هەسەدە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە رەوشی سوریا بڵاوكردەوە
هادی
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
هەسەدە هۆشداریی لەبارەی هێرشێكی بەرفراوان لەم هەفتەیەدا دەدات بۆسەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر و دەڵێت گۆڕانكاریی بنەڕەتی روودەدات و شەڕڤانان بەهەر باجێك بێت روبەڕووی هێرشەكە دەبنەوە.
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە هێرشەكانی سەر سوریا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لەم هەفتەیەدا هێرشێكی زۆر بەرفراوان روودەدات و گۆڕانكاری بنەڕەتی ڕوودەدەن، ئەو هێرشەش راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێت و ئامانجیشی داگیركردنی تەواوی خاكی سوریایە، لە هێرشەكانیشدا هەرێمەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كردووەتە ئامانج، نایانەوێت گەلی هەرێمەكە بە كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكانەوە بە ئاشتی بژین، لەبەرئەوە هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر هەرێمەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەیە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو رەوشە بۆ هەموو گەلی سوریا و بەتایبەتی بۆ هەرێمەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، ساتێكی مێژووییە، ئامانج لە هێرشەكانیش تەنیا هەرێمەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نییە، بەڵكو داگیركردنی سەرتاسەری خاكی سوریایە و دەیانەوێت تۆڵە لە هەموو گەلانی هەرێمەكە بكەنەوە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، هێزەكانی هەسەدە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، چۆن لە رزگاركردن و پاراستنی هەرێمەكەدا تا ئێستا بە ئەركی خۆی هەستاوە، لەمەودواش بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی جێبەجێ دەكات، باجەكەی هەرچییەك بێت، بەرامبەر ئەو هێرشانە دەوەستێتەوە و هەڵدەستێت بە ئەركە مێژوویی بۆ پاراستنی هەرێمەكە و گەلی سوریا.