كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش بە بەشداری مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دەستیپێكرد و راوێژكاری ئەڵمانیاش دەڵێت ئەمریكا ناتوانێت بەتەنها رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.

بە بەشداری زیاتر لە 50 سەركردە و لێپرسراوانی باڵای جیهان، 62مین خولی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا دەستیپێكرد و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، لەناو ئەو سەركردە و لێپرسراوانەشدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات  "هەسەدە" و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای كوردستانیش ئامادەبوون.

لە وتاری دەستپێكی كۆنفرانسەكەشدا، فرێدریك مێرز راوێژكاری ئەڵمانیا داوایكرد، ئەمریكا و ئەوروپا پێكەوە متمانەی نێوان هەردوو بەری زەریای ئەتڵەسی چاك بكەنەوە و بیبوژێننەوە، وتیشی، ئەمریكا ناتوانێت بەتەنها روبەڕوی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ، جیهان چووەتە قۆناغێکی نوێ لە ململانێی کراوە کە سیمای جیهانی گۆڕیوە و جەختیشی کردەوە کە "سیستمی نێودەوڵەتیی لەسەر بنەمای یاسا وەک پێشتر نەماوە."