سەرۆکی ئۆکراین دەڵێت: ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پشتگیری لە پێشنیازەکانی ئەمریکاش دەکەن.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پشتگیری لە پێشنیارە ئاشتییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ روسیا و دەشڵێت، "ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ریفراندۆم لەسەر رێککەوتنی ئاشتی."

ئاماژەی بەوەکرد، کیێڤ دەیەوێت بۆ ئەمریکییەکان بسەلمێنێت کە ئەوان نایانەوێت جەنگ بەردەوام بێت، هەر بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لەو پێشنیازانە دەکەن کە پڕۆسەی ئاشتی خێراتر دەکەن.

زیلینسکی جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی لە هیچ شتێک ناترسێت و ئامادەیە پەنا بۆ دەنگی گەل بەرێت، بەڵام جەختی لەوەشکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێککەوتنێک قبوڵ ناکەن زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئۆکراین بگەیەنێت.