فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکوک رایگەیاند، لە کاتی سوتاندنی خاشاک لە گوندی عەدلیەی سەر بە ناحیەی یایچی تەنێکی نامۆ کە پێدەچێت پاشماوەی کۆنی جەنگ بوو بێت تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە منداڵێک گیانی لە دەستدا و دوو منداڵی تریش برینداربوون.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکوک راشی گەیاندوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، ئێران ڤیزا لەسەر ئەو ھاووڵاتی و گەشتیارانە ھەڵدەگرێت، کە لە عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئێران دەکەن، ئەو بڕیارە ئەو شۆفێرانەش دەگرێتەوە، کە لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە بە تانکەر پاشماوەی نەوت بۆ ئێران دەگوازنەوە، ئەوانیش دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بارەکانیان ببەن بۆ ئێران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لەئێستادا ھاووڵاتیان بەبێ ڤیزا و تەنیا بە مەرجی ھەبوونی پاسپۆرت سەردانی ئێران بکەن.
لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ٢٠ی ئەم مانگە دەست بەدابەشکرنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو خێزانێک ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە نرخی ١٠٠ ھەزار دینار پێ دەدرێت. ئەو نرخەش بەرێژەی ٦٥% لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیکراوەو ھاووڵاتی تەنیا ٣٥%ی پارەکە دەدات.
راشیگەیاندوە، ھەر کاتێکیش حکومەتی فیدراڵ نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان بنێریت، بەو نرخە دەدرێتە ھاوڵاتیان کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دیاری دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەرزاییەکانی کانی دۆمەڵان نزیک گوندی نەبییاوە لە سنوری ناحیەی پردێ، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق نزیکەی ٣٠ خولەک بۆردومانی بەرزاییەکانی نزیک لە گوندەکەیان کرد.
بەوتەی دانیشتوانی گوندەکە ئەو ناوچەیەی بۆردومان دەکرێت پێشتر جموجۆڵی داعشی تێدا بەدی کراوە. لەبارەی زیانەکانی تیرۆریستانی داعش لەو بۆردومانە، تا ئێستاش بە رەسمی ھیچ زانیارییەک لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
مەھدی شەریعەت زادە، کەسوکاری ئەو گەنجەیە و بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشەوا ئەحمەدی تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و خەڵکی گوندی بێژوێی سەر بە شاری سەردەشتە، دوای ئەوەی لەگەڵ ٩٠ کۆچبەری تر کە زۆرینەیان کوردبوون، لە تورکیاوە بە یەخت بەڕێکەوتووە بۆ ئیتاڵیا.
وتیشی، یەختەکەی پێشەوا و ھاوڕێکانی بە دوو رۆژ و ١٥ سەعات لە رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ گەیشتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەڵام دوای گەیشتنی بە کەناراوەکان، پێشەوا بێھۆش بووە و دواتر لە نەخۆشخانە دەرکەوت گیانی لەدەستداوە.
مەھدی شەریعەت زادە راشیگەیاند، تەرمی پێشەوا ئێستا لە نەخۆشخانەی شارۆچکەی رۆسانۆیە لە ئیتاڵیا، کەسوکارەکەی توانای داراییان باش نییە و ناتوانن تەرمەکەی بگەڕێننەوە، بۆیە داوا لە خێرخوازان و رێکخراوەکانی بواری کۆچبەران دەکەن ھاوکاریان بن بۆ ھێنانەوەی تەرمەکەی بۆ سەردەشت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و باڵیۆزی پاکستان رێککەوتن لەسەر کردنەوەی خوێندنگەیەکی پاکستان تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاری گەشتیاری لە سلێمانی و تاوتوێی "پڕۆژەی خزمەت"ی حکومەتی ھەرێم کرا، کە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەکات، لەوبارەیەشەوە لێکتێگەیشتن کرا پاکستان ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بکات بۆ پەرەپێدانی "پڕۆژەی خزمەت" کە ھەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی لە کوردستان و کەمکردنەوەی رۆتین.
ھاوکات قوباد تاڵەبانی و ئەحمەد ئەمجەد عەلی تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی پاکستانیان کرد و ھەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی، پێکەوە کار بکەن بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرا و تیایدا باڵیۆزی پاکستان پیرۆزبایی کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی دکتۆر لەتیف رەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق و ھیوای خواست قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق دەست پێ بکات و حکومەتی داھاتووی عێراق بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ھەموو خەڵکی عێراقدا بێت.
٩٢ کۆچبەری نایاسایی لە نێوان سنوری تورکیا و یۆنان روتدەکرێنەوە، وەزارەتی پاراستنی ھاووڵاتیانی یۆنانیش رایگەیاند،تورکیا بەردەوامە لە بەکارھێنانی کۆچبەران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان، کۆچبەرەکانیش لە نزیک رووباری ئیڤرۆس رزگارکراون.
حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کەناڵی ئێرتی یەکی یۆنانی جەختی لەوەکردۆتەوە، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی سوری و ئەفغانین، خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تێدا نییە و گواستراونەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئیڤرۆس.
ھاوکات رەنج پشدەری رۆژنامەنووسی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو کۆچبەرانە گەنجن و زۆرینەیان خەڵکی سوریان و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و جەستەیان جێگەی برینی پێوە دیارە.
شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی د.لەتیف رەشید کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراق و رایگەیاندووە، بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ریاز بە گرنگ و پێویست دەزانن، وەک سعودیەش ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەو مەبەستەیە بۆئەوەی لەسەرجەم بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لەگەشەکردن و بەرەوپێشچووندا بێت.
محەمەد بن سەلمان جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیەش پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی د.لەتیف رەشید کرد و ئامادەیی ھەموو جۆرە ھاوکاری و پشتیوانییەکی بۆ عێراق دەربڕیووە و جەختیشی لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردووەتەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ عەزیز وەیسی لە شاری جوانڕۆی رۆژھەڵاتی کوردستان، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
رێکخراوەکە ھۆکاری دەستگیرکردنی عەزیز وەیسی بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک گەڕاندووەتەوە، کە ناوبراو وەک پشتگیرییەک بۆ خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە.
سەھەند وەیسی کوڕەکەی عەزیز وەیسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە ڤیدیۆیەکدا رایگەیاند، باوکم لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستبەسەر کراوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئیبراھیم عەلی رۆژنامەنووس رایگەیاند، دوای شەش رۆژ لە دەستگیرکردنیان بە ھەوڵی تیمی پارێزەرانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئازاد کراون.
پێشتر سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سلێمانی شوێنێک نییە بۆ زیندانیکردن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و نووسەران، بەڵکو جێگەیەکە بۆ رێزگرتن لە رەخنە و ئازادییەکانی رۆژنامەنوسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەکان.
لە پەیامەکەدا کەجەکە دەڵێت، د. لەتیف ڕەشید لە پێناو ئازادیی گەلی کورددا ڕەنجی زۆری داوە، لەلای گەلی کوردستان کەسێکی خۆشەویستە و رێزی لێدەگیرێت و کەسایەتییەکی بەنرخە. گەلی کورد، وەک کەسێکی خاوەن ھەستی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، کە بۆ ئازادیی گەلی کورد خزمەتی کردووە، وەک ڕۆشنبیر و کەسایەتییەک، کە بۆ تێکۆشانی ئازادی سوودی زۆری گەیاندووە، دەیناسێت.
لە بەشێکی پەیامەکەدا ھاتووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو چاوەڕوانیانەی خۆمان بۆ بەڕێز لەتیف ڕەشید بخەینەڕوو، کە خزمەتی گەورە ھەم بە گەلی کوردستان و ھەم گەلانی عێراق دەکات. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە کارەکانیدا سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و ڕایدەگەیەنین، کە پشتیوانیی لێدەکەین.
کەجەکە دەشڵێت، د. لەتیف ڕەشید ھەم وەک مام جەلال خزمەتی گەورەی بە گەلی کوردستان گەیاندووە و ھەم بۆ ھەڵبژاردنی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی ھەرێم لە ڕێگەی دێموکراسییەوە، ئەوەیان نیشاندا، کە دەبێتە خاوەن ھەوڵ بۆ چارەسەری. ھەر خۆی بەڕێز ڕەشید لەنزیکەوە مام جەلالی دەناسی و دۆستایەتیی کردووە و پێکەوە کاریان کردووە.
باسی لەوەش کردووە، گەلی کورد لە قۆناغێک و پرۆسەیەکی مێژووییدایە، کە چارەنووسی ڕوون و یەکلایی دەکاتەوە. لەم تێکۆشانە مێژووییەدا، کە قوربانی و نرخی گەورەی تیادا دراوە، لە ئەنجام دا گەلەکەمان دەستکەوتی گەورەی بەدەستھێناوە، لەناو یەکێتییەکی دیموکراتیکدا بە تەواوی ئازادیی خۆی بەدەست دەھێنێت، گەیشتووەتە ئەو قۆناغە، کە لەگەڵ گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پێکەوە ژیانێک بنیات بنێن. چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان ئەوەیە، بۆ گەیشتنی ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتن، دەبێت ھەموو کەسێک بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت دەکات و سودی پێبگەیەنێت. ئێمە لەو ھیوایەداین بەڕێز دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید، کە خاوەن ھەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی و پەیوەستە بە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەیەوە، دەست بە ھەوڵەکانی دەکات بۆ بەدیھێنانی چاوەڕوانییەکانی گەلی کوردستان، بەو خەباتەی کە ئەنجامی دەدات، سوودێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کوردستان دەگەیەنێت.
راشیگەیاند، ھەم گەلی عێراق و ھەم ھەرێم چاوەڕوانییان لەو کەسایەتییانە ھەیە، کە ئەرکی سیاسی لە ئەستۆ دەگرن. ھەم گەلی عێراق و ھەم ھەرێم کێشەی جدییان ھەیە. ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و سوودگەیاندن بە چارەسەرکردنیان زۆر گرنگە. ھێزە داگیرکەر و چەوسێنەرەکان دەیانەوێت ھەم لە عێراق و ھەم لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەستیی خۆیان زیاتر بکەن، بۆ بەدەستھێنانی ھێڵە سیاسی و ئابوورییەکان، نزیکایەتیی مەزھەبی و تایفەگەری بەرەو پێش دەبەن، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کێشەکان قوڵتر بکەنەوە، بەڵام تەنھا کێشەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە دیموکراتیزەکردن چارەسەر دەکرێن.
لە کۆتایی پەیامەکەدا ھاتووە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر – پاکتاوکار، کە دەستبەرداری عەقڵییەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و سڕینەوە نەبووە، بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و بۆ پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی کوردان ھێرش دەکاتە سەر ھەموو شوێنێک. لەو چوارچێوەیەدا ھێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و عێراق، دەیەوێت خۆی بە ئامانجەکانی میساقی – میللی بگەیەنێت. دەوڵەتی تورک چەندین ناوچەی باشووری کوردستانی داگیرکردووە. دەیەوێت ئەم داگیرکارییە قوڵتر بکات، چونکە ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی کوردستان و پاکتاوکردن و سڕینەوەی کوردە، دەیەوێت بۆ گەیشتن بەسنورەکانی میساقی - میللی باڵادەستیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. ھێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک لە بنچینەدا ھێرشکردنە سەر سەروەری و یەکپارچەیی دیموکراتیکی عێراق و باشووری کوردستانە. ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادیی کورد بۆ پاراستنی گەلی کوردستان و بەدیھێنانی ئازادی لە دژی ئەم ھێزە داگیرکەر و چەوسێنەرە لە تێکۆشانداین. چاوەڕوانیی ئێمە و گەلەکەمان بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرۆک کۆماری عێراق و ھەروەھا لە بەڕێوەبەرانی عێراق ئەوەیە، کە لە دژی سیاسەتی نیو – عوسمانی (عوسمانیی نوێ)ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، کە دەیەوێت گەلی ناوچەکە سەرکوت و ملکەچ بکات، ھەڵوێست نیشان بدەن و لە دژی بوەستنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری نوێی عێڕاق کرد و ھیوای خواست ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ببێتە مایەی کۆتاییھاتنی کێشەکانو سەقامگیرییو بووژاندنەوەی دۆخی ئابووریی ھاووڵاتیان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ھیواخوازیشە کابینەی نوێ بەشێوەیەک بێ بتوانێ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمو ناوەند بکات.
تایبەت بە پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ڕایگەیاند: کۆمەڵ بەردەوام نەیاری ئەوە بووە ماوەی یاسایی پەڕلەمان درێژ بکرێتەوەو کاری بۆ ئەوەش کردوە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێ، بەڵام بە داخەوە لایەنەکانی دەستەڵات کە بەرپرسیار بوون لە ھەنگاونان بۆ ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی، بە مەبەست خەمساردییان کردووەو ئامادەکارییان نەکرد، گەیشت بەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژ بکەنەوە.
ھەر لەوبارەوە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بە تێروتەسەلی پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمانو ھەڵوێستی خۆی خستە بەر باسو لێکۆڵینەوەو گەیشت بەو بڕیارەی ئەو پرسە گرینگە لە دەستەڵاتی کۆبوونەوەی گشتییەو بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ پرسێکی چارەنووسسازەو دەبێ لە کۆبوونەوەی گشتیی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ، کە لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەنجام دەدرێ.