بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بە چەکی قورس گوندی "ئەون دادات"یان لە باکووری ڕۆژھەڵاتی منبج تۆپباران کردووە.
روانگەی سوری دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکەوە ١٠ ھاوڵاتی برینداربوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەیەک سوپای تورکیا بۆردومانەکانی لە باکورو رۆژھەڵاتی سوریا چڕکردوەتەوە کە بەھۆیەوە چەندین کەس.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان پرسیاری لێکرد، ئایا دڵنیایان لە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی دیلەکان لە دەستی بزووتنەوەی حەماس؟، لە وەڵامدا جۆ بایدن وتی، "پێی وایە ئەو رێککەوتنە زۆر نزیکە".
رۆژی حەوتی مانگی رابردوو چەکدارانی حەماس ھێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و زیاتر لە ٢٣٠ کەسیان بەدیلگرت بەڵام دواتر چوار کەسیانی ئازادکرد، قسەکەی بایدنیش لەکاتێکدایە ئیسرائیل بە مەرجی وەستاندنی ھێرشەکانی لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە رازی نییە.
نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە ١٣ ھەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون کە پێنج ھەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵن و ٣ ھەزار و ٥٥٠ کەسیان لە ژنان پێکھاتوون.
دەشڵێت، ژمارەی برینداران گەیشتووەتە زیاتر لە ٣١ ھەزار کەس کە لەسەدا ٧٥ یان ژن و منداڵن و ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
بەپێی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە، ٢٢٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون و ٢٢٦ خوێندنگە و ٨٣ مزگەوت و سێ کەنیسە و ٩٨ بارەگای حکومی بەھۆی بۆردومان و ھێرشی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھاووڵاتییەک بەناوی قەسیم کەریمی کە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "فیروزیان"ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێیە، لە کاتی کۆڵبەری و لە بەرزاییی سنوورەکانی نێوان ورمێ و تورکیا، بەھۆی سەرمابردوویی و شەختەلێدانەوە گیانیلەدەستداوە.
راشیگەیاندووە، قەسیم کەریمی، تەمەن ٢٣ ساڵە و باوکی دوو منداڵی بچووکە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکەش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەھۆی سەرما و شەختەلێدانەوە دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و ورمێ گیانیانلەدەستداوە.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، کەشتییەکی بارھەڵگری وڵاتەکەی کە ١٢ کارمەندی تێدابووە، لەکاتی زریانێکدا لە کەناراوەکانی تورکیا لە دەریای رەش ژێرئاو کەوتووە و پەیوەندیاین بە تیمەکەی ناو کەشتییەکەوە پچڕاوە.
وتیشی نۆ سەرنشینی کەشتییەکە گیانیانلەدەستداوە کە پێنجیان خەڵکی تورکیا و باکوری کوردستانن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا وتیشی، کەشتییەکە بەرەو باکوری خۆرئاوای تورکیا رۆیشتووە، بەڵام بەھۆی بەرکەوتنی کەشتییەکە لەگەڵ شەپۆلی دەریادا ژێرئاو کەوتووە، دوای ئەوەی زریانێکی بەھێز روی لە ناوچەکە کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەوشی خراپی کەشوھەوا وایکردووە فڕۆکە و کەشتییەکان نەتوانن بە دوای ئەو کەشتییە نقومبووەدا بگەڕێن، بەڵام ھەرکاتێک رەوشەکە باشتربوو دەستبەجێ گەڕانەکانیان دەستپێدەکەن.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەیدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی داهاتووی ئەمریكا، ترەمپ چووە سنورەكانی مەكسیك و رایگەیاند، پێشتر سنورەكان پارێزراوتر بوون و لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی جۆ بایدن ملیۆنان كەس دێنە ئەمریكاوە، جەختیشیكردەوە، سنورەكان كۆنترۆڵ دەكەن و بەشێك لە كۆچبەرانیشی بە دوژمن وەسفكرد.
ترەمپ وتی، پێدەچێت تا كۆتایی ویلایەتی بایدن ژمارەی كۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمریكا بگاتە 15 ملیۆن كەس، كە ئەو ژمارەیە زۆر بەرزترە لە پێشبینی رێكخراوە ناحكومییەكان.
ترەمپ وتیشی، ئەگەر بگەڕێتەوە كۆشكی سپی، هەڵمەتێكی توند دژ بە كۆچبەرانی نایاسایی رادەگەیەنێت.
بەفربارینەکە پارێزگاکانی بۆلو، کارابوک، ساکاریا و زۆنگوڵداکی لە باشوری رۆژئاوای تورکیا گرتەوە.
لە شارۆچکەی بۆلۆ بەفربارین شکانی بەشێک لە دارەکانی سەر شەقامی لێکەوتەوە، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دارستانیش ھەوڵی کۆکردنەوەیاندا.
لە بەرزاییەکانی پارێزگای کارابوکیش ماوەی دوو رۆژە بەفربارین بەردەوامە.
ھەندێک شوێنی ڕێگەی نێوان کارابوک-بارتنیش بە ھۆی بەفرەوە گیرا و بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیریان خوارد و بووە ھۆی رووداوی ھاتووچۆ.
دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، سەربازێک و دوو ئەفسەریان بە پلەی نەقیب کوژراون کە سەر بە لیوای پیادەبوون و سەربازێکی تریش بە سەختی برینداربووە.
وتیشی، ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە ھێرشە زەمینیەکەیاندا بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون بۆ ٦٢ سەرباز بەرزبووەتەوە، بەوەش کۆی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا گەیشتووەتە ٣٨٣ سەرباز.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە رێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس گەیشتون بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لە بارەی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگر بەست، بەڵام کۆشکی سپی ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.
راشیگەیاندووە، رێککەوتنەکە لە شەش پەڕە پێکھاتووە و دەبێت حەماس لە کۆی ٢٤٠ بارمتە، ٥٠ بارمتە یان زیاتر بەشێوەی گروپ گروپ ئازاد بکات کە زۆرینەیان ژن و منداڵبن لە بەرامبەرداشدا دەبێت ئیسرائیل بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئاگربەست رابگەیەنێت.
ھەر بە پێی ئەو رۆژنامەیە، رێککەوتنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکە ئەنجامدەرێت، بەڵام کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس ھێشتا نەگەیشتون بە رێککەوتنی راگرتنی شەڕ بە شێوەیەکی کاتی.
ھاوکات، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ھیچکات ئامادەنین ئاگربەست رابگەیەنن و شەڕ بوەستێنین تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن.
وەزارەتی ھێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا رایگەیاند، مووشەکەکە لە جۆری ئێم ٥١.٣ بووە و لە ناوچەی لاند لە باشوری رۆژئاوای فەڕەنسا تاقیکراوەتەوە.
سیباستیان لوکونور وەزیری ھێزە چەکدارەکانیش دەڵێت، ئەوە یەکەم تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی بووە و سەرکەوتوو بووە، ئاماژەیەکیشە بۆ بەرەوپێشچوونی تواناکانیان لە ھەڵدانی مووشەک.
مووشەکەکەش لە باکوری زەریای ئەتڵانتیک و بە دووری سەدان کیلۆمەتر لە کەناراوەکان خراوەتەخوارەوە.
میدیاكانی ئیسرائیل، ژمارەیەك راپرسییان لەبارەی چەند كەسایەتییەكی دیار بۆ جێگرتنەوەی ناتانیاهۆ بڵاوكردەوە، بەپێی یەكێك لە راپرسییەكان یوسی كۆهین سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل-مۆساد، 21%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە بۆئەوەی ببێت بە سەرۆكی پارتی لیكۆدی دەسەڵاتدار، هەروەها جەدعون ساعر 13%ی دەنگەكان و یواڤ گالانت 12% و نیر برەكات 11%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە.
هاوكات بەپێی قسەی چاودێران، رۆژەكانی ژیانی سیاسیی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و هێرشەكەی رۆژی حەوتی مانگی رابردووی حەماس و رفاندنی سەدانی كەس لەلایەن حەماسەوە، فشارێكی گەورەیان لەسەر ناتانیاهۆ دروستكردووە، جگەلەوەش لە ناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئیسرائیل، دەنگەكان بۆ دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ بەرزبوونەتەوە.
عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە زانکۆی عاشورا لە تاران رایگەیاند، مانگ و نیوێکە سوپای ئیسرائیل ھێرشێکی دڕندانەی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە و تائێستاش ھیچ ئامانجێکی نەپێکاوە، کوشتنی ژن و منداڵ و بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و خوێندنگەو کەمپی ئاوارەکانیش نیشانەی شکستی ئیسرائیلە کە وڵاتێکی دەمارگیر و توندوتیژە و ھاوکارییەکانی ئەمریکاش بۆ ئەو وڵاتە مانای ھاوکاریکردن و ھاندانی دەمارگیری و توندوتیژییە.
رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوای لەسەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش کرد، ھەر پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە کۆتایی پێبھێنن ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.
فۆڵکەر تورک کۆمیسیاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بە گۆڕستانکردنی نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان و ئەو خوێندنگانەی بوونەتە شوێنی مانەوەی ئاوارەکان، کۆمەڵە رووداوێکن تێگەیشتن لێیان زۆر قورسە و ئەوانەی لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا لە کەرتی غەززە روویانداوە زۆر لەسەرووی پێشبینی و چاوەڕوانییەکانەوە بوون.
وتیشی، لە ھەموو جیھاندا ھاووڵاتیان بۆ چارەسەر روو لە نەخۆشخانەکان دەکەن، بەڵام ئێستا لە کەرتی غەززە خەڵکی بۆ پاراستنی ژیانیان لە نەخۆشخانەکان ھەڵدێن و کوشتنی ژن و منداڵی ئاوارەش، لە ناو خوێندنگەکان کارەساتێکی گەورەیە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ پاراستنی مرۆڤ.
سەرکردەیەکی حوسییەکانی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلییان لە دەریای سور ڕفاندووە و بردوویانەتە بەندەری سەلیف لە کەناراوەکانی یەمەن.
لای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئیدانەی ڕفاندنی ئەو کەشتییە دەکات و دەڵێت، ڕفاندنی کەشتییەکەیان قۆناغێکی نوێیە لە ھێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئاسایشی ھێڵی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کەشتییە خاوەندارێتی بۆ کۆمپانیایەکی بەڕیتانی دەگەڕێتەوە و لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە بەڕێوەدەبرێت و ٢٥ سەرنشینی لەناودا بووە لە نەتەوەی جیاواز، بەڵام ھیچ ئیسرائیلییەک لەناو کەشتییەکەدا نەبووە.
برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لەوتەیەکدا لە کۆڕبەندی مەنامە رایگەیاند، دۆخی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ناگەڕێتەوە پێش ٧ی تشرینی یەکەم کە جەنگی حەماس و ئیسرائیل تێیدا ھەڵگیرسا.
دەشڵێت، ئەوەی یەکەم جار جەنگەکەی ھەڵگیرساندوە حەماس بوو و دەبێ ئارامی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێت و ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھێزبێت.
مەکگۆرک راشیگەیاند، دەبێت کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل چارەسەر بکرێت.
سابرینا سینگە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا ٥٨ جار ھێرشیان کراوەتەسەر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو مانگەدا ٢٧ ھێرش لە عێراق و ٣١ ھێرش لە سوریاوە ئەنجامدراوە و تەنیا لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووشدا پێنج جار ھێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازیەکانیان لە سوریا.
سابرینا دەشڵێت، سەرجەم پێویستی مووشەکی پاتریۆت گەیشتووەتە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا و ھەرناوچەیەکی دیکە.
وتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند، ئەم ھەنگاوە رێکارێکی دیکەی خۆپاراستنە و سیستمی پاتریۆتەکە بەشێوەیەکی باش کاردەکات و مووشەکی سادیش لە ماوەی داھاتوودا دەگاتە ناوچەکە.