ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ناتۆیان ئاگادارکردووەتەوە، ناتوانن داواکارییەکەی سوید بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پەسەند بکەن، تاکو ئەوکاتەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە رۆژانی لە ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە لە برۆکسل کۆدەبنەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لیژنەکەیان کۆتایی ئەم مانگە دەستبە گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەکات، لەو بارەیەوە فوئات ئۆکتای، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پڕۆسەی دەنگدان لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ خێراتر ناکات، چونکە بە بابەتێکی بەپەلەی نازانێت.
مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، سوید و فینلاند داواکارییەکیان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد، تورکیا سەرەتا ھەردوو داواکارییەکەی رەتکردەوە، بەڵام دواتر گڵۆپی سەوزی بۆ بەئەندامبوونی فینلاند ھەڵکرد و ئاستەنگی بۆ داواکەی سوید دروستکرد.
بەرنامەی خۆراکی جیھانیی راگەیەندراوێکی لەبارەی رەوشی مرۆیی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس لە کەرتی غەززە کە بە نزیکەیی دەکاتە کۆی دانیشتووانی غەززە، پێویستیان بەوەیە بەپەلە خۆراکیان پێبگەیەندرێت.
راشیگەیاند، سەدان ھەزار ئاوارەی غەززە کە لە پەناگە و نەخۆشخانەکاندان لە رەوشێکی خراپدان و رووبەڕووی کەمی ئاو و خۆراک بوونەتەوە، ھۆشداریشیدا کە سیستمی خۆراکیی لە کەرتی غەززە دادەڕووخێت، ھەربۆیە پێویستە شەڕ و پێکدادانەکان لەو کەرتە بوەستن و ھاوکاریی مرۆیی و سووتەمەنی بگەیەندرێت بە دانیشتووانەکەی.
حەوتی مانگی رابردوو، چەکدارانی حەماس لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە، ھێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، لە کاردانەوەی ئەو ھێرشەشدا ئیسرائیل دەستی بە بۆردومان و ھێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کرد و گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بە شارەکە سنووردارکرد، ھەروەھا ئاو و کارەبای لە غەززە بڕی.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەدوای زیاتر لە ٤٠ رۆژ شەڕ کەرتی غەززە ئیسرائیل دەستکەوتی نەبووە و بە ھیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بە بەدەستھێنانی ئاگربەستی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە، گەلی فەڵەستین و بەرەی بەرخۆدان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستھێناوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ شەڕ لە کەرتی غەززە لەنێوان گروپی چەکداری حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و بەھۆیەوە جگە لە قوربانییە گیانییەکان، ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی ناوچەکە ئاوارەبوون.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەبدوڵاھیان لە میانی سەردانەکەی بۆ لوبنان، چاوی بە حەسەن نەسروڵا کەوتووە و باسیان لەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە کردووە، کە لەم قۆناغە مێژوویی و چارەنووسسازەی فەڵەستیندا لەئەستۆی ھەموواندایە، ھەروەھا باسیان لە دوایین پێشھاتەکانی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ھەوڵەکانی راگرتنی ئەو ھێرشانە و گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵا لە سنوورەکانی باشووری لوبنان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی چوارشەممە گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، لەوکاتەوەی ھێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە دەستیپێکردووە، ئەمە دووەمین سەردان و کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ بەرپرسانی حزبوڵا لە لوبنان.
گروپی چەکداری مقاومەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەوەڵامی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی کەرتی غەززە، بارەگایەکی ھێزەکانی ئەمریکایان لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە مووشەک ھێرشیانکردووەتە سەر بارەگاکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و مووشەکانیان ئامانجەکانی خۆیان بە سەرکەوتووی پێکاوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا، نزیکەی ٧٠ جار ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و بەھۆیانەوە لانیکەم ٦٠ کەس برینداربوون.
ئەفیخای ئەردعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند خاڵێکی حیزبوڵاییان لەناو لوبنان بۆردومان کردووە.
حزبوڵاش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا لە باشوری لوبنان چەکدارێکیان کوژراوە.
ھاوکات، ئاژانسی ھەواڵی سانای سوریا رایگەیاند، دوو موشەک لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ئاڕاستەی شاری دیمەشق کراون، بەڵام بۆردومانەکە زیانی گیانی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیویەتی یەکێک لەو موشەکانە بخاتە خوارەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە بەھۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاوکردووەتەوە، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمریکا ھەر یەک لە ئیسرائیل و حەماس گەیشتونەتە رێکەوتن لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی چوار رۆژ، مەرجی ئەوەشیان داناوە ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕکردنی ٥٠ ژن و منداڵی مەدەنی زیندانی لە کەرتی غەززە لە قۆناغی یەکەمدا دەگرێتەوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون، ژمارەی ئازادکراوەکانیش لە قۆناغەکانی دواتری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا زیاد دەکرێن.
ھاوکات ئاگربەستەکە رێگە بە ھاتنە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و ھاوکارییە فریاگوزارییەکان دەدات، لەنێویاندا سوتەمەنی دیاریکراو بۆ پێداویستییە مرۆییەکان.
ھاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەو ئاگربەست و پێشھاتە نوێیە کردوو ھیوای خوسات بەردەوامی ھەبێت.
لە دوای ئەوەی پێکھێنەرانی حکومەتی ھۆڵەندا لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا شکستیانھێنا، ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجاریش ژنێکی کورد کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات، کە ناوی "دیلان یەشیلگۆز"یە و وەزیری دادەو تەمەنی ٤٦ ساڵە.
دیلان یەشیلگۆز، کاندیدی پارتەکەی سەرۆک وەزیرانە و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا لەگەڵ دایکی وەک کۆچبەر چووەتە ئەو وڵاتەوە.
بە پێی ئەو راپرسییانەش کە لەو وڵاتەدا ئەنجامدراون، دیلان زۆرترین ئەگەری ھەیە ئەو پۆستە وەربگرێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی ، جێگەی مارک ڕوتە دەگرێتەوە کە ماوەی ١٣ ساڵە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندایە.
ئیلی کوھین وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردوویانە لە رۆژی پێنج شەممەوە ھەردوولا دەستبە جێبەجێکردنی دەکەن.
رێککەوتنەکەی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بووەو ئاگربەستێکی مرۆییە بۆ چوار رۆژ و رێککەوتنەکەش لە قۆناغی یەکەمدا ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی دەگرێتەوە کە زیاتر ژن و منداڵن، ئیسرائیلیش ٣٠٠ فەڵەستینی ئازاد دەکات کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ھەر بەپێی رێکەوتنەکە، رێگە بە ناردنی ھاوکاری زیاتری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەدرێت.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پابەندبونی وڵاتەکەی بە ئاگربەستەکە راگەیاند، وتیشی، دوای کۆتایی ھاتنی ئاگربەستەکە شەڕ ناوەستێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش پێشوازی لەو ئاگربەستە کرد.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی خاڵێکی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، رێگە بە رێکخراوی خاچی سوور دەدرێت چاوی بە ئەو بارمتانەی تر بکەوێت کە تائێستا لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا دەستبەسەرکراون، وتیشی، حەماس لە ژێر فشارە سەربازیی و نێودەوڵەتییەکاندا بڕیاری رێککەوتنی داوە و زۆر بەجددی کار بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانیش دەکەن.
ھاوکات یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش رایگەیاند، لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکاندا نەبوایە ھیچکاتێک لەگەڵ حەماس رێککەوتنیان نەدەکرد، چونکە بەپێی ئەو پلانەی ھەیانە کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بزوتنەوەیە دەکەن و دەیانەوێت بە یەکجاری لە ناوی ببەن.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکانییەوە لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر چەند ناوچەیەکی سوریا چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتیش بارەگا سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکان.
وتیشی، لە ٢٢ی مانگی رابردووەوە تائێستا کە مانگێک تێپەڕیووە سەرجەم گەشتەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلب راگیراون، چونکە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، ئەوەش درێژترین ماوەی راگرتنی کەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەیە لە دوای سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١.
ئێف بی ئای رایگەیاند، لەسەر پردی رەینبۆو کە ئەمریکا و کەنەدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئۆتۆمبێلێێک تەقیوەتەوە و بەو ھۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و ئەو ناوچەیەش داخراوە.
ھاوکاتدەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلە لە کاتی ھەوڵدانی بۆ چونە ناو وڵاتەکەیان تەقیوەتەوە.
ئێف بی ئای دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و پرکەش بە رووی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا داخراوە.
ئێلینا ڤالتۆنین، وەزیری دەرەوەی فنلەندا رایگەیاند، فنلەندا سەرجەم خاڵە پشکنینەکانی جگە لە یەک خاڵی پشکنین دادەخات بۆ رێگریکردن لە لێشاوی بەردەوامی کۆچبەران لە روسیا و وڵاتانی دراوسێیەوە.
وەزیری دەرەوەی فنلەندا دەشڵێت، ئێمە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێک و داخستنی چەند خاڵێکی پشکنین، ئەگەر پێویستیش بکات خاڵەکانی دیکەش دادەخەین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، فەرمانگەی پێشوازی کۆچبەرانی فنلەندا دەگوزارێتەوە شوێنێکی دوو لە سنور، بەڵام وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە بەرامبەریشدا، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە روسیا وەڵامی دەبێت ئەگەر فنلەندا خاڵی پشکنینەکانی دابخات.
ئەو ھەنگاوەی حکومەتی فنلەندا دوای ئەوە دێت، لەممانگەدا نزیکەی ٦٠٠ کەس بەبێ ھەبونی بەڵگەنامەی گەشتکردن لە رێگەی روسیاوە چوونەتە ئەو وڵاتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ، بۆریس بیستۆریۆس وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو، گەیشتە کیێڤی پایتەخی ئۆکراین و بڕیاروایە چاوی بە ھاووتا ئۆکراینییەکەی و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین بکەوێت.
سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، چەند سەعاتێک دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کیێڤ دێت، کە ئەمریکا و ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژئاواش جەخت لە بەردەوامیی پشتیووانییەکانیان بۆ ئۆکراین دەکەنەوە.
محەمەد زیادی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی یاسای رێکخستنی کاروباری راوێژکاران، پێویستە ھەر کام لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق شەش راوێژکارییان ھەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران یاساکەیان وەک خۆی جێبەجێکردووە، بەڵام سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران یاساکەی پێشێل کردووە و سودانی لەئێستادا ١٦٠ راوێژکاری دامەزراندووە.
پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکردووە، بودجەی ئەمساڵی عێراق ١٩٨ تریلۆن دینارە کە ٦٥٪ بەشێوەی قەرزی بانکی دابیندەکرێت، باوەڕیشی وایە بۆ ساڵی داھاتوو حکومەت ناتوانێت گەرەنتی دابینکردنی ئەو بودجەیە بکات.