن، کە بێتە پێشەوە بۆ کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا و ئەوە دەبێتە  مامەڵەیەکی گەورە لە نێوانیاندا، ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکات هیندستانیش نەوتی ڤەنزوێلا بکڕێت.

لەبارەی پشکەکانی ئەمریکا لە نەوتی ڤەنزویلادا، ترەمپ رایگەیاند، واشنتۆن تا ئێستا باسی پشکی کاراکاسی لە داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێلا نەکردووە، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەمریکا و ڤەنزوێلا لە ئێستادا لەسەر پێگەیەکی باشن و کێشەیان نابێت.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لەژێر فشاری ئەمریکادا، دیلسی رۆدریگێز سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا یاسایەکی واژۆکرد، کە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر کەرتی نەوتدا سنووردار دەکات و دوای دوو دەیە کەرتی نەوتی وڵاتەکە لە حکومییەوە گۆڕدار بۆ کەرتی تایبەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3132333435...603