رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی ھەیە و ھەڕەشەی بەکارھێنانی دەکات، گرنگ نییە چی ھەیە، بەڵام دەبێت ناتانیاھۆ وازبھێنێت و بڕوات.
راشیگەیاند، ئیسرائیل ستراتیجیەتی لەناوبردنی تەواوی شار و ئەو کەسانەشی تێیدان جێبەجێدەکات، بۆیە بە راشکاوانە و بە دڵێکی ئارامەوە دەڵێت ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆرە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە کوشتار بەو شێوەیەی ئێستا، ئەوا خۆی خۆی بە دەوڵەتێکی تیرۆرستی نەفرەت لێکراو لە سەرتاسەری جیھان دەناسێنێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان دوودڵ نابن چونکە کەسانێک بێزارن لەو لێدوانەی کە ئەندامانی حەماس بەرخۆدان دەکەن و ھەوڵی پاراستنی نیشتمان و ژیانیان دەدەن.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پێویستە پارێزگاریی لە نەخۆشخانەی شیفا بکرێت و لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدان و ھیوادارن ھیچ داگیرکارییەک لە نەخۆشخانەی شیفا روونەدات.
بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، نەخۆشخانەی شیفا، ئاو و کارەبای لێبڕاوە و نەخۆشخانەکە نزیکە لە لەکارکەوتن، لە رۆژی شەممەوە تاکو رۆژی دووشەممە، ٣٤ نەخۆش لە نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستداوە، کە حەوتیان منداڵ بوون.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس خەرجی زۆر زیاتری ویستووە وەک لەوەی پێشبینی دەکرا و فشارێکی زۆری لەسەر ئەو وڵاتە دروست کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی یەک رۆژی ئەو جەنگە لەسەر ئیسرائیل نزیکەی ٢٦٠ ملیۆن دۆلارە.
بانکی ناوەندی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، بە تەنھا لە مانگی رابردوودا ٨.٢ ملیار دۆلاریان لە دراوی بیانی فرۆشتووە و بەھۆیەوە بڕی یەدەگ بۆ ١٩١.٢ ملیار دۆلار دابەزیوە.
لەسەرەتای سەرھەڵدانی جەنگەکەشەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، بەھای شیکلی ئیسرائیلی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە، دوایین جاریش کە دراوی ئیسرائیلی ئەو دابەزینەی تۆمارکرد لە ساڵی ٢٠٢٠ بوو، بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە.
بۆ سێیەمین جار لە دوای دەستپێکردنی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە، ئەمریکا بۆردوومانی پێگەی گروپەکانی نزیک لە ئێرانی کرد و لویس ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ھێزە سەربازییەکانیان بە وردی بۆردوومانی چەند پێگەیەکیان کردووە لە رۆژھەڵاتی سوریا کە سوپای پاسداران و گروپەکانی نزیک لە ئێران بەکاریاندەھێنن، ئەوەش لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی لە عێراق و سوریا دەکرێنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
ئۆستن راشیگەیاند، کاری لە پێشینەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەلامەتی سەربازانی ئەمریکایە و فەرمانی ئەو ھێرشەی دەرکردووە بۆ ئەوەی ھەمووان بزانن کە ئەمریکا بەرگری لە خۆی و بەرژەوەندی و سەربازانی دەکات.
لەبارەی ھێرشەکەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ھێرشەکانی ئەمریکا پێگەی گروپە چەکدارەکانی لە مەیادین و ئەلبوکەمال لە ریفی دێرەزوور کردووەتە ئامانج، بەشێوەیەک لە ئەلبوکەمال کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە شارۆچکەی حەسەرات کراوەتە ئامانج، لە مەیادینیش فڕۆکە جەنگییەکان سەکۆی ھەڵدانی مووشەکیان لە کێڵگەی حەیدەریە کردووەتە ئامانج، بەھۆشیانەوە ئەندامێکی ئەو گروپانە کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئامارەکەش ھەیە، چونکە حاڵەتی مەترسیدار و بێسەروشوێن بوون ھەیە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕانی کەشوھەوا سەر بە یەکێتی ئەوروپا لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە بەو پێەی لەمانگی رابردوودا پلەی گەرما تێکڕا ١٥.٣ بووە، دەردەکەوێت لەماوەی ١٢٥ ساڵی رابردوودا ئەمساڵ گەمترین ساڵ بووە.
بەوتەی پسپۆڕان ھۆکاری ئەو گەرمییەی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەردانی غازە گەرمەکان بەھۆی سوتاندنی سوتەمەنییەکان و دیاردەی نینۆی سروشتی کە کار لەسەر گەرمکردنی خۆرھەڵاتی زەریای ھێمن دەکات.
لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵیشدا ژمارەیەک لە پسپۆڕانی کەشوھەوا لە چین رایانگەیاند، ئەمساڵ گەمترین ساڵ دەبێت بە درێژایی مێژوو و سەرجەم ژمارە پێوانییەکانی پێشووتر لە بواری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تێدەپەڕێنێت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی یەکشەممە ئەفسەرێک و سەربازێکی کۆماندۆ لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لە باکوری کەرتی غەززە کوژراون.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، لە ھێرشە زەمنییەکانیشیدا کە لە ٣١ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکرد، ٤٥ سەرباز کوژراون، بەوەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەو وڵاتە لەسەرەتای جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە بۆ ٣٦٣ سەرباز و ئەفسەر بەرزبووەتەوە، لە پاڵ ٥٩ پۆلیس و ١٠ ئەندامی دەزگای ھەواڵگیری شاباک.
تیم سکۆت لەڕێی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکییەوە رایگەیاند، ئەمریکای خۆشدەوێت، بەڵام ھەڵمەتی بانگەشەکەی رادەگرێت و چیتر کاندید نییە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، وتیشی دەنگدەران پێیان وتووە کە ئێستا کاتی گونجاو نییە بۆ کاندید بوونی بۆ ئەو پڕۆسەیە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، تێیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و رۆن دیسانتیس حاکمی فلۆریدا و ڤیڤیک راماسوامی بازرگان و نیکی ھایلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەگرتووەکان کریس کریستی حاکمی پێشووی ویلایەتی نیوجێرسی کێبڕکێ دەکەن لەسەر پارتی کۆمارییەکان.
لە مانگی نیسانی رابردووشدا، جۆ بایدن ویستی خۆی بۆ کاندیدبوونەوە لەسەر پارتی دیموکراتەکان راگەیاند.
پێگەی "ئینتەرفاکس" لە زاری "ڤادیم کۆلت" جێگری سەرۆکی ناوەندیی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا رایگەیاند، ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان چەندین ھێرشی ئاسمانیان لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامدا بۆسەر گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەنجامداوە کە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا حەوت ھێرشیان کردووەتەسەر سوپای سوریا لەو ناوچەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانەکانیاندا بۆسەر گروپە چەکدارەکانی سوریا ٣٤ چەکدار کوژراون و زیاتر لە ٦٠ چەکداریش برینداربوون.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا راشیگەیاند، فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئاسمانی سوریایان پێشێل کردووە ژمارەیەک فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی رووسی فڕیون ئەوەش دژی رێکەوتنەکانە لەو وڵاتەدا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی ١٢ی ئەم مانگە ھێزە ئەمنییەکان ئێران، لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و سەرەنجام کۆڵبەرێک کە خەڵکی شاری سەقزە و تەمەنی ١٩ ساڵە برینداربووە.
ھەروەھا، ھەر لە ھەمان سنور و رۆژی ١١ی ئەم مانگە، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی گوندی" دویسە" لە سنووری شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەری بە دەسترێژی گولـلەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دوو کۆڵبەرە بە سەختی برینداربوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بانە گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ھەنگاو، لە ماوەی ٥٠ رۆژی رابردوودا، لانیکەم سێ کۆڵبەر لە سنوری شاری بانە بە دەسترێژی گوللەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و ٢٨ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رێوشوێنێکی نوێیان بۆ داواکردنی ڤیزای ئەلیکترۆنی پەسەندکرد، کە لە رێگەیەوە چیتر پێویست ناکات خوازیارانی وەرگرتنی ڤیزا، ستیکەر لەسەر پاسپۆرتەکەیان دابنێن، ھەروەھا پێویست ناکات کات لە کونسوڵخانەکان یان ئەو فەرمانگانەدا بەفیڕۆ بدات، کە ڤیزای شنگن پێشکەش دەکەن، بەڵکو لە ماوەی چەند مانگی داھاتوودا دەتوانن لەسەر پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی داوای ڤیزا بکەن.
ڤیزای شنگن لە کۆی ٢٧ وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا، ٢٣ وڵات لەخۆدەگرێت، جگە لە سویسرا و نەرویژ و ئایسلەندا و لیختنشتاین، ھەروەھا ئامانجی ئەو گۆڕانکارییە ئاسانکارییە بۆ گەشتیاران بۆ وەرگرتنی ڤیزا.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، بە فەرمانی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، سویلا برافرمان وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە دوای ئەوەی لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی تایمز بڵاویکردەوە ھێزەکانی پۆلیسی بەریتانیای بەوە تۆمەتبارکردبوو کە بە دوو پێوەری جیاواز و لەسەر بنەمای لایەنگری سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین ئەنجامداوە.
لەلایەکی تریشەوە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دەیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەی بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەستنیشانکرد.
دوورخستنەوەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە پۆستەکەی لەکاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە پلانێکی ھەیە بۆ گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەی پێش وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا کە بڕیارە ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
فەرمانگەی راگەیاندنی کەرتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئاکامی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، ژمارەی کوژراون لە غەززە گەیشتووەتە ١١ ھەزار و ٢٤٠ کەس، لەو ژمارەیەش چوار ھەزار و ٦٣٠یان منداڵن.
ھاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش رایگەیاندووە، لە ٤٨ سەعاتی داھاتوودا تەواوی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لەکاردەکەون ئەگەر سووتەمەنییان بۆ دابیننەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، خزمەتگوزاری ئەمبسوڵانسی نەخۆشخانەکانی لە باکوری غەززە بە تەواوەتی راگیراون و رێکخراوی خاچی سوور ناتوانێت پارێزگاری بۆ ئەمبوڵانسەکان دابینبکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەگەر لە دوو رۆژی داھاتوودا سووتەمەنی نەگەیەندرێتە کەرتی غەززە، ئەوا تەواوی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لەو کەرتە دەوەستێت.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا ١١ ھەزار و ١٨٠ کەس کوژراون کە چوار ھەزار و ٦٠٩یان منداڵن و سێ ھەزار و ١٠٠ کوژارویش ژنن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٢٨ ھەزار و ٢٠٠ کەس.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو کەرتی تەندروستیش تائێستا ٢٢ نەخۆشخانە و ٤٩ بنکەی تەندروستی بەھۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون و لە خەزمەتکردن وەستاون.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆداو وەک وەڵامێک بۆ ھێرشەکەی رۆژی شەممە بۆ سەر پێگەکانی وڵاتەکەیان لە بەرزاییەکانی جۆلان، فڕۆکە جەنگییەکانیان ژێرخانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە سوریا بۆردومان کردوە.
تا ئێستاش زەرەزو زیانەکانی ئەو ھێرشەی ئیسرائیل لە سوریا ئاشکرانەکراوە.
رۆژی ھەینی سوپای ئیسرائیل ھێرشێکی بۆ خاکی و سوریا دەستپێکرد ئەوەش دوای ئەوەی موشەکێکیان ئاراستەکرا بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل موشەکەکان لە سوریاوە ئاڕاستەیانکراوە، لە وەڵامی ئەوەشدا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دوو مووشەکیان لە سووریاوە ئاراستەی پێگەگانیانی گروپەکانی نزیک لە ئێرانیان کردوەتە ئامانج.
دوای بەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە ریازی پەیاتەختی سعودیە و بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوی کۆتایی لوتکەکە، میدیا عەرەبییەکان گرنگییەکی زۆریان بە خاڵێکی راگەیەندراوەکە داوە کە وەک مەرجێک دانراوە بۆ سەرجەم ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییانەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە یان لەگەڵ ئەو وڵاتە بڕۆنە ھەر پرۆسەیەکی تایبەت بە ئاشتییەوە.
بەپێی بڕیارەکەی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی، لەئێستا بەدواوە مەرجی پێشوەخت و سەرەکی ھەموو ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییانەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە یان لەگەڵ بڕۆنە پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە کشانەوەی ئەو وڵاتە بێت لە تەواوی خاکی فەڵەستین و ئیسرائیلیش دان بەوەدا بنێت کە قودس پایتەختی فەڵەستینە.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەکاتی پڕکردنەوەی سوتەمەنی و لە چوارچێوەی راھێنانێکی سەربازییدا، فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە دەریای سپی ناوەڕاست تێکشکا و لە ئەنجامیشدا پێنج سەرباز گیانیانلەدەستداوە.
ھەرچەندە سوپای ئەمریکا جۆر و ئەو شوێنەی ئاشکرانەکردووە کە فڕۆکەکە تیایدا تێکشکاوە، بەڵام پنتاگۆن لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ زیاتر فراواننەبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ژمارەیەک کەشتی فڕۆکە ھەڵگری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە بۆ پشتیوانی ئیسرائیل، واشنتن کەشتی فڕۆکە ھەڵگری یو ئێس ئێس و چەندین کەشتی جەنگی دیکەی رەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەراست کردووە.