بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی قورتۆبا ئیمزا کرد.

ئەمڕۆ پێجشەممە 12/2/2026، بە هەوڵی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئسپانیا و بە هەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی قورتۆبا ئیمزا کرا.

دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا رایگەیاند: زانکۆی قورتۆبا یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگ و کاریگەرەکانی هەرێمی ئەندەلوس و ئیسپانیا و ئەوروپا، ئەم هەنگاوەش پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی هەردولا دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

نوێنەری حکومەت تیشکی خستە سەر گرنگیی رێککەوتنەکە و وتی: "ئەم جۆرە یاداشتانە دەرفەتێکی گرنگ لە بواری زانکۆیی بۆ خوێندکارانی کوردستان دەڕەخسێنن، هەروەها ئیسپانیا لە بواری توێژینەوەی زانستیدا وڵاتێکی پێشکەوتوە و ساڵانە داهێنانەکانیان تێکەڵ بە کەرتی گشتی و تایبەت دەکەن، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سود لەو ئەزمونە وەربگرێت.

ئەمە دووەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە لە ماوەی سێ مانگی رابردودا نوێنەرایەتی حکومەت لەگەڵ زانکۆکانی ئیسپانیا ئیمزای دەکات.

ئەم هەوڵانە کاریگەریی راستی دەبێت لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ئیسپانیا، کە دەبێتە ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی لە داهاتودا.