ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە دوای شەڕی حەماس و ئیسرائلەوە لە غەززە ھاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراین کەمیکردووە بە تایبەت تۆپخانە لە بەرەکانی جەنگی خۆرھەڵات و باشوری وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکاش بڕیاربدات ھیچ ھاوکارییەک بۆ ئۆکراین نەنێرێت کاریگەی ناکاتەسەر پەیوەندیەکانیان، چونکە پەیوەندیەکانیان بەھێز و جدیین.
سەرۆکی ئۆکراین دەشڵێت، لە ئێستادا گرفتی کەمی تۆپخانەی ١٥٥ ملیممان ھەیە و کۆگاکانیان بەرەو بەتاڵبون دەچن یاخود دەگاتە ئاستێک، کە دەوڵەت بەرگەی ئاڵۆزی نەگرێت و نەچێتە ژێرباری دۆخەکەوە.
پەرلەمانی نەرویژ پێشنیازێکی پەسەندکرد، کە تێیدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات ئامادەکاری بکات بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبێت.
ئەو پێشنیازە لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانی نەرویژەوە پەسەندکراوە، سەرباری ئەوەی لەلایەن پارتی کرێکاران و ناوەڕاست کە کەمینەن، خراووەتەڕوو.
چەند وڵاتێکی ئەوروپای باکور وەک، ئایسلەندا و سوید و پۆڵەندا و کۆماری چیک و رۆمانیا دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە.
ئەو بڕیارەی پەرلەمانی نەرویژیش لەکاتێکدایە داواکارییەکان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت زیادیکردووە، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ جەنگی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دابنرێت، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە دەستیپێکردووە.
پارێزگاری ئامەد لە باکوری کوردستان رایگەیاند، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ھەموو جۆرە خۆپیشاندان و رێپێوان و چالاکییەکی بە کۆمەڵ، قەدەغەکراوە و رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە قەدەغەکردنەکە ھەڵدەگیرێت.
ئەو بڕیارەی پارێزگاری ئامەد لە کاتێکدایە، کە بڕیاربوو پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان"ھەدەپ"رایگەیاندبوو، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی رێپێوان بۆ پشتگیری لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
ھاوکات"تونجەر باکرھان"ھاوسەرۆکی "ھەدەپ"رایگەیاندبوو، بەشداری رێپێوانەکە دەکات.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، چەند ئاماژەیەکی بەھێزیان دەستکەوبوو لەبارەی بوونی بارمتەکانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا و ئەمەش ھۆکاری ھەڵکوتانەسەر نەخۆشخانەکە بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت زانیاری ھەیە لەبارەی بارمتەکانەوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە بەڵگەکان ئاشکرابکات و باشترە زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکرێت.
ناتانیاھۆ دەشڵێت، ئیسرائیل ھەوڵی ئەوەدەدات ھاووڵاتییانی سڤیل زیانیان بەرنەکەوێت لەکاتی شەڕەکەیان لەگەڵ حەماسدا لە غەززە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، پێش بۆردومانەکان ھاووڵاتیانی غەززە لەرێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداردەکرێنەوە کە ئەو شوێنە جێبھێڵن، بەڵام ھەوڵەکانیان بۆ کوشتن و زیان گەیاندن بە ھاوڵاتییانی سیڤیل سەرکەوتوو نەبوون.
حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەردۆغان لەو سەردانەیدا چاوی بە ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا و فرانک فالتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا لە بەرلین بکەوێت و کۆی پرسە سیاسییەکان تاوتوێ بکرێن، بە تایبەت جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل.
ئەوە دەبێتە یەکەم سەردانی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، پێشبینیشدەکرێت دانوستانەکان لەکاتی باسکردنی جەنگی غەززە گرژی تێبکەوێت، بە تایبەت کە ئەردۆغان ھەڵوێستی خۆی بەڕوونی دەربڕیوە و دژایەتی ئیسرائیل دەکات و ئیدانەی ھێرشەکانی ئیسرائیلیشی بۆسەر غەززە کردووە.
توماس وایت بەرپرسی ئۆفیسی غەززە لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوونی پەنابەرانی فەڵەستین تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشوری کەرتی غەززە قەیرانی ئاوی دروستکردووە، کە بووەتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوونی کوشندە.
راشیگەیاند، لە سێ شاری باشووری غەززە، پەمپی ٧٦ بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و ١٥ ئاوەڕۆ راوەستاون، ئەو دۆخەی بەھۆی تەواوبوونی سووتەمەنی سەریھەڵداوە، کاریگەریی لەسەر سەدان ھەزار کەس دروستکردووە.
باسی لەوەشکرد، نەبوونی سووتەمەنی بە واتای نەبوونی ئاو دێت و ئەوەش بووەتە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون لەنێو ئەو کەسانەی پەنایان ھێناوە بۆ قوتابخانەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و حاڵەتەکان ٤٠٪ زیادیانکردووە، ھەروەھا بەھۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە غەززە سکچوون دەبێتە حاڵەتێکی کوشندە.
سابرینا سینگە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا ٥٨ جار ھێرشیان کراوەتەسەر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو مانگەدا ٢٧ ھێرش لە عێراق و ٣١ ھێرش لە سوریاوە ئەنجامدراوە و تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووشدا پێنج جار ھێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازیەکانیان لە سوریا.
سابرینا دەشڵێت، سەرجەم پێویستی مووشەکی پاتریۆت گەیشتووەتە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و ھەرناوچەیەکی دیکە.
وتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند، ئەم ھەنگاوە رێکارێکی دیکەی خۆپاراستنە و سیستمی پاتریۆتەکە بەشێوەیەکی باش کاردەکات و مووشەکی سادیش لە ماوەی داھاتوودا دەگاتە ناوچەکە.
ئێوارەی پێنجشەممە، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە ٤٪ دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە ٧٦ دۆلار و ٩٨ سەنت، ھەروەھا نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساس بەڕێژەی ٤.٥٪ دابەزینی تۆمارکرد و بە ٧٢ دۆلار و ٥٨ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا.
بەیانی ئەمڕۆش نرخی نەوتی برێنت کەمێک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتەوە ٧٧ دۆلار و ٥٢ سەنت، بەڵام نەوتی تەکساس بە نزیکەیی وەک خۆی ماوەتەوە.
بەپێی بەشێک لە داتاکان، ئەم ھەفتەیە خواست لەسەر نەوت زۆر کەمتر بووە لەوەی پێشبینیدەکرا، ھۆکاری دابەزینی نرخی نەوتیش دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا و بەردەوامی بەرھەمھێنان بە ئاستێکی پێوانەیی، ھەروەھا کەمی خواستی چین لەسەر نەوت.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دوو سەربازەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژراون ھەردووکیان پلەی نەقیبیان ھەبووە و سەر بە لیوای نەگێڤی پیادەبوون.
بە کوژرانی ئەم دوو سەربازە ئیسرائیلییە، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە کاتی ھێرشە زەمینیەکەدا کوژراون بۆ ٥١ سەرباز بەرزبووەوە، بەوەش کۆی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا بۆ ٣٧٠ سەرباز بەرزبووەوە.
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە میانی پێکدادانەکانی لە شەڕەکانی باکوری کەرتی غەززە، دوو سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون.
بنیامین ناتانیاھۆ رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئیسرائیل بە وڵاتێکی تیرۆر ناودەبات، بەڵام خۆی پشتیووانی لە "حەماسی تیرۆریست" دەکات و گوندەکانی وڵاتەکەی خۆی بۆردومان دەکات، ھەربۆیە ئیسرائیل ھیچ ئامۆژگارییەکی لێوەرناگرێت.
رۆژی چوارشەممە، ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل وڵاتی تیرۆرە و کۆمەڵکوژیی لە غەززە دەکات، ھەروەھا حەماسی بە حزبێکی سیاسی و جوڵانەوەیەکی رزگاریخوازی نیشتمانی ناوبرد.
میدیای رەسمی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ لە میسر دیدار و کۆبوونەوە لەبارەی ھاوکارییە تەندروستییەکان بۆ غەززە و گواستنەوەی برینداران و نەخۆشەکان بۆ تورکیا ئەنجامدرا، فەخرەددین کۆجا وەزیری تەندروستیی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لە تووشبووانی شێرپەنجە گەڕایەوە تورکیا.
راشیگەیاند، نەخۆشەکان دوای گواستنەوەیان لە غەززە کە لەژێر بۆردومانی چڕی ئیسرائیلدا بوون، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی عریش لە میسر و لەوێشەوە بە فڕۆکەکانی سەربە وەزارەتی بەرگریی گواسترانەوە بۆ تورکیا و لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لەلایەن تیمی تەندروستییەوە پێشوازیان لێکرا.
وتیشی، لە میانی گواستنەوەی نەخۆشەکاندا بۆ تورکیا، بەردەوام تیمێکی تەندروستیی کە لە نۆ کەسی شارەزا پێکھاتبوو چاودێری دۆخی نەخۆشەکانیان کردووە.
ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رەوشی کەرتی غەززە بەھۆی ھێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لەو پەڕی خراپیدایە و بەرەو کارەساتی مرۆییش ھەنگاو دەنێت، بەڵام زۆربەی وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراون بێدەنگن و ھیچ ھەڵویستێکیان نییە.
وتیشی، ئەگەر منداڵێک لە ئۆکراین بڕفێنرێت یان بکوژرێت و روسیای لەسەر تۆمەتبار بکرێت، دادگای نێودەوڵەتی تاوان سەدان لێکۆڵینەوە دەکات و لیژنەی بۆ پێکدەھێنێت، بەڵام تەنھا لەماوەی ٤٠ رۆژدا ھەزاران منداڵ لە غەززە کوژراون کەچی ئەو دادگایە بە یەک و شەش باسی ناکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی ھەیە و ھەڕەشەی بەکارھێنانی دەکات، گرنگ نییە چی ھەیە، بەڵام دەبێت ناتانیاھۆ وازبھێنێت و بڕوات.
راشیگەیاند، ئیسرائیل ستراتیجیەتی لەناوبردنی تەواوی شار و ئەو کەسانەشی تێیدان جێبەجێدەکات، بۆیە بە راشکاوانە و بە دڵێکی ئارامەوە دەڵێت ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆرە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە کوشتار بەو شێوەیەی ئێستا، ئەوا خۆی خۆی بە دەوڵەتێکی تیرۆرستی نەفرەت لێکراو لە سەرتاسەری جیھان دەناسێنێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان دوودڵ نابن چونکە کەسانێک بێزارن لەو لێدوانەی کە ئەندامانی حەماس بەرخۆدان دەکەن و ھەوڵی پاراستنی نیشتمان و ژیانیان دەدەن.
ئاژانسی فرانس پریس بڵاوکردەوە، دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا چوار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆککوماری سوریا دەرکرد، بە تۆمەتی ھاوبەشیکردن لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ لە ھێرشەکانی گازی سارین کە لە ٢١ی ئابی ساڵی ٢٠١٣ کردیەسەر غوتەی رۆژھەڵات و موعادمیەی شام لە نزیک دیمەشق بەوھۆیەشەوە زیاتر لە ھەزار کەس کوژران.
دادوەری فەرەنسا جگە لە ئەسەد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای دیکەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەرکردووە لەوانە، برای بەشار ئەسەد کە فەرماندەی فیرقەی چوارەمە لە سوپای سوریا و بەڕێوەبەری لقی ٤٥٠ی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی سوریا، بەسام حەسەن راوێژکاری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ستراتیژی و ئەفسەری پەیوەندی نێوان کۆشکی سەرۆکایەتی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی و چەند کەسێکی دیکە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، ئەمریکا بەپێی سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی پێدەچێت بیەوێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بگاتە دەرەوەی سنوری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جگە لە ئاگربەستێکی مرۆیی نایەوێت شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنەش رابگیرێت، چونکە رەنگە بەرژوەندییەکانی لە بەردەوامی شەڕدا بێت نەک ئاشتی.
وتیشی، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تائێستا ھەستیان بەوە نەکردووە ئێران و لوبنان بیانەوێت ببنە بەشێک لەو شەڕە و ھیچ کاتێکیش نەیانویستووە شەڕەکە فراوانتر ببێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کالیفۆڕنیا پێشوازیکرد لە شی جین پینگ، سەرۆکی چین کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دوایین پێشھاتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد، لەنێویشیاندا پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەمریکا جەختیلەوەکردەوە، نابێت رکابەرییەکانی نێوان ئەمریکا و چین فراوانتربێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و ئامانجیانە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا ئاسایی ببێتەوە، بەجۆرێک لە کاتی قەیرانەکان ھەماھەنگییان لەنێواندا ھەبێت.
لەبەرامبەریشدا، سەرۆکی چین خواستی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نیشاندا و وتی، نابێت دوو وڵاتی زلھێزی وەک ئەمریکا و چین دژ یەک بوەستنەوە و بە رەسمی شەڕ دژی یەک رابگەیەنن.