بەهۆی توانەوەی جەمسەرەكانی باكور، ململانێی ئەمریكا و روسیا لەسەر ناوچە ستراتیژییەكان چڕتردەبێتەوە و ناتۆش هۆشداری دەدات.

مارك روتە سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، جووڵە سەربازییەكانی روسیا و چین لە ناوچەی جەمسەری باكور، هەڕەشەیەكی ئاشكرا و جدییە بۆسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.

ئەم لێدوانە دوای دەستپێكردنی ئەركی پاسەوانانی جەمسەری باكور هات كە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوایە لەو ناوچە ستراتیژییەدا.

لێپرسراوێكی ناتۆش دەڵێت، توانەوەی خێرای سەهۆڵبەندانی جەمسەری باكور رێگەی داوە بە بەكارهێنانی رێڕەوی باكور بۆ ماوەیەكی درێژتر، ئەوەش دووری نێوان ئەوروپا و ئاسیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە، وتیشی، كێبڕكێی وڵاتان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو رێگا نوێیانە فشارێكی زۆری خستووەتە سەر رەوشی ناوچەكە.

گۆڕانی ژینگەیی لە جەمسەری باكور نەك هەر رێڕەوی بازرگانی جیهانی دەگۆڕێت، بەڵكو نەخشەی ململانێی سیاسی و سەربازیی نێوان بلۆكی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش بە تەواوی دادەڕێژێتەوە.