لە راگەیەندراوێکی دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەستدا ھاتووە، ئەمڕۆ شەممە خۆپیشاندان لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێکدەخرێت و لەلایەن کەناڵی رەسمی ئەو حزبەشەوە ئەوە ڕاگەیەندراوە فەرمانبەرانی گرێبەست بەڵێنی پشتیوانی و بەشداریکردنیان داوە لەم خۆپیشاندانە، ئێمە وەک دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست سەرلەبەری ئەو ھەواڵە ڕەتدەکەینەوە.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان پشتیوانی داوای ڕەوای سەرجەم چین و توێژەکانین بەڵام بەھیچ جۆرێک بەشداری لەو خۆپیشاندانە ناکەن و نایانەوێت پرسەکەیان تێکەڵی ململانێی حزبی بکرێت، داواکاریشین ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسی بۆ مەرامی حزبی بەناوی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە لێدوان نەدەن.
خۆپیشاندانی لایەنگرانی ھەدەپە بە دروشمی"ئێمە چارەسەرین نا بۆ شەڕ و داگیرکاری" دەستی پێ کرد. ئامانجی سەرەکی لە گردبوونەوەکەی ھەدەپە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی سیاسەتی گۆشەگیری سەر "عەبدوڵا ئۆجالان" سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە و ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و ئەو قەیرانە ئابورییەی بەرۆکی تورکیا گرتووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا دووجار نزیک ماڵەکانی "گوندی بڵاڤە"یان لە ناوچەی نھێلێ بۆردومان کردووە، کە ئەو گوندە نزیکەی ٣٠ ماڵی تێدایە و یەکەم جارە تورکیا سنووری ئەو گوندە بۆردومان دەکات.
راشیگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە کە تورکیا لەشکرکێشیی چڕنووک-قووفڵی لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، لانیکەم رۆژانە سێ بۆ چوار جار سنووری گوندەکانی نھێلێی بۆردومانکردووە.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھێزێکی سەر بەسوپای عێراق ھەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "گابەلکە"ی سەر بە ناحییەی سەرگەڕان لە سنوری پردێ و کارەبای حەوت بیری ئەو گوندەیان بڕیوە.
وتیشی، ئامانج لە بڕینی کارەبای بیرەکانی ئەو گوندە بۆ ئەوەیە ڕێگری بکەن لە جوتیارە کوردەکان تاوەکو زەوی و زارەکەیان پێ ئاو نەدرێت و بەرھەمەکەیان وشک بێت.
بە وتەی فەھمی بورھان، ئەو ھێزەی سوپای عێراق ئەنجامدانی ئەو کارەیان بە چاوساخی عەرەبە ھاوردەکان کردووە، ناوبراو راشیگەیاند، ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە خراپترین دۆخی ناکۆکی خۆیانن، بەڵام دژی کورد ھاودەنگن و کێشەکانیان وەلاوە دەنێن.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا گفتوگۆیانکرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوڵات و چۆنێتی بەھێزکردنیان، ھەروەھا ھەردولا کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراقیشیان تاوتوێ کرد.
ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کرد ئێران رێگە بدات مەرزی کێلێ کە ئێستا تەنھا بۆ ھاتوچۆی بازرگانیە و دەکەوێتە سەر سنوری نێوان سەردەشت و قەڵادزێ، بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و گەشتیارانیش بەکاربھێنرێت، لەبەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵێنیدا بە دواداچون بۆ ئەو بابەتە بکات و رێکارە پێویستەکانیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێبکەن.
بەپێی ھەواڵێکی میدیاکانی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنێکی ھێزە ئەمنیەکاندا لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی مێرسین لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی ماڵان پێنج ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە دەستگیرکران، بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بەرێکخراوی قەدەغەکراو ھەبووە، دەستگیرکراوەکانیش گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی مێرسین.
ھەفتەی رابردوش لە شاری مێرسین ٢١ ئەندام و لایەنگری ھەدەپە دەستبەسەرکران، چوار لەوانە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سبەینێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ تۆزێکی کەم و کاریگەری تۆزەکەش لەسنوری پارێزگای کەرکوک و بەشێک لەناوچەکانی باشوری ھەرێم زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرماش بەرارود بە رۆژانی رابردوو نزمتر دەبێتەوە.
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراقیش رایگەیاند، لەسبینێوە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین عێراق دەگرێتەوە بە تایبەتیش پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست، بەڵام پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەھۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی، دوێنێ لە ١٠ پارێزگای عێراق پشووی ڕەسمی لە فەرمانگەکانی حکومەت ڕاگەیەندرا.
زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیرە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە ماوەی ھەشت ساڵە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە راگیراوە.
وتیشی، راپۆرتەکە بابەتی پاشەکەوتی مووچە و ئەو قەرزانەی فەرمانبەرانیش کە لەلای حکومەتە، لەگەڵ پرسی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی یاسای بودجە و بابەتی باج و ڕسووماتیش لەخۆی دەگرێت.
زیاد جەبار ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە سوود لە ١٣ یاداشت وەرگیراوە کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دراوە بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە بەگشتی پەیوەندییان بە ژیان و گوزرانی ھاووڵاتیان و موچەخۆرانی ھەرێمەوە ھەیە.
جەختی لەوەشکردەوە، راپۆرتەکە دەدرێت بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، دواتر بەئامادەبونی وەزیری دارایی لەدانیشتنی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەردەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیادکرابێت، داھاتی باج بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونە نایاساییەکان و میکانیزمی نوێ بۆ رێگریکردن لە پێدانی باج و دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای باج وەک خۆی داھاتی باجیان زیادکردووە.
راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦دا داھاتی باج ١٧٩ ملیار دینار بووە و تەنھا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، ٤١٨ ملیار دینار داھاتی باج لە ھەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە، واتە ساڵ لە دوای ساڵ داھاتی باج زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ داھاتی باج بە نزیکەی ٦٥٠ ملیار دینار زیادیکردووە.
وتیشی، بڕیارە لیژنەکە لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی کەرکوک بکات و نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمیش بەشداربێت، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ خوێندکاران و کەسوکاریان و رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ واشنتۆن کرد و ڕایگەیاند، چاکسازی لە ناوپێشمەرگە لە پێشینەی کارەکانە و ھاوپەیمانان پێداگری زۆر دەکەن کە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی رێکخراو بێت و دەستوەردانی حزبی تیادا کەمبکرێتەوە.
شۆرش ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، ھاوپەیمانان لەبەرامبەر بەرەوپێشچوونی ڕێکخستنی پێشمەرگە ھاوکاریی و پشتیوانییەکان زیاددەکەن، جەختیشیکردەوە ئەگەر پرۆسەی چاکسازی بەباشی نەڕواتە پێشەوە کاریگەری لەسەر ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان دەبێت و یەکگرتەنەوەی پێشمەرگەشیان کردووە بە مەرجی ھاوکارییەکانیان.
شۆرش ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، ئەمریکا فشاری لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لیوا ھاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بچنە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیی تێدایە.
ئاشکراشیکرد، ھەتا ئێستا مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ھەرێم مەترسی گەورەن.
رێکخراوەکان و نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٩ لە ئەنجامی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە لە باشوری عێراق، رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو ھەڵدراوەتەوە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵبوون، بەڵام بەھۆی کەمتەرخەمی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، دوای سێ ساڵ رووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدادەوە نەھێنرانەوە بۆ ھەرێم.
لە بەیاننامەکەدا داواش لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوان دەکەن بۆ ڕۆژی ٢١ ئاب کە ساڵڕۆژی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تاوانبارانی ڕژێمی بەعسە لەسەر دۆسیەی ئەنفال و ئەو ڕۆژە بە رەسمی لە ھەرێم بە ڕۆژی دادپەروەری ناسێنراوە، لەو ڕۆژەدا رووفاتی کەسوکاریان بگەڕێنرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سوپای عێراق دەستێوەردانی لە کاروباری کێشەی زەوی جوتیارانی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کرد و کارەبای بیرە کشتوکاڵیەکانی جوتیارانی بڕی، ئێوارەی ئەمڕۆ جوتیارانی کورد لە گوندی گابەڵەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا.
دواتر ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی، بۆ چارەسەری کێشەی جوتیاران پەیوەندی بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقەوە کرد و بڕیاردرا ڕێگە بە جوتیاران بدرێت کاری ئاودێری لە زەویەکانیان بکەن. دوای ئەو ھەوڵەی سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی، سوپای عێراق کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جوتیارانی گوندەکانی سەرگەڕان ئەنجامدا و بەڵێنیاندا رێگری لە جوتیاران نەکەن و لەئێستاوە جوتیاران دەتوانن کاری ئاودێری لە زەویەکانیان بکەن.
ھەردوولا ھاوڕابوون، داعش ھێشتا لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و جیھانیش ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە، لەبەرئەوە پشتگیری و ھاریکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی پێویستە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، جەختی لە بەردەوامیی بەشداری و ئەرکی ھێزەکانی وڵاتەکەی لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتەوە و ھەموو پشتگیرییەکی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا راگەیاند.
بەشی پێشبینییەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی ھەندێک پەڵە ھەور .
دەشڵێت، سبەی ھەینی ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت، لە ئەنجامی زیاد بوونی خێرایی با کە دەبێتە بەرز بونەوەی تۆزێکی سوک کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی باشووری ھەرێم زیاتر دەبێت .
کەشناسی ھەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، سبەی پلەکانی گەرما بە نزیکەی یەک پلە بەرز دەبێتەوە لەگەڵ تۆمارکراوەکانی ڕۆژی پێشوو.