لە سەقز خۆپیشاندان بەردەوامی ھەیە و ھێزەکانی سەربە حکومەت ھێرشیانکردووەتە سەر ماڵی ھاووڵاتیان و گەڕەکەکانی شارەکە بۆ ترساندنی خەڵک. ھاوکات لە مەریوان خۆپیشاندان بووە و گرژی لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروست بووە. 

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە لە ناو خۆپیشاندانەکاندا ھێزە ئەمنییەکان منداڵێک لە شاری کرماشان دەستبەسەر دەکەن. 

بەپێی ئەو زانیارییانەشی بەدەستیان گەیشتووە، ھێزە ئەمنییەکان پەیوەندییان بە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانەوە لە شاری مھاباد کردووە و داوای پارەیان لێکردوون. 

بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە کە لە سەقزەوە دەستیپێکرد و دواتر ١٠٥ شاری تری لە سەرتاسەری ئێران گرتەوە، لانیکەم ١٧٦ کەس بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیانلەدەستداوە، کە ٣١یان منداڵن. ھەنگاو راشیگەیاندووە، تائێستا زیاتر لە ٥٠٠ ھاووڵاتی بەتەنھا لە شاری سنە دەستبەسەرکراون.