عیراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە هەرێم وەردەگرێت و لەو بڕەش 292 هەزار تۆنی دەچێتە چوارچێوەی پلان و هەرتۆنێكیش بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت.
نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ حكومەتی عیراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.
وتیشی، لەو بڕە 292 هەزار تۆنی دەچێتە چوارچێوەی پلان و هەرتۆنێكیش بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێت، بڕی 108 هەزار تۆنیش بە 500 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت.
نەوزاد كامیل ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت جوتیاران پێش هێنانی گەنمەكەی نۆرەی ئەلیكترۆنی تۆمار بكات و ناوی خۆی و شۆفێری بارهەڵگرەكەشی تۆمار بكات، بۆئەوەی هەر جوتیارێك لە كات و وادەی خۆیدا گەنمەكەی لێوەربگیرێت.
سبەینێ تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکات و لەکاتی تاقیکردنەوەکانیش هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەرێم دەپچڕێت.
پەیمان خواجە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکات، لە ماوەی تاقیکردنەوەکانیشدا هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی کاتی لە هەرێم دەپچڕێت،
وتیشی، پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە پێناو رێگریکردنە لە هەوڵەکان بۆ گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکە تا کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە ئاشکرایکردووە، 117 هەزار و 142 خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن کە 88 هەزار و 116 خوێندکاریان لە بەشی زانستی، هەروەها 26 هەزار و 431 خوێندکار لە بەشی وێژەیین، دوو هەزار و 595 خوێندکاریش لە بەشی پیشەیین.
لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ رۆژی پێنجەم گەڕان بەدوای تەرمی ئەو منداڵەدا بەردەوامە کە کەوتە ناو ئاوی زەڵم.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، بۆ پێنجەم رۆژی لەسەریەک لەسەر کار و هەوڵە بەردەوامەکانیان بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 11 ساڵانەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سەرچاوەی ئاوی "زەڵم" کەوتە ناو ئاوەکەوە.
بەرگری شارستانی هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای سەختی و ئاڵۆزی سروشتی ناوچەکە و هەبوونی لێزمە و فشارێکی زۆری رەوتی ئاوەکە، بەڵام تیمەکانی مەلەوانی و رزگارکردن بەردەوامن لە گەڕان.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیمەکانی رزگارکردن لە سەرچاوەی زەڵمەوە و بە درێژایی رێڕەوی ئاوەکە گەڕانەکانیان چڕکردووەتەوە، بەو ئومێدەی لە زووترین کاتدا بتوانن تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە و رادەستی کەسوکارەکەی بکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، سبەینێ یەکشەممە ئەگەری نمەباران هەیە.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور، هەروەها پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور بۆ نیمچە هەوردا دەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا، ئەگەری بارینی تاوە بارانێکی کورتخایەن هەیە، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سنوری پارێزگای دهۆک.
کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت.
سبەینێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەستپێدەکات و زیاتر لە 117 هەزار خوێندکار بە زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداری دەکەن.
سبەینێ یەکشەممە، 14ـی 6ـی 2026، سەعات 7 و 30 خولەکی بەیانی، تاقیکردنەوەی نیشتمانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
زیاتر لە 117 هەزار خوێندکار بەشدارن
117 هەزار و 142 خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن کە 88 هەزار و 116 خوێندکاریان لە بەشی زانستی، هەروەها 26 هەزار و 431 خوێندکار لە بەشی وێژەیین، دوو هەزار و 595 خوێندکاریش لە بەشی پیشەیین.
ژمارەی هۆڵی تاقیکردنەوەکان
کۆی گشتی هۆڵەکان دوو هەزار و سێ هۆڵە، هەزار و 390 هۆڵیان بۆ بەشی زانستین، هەروەها 521 هۆڵیان بۆ بەشی وێژەیین، 92 هۆڵیش بۆ بەشی پیشەیی.
چاودێر
12 هەزار و 18 کەس چاودێری تاقیکردنەوەکانن
بەڕێوەبەری هۆڵ
2003 بەڕێوەبەری هۆڵ بەشدارن
سەرپەرشتیار
هەزار و 376 سەرپەرشتیار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن
یاریدەدەری بەڕێوەبەری هۆڵ
2003 یاریدەدەری بەڕێوەبەری هۆڵ بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن
خزمەتگوزار
2003 خزمەتگوزار لە تاقیکردنەوەکان دەبن
بە پاڵپشتی دەزگای میدیایی کوردسات، دووەم بۆنەی تێدئێكس ئاشتی لە هەڵەبجە بە بەشداری ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیارەكان لە سەرجەم بوارەكاندا دەستیپێکرد.
دووەم بۆنەی تێدئێكس ئاشتی لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت كە بۆنەیەكی نێودەوڵەتییە و لەلایەن رێكخراوی تێدئێكسی جیهانییەوە رێكدەخرێت.
لە بۆنەکەدا كەسانی سەركەوتوو و بە ئەزمونی خەڵكی هەڵەبجە چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە بۆ هێنانەكایەی گفتوگۆی قوڵ و گۆڕینەوەی ئەزموون.
جێگەی ئاماژەیە، لە ساڵی 2023 بۆ یەكەمجار لە مێژووی هەڵەبجە بە هەوڵی چەند گەنجێكی شارەكە و بە هەماهەنگی لەگەڵ تێدێكس، یەكەم تێدئێكسی هەڵەبجە-ئاشتی بەشداری ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیارەكان لە سەرجەم بوارەكان بەڕێوەچوو تیایدا جەختكرایەوە لە پێكەوەژیان و ئاشتی.
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا و عیراق و سەردانی عیراق و هەرێم دەكات و ئامانجی سەرەكیشی فشاری زیاترە بۆ چەككردنی گروپە چەكدارەكان.
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئەلمۆنیتەر، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، تۆم باراك نێردەی تایبەتیدۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و عیراق و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، سەردانی بەغداد بكات و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و لێپرسراوانی باڵای عیراق كۆببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانجی سەردانەكەی تۆم باراك داواكردنی هەڵوەشاندنەوە و چەككردنی گروپە چەكدارەكانە.
بەپێی راپۆرتەكەی پێگەی ئەلمۆنیتەر، رۆژی سێشەممەی داهاتوو تۆم باراك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی كۆدەبێتەوە.
باس لەوەشكراوە، یەكێك لە رەهەندەكانی تری سەردانەكەی تۆم باراك بەهێزكردنی هاوكاریی ئابوری لە نێوان عیراق و توركیا و كەمكردنەوەی پشتبەستنی عیراقە بە ئێران لە بواری ئابوریی و سیاسیدا.
بەپێی ئامارێکی تەندروستی سلێمانی، لە مانگی رابردوودا 241 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری ئەنجامدراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوودا لە رۆژی (1 بۆ 31-5-2026) لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری 241 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نەشتەرگەرییانەی مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری ئەنجام دراوە، هەشت نەشتەرگەری تایبەت بووە و 71 نەشتەرگەری سەروو گەورە و 45 نەشتەرگەری گەورە و 107 نەشتەرگەری مام ناوەند و 10 نەشتەرگەری بچووك بووە.
هاوكات لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێركاری 139 تیشك و 113 سۆنەر، 84 پشكنینی سیتی سكان، 57 نازوور و 92 چارەسەری سروشتی ئەنجام دراوە، هەروەها شەش هەزار و 206 پشكنینی جۆراوجۆری تاقیگەیی كراوە.
ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کەوتە ناو رووباری چۆمان و بەهۆی روداوەکە کەسێک گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە سێ سەرنشینی تێدابوو، لە رێگای هامڵتۆن نزیک گوندی رەزان وەرگەڕا و کەوتە ناو رووباری چۆمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ماوەیەک لە روداوەکە توانرا هەرسێ سەرنشینەکە بدۆزرێنەوە و لە روبارەکە دەربهێنرێن.
هاتوچۆی سۆران ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە سەرنشینەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کەمێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدا.
سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ یادی لەدایکبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە هەموو قۆناغەکانی ژیانتان مێژوویەکی پڕ سەروەریتان تۆمارکرد.
دەقی پەیامەکەی:
رۆژی لە دایکبوونتان پیرۆز خوشکی ئازیزی هەموومان و هەڤاڵی پێشمەرگە هێرۆخان، مێژوویەکی ژیانی پڕ سەروەریتان تۆمارکرد لە هەموو قۆناغەکان هاوسەرەکەتان سەرۆک مام جەلال -تان جێنەهێشت، نیشانەی تەبایی ناو پێشمەرگە بوویت جگە لە ئەرکی ماڵەوە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوویت، چەتریکی گرنگ بوون بۆ هونەرمەندان و نوسەرانی کوردستان، هەروەها دایکێکی بەسۆز و میهرەبان بوویت بۆ منداڵانی کوردستان لە رێگای رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان .
راو و سیاسەتی بنیاتنەرانەتان هەمووی لە رێگای سیخورمە و خاک و کوردسات دەگواستەوە، زۆر گەورەتر بوویت لە خانمی یەکەمی عیراق بەرنامە کلتوری و مرۆڤایەتییەکان و سیاسەتەکان گشتگیر و رێزلێگیراو بوو لە هەموو شوێنێک، تەمەن درێژبیت و هەر بمێنیت بۆمان
سەعدی ئەحمەد پیرە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
سایلۆی سلێمانی لەبارەی کردنەوەی دەرگای سایلۆکانی بەڕووی جوتیارانی سنوری سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا کات و شێوازی نۆرەگرتنی جوتیاران بۆ رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان رونکراوەتەوە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
ئاگاداری جوتیارانی خۆشەویست دەکەین سبەی رۆژی شەممە رێکەوتی 13ـی 6ـی 2026 دەرگای سایلۆکان بەڕووی جوتیاراندا دەکرێنەوە. بە مەبەستی دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2026. داواکارین لە جوتیاران لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەکەوێتەکار نۆرەکانیان بگرن بۆ هێنانی گەنمەکانیان .
https://hajz.grainboardiq.com/
ماو دیو، جێگری وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانانی سیاسەت و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی خاچی سووری چین، پێشوازی لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان کرد و باسیشیان لە پەیوەندییەکانی عیراق و چین، پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ئاسۆی فراوانکردنی هاوکارییەکان و بەرژەوەندی هاوبەش کرد.
کۆبوونەوەکە دەرفەتێکی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات رەخساند.
ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان رایگەیاند، بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە بڕی یەك ملیار دینار و بە رێژەی 28% كەمیكردووە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی رونکردووەتەوە، داهاتی ئەم هەفتەی سلێمانی لە 6/6/2026 تا 12/6/2026 بڕی سێ ملیار و 504 ملیۆن و 531 هەزار دینار بووە، 93%ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینە و 7% یشی بەشێوەی چەك بووە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەراورد بە هەفتەی رابردووش داهاتەكە بەبڕی یەك ملیار دینار بە رێژەی 28% كەمیكردووە، كە هەفتەی رابردوو بڕی داهاتەكە زیاتر لە چوار ملیار و 894 ملیۆن و 739 هەزار دیناربووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری چالاکییەکانی مانگی رابردووی سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێی راگەیاند و زیاتر لە 100 نەشترەگەری جۆراوجۆر ئەنجامدراون.
بەپێی ئامارەکە، لە رێکەوتی (1ـی5 تا 31ـی 5 ئەمساڵ بەگشتی 106 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە سەنتەرەکەدا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.
ئاماژەبەوەکراوە، نەشتەرگەرییەکان بەپێی قەبارە و جۆرییەکانیان دابەشبوون بەسەر 17 نەشتەرگەری سەرووگهوره، 12 نەشتەرگەری گەورە و 77 نەشتەرگەری ناوەند.
هاوکات لە پاڵ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییانەدا، لە هەمان مانگدا پێشوازی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە نەخۆشان کراوە.
تەندروستی سلێمانی دەشڵێت؛ 110 نەخۆش لە سەنتەرەکە داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 7 نەخۆش سەردانی بەشی (ئی سی جی)یان کردووە بۆ پشکنینی پێویست.
دوای دزینی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی کانی کوردەی سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس توانییان لە ناوچەی پیشەسازی دەستی بەسەردا بگرنەوە.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری 'تویۆتا ئەڤەلۆن' لە گەڕەکی کانی کوردەی شاری سلێمانی لێدزراوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەنجام لەلایەن مەفرەزەکانی هەردوو نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی 'دزینی ئۆتۆمبێل' و نوسینگەی 'بەکرەجۆ'، توانرا ئۆتۆمبێلە دزراوەکە لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت.
پۆلیسی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕرێکارە یاساییەکان، ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و بەپێی مادەی (446) لە یاسای سزادانی عیراقی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
دوای بەرنامەیەکی کوردسات نیوز سەبارەت بەکێشەکانی جوتیارانی کەرکوک وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغداد کێشەی جوتیارانی کەرکوکی گەیاندە وەزیری کشتوکاڵی عیراق.
دوای ئاوەی لەدواین بەرنامەی فایل و دیارە لە کوردسات نیوز کە تایبەت بوو بەکێشەکانی جوتیارانی کەرکوک کەلەو بەرنامەیەدا، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشداربوو، بەڵێنیدا کێشەکانی جوتیارانی کەرکوک بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار لەبەغداد، کێشەکان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتیەوە گەیەندرایە وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند، وەکو فراکسیۆن سەردانەکەمان بۆ لای وەزیری کشتوکاڵی عیراق ئەنجامدا، دوای ئەو بەرنامەیەی من هەمبوو لەگەڵ کوردسات نیوز سەبارەت بەکێشە و داواکاری جوتیارانی کەرکوک بەتایبەت کێشەی وەرگرتنی گەنمی ناو پلان و دەرەوەی پلان و جیاوازیەکانی ،وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەو سەردانەدا داواکاریەکانی جوتیارانی کەرکوکمان گەیاندە وەزیری کشتوکاڵ بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەی کەوا پەیوەندی بەجوتیارانی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی 140ـەوە هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا باسیان لەپشکی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستانیش کرد، لەوەرگرتنی گەنم کە پشکەکە زۆر کەمە بۆیە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی داوایانکرد ئەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ هەرێمی کوردستان رێژەکە زیاد بکرێت، بەتایبەت کەئەمساڵ ئاووهەوا باشبووە و گەنمی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.