جیهانجیهان

نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە میانی سەردانێکی رەسمی سێ رۆژەی ماکرۆن بۆ هیندستان، پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەکانی بەرگری، تەکنەلۆژیا و وزە راگەیاند.

لەسەرووی ئەجێندای ئەم سەردانەوە، واژۆکردنی گرێبەستێکی گەورەی سەربازییە کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت و بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 35 ملیار دۆلار. ئەم پڕۆژەیە کڕینی 114 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری "رافاڵ" لەخۆ دەگرێت، بەو مەرجەی زۆربەی ئەو فڕۆکانە لە ناو خاکی هیندستان بەرهەم بهێنرێن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیودلهی دەیەوێت پشتبەستنی بە هاوردەی چەک لە روسیا کەم بکاتەوە و پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی بەهێز بکات.

جگە لە کەرتی بەرگری، هەردوو وڵات لە بوارەکانی فەزا و فڕۆکەوانیدا هەماهەنگییەکانیان فراوانتر کردووە؛ مودی و ماکرۆن یەکەم هێڵی کۆکردنەوەی هەلیکۆپتەری کەرتی تایبەتیان لە هیندستان کردەوە. هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بەرهەمهێنانی هاوبەشی تەقەمەنییە زیرەکەکان لە جۆری "هامەر" لە ناو هیندستاندا.

سەبارەت بە دۆخی جیهانی، مودی جەختی کردەوە کە هاوبەشیی نێوان وڵاتەکەی و فەرەنسا سنووری نییە و فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی جیهان. لە بەرانبەردا، ماکرۆن ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند کە نایانەوێت ملکەچی هیچ جۆرە هەژموونێک بن. فەرەنسا لە ئێستادا سێیەم گەورەترین شەریکی بازرگانیی هیندستانە لە یەکێتیی ئەوروپا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ساڵانە دەگاتە 18 ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای دۆزینەوەی تەرمی دانا ئیدن، بەرهەمهێنەری زنجیرەدرامای "تاران" لە هۆتێلێکی ئەسینا، شەپۆلێکی مشتومڕ و گومان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیر کردووە، هەندێک بە تیرۆر و هەندێکی تریش، مردنەکەی بە خۆکوشتنی دادەنێن.

هەرچەندە پۆلیسی یۆنان بوونی هەر گومانێکی تاوانکاریی رەت کردووەتەوە و ئەگەری خۆکوشتنی بە هێز زانیوە، بەڵام هەندێک راپۆرت ئاماژە بە هەبوونی شوێنەواری شینبوونەوە  لەسەر مل و جەستەی دەکەن، ئەمەش گومانەکانی لای بەشێک لە چاودێران زیاتر کردووە. برای دانا ئیدن بە پۆلیسی راگەیاندووە کە خوشکەکەی دەرمانی بۆ جۆرە نەخۆشییەک خواردووە کە پێشتر بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ گێڕانەوەی رەسمی ئیسرائیل کە هیچ گومانێکی تاوانکاریی لە روداوەکەدا نابینێت.

پێشتر هەندێک میدیای ئیسرائیلی بە پەلە ئاماژەیان بە ئەگەری تێوەگلانی ئێران لەم روداوەدا کردبوو، بەڵام کۆمپانیای بەرهەمهێنانی "دانا و شۆلا" لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە و رایگەیاند کە هیچ بنەمایەکیان نییە و داوای کرد تەنیا پشت بە زانیارییە پشتڕاستکراوەکان ببەسترێت.

دانا ئیدن کە تەمەنی 52 ساڵ بوو، بەهۆی زنجیرەی "تاران"ەوە کە باس لە سیخوڕێکی مۆساد دەکات، ناوبانگێکی جیهانی پەیدا کردبوو و ئێستا بەشی چوارەمی زنجیرەکە لە یۆنان وێنە دەگیرا.

لەسەر ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆچوونەکان دابەش بوون؛ هەندێک پێیان وایە ئیسرائیل بۆ هێرشی میدیایی دژی ئێران سوود لەم مردنە وەردەگرێت، هەندێکی تریش دەڵێن رەنگە بەهۆی ئاشکراکردنی هەندێک نهێنی لە ناو زنجیرەکەدا کوژرابێت. لە بەرانبەردا، میدیاکانی ئێران ئەم زنجیرەیە بە "پڕوپاگەندەی زایۆنیستی" وەسف دەکەن و وەک بەشێک لەو بۆچونانەی ناودەبەن کە دژ بەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە. 

پرۆفایلی دانا ئیدن (Dana Eden)

  • تەمەن و ئەزموون: لە کاتی گیانلەدەستدانیدا تەمەنی 52 ساڵ بوو. زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی لە بواری بەرهەمهێنانی تەلەڤیزیۆنی و سینەماییدا هەبووە.

  • پێگەی پیشەیی: یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی "Dana & Shula Productions" کە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئیسرائیل.

  • گرنگترین دەستکەوت: بەناوبانگترین کاری زنجیرەی "تاران" (Tehran) بوو کە لە ساڵی 2021 خەڵاتی "International Emmy" بۆ باشترین زنجیرەی درامی پێ بەخشرا. ئەمە یەکەمجار بوو زنجیرەیەکی ئیسرائیلی ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت.

    چەند زانیارییەکی سەرنج راکێش لەسەر دانا ئیدن:

    ١. پەیوەندیی نێوان دراما و واقیع: دانا ئیدن لە چەندین چاوپێکەوتندا باسی لەوە کردووە کە بۆ زنجیرەی "تاران" سوودیان لە زانیاریی وردی سیخوڕە راستەقینەکانی مۆساد و کەسانی ئێرانیی هەڵاتوو وەرگرتووە تاوەکو دیمەنەکان لە راستی نزیک بن.

    ٢. بۆچی یۆنان؟ زۆربەی بینەرانی زنجیرەی "تاران" وا دەزانن دیمەنەکان لە تاران وێنەگیراون، بەڵام لە راستیدا دانا ئیدن و ستافەکەی شاری ئەسینایان بەکارهێناوە بۆ نواندنی گەڕەکەکانی تاران، چونکە لە روی تەلارسازییەوە زۆر لە یەک دەچن. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە دانا لە کاتی گیانلەدەستدانیدا لە ئەسینا بوو بۆ وێنەگرتنی وەرزی چوارەم.

    ٣. جەنگێکی دەروونی: میدیای رەسمی ئێران پێشتر ئەم زنجیرەیەی بە "هێرشی نەرم"ی ئیسرائیل ناوبردبوو. دانا ئیدن خۆی لەو بارەیەوە وتبووی: "ئێمە نامانەوێت تەنیا چیرۆکێکی سیخوڕی بگێڕینەوە، بەڵکو دەمانەوێت ململانێی دوو کولتوور پیشان بدەین".

    ٤. گومانی "بیپەر": یەکێک لە زانیارییە هەرە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە هەندێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دانا ئیدن لە زنجیرەکەیدا باس لە تەقاندنەوەی ئامێری "بیپەر" و سیستمی پەیوەندییەکان دەکات، کە دواتر لە واقیعدا لە لوبنان رویدا. ئەمەش وایکردووە هەندێک کەس بڵێن "ئەو زۆر شتی دەزانی"، هەرچەندە ئەمە تەنیا تیۆرییەکە و هیچ بەڵگەیەکی رەسمی لەسەر نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵی کۆچی لە ئاسیا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

ناوەندە رەسمییەکانی ئاڵوگۆڕی کانزاکان رایگەیاند، گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕ بۆ مانگی نیسان بە رێژەی ٪2.34 دابەزیون و گەیشتوونەتە چوار هەزار 928  دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هەروەها نرخی زێڕی نەختینەش بە رێژەی ٪1.59 پاشەکشەی کردووە.

هاوکات، زیو کانزا سپییەکەش بێبەش نەبوو لە دابەزین و نرخەکەی بە رێژەی 2.7% دابەزی، بەمەش هەر ئۆنسەیەک بە 74.51 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دراوە جیهانییەکان بە رێژەی 0.2%، وایکردووە کڕینی زێڕ بۆ خاوەن دراوەکانی تر گرانتر بێت. هاوکات داخرانی بازاڕەکانی چین، هۆنگ کۆنگ، سەنگافورە و کۆریای باشور بەهۆی جەژنی سەری ساڵی مانگییەوە، کاریگەری هەبووە لەسەر سستیی مامەڵەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن رەوشی کوبای بە خراپ وەسف کرد و داوای لە هاڤانا کرد رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ وڵاتەکەی ئەنجام بدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا هێرش دەکاتە سەر حکومەتی کوبا و وڵاتەکە بە "دەوڵەتێکی شکستهێناو" ناو دەبات، هاوکات داوا دەکات لەگەڵ رێککەوتن ئەمریکا بکەن.

ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "کوبا لە ئێستادا دەوڵەتێکی شکستخواردووە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو قەیرانە قورسە ئابورییەی رووی لەو وڵاتە کردووە.

سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردان بۆ روخاندنی حکومەتی کوبا هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا رویدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پێناچێت ئەوە پێویست بێت، بەمەش بژاردەی بەدوور دەبێت لە بژاردەی سەربازی.

ترەمپ دانی بەوەدا نا کە کەمیی سووتەمەنی و کارەبا لە کوبا گەیشتووەتە ئاستی "هەڕەشەی مرۆیی"، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیدارەکەی فشارە ئابورییەکان و گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەی توندتر کردووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، کوبا لە ئێستادا بەدەست قەیرانێکی خنکێنەری وزەوە دەناڵێنێت و بڕانی بەردەوامی کارەبا ژیانی هاووڵاتیانی پەکخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن فشاری خستە سەر ئەو وڵاتانەی کە نەوت بۆ هاڤانا دابین دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و هەردوولا پەیامی جیاواز ئاراستەی یەکتر دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش دەسپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی واشنتۆن و تاران لە ژنێف، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت: "ئەو وڵاتە بەرگەی لێکەوتەکانی شکستی رێککەوتن ناگرێت."

ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن) بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێری دانوستانەکان دەکات و بەشدار دەبێت، جەختی کردەوە کە ئێران "دەیەوێت رێککەوتن بکات"، چونکە دەزانن دەرئەنجامی شکستی دانوستانەکان بۆ ئەوان قورس دەبێت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپ، سوپای ئەمریکا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بۆ (CNN) ئاشکرایان کردووە، ئەم جوڵانە بۆ ترساندنی تارانە و بۆ ئەوەیە کە واشنتۆن بژاردەی "هێرشی سەربازی" لەناو خاکی ئێراندا لەبەردەست بێت ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت.

ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەرەکانی سووتەمەنی لە بنکەکانی بەریتانیاوە بۆ ناوچەکە گواستووەتەوە و سیستمی بەرگری ئاسمانی نوێی جێگیر کردووە.

: لە بەرانبەردا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ژنێف رایگەیاند، ئەوان بۆ ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" هاتوون، بەڵام جەختی کردەوە کە "تەسلیمی هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نابن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا كارێكی گران دەبێت، بەڵام هەوڵدەدەن و بەهیواشن كۆبوونەوەكانیان ئەنجامێكی هەبێت

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەفدە دانوستانكارەكەشیان بەڕێكەوتوون بۆ شوێنی كۆبوونەوەكان و بەهیواشن بەنە رێككەوتن،

وتیشی، پێشتریش ئاماژەیان بەوەدابوو كە رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا كارێكی ئەستەم و گرانە، بەڵام واشنتۆن هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆئەوەی بگەنە رێككەوتن و چیتر نیگەرانییان لەبارەی وزەی ئەتۆم و موشەكە بالستیكییەكانیان نەبێت.

لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لە كاتێكدایە، واشنتۆن و تاران لە كۆبوونەوەی رابردوویاندا نەگەشتنە رێككەوتنێكی جێگیر و هیچ لایەكیان سازشیان لە داواكارییەكانیان نەكرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ ئۆکراین ئامادەیی بۆ رێککەوتن نیشان دەدات بە مەرجێک رێگری لە هێرشی دووبارەی روسیا بۆ سەر خاکەکەی بکرێت.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو، بەڵام رێککەوتنێک قبوڵ ناکەن کە رێگە بدات روسیا هێزەکانی رێکبخاتەوە و خاکەکەیان داگیر بکاتەوە.

زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد، پرسی گەرەنتی ئەمنی لە پێشینەی کارەکانە و دەبێت واشنتۆن و ئەوروپا بەڵگەی روون ئیمزا بکەن، چونکە گەرەنتییەکان تەنها دوای دەنگی کۆنگرێس جێبەجێ دەکرێن.

سەرۆکی ئۆکراین دەشڵێت؛ گەلەکەی متمانەی بە گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان نەماوە و تەنها بە رێککەوتنێکی رەسمی و بەهێز بۆ رێگری لە فشاری روسیا رازی دەبن.

لە بەرانبەردا دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' رایگەیاند، هەر جۆرە گەرەنتییەکی ئەمنی کە ئۆکراین بخاتە ناو ناتۆوە، هێڵی سورە و قبووڵکراو نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا هەڕەشەکانی روسیا و فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا روو لە زیادبوونە، کیشوەرە پیرەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بونیاتنانی سەربەخۆیی بەرگری، بەڵام جیاوازیی نێوان بۆچونە سیاسییەکان و کردارەکان، ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم ئەم ویستە دروست کردووە.

ئێستا وڵاتانی ئەوروپا خەرجییە سەربازییەکانیان بە رێژەی 80% زیاد کردووە بە بەراورد بە پێش جەنگی ئۆکراین. ئەندامانی ناتۆش ساڵی رابردوو رێککەوتن کە کەمترین ئاستی خەرجی بەرگری لە 2%ـەوە بۆ 3.5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی 1.5%ـی تر بۆ وەبەرهێنانە ئەمنییەکانی دیکە.

بەشێک لە وڵاتان وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و سوید، هەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازی و پەرەپێدانی سیستمی موشەکیی دورهاوێژ. ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئەوروپا بتوانێت لە قوڵایی خاکەکەیدا توانای لێدانی هەبێت و کەمتر پشت بە چەک و تەقەمەنی دەرەکی ببەستێت.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان روبەڕوی بەربەستی جدی بونەتەوە. بۆ نمونە پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی هاوبەشی (FCAS) لە نێوان فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا، ماوەی چەندین مانگە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکی هەریەکەیان لە پڕۆژەکەدا پەکیکەوتووە.

خاڵێکی دیکەی ململانێکان پەیوەستە بە شێوازی تەمویلکردنی پیشەسازیی بەرگری. فەرەنسا سەرکردایەتی بەرەیەک دەکات کە دروشمی "ئەوروپی بکڕە"یان بەرز کردوەتەوە و دەیانەوێت گرێبەستەکان تەنیا لە ناو وڵاتانی یەکێتییەکەدا بن، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا لایەنگری شێوازێکی کراوەتر دەکەن کە رێگە بە بەشداریی کۆمپانیاکانی دەرەوەی ئەوروپاش بدات.

ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشانە ئەوروپای خستوەتە بەردەم سێڕێیانێکی مێژویی؛ یان دەبێت ئەم نیگەرانییانەی لە سیاسەتە گۆڕاوەکانی ئەمریکا هەیەتی بکاتە دەرفەتێک بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی سەربەخۆی بەرگری، یان تەنیا بە بۆچونی سیاسی بمێنێتەوە کە رەنگە لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی جەنگدا، نەتوانێت بەرگەی تەنگژەکان بگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشدارییەکی نوێی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بڵاوکردەوە کە دەیانەوێت سەردانی تورکیا بکەن و داوای لێکردن بەهۆکاری ئەمنی، سەردانی هەر چوار پارێزگای (شەرناخ، ماردین، هەکاری و ئورفا) نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نزیکییان لە سنورەکانی عیراق، سوریا و ئێران، ئەو چوار پارێزگایە مەترسییان لەسەرە و باشترە گەشتیارانی ئەڵمانی سەردانیان نەکەن. هاوکات هۆشداریشی داوە لەوەی کە بەهۆی یاساکانی تورکیا بۆ "بەرەنگاربونەوەی زانیاری چەواشەکار"، ئەگەری دەستگیرکردن و رێگریکردن لە گەشتکردن هەیە بەهۆی دەربڕینی بیروڕا یان بڵاوکراوەکانی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رەنگە هەندێک دەربڕین لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا بن، بەڵام لە تورکیا وەک تاوان هەژمار بکرێن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی کراوە لە بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و پلاتفۆرمەکانی دیکەدا وریابن.

بەشێکی تری هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پەیوەستە بە فێڵکردن لە ئاڵوگۆڕی دراودا، بەتایبەت بڵاوبونەوەی دراوی ساختەی 50 و 100 دۆلاری، داواش لە گەشتیاران کراوە بە وردی چاودێری دۆخی ئەمنی بکەن و رێنماییە رەسمییەکان جێبەجێ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چاوەڕوان دەكرێت یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ رۆژی سێشەممە روبدات و زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكرێت.

پەیمانگەی نەتەوەیی میسڕ بۆ توێژینەوەی فەلەكی و جیۆفیزیكییەكان رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە 17ـی شوبات، یەكەم خۆرگیرانی ئەمساڵ رودەدات و بەشێوەی ئەڵقەیی دەبێت، بە جۆرێك سێبەری مانگ وەك بازنەیەك ناوەندی خۆر دەگرێت و ئەڵقەیەك لە روناكی بە چواردەوریدا دەمێنێتەوە.

ئەم دیاردەیە بە ئەڵقەی ئاگرین ناسراوە و لەچاو جۆرەكانی دیكەی خۆرگیراندا كەمتر رودەدات، بۆیە زانایان گرنگییەكی تایبەتی پێدەدەن.

پەیمانگەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی دیاردەكە خۆرگیرانی ئەڵقەییە، بەڵام لە ئاسمانی بەشێكی وڵاتەكاندا وەك خۆرگیرانی بەشەكیی دەردەكەوێت و سێبەری مانگ دەچێتە سەر بەشێكی خۆر، جگە لەوەش لە هەموو ناوچەیەكدا دەرناكەوێت.

كاتەكانی خۆرگیران بەپێی ناوچەكان جیاواز دەبێت و زانایانی فەلەكیش هۆشداری دەدەن لەوەی، نابێت راستەوخۆ سەیری خۆر بكەن و زیانی زۆر بە تۆڕی چاو دەگەیەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران پەنا بۆ دیپلۆماسی دەبات و لە ئێستاشدا ئامادەکاریى بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوەى گرنگ دەکرێت.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەى ئێراندا بژاردەى "دیپلۆماسی" بەلاوە باشترە و نایەوێت پەنا بۆ گرژیى سەربازى ببات.

ئاماژەی بەوەشکرد، جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لە ئامادەکاریی دان بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنووسساز سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و چاوەڕوانی ئەنجامەکانی ئەو دیدارانە دەکرێت.

رۆبیۆ جەختی لەوەکردەوە، بوونی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکە کە بکرێتە سەر سەربازەکانیان.

وەزیری دەرەوە، ئامادە نەبوو باس لە هیچ ئەگەرێکی وەشاندنی گورزی سەربازی بکات و ئەوەشی خستەڕوو، دۆناڵد ترەمپ راشکاو بووە لەوەی کە دیپلۆماسی و گفتوگۆی پێ باشترە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، حکومەتی ئوستراڵیا رایگەیاندوە، بۆ دروستکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی وەک هەنگاوی یەکەم بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی  نزیکەی 2.8  ملیار دۆلاری ئەمریکی .

ریچارد مارڵز، وەزیری بەرگری ئوستراڵیا رایگەیاندوە، ئەم هەنگاوەی حکومەت  وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئەمنی "ئۆکۆس" دێت کە لە ساڵی 2021 لە نێوان ئوسترالیا، ئەمریکا و بەریتانیا واژۆ کراوە.

وەزیری بەرگری ئوستراڵیا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو گۆڕانکارییەی لە ناوچەکە رودەدەن  نیشانەی ئەوەیە وڵاتەکەی لەسەر رێچکەی راستە بۆ دابینکردنی توانای سەروەریی خۆی بۆ دروستکردنی ژێردەریایی بە وزەی ئەتۆمی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو.

لەسەر هەمان پرس، ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاش رایگەیاندوە، وەبەرهێنان لە دروستکردنی ژێردەریایی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی ببێتە خاوەنی ژێردەریایی ئەتۆمی،

جەختیشیکردوەتەوە ئەوان کاردەکەن بۆ خێراکردنی دەرفەتەکانی رێککەوتنی 'ئۆکۆس' بۆ دابینکردنی تواناکانی بەرگریی لە  داهاتودا و بەرەوپێشچونی وڵاتەکەیان لەرێگەی  رەخساندن و بووژانەوەی بەردەوام و دەرفەتی کار بۆ وڵاتەکە.

ئامانجی سەرەکی رێککەوتنی "ئۆکۆس"، کە لە نێوان ئوستراڵیا، ئەمریکا  و بەریتانیادایە  بریتییە لە پڕچەککردنی ئوسترالیا بە ژێردەریایی پێشکەوتووی ئەمریکی، هاوکات دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی هەماهەنگی لە پەرەپێدانی کۆمەڵێک تەکنەلۆژیای جەنگی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، هیزەکانی ئۆکراین هێرشیکی چریان لە رێگەی درۆنەوە کردوەتە سەر باشوری روسیا و توانیویانە؛ 68 درۆنیان  لە پارێزگاکانی باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە بخەنەخوارەوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا، ئاماژەی بەوەکردوە، هێزەکانی کیێڤ رۆژانە بەردەوامن لە کردنە ئامانجی باشوری رۆژئاوای روسیا بە درۆن و موشەک.

لای خۆشیەوە ڤلادیمێر پوتنیش جەختی لە پێویستی فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کردوەتەوە پاککردنەوەی خاکی روسیا لە هێزەکانی ئۆکراین بە تایبەتی ئەو شوێنانەی  دەتوانن بە موشەک و چەکی رۆژئاوایی پێگەکانی  روسیا بکەنە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ رۆبیۆ رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هیچ رێگرییەکی نییە بۆ دیدار لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر ئەو ئەمڕۆ ئامادەبێت، دڵنیایە سبەینێ سەرۆک ترامپ لەگەڵی کۆدەبێتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەمڕۆ شەممە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە ئەگەر ئەمڕۆ خامنەیی ئامادەیی نیشان بدات، ترەمپ دەستبەجێ لەگەڵی کۆدەبێتەوە، چونکە بڕوای وایە گفتوگۆی راستەوخۆ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم کراوەیەی  سەرۆکی ئەمریکا بۆ دیدار لەگەڵ خامنەیی، بە واتای هەبوونی رێککەوتنی پێشوەختە یان هاوڕایی نییە لەگەڵ خامنەیی، بەڵکو تەنها ستراتیژییەتێکی سیاسییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی و دوورکەوتنەوە لە بنبەستەکان.

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  لە کاتێکدایە، کە پێشبینی دەکرێت خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژی سێشەممە لە جنێڤ ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێگری لە شەڕ بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: چارەنوسیان لەگەڵ ئەوروپا پێکەوە بەستراوەتەوە و وڵاتەکەی دەیەوێت ئەوروپایەکی بەهێز ببینێت.

مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش وتارێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوروپا پێشکەشکرد و رایگەیاند، هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ ئەوروپا دەبێت لەسەر بنەمای بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکان بێت، نەک تەنها دروشمی دیپلۆماسی.

وتیشی، چارەنووسمان لەگەڵ ئەوروپا بەستراوەتەوە و ئەمریکا دەیەوێت ئەوروپایەکی بەهێز ببینێت کە بتوانێت بارگرانییە ئەمنییەکان لەگەڵ واشنتۆن دابەش بکات.

رۆبیۆ ئەوەشی خستەڕوو، پێیان وایە ئەمریکا و ئەوروپا یەک شارستانین، رەگ و ریشەی ئەمریکا لە ئەوروپاوە دەست پێ دەکات، بۆیە پاراستنی ئەم ناسنامە ڕۆژئاواییە بە ئەرکێکی هاوبەش دەزانێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، شانازی بە مێژووی هاوبەشیانەوە دەکەن لەگەڵ ئەوروپا هەروەها ئەوان هەمیشە وەک رۆڵەکانی ئەوروپا دەمێنینەوە، ئەگەرچی لە رووی جوگرافییەوە لێی دووریش بن.

رۆبیۆ هەڵوێستەکانی ئەمریکای بەرانبەر بە ناتۆ روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵی دابەشکردنی ناتۆ نادەن، بەڵکو دەیانەوێت هانی بدەن و یارمەتیدەری بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە مانگی رابردوودا ژیری دەستکردی بەکارهێناوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد، لە کاتێکدا مەترسییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد و نەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەریدا زیاد دەکەن، بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، مۆدێلی ژیریی دەستکردی "كلۆد" (Claude) کە بەرهەمی کۆمپانیای Anthropicـە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئەمریکادا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە سەرەتای مانگی رابردوودا بەکارهێنراوە، ئەمەش بە بەڵگەیەکی بەهێز دادەنرێت بۆ زیادبوونی پشتپەستنی پێنتاگۆن بە مۆدێلە زیرەکەکان.

سیاسەتی بەکارهێنان و پێشێلکارییەکان

بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، رێنماییەکانی بەکارهێنانی مۆدێلی "كلۆد" بە توندی قەدەغەی دەکەن کە ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ ئاسانکاری لە توندوتیژی، پەرەپێدانی چەک، یان ئەنجامدانی پرۆسەی چاودێریکردن بەکاربهێنرێت.

وەڵامی کۆمپانیاکە و وەزارەتی جەنگ

کۆمپانیای Anthropic: وتەبێژی کۆمپانیاکە رایگەیاند، ناتوانێت لێدوان لەسەر بەکارهێنانی "كلۆد" لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراوی نهێنی یان ئاشکرادا بدات، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر بەکارهێنانێک (چ لە کەرتی تایبەت یان حکومی) دەبێت پابەند بێت بە سیاسەتەکانی کۆمپانیاکە.

هاوکات وەزارەتی جەنگی ئەمریکا 'پنتاگۆن' رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە بدات.

گرێبەستە ملیۆنییەکە و مەترسییەکان

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە پێشتر نیگەرانی هەبووە لە ناو کۆمپانیای Anthropic سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی "كلۆد" لەلایەن پنتاگۆنەوە، ئەمەش وایکردبوو لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی 200 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکە بکەنەوە، کۆمپانیای "ئەنسرۆپیک" یەکەم گەشەپێدەری ژیریی دەستکرد بووە کە مۆدێلەکەی لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی وەزارەتی جەنگدا بەکاربهێنرێت.

بوارەکانی بەکارهێنان

ئەم ئامرازانە دەکرێت لە چەندین بواری جیاوازدا بەکاربهێنرێن، وەک:

-کورتکردنەوەی بەڵگەنامە و دۆسێیە هەواڵگرییەکان.

-کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) بە شێوەیەکی خۆکار.

هەڵوێستی سەرۆکی کۆمپانیاکە

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو دارۆ ئامۆدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Anthropic، هەمیشە داوای دانانی یاسای توند و کۆنتڕۆڵی زیاتری کردووە بۆ رێگری لە زیانەکانی ژیریی دەستکرد، ئەمەش وایکردووە لە زۆرێک لە هاوپیشەکانی لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی دیکە جیاواز بێت.

لە بەرانبەردا، پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە چالاکییەکدا رایگەیاندبوو، وەزارەتەکەیان "ئەو مۆدێلانەی ژیریی دەستکرد بەکارناهێنێت کە رێگری لە ئەنجامدانی شەڕ دەکەن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو مەرجانەی کە کۆمپانیای Anthropic دایمەزراندوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2829303132...603