سوپای سوریا كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكی پارێزگای حەمای راگەیاند، دەیان كەسیش لە بۆردومانە ئاسمانیەكان لە حەلەب و ئیدلیب كوژران، گروپی چەكداریی تەحریر شامیش داوا لە هەسەدە دەكات بەبێ شەڕ حەلەب چۆڵ بكەن.


سوپای سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، توانیویانە چەند گوندێكی سنوری پارێزگای حەما كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، لە ئێستاشدا سوپای سوریا هێزێكی زۆری كۆكردوەتەوە و بەنیازە هێرشی پێچەوانە بكات.


هاوكات گروپی چەكداریی تەحریر شام لە راگەیەنراوێكدا داوای لە هەسەدە كرد، بەبێ شەڕ حەلەب چۆڵ بكەن، بەو پێیەی دوو گەڕەكی كوردنشینی حەلەب كە پێكهاتوون لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هێشتا لەژێر دەستی هەسەدەدان.


بەپێی روانگەی سوری، لە بۆردومانە ئاسمانیەكانی ئەمڕۆی سوریا و روسیا لە شاری حەلەب، ٣٥ كەس كوژراون كە زۆربەیان مەدەنی بوون، جگە لە برینداربوونی ٢٣ كەس.


بۆردومانەكان گەڕەكەكانی شاری حەلەب و دەروازەی چوونە ژوورەوەی نەخۆشخانەی زانكۆیان كردووەتە ئامانج لە سەنتەری شارەكە كە لەلایەن تەحریر شامەوە كۆنترۆڵكرابوون.


روانگەی سوری باسی لەوەش كردووە، تا ئێستا ٢٣ هێرشی ئاسمانی لەسنوری گەڕەكەكانی حەلەب ئەنجامدراوە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ڕوسیا بۆسەر ناوەندی ئیدلب نۆ كەس كوژراون و ٦٢ كەسیش برینداربوون.