ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ناتانیاهۆ: رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران باشترین بژاردەیە
راهۆز
١١ی شوباتی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی چوارشەممە ئەنجامی کۆبوونەوە سێ سەعاتییەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بە "زۆر باش" وەسف کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران کردەوە.
ترەمپ لە هەژماری رەسمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ نەتەنیاهوو و وەفدی یاوەری هەبوو، پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن." ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەسەر یەک خاڵ رێککەوتوون، ئەویش پێداگریی ترەمپە لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی نوێ.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە رێککەوتن بژاردەی یەکەمی ئەوانە، بەڵام ئەگەر ئێران نەیەتە ژێر بار، ئەوا چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بزانن دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت. ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و وتی: "جارەکەی پێشوو ئێران بڕیاری دا رێککەوتن نەکات، هەر بۆیە هێرشی (چەکوشی نیوەشەو)ـی بەرکەوت کە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبوو؛ هیوادارین ئەمجارە ئێران بە عەقڵانییەت و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکات."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو باسیان لەو "پێشکەوتنە گەورەیە" کردووە کە لە کەرتی غەزە و تەواوی ناوچەکەدا بەدیهاتووە. وتیشی: "ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵی کێشاوە."
لە لایەکی دیکەوە، نوسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کراوەتەوە لە ناوەڕۆکی دانوستانەکاندا. هەروەها، ناتانیاهۆ پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و وەک ئەندامێکی "ئەنجومەنی ئاشتی" ئیمزای لەسەر بەشداربوونی خۆی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە ترەمپی راگەیاندووە کە هەر رێککەوتنێکی باش لەگەڵ تاران، دەبێت بێ کات بێت و رێگریی تەواوەتی لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکات. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل هێشتا گومانیان هەیە و پێیان وایە تاران تەنیا دەیەوێت کات بکوژێت.
جگە لە ترەمپ و ناتانیاهۆ، لەم کۆبوونەوە چارەنووسسازەدا مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی تایبەتی ترەمپ ئامادە بوون.



