بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکراین دووپاتدەکەنەوە و جەخت لە راگرتنی جەنگ و هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەنەوە.
هەر یەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپی لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بۆ پشتگیری لە ئۆکراین بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە، دەبێت شەڕ و کوشتارەکان لە ئۆکراین رابگیرێت.
راگەیەنراوەکە لەلایەن حکومەتی بەریتانیا بڵاوکراوەتە و تێیدا هاتووە، پشتگیری تەواو لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، بۆ راگرتنی جەنگ لە ئۆکراین ، هەروەها هێڵی پەیوەندیی ئێستا دەبێت خاڵی دەستپێکی دانوستان بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە فشارەکان لەسەر ئابوری و پیشەسازی سەربازیی روسیا چڕتر بکرێتەوە تا ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا ئامادە دەبێت بۆ ئاشتی.
جێگەی ئاماژەیە، ترەمپ پێنجشەممەی رابردوو، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن، رایگەیاند، هەردوولا "کۆک بوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان راوێژکارە باڵاکانیان لە هەفتەی داهاتوودا".
هەروەها تائێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا دواخستنی کۆبوونەوەی سەرەتایی نێوان لاڤرۆڤ و رۆبیۆ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر لوتکەی داهاتووی ترەمپ و پوتن لە بوداپێستی هەنگاریا دەبێت یاخود نا.
ئەمڕۆ سێشەممە، سانای تاکایچی بە بردنەوەی دەنگی زۆرینەی پەرلەمان، بووە یەکەم ژن لە مێژووی ژاپۆندا کە پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت و لاپەڕەیەکی نوێی لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەدا کردەوە.
تاکایچی وەک کەسایەتییەکی پارێزگاری توندڕەو ناسراوە و بە شوێنکەوتووی سیاسەتە ئابوورییەکانی 'ئابینۆمیکس' دادەنرێت، کە شینزۆ ئابێی سەرۆک وەزیرانی کۆچکردوو دایهێنابوو و پشتی بە سیاسەتی نەختینەیی فراوان، خەرجیی حکومی و چاکسازیی دەبەست.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، تاکایچی داوای هەڵوێستێکی توند دەکات بەرامبەر چین و لایەنگری پێداچوونەوەیە بە دەستووری ئاشتیخوازانەی وڵاتەکەی.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا "ئاستەنگی تێکەوتووە".
بڕیاربوو هەردوو سەرۆک لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
بەپێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کۆبوونەوەی نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسێردراوە.
پاشەکشە لە رێککەوتنە سەرەتاییەکان:
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن رایگەیاندبوو، "رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو راوێژکارە باڵاکانمان کۆببنەوە."
ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی، "مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە، شانبەشانی چەند کەسێکی دیکە کە هەڵدەبژێردرێن، سەرپەرشتی کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی ئەمریکا دەکات."
بەڵام ئێستا کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان رۆبیۆ و لاڤرۆڤ دواخراوە و هۆکارەکەشی ڕوون نییە، هەرچەندە سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو وەزیر "پێشبینیی جیاوازیان هەبووە سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا."
"هەڵوێستی روسیا نەگۆڕاوە"
رۆژی دووشەممە، رۆبیۆ و لاڤرۆڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و "هەنگاوەکانی داهاتوو"یان بۆ بەدواداچوونی پەیوەندییەکەی ترەمپ و پوتن تاوتوێ کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە، رۆبیۆ "جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوەکانی داهاتوو کردووەتەوە وەک دەرفەتێک بۆ پێکەوە کارکردنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی."
لە بەرامبەردا، کرملین پەیوەندییەکەی بە "گفتوگۆیەکی بنیاتنەر" وەسفکرد کە "ئەگەری هەنگاوی کرداریی بۆ لێکتێگەیشتن" لەخۆگرتبوو.
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سی ئێن ئێنی وتووە، دوای پەیوەندییەکەی رۆبیۆ و لاڤرۆڤ، بەرپرسان هەستیان کردووە "هەڵوێستی روسیا بە پێی پێویست گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێنرێت."
هەمان سەرچاوە دەڵێت، "ئەگەری کەمە رۆبیۆ لە ئێستادا پێشنیازی کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتن بۆ هەفتەی داهاتوو بکات، بەڵام رەنگە ئەم هەفتەیە رۆبیۆ و لاڤرۆڤ جارێکی دیکە قسە بکەنەوە."
ماریا زاخارۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی رون و تێروتەسەل، ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە گواستنەوەی مووشەکەکانی "تۆماهۆک"بۆ ئۆکراین، بە ئەمریکا راگەیاندووە.
زاخارۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "تاس" گوتی: "لە مۆسکۆ بە رونی و بە شێوەیەکی فراوان قسەمان کردووە و هۆکارەکانمان خستووەتەڕوو. ئەمانە تەنها دەربڕینێک نەبوون بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆ، بەڵکو دەربڕینێک بوون کە پشتگیریکراو بوون بە هۆکاری جدی بۆ رونکردنەوەی بەڵگەکانمان."
وتیشی: "ئەمە قبوڵکراو نییە و پێچەوانەی ئەو ئەو ئاشتیەیە کە رۆژاوایییەکان خۆیان چەندین جار لە چەندین بۆنەدا باسیان لێوە کردووە، ئەمەش بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەمە لەگەڵ پەیامەکانی ئەوانەدا ناگونجێت کە وشەی ئاشتی دووبارە دەکەنەوە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 6ی ئۆکتۆبەر رایگەیاندبوو کە بڕیارێکی لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی موشەکەکانی "تۆماهۆک" بۆ لایەنی ئۆکراینی دەرکردووە، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەو بڕیارە رون بکاتەوە. بەڵام لە 17ی ئۆکتۆبەر، لە کاتی پێشوازیکردنی لە زێلێنسکی لە کۆشکی سپی، رایگەیاند؛ کە واشنتۆن خۆی پێویستی بە موشەکەکانی "تۆماهۆک"ە و چەکی دیکەی هاوشێوە هەیە کە بۆ کیێڤ دابین دەکرێن.
لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" گلەیی ئەوەی کردبوو کە ئۆکراینا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی، نە نەرێنی و نە ئەرێنی، لە ترەمپەوە سەبارەت بە ڕادەستکردنی مووشەکەکانی "تۆماهۆک" وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەبارەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیا و پشتیوانیكردنی زیاتری ئۆكراین كۆببنەوە.
ئاژانسەكانی هە واڵ بڵاویانكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ لەبارەی سەپاندنی 19 سزای نوێ بەسەر روسیادا كۆببنەوە، كە ماوەیەكی زۆرە كاراكردنیان راگیراوە.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، هەر لە كۆبوونەوەكەیاندا گفتوگۆ لەسەر پشتیوانیكردنی سەربازی و دارایی بۆ كیێڤی پایتەختی ئۆكراین دەكرێ.
ئەو 19 سزایەی بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا تاوتوێی بكەن، پێشتر لە مانگی ئابدا گفتوگۆیان لەبارەوە كردبوو و بڕیاربوو لە ئەیلولی ئەمساڵەوە سزاكان بەسەر روسیادا بسەپێنن، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی هەنگاریا و سلۆڤاكیاوە جیبَەجێكردنی سزاكان دواكەوت.
سەرۆکی ئۆکراین دەڵیت: مۆسکۆ نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کیێڤ چەند جارێک ئامادەیی بۆ راگرتنی جەنگ دەربڕیوە هەمیشە بە دوای ئاشتییەوە بووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە سۆشیال میدیا گرتە ڤیدیۆییەکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە، کە گوایە پوتین ئامادەیە جەنگ رابگرێت بە مەرجی دەستبەرداربوونی ئۆکراین لە ناوچەی دۆنێتسک، زیلینسکی بە روونی رایگەیاند: "وڵاتەکەی هیچ شتێک نادات بە روسەکان و هیچ سازشێکیش بۆ مۆسکۆ ناکەن.
وتیشی، کیێڤ هەرگیز بەدوای جەنگدا نەبووە، بەڵکو هەمیشە پابەند بووە بە ئاگربەستێکی بێ مەرج و بەدوای دەرفەتەکانی ئاشتیدا گەڕاوە، هەروەها چەندین جار پێشنیازییان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئاسمان و زەمین و دەریایی کردووە، بەڵام روسیا بە بەردەوامی بە دواخستن و درێژکردنەوەی دانوستانەکان، رێگری لەم پرۆسەیە کردووە.
مۆسکۆ نایەوێت جەنگ کۆتایی بێت
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی ئۆکرانیا 'یوکرینفۆرم' بڵاویکردەوە، زیلینسکی پێی وایە،جەنگ تەنها لەبەر ئەوە بەردەوامە کە مۆسکۆ نایەوێت کۆتایی پێبێت.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی روسیا رۆژانە نزیکەی سەدان هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی گرنگ و شارستانی لە ئۆکراین، دەشڵێت، تەنها لە هەفتەی رابردوودا، روسیا زیاتر لە سێ هەزار و 270 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، 1370 بۆمبی ئاسمانی ئاڕاستەکراو، و نزیکەی 50 موشەکی جۆراوجۆری ئاراستەی خاکی ئۆکراین کردووە.
هەروەها سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی لە رێگەی دەستپێشخەرییەکان و وەبەرهێنان لە پیشەسازی بەرگری ئۆکراین، جا چ لە رێگەی دوو قۆڵی بێت یان فرە قۆڵی، ئەوەشی خستەڕوو، پێیوایە قسەکانی پوتن ئەم جەنگە راناگرن، بەڵکو دەبێت فشارەکانی لەسەر زیاد بکرێت.
لۆران نۆنیز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە لە هێرشیکی چەکداریدا بۆ سەر مۆزەخانەی لۆڤەر ژمارەیەک خشڵ و گەوهەری بەناوبانگ، کە"بەهایان نەخەمڵێنراوە" دزران.
لۆران نۆنیز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فەرەنسا ئەنتەر"، روداوەکەی لۆڤەری وەک "دزییەکی گەورە" وەسف کرد. وتیشی کە دزەکان لە دەرەوەی مۆزەخانەکەوە چوونەتە "هۆڵی ئەپۆلۆ" و دزییەکەیان ئەنجامداوە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختی لەوەشکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە مۆزەخانەی لوڤەر روینەداوە و وتیشی: دوور نییە تاوانباران بیانی بن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پڕۆسەی دزییەکە لە نێوان کاتژمێر 9:30 بۆ 9:40خولەکی بەیانی رویداوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریسیش رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی لە "دزیی رێکخراو و پیلانگێڕیی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان" دەستپێکردووە.
ماڵپەڕی "بی ئێف ئێم تی ڤی"ی فەرەنسی رایگەیاند: "دزەکان گەوهەر و خشڵیان برد، بە تایبەت، پێش ئەوەی هەڵبێن شوێنی نمایشی گەوهەرەکانی ناپلیۆن و هەندێک لە پاشا فەرەنسییەکانیان کردبووە ئامانج."
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو ئەمریکییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، بەهۆی ناڕەزایەتییان لە ئاراستەی سیاسیی ئەمریکا، دەستیان لە رەگەزنامەی وڵاتەکەیان هەڵگرتووە.
رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دانیشتووی بەریتانیا دەکات، کە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی رابردوو و گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، نامەیەکی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: "دەمەوێت جیاببمەوە." ئەم پیاوە بەهۆی ترسی لە "تۆڵەسەندنەوەی ئیدارەی ترەمپ"، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە، کە لە تەمەنی 25ساڵیدا ئەمریکای بەجێهێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشی هەیە، ئێستا لە قۆناغەکانی کۆتایی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەی ئەمریکیدایە. ئەو دەبێت سوێند بخوات کە بە ئاگاییەوە ئەم بڕیارە دەدات و بڕی 2350 دۆلار وەک رسومات بدات.
بەپێی زانیارییەکانی "واشنتۆن پۆست"، ساڵانە لە نێوان5000 بۆ 6000ئەمریکی دانیشتووی دەرەوە دەستبەرداری رەگەزنامەی خۆیان دەبن. هەرچەندە زۆرجار هۆکارەکان باج یان کارگێڕین، بەڵام ئێستا، بەپێی وتەی پارێزەرانی کۆچ سیاسەت بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم بڕیارە.
داتاکانی کۆمپانیای "Greenback" بۆ راوێژکاریی باج نیشانی دەدەن کە رێژەی ئەو ئەمریکییانەی دانیشتووی دەرەوە کە بیریان لە دەستبەرداربوون لە رەگەزنامەکەیان کردووەتەوە، لە %30 لە ساڵی 2024 بۆ %49 لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە. %51یان هۆکارەکەی بۆ "ناڕەزایەتی لە حکومەت یان ئاراستەی سیاسیی وڵات" دەگەڕێننەوە.
زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە ژیانیان لە دەرەوەی وڵات بەهۆی باجی دوولایەنە، قەدەغەکردنی بانکی، تێچووی زیادە، و هەستکردن بە نامۆبوون لە وڵاتەکەیانەوە، سەخت بووە.
لەناو ئەوانەدا کە ئەم بڕیارەیان داوە، "کۆلین مەکاتشین"ی تەمەن 33 ساڵ هەیە، کە لە ئۆهایۆ لەدایکبووە و دایکی ئەمریکی و باوکی کەنەدییە. ئەو دەڵێت تێکچوونی گوتاری سیاسی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان وای لێکردووە هەستی بۆ ئەمریکا نەبێت. لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی 2024، دوای دڵنیابوونەوە لە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە بەریتانیا، نامەی بۆ باڵیۆزخانە نارد بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە.
پڕۆسەی دەستبەرداربوون لە رەگەزنامە ئاڵۆزە و پێویستی بە هەبوونی رەگەزنامەیەکی جێگرەوە و رێکخستنی پابەندبوونە باجییەکانی 5 ساڵی رابردوو هەیە، و هەندێک کەس کە سامانێکی زۆریان هەیە، لەوانەیە بکەونە ژێر باری "باجی دەرچوون".
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەت باسیان لە ئەگەری رێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور کردووە، ئەمەش لە میانی سەردانەکەی ترەمپدا بۆ کیشوەری ئاسیا لە مانگی داهاتوو.
ئەمڕۆ شەممە، سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە رایگەیاندووە کە بەرپرسان تا ئێستا هیچ پلانێکی دیاریکراویان بۆ سەردانێکی لەو شێوەیە دانەناوە و ئاماژەی بەوە کردووە؛ هیچ پەیوەندییەکی رەسمیش لە نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگدا نەبووە، وەک ئەوەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا رویدا.
سی ئێن ئێن، لە دوو سەرچاوەوە زانیویەتی، هەوڵی ترەمپ بۆ گەیشتن بە سەرۆکی کۆریای باکوور لە سەرەتای ئەمساڵدا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە کۆریای باکوور پەیامەکەیان قبوڵ نەکرد، ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکرا خواستی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور دەربڕیوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ کیشوەری ئاسیا دەرگای کۆبوونەوەیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان گفتوگۆکان لە قۆناغی سەرەتاییدان وهیچ کاتێک و شوێنی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان دەربڕیوە کە ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت و ترەمپ دەیەوێت سەرۆکی کۆریای باکوور رازی بکات وازلە چەکە ئەتۆمییەکانی بهێنێت.
دوایین جار ترەمپ و کیم لە ساڵی 2019 لە ناوچەی داماڵراوی سەربازی (DMZ)ی نێوان هەردوو کۆریا یەکتریان بینی، ئەو کۆبوونەوەیە بووە یەکێک لە ئایکۆنیترین ساتەکانی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و پیۆنگیانگ کاتێک هەردوو سەرکردە لەبەردەم کامێراکان تەوقەیانکرد و ترەمپ وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا چوە ناو خاکی کۆریای باکوورەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بە بەردەوامی ئەمریکا داوا دەکات کۆریای باکوور واز لە چەکە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و لە بەرامبەردا، پوینگ یانگ ئەو داوایە رەتدەکاتەوە و جەختدەکەنەوە ئەو چەکەیان بە یاسای وڵات چەسپاندووە و بۆ گفتوگۆکردن نییە .
کاردانەوەی وتەبێژی کۆشکی سپی، کارۆلین لیڤایت، بەرانبەر بە پرسیاری پەیامنێرێکی ماڵپەڕی "هافپۆست" سەبارەت بە دیاریکردنی شوێنی دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، کاردانەوەیەکی تووندی لێکەوتەوە و بووە جێی سەرسوڕمانێکی بەرفراوان.
لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی، پەیامنێرەکە پرسیاری لە لیڤیات کرد، سەبارەت بەوەی کامیان شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریایان هەڵبژاردووە وەک شوێنی دیدارە چاوەڕوانکراوەکە، لیڤایت بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی دایەوە و وتی: "دایکت."
کاتێک دواتر لێیان پرسی ئایا وەڵامەکانی بە پێکەنیناوی دەزانێت، کارۆلین وتی: کە ئەمە بە پێکەنیناوی دەبینێت، چونکە ماڵپەڕی هافپۆست "خۆی بە گۆڤار دەزانێت"، هەروەها رۆژنامەنووسەکەی بە "نووسەرێکی چەپڕەوی توندڕەو" وەسف کرد کە "کەس ئامادە نیەی بە هەند وەریبگرێت.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ پوتندا، گفتوگۆیان لەسەر رێکخستنی سەرەتایی بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەگەری لە هەنگاریا کردووە، بە بەشداری راوێژکارانی باڵا لە هەردوو لا.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نیویۆرکەوە تا سان فرانسیسکۆ، لە چوارچێوەی بزوتنەوەی "نوو کینگز" (No Kings) - واتە "هیچ پادشایەک" - خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدەن.
بزووتنەوەی "نوو کینگز" لە دروشمی کەمپینەکەیدا رایگەیاندووە: "سەرۆک پێی وایە دەسەڵاتەکەی رەهایە. بەڵام لە ئەمریکا، ئێمە پادشامان نییە و ملکەچی فەوزا، گەندەڵی و دڵڕەقی نابین."
زیاتر لە 2700 خۆپیشاندان لە شارە گەورەکانی ئەمریکا و شارۆچکە بچووکەکان لە ویلایەتە کۆمارییەکاندا، هەروەها لە نزیک شوێنی مانەوەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا، کە تێیدا پشووی کۆتایی هەفتە بەسەر دەبات، بەڕێوەدەچن. رێکخەران پێشبینی بەشداریکردنی ملیۆنان کەس دەکەن.
لەسەرەتای مانگی حوزەیران، یەکەم رۆژی هەڵمەتی ئەم بزوتنەوەیە کە نزیکەی 300 رێکخراو لەخۆدەگرێت، ملیۆنان کەسی لە هەموو تەمەنێکەوە کۆکردەوە و بووە گەورەترین خۆپیشاندان لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی. لەو رۆژەدا، دۆناڵد ترەمپ 79هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بە نمایشی سەربازیی گەورە لە شەقامەکانی واشنتۆن پیرۆز کرد.
ترەمپ و لێدوانەکانی:
ترەمپ کە مانگی حوزەیرانی رابردوو هەڕەشەی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەرانی بە "هێزێکی زۆر گەورە" کرد، ئەم هەفتەیە لە کەناڵی فۆکس نیوزدا وتی: "ئەوان من بە پادشا ناودەبەن. من پادشا نیم."
بەرپرسانی باڵای پارتی کۆماری خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکانیان بە توندی رەتکردووەتەوە و هەندێکیان بە تیرۆر بەراوردیان کردووە. مایک جۆنسن، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، خۆپیشاندانەکانی بە "کۆکردنەوەی رق و کینە دژی ئەمریکا" وەسف کرد و وتی: "دوودڵ نیم کە تێیاندا لایەنگرانی حەماس و ئەنتیفا دەبینن، کە بزوتنەوەیەکی سیاسییە و سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا بە 'رێکخراوێکی تیرۆریستی' پۆلێنی کردووە."
تۆم ئێمەر، نوێنەری ویلایەتی مینەسۆتا، دیموکراتەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ملکەچی باڵی تیرۆریستیی پارتەکەیان بوون."
لە بەرامبەردا، گلین ئایڤی، نوێنەری دیموکرات لە ویلایەتی مێریلاند، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەم بزوتنەوەیە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە داهاتووی ئەمریکادا، بۆیە من تێدەگەم بۆچی ئەوان دڵەڕاوکێیان هەیە،" ئاماژەی بەوەشدا کە خۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکات.
دیدری شایڤلینگ، بەرپرسێک لە رێکخراوی مافە مەدەنی و ئازادییە گشتییە گەورەکانی (ACLU) کە هاوکار بووە لە رێکخستنی ئەم هەڵمەتەدا، پێشتر جەختی کردەوە: "لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانییەوە، رێگە نادەین بێدەنگ بکرێین."
بانگەواز بۆ "راپەڕینێکی ئاشتییانە":
ڕۆبەرت دی نیرۆ، ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیوود، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان کرد و هاوڵاتییانی هاندا کە بە "شێوەیەکی ئاشتییانە" دژی "پادشا دۆناڵد ترەمپ" راپەڕن.
لەدوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی یەنایردا، دۆناڵد ترەمپ هاوسەنگی دیموکراسی ئەمریکای تێکداوە، دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس و ویلایەتەکانی تێپەڕاندووە و هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی تۆڵەسەندنەوەی لە نەیارەکانی کردووە.
بڕیارە هەڵمەتی هاوشێوە لە شارە گەورەکانی کەنەداشدا بەڕێوەبچن، وەک تۆرنتۆ، ڤانکۆڤەر و ئۆتاوا.
پەرلەمانی پورتوگال، رۆژی هەینی، لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پارتێکی راستڕەوی توندڕەوەوە پێشکەش کرابوو، بە ئامانجی قەدەغەکردنی "داپۆشینی روخسار لە شوێنە گشتییەکاندا"، کە بە کردەوە مەبەست لێی رێگەگرتنە لە پۆشینی نیقاب.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی "چیگا"ی راستڕەوی توندڕەو پێشکەش کراوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مانگی ئایاری رابردوودا بووە دووەم گەورەترین هێزی سیاسی لە پورتوگال.
پڕۆژەیاساکە 60 دەنگی لە پەرلەمان بەدەستهێنا، کە جگە لە دەنگەکانی پارتی "چیگا"، دەنگی هاوپەیمانی حکومەت (راستی ناوەڕاست) و پارتە لیبراڵەکانیشی لەگەڵدا بوو. لە بەرامبەردا، پارتەکانی چەپ و کۆمۆنیستەکان دژی یاساکە دەنگیاندا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی موسڵمان لە پورتوگال، نیقاب بە شێوەیەکی فراوان لەنێو ژنانی موسڵمانی ئەو وڵاتەدا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام "نەریتێکە" و هەندێکیان پابەندی دەبن.

راپۆڕتێكی نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایدەكات، 887 ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهاندا كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن قوربانی و زیانلێكەوتووی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوان.
پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نوێترین راپۆڕتیدا ئاشكرایكردووە، مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری بەرچاوی لەسەر هەژاران هەیە، بەجۆرێك لە كۆی زیاتر لە یەك ملیار لەو كەسانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، 887 ملیۆن كەسیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ رووبەرووی مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بونەتەوە.
راپۆڕتەكە روونیشیكردووەتەوە، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و پیسبوونی هەوا و لافاو و وشكەساڵی زۆرترین كاریگەریان لەسەر كەسانی هەژار هەبووە، بەشێكی زۆری ئەو قوربانییانەش دانیشتووی ناوچانەكانی باشوری ئاسیا و ئەفریقای باشورن.
دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لە كۆشكی سپی کۆبوونەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینیان کرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: دەمانەوێت جەنگی ئۆكراین كۆتاییبێت و لە توانامدایە ئەو جەنگە کۆتایی پێبهێنم.
وتیشی، لە هەنگاریا لەگەڵ سەرۆکی روسیا کۆدەبمەوە و پرسی راگرتنی شەڕ لە ئۆکراین لەگەڵ پوتن تاوتوێ ئەکەم و هەوڵدەدەم بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی روسیا و ئۆکراین.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگی ئۆکراین ئاڵۆزترە بەڵام توانیمان سەرکوتووبین، بەڵام هەوڵبدەین کینە لە دڵی پوتن و زیلینسکی لابدەین.
لە بەرانبەردا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی رایگەیاند، پێم وانییە پوتن بیەوێت جەنگ كۆتاییبێت و ئەو بەهیچ شێوەیەک ئامادەی ئاشتی نییە.
ئاشکراشیکرد، ترەمپ هاوشێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت شەڕی ئۆكراینیش رابگرێت.
سەبارەت بە دابینکردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، دابینكردنی موشەكی تۆماهۆك بۆ ئۆكراین ئاسان نییە و هیوادارم پێویستمان بەو هەنگاوە نەبێت، هەروەها پابەندی پاراستنی یەدەگی ئەمریكام لە موشەكی تۆماهۆك و درۆن.
زیلینسکی داوای لە ترەمپ کرد ئەو موشەکەیان پێبدات و رایگەیاند، پێویستیان بە موشەكی تۆماهۆكە و ئامادەن درۆنی دروستكراوی ئۆكراین بدەنە ئەمریكا.
لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی روسیا ئەنجامدەدرێت، کرملنیش ئاشکرایکردووە، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن بۆ کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئۆکراین.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا یاخود ماوەیەکی کەمتر لەو وادەیە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن رێکدەخرێت.
وتیشی، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو مۆسکۆ و واشنتن هەیە و نابێت هیچ شتێک دوابخرێت لەبارەی شەڕی ئۆکراین.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئامادەکارییەکان کۆبوونەوەکە لە بودابێستی پایتەختی هەنگاریا ئەنجامدەدرێت.
جێگەی ئاماژەیە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند، ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی تری لوتکە لەگەڵ سەرۆکی روسیا سازدەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هیوا دەخوازن سعودیە پەیوەستبێت بە هاتنە ناو رێککەوتنەکانی ئەبراهام و جەختیشیکردەوە بەم نزیکانە رێککەوتنەکە فراوانتر دەبێت .
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندووە؛ بەم زووانە ئاگاداری فراوانکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی دەبن، ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنامەکەوە بکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا وڵاتانی دیکەش بەشداری دەکەن.
پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو، چەند وڵاتێکی دیکەش ئامادەییان دەربریوە بۆ هاتنە ناو رێککەوتنەکە، ژمارەیەکی تریش خواستیان هەیە بۆ هاتنە ناوی.
رێكکەوتننامەی ئیبراهیم یان رێككەوتننامەكانی ئیبراهیم، گەرچی مێژوەکەی زۆر کۆنە، بەڵام ەل ساڵی 2020وە بە جدی کاری تێدادەکرێت و کۆمەڵێک رێکكەوتننامەی دیپلۆماسییە، کە لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و موسڵمان ئیمزا کراوە
ئەو رێکكەوتننامانە بە شێوەیەکی رەسمی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەو وڵاتانە و ئیسرائیلی ئاسایی کردەوە، کە زۆربەیان لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی عەرەب - ئیسرائیلەوە، دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نەنابوو یاخود یان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵدا نەبوو.
ڕێکكەوتننامەكە سەرەتا لە 15ی ئابی 2020دا لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات راگەیەندرا، دواتر لە 15ی ئەیلەولی 2020دا، رێکكەوتننامەکان بەفەرمی لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن ئیمزا کران و دواتر بەحرەین چووە ناو ئەو رێکكەوتننامەیە و لە دواییشدا سوودان و مەغریب بەشدارییان کرد و سعودیەش بەڵێنی بەشداریکردنی داوە، بەڵآم تا ئێستا بە رەسمی رای نەگەیاندوە.