کوردستانکوردستان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چاوی بە وەفدێکی کۆمینا فیلمی رۆژئاوا کەوت و لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک بۆچوونیان لەسەر رۆڵی هونەر و سینەما و ناساندنی کلتور و مێژوو ئاڵوگۆڕکرد.

لەمیانی دیدارەکەدا کە لە دەزگای میدیایی کوردسات بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان لەسەر رۆڵی هونەر و سینەما لە ناساندنی مێژوو، کەلتور، ناسنامە و پرسی کورد بە جیهان، کرا.

هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە سینەما تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و کارە هونەرییەکان، بەڵکو پەیامبەرێکی بەهێزە بۆ ناساندنی راستییەکانی کۆمەڵگە و پردێکیشە بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوەی نێوان کولتوورە جیاوازەکان. 

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا فیلمسازان و ئەندامانی کۆمەڵەکە؛ قەڵغانی رێزلێنانی هونەرگەی وڵاتیان بەخشییە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەروەها سوپاسگوزاری خۆیان بۆ دەزگای میدیایی کوردسات دەربڕی لەبەرانبەر رۆڵی ئەو دەزگایە لە پشتیوانی و بەرجەستەکردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

لەم روانگەیەوە، پەرەپێدانی هاوکارییە هونەری و کلتورییەکان و گرێدانی پڕۆژە و بەرهەمی هاوبەش بەهەنگاوێکی گرنگ زانرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە رەزامەندی دەربڕی لەسەر داوایەکی لایەنی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە دۆزینەوەی چەند سکۆیەکی هاویشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند: سەرۆکی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، رەزامەند بووە لەسەر داواکارییەکە بۆ ئەرکدارکردنی تیمێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوەکو لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی ئەو سکۆیانەی هاویشتنی درۆن بکەن کە لە نزیک هێڵی سنووریی نێوان عیراق و ئێران دۆزراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: هێرشەکەی ئەمدواییە کە شانشینی عه‌ره‌بیی سعودیەی بە ئامانجگرت، په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی ده‌كات، له‌م قۆناغه‌ چاره‌نووسسازه‌دا، ئارامگرتن و دانبه‌خۆداگرتن رێگا راستەکەیە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی

هێرشەکەی ئەمدواییە کە شانشینی عه‌ره‌بیی سعودیەی بە ئامانجگرت، په‌ره‌سه‌ندنێكی مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی ده‌كات. به‌ توندی ئیدانەی ئه‌م هێرشانە و هه‌ر كرده‌وه‌یەکی توندوتیژ ده‌كه‌ین كه‌ ژیانی هاوڵاتییان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، سه‌روه‌ریی نیشتمانی پێشێل بكات، و ببێتە هۆی ناسەقامگیری په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان.

له‌م قۆناغه‌ چاره‌نووسسازه‌دا، ئارامگرتن و دانبه‌خۆداگرتن رێگا راستەکەیە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ تۆمه‌تباركردن و ئینکارییکردنی یەکتر ئاماژه‌ن بۆ هەستیاریی دۆخه‌كه‌، به‌ڵام بەردەوامبوونی گرژییه‌كان مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و په‌ككه‌وتن و پێكدادانێکی قووڵتر و پێشبینی نه‌كراو ببات. به‌په‌له‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئارامی خۆیان بپارێزن و خۆیان له‌ هه‌ر رێوشوێنێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ یان وتارێکی تووند دوور بخه‌نه‌وه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ بەرەو خراپتر ببات.

ئێستا کاتی جێبەجێکردنی دیپلۆماسییەتە. ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م هێرشانە بكرێت و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بكرێته‌ پێشینه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرفەتی پێویست بۆ گفتوگۆیەکی بونیاتنه‌ر و بێپچڕان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان و لایه‌نه‌ خۆجێییه‌کاندا دابین بكرێت. ئاسایشی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕێگه‌ی هێزه‌وه‌ به‌دی نایه‌ت، به‌ڵکو له‌ رێگه‌ی مامه‌ڵه‌ی شه‌فاف و پابه‌ندبوونێکی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ سه‌روه‌ریی نیشتمانی و ناوچه‌ییه‌وه‌ ده‌بێت.

یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ته‌واوی ئاماده‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێت بۆ ئاسانكاری، پشتگیری و هاریکاریکردن له‌ هه‌ر هه‌وڵێکی ئاشتییانه‌ یان دانوستانێک كه‌ ئامانجی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هاووڵاتییان، و مسۆگه‌ركردنی ئاشتی درێژخایه‌ن بێت له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق و ناوچه‌ فراوانه‌که‌دا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر بڕیاری نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە سبەینێ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی لە قەزای خورماڵ دەست پێ دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەڵەبجە، بەنزینەکە بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر شۆفێرانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.

لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا، هەفتانە تەنکەرێک بەنزینی نۆرماڵی حکومی بۆ قەزاکە دابین دەکرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و شۆفێرانی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لە گرنگیی پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە.

هاوپەیمانیکە ئاماژەی بەوە داوە: کەرکوک هەمیشە نموونەی برایەتی بووە و روونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال  بەم رۆحیەتە کەرکوکی بە (چەپکە گوڵ) وەسف کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: جیاوازییەکان و ئاڵۆزییەکان ؛ە لە راگەیاندنەکان باسدەکرێت خزمەت بە شاری کەرکوک ناکەن و دەبێت سەرجەم جیاوازییەکانی بۆچوون لە رێگەی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکانەوە چارەسەر بکرێن.

هاوکات هاوپەیمانی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا، دووپات کردەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەپێی یاسا، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی حکومەتی خۆجێیی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

لە کۆتاییشدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هەڵمەتە راگەیاندنییەکان رابگرن و دیالۆگ و دامەزراوەکان بکەنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتییان کرد و کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ وەرگرتنی کۆدی سەردانیکردن راگەیاند، بە مەبەستی رێگریکردن لە قۆرخکاری و کارئاسانی بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان.

بەپێی ئاگادارییەکەی بەشی مۆڵەت، بەهۆی بوونی لۆد و پەستانێکی زۆر لەسەر ماڵپەڕی رەسمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی رابردوودا، بڕیار دراوە لە رۆژی شەممە 12ی ئەیلوولی 2026ـەوە هاووڵاتییان لە کاتی پڕکردنەوەی خشتەی تایبەت بە وەرگرتنی کۆددا پابەندی ئەم مەرجانەی خوارەوە بن:

ناوی سیانی: پێویستە بە تەواوی و دروستی تۆمار بکرێت.

ژمارەی تەلەفۆن: پێویستە ژمارەی تایبەتی ئەو کەسە بێت کە مامەڵەکە ئەنجام دەدات.

وێنەی رووخسار: پێویستە وێنەی راستەوخۆ و روونی رووخساری داواکار بێت؛ بەکارهێنانی ئیمۆجی یان وێنەگرتن لە شاشەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی سەردانیکردندا و لە رێگەی ئامێری خوێنەرەوەی QR Code، سەرجەم زانیارییەکان چێک دەکرێنەوە. لە حالەتێکدا ئەگەر زانیارییەکان ساختە بن یان لە سیستەمەکەدا نەبن، مامەڵەی کەسەکە بە هیچ شێوەیەک رایی ناکرێت.

سەبارەت بە کاتەکانی کارکردن، بەشی مۆڵەت روونی کردووەتەوە کە کۆدی نۆرەگرتنی شەفتی بەیانیان لە رۆژانی یەکشەممەوە تا پێنجشەممە بەردەست دەبێت، شەفتی ئێوارانیش تەنها لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە چالاک دەبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە گرتووخانەی كۆبانێ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 17 كەسی تریش برینداربوون و مەزڵوم عەبدیش گەیشتووەتە ئەو شارە.

موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم عەبدی راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون گەیشتووەتە كۆبانێ‌.

وتیشی، مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە رەوشی شارەکە و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چیا کۆبانێ جێگری فەرماندەی فیرقەی 60 لە سوپای سوریا کۆبووەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی گشتیی لە کۆبانێ کشایەوە و لە ئێستادا کاردەکرێت بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشی شارەکە.

لەلایەکی ترەوە سیامەند عەفرینی، جێگری بەرێوەبەری گشتیی ئاسایشی حەسەکە، سەردانی کەسوکاری شەهید سیپانی کرد و رایگەیاند، شەهید 'سیپان حوزنی' شەهیدی ئاشتییە لە نێوان کورد و عەرەب.

هاوکات دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ لەبارەی روداوەکەی شەوی رابردوو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو روداوە، هەروەها دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە شارەکە راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دڵنیایی دەدات کە لەم هەفتەدا موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەم هەفتەیە موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەشڵێت: هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی موچە بۆ هەرێم نییە، کێشەی نەختینە لە عیراق هەبووە و بە زووترین کات چارەسەر دەکرێت و موچەی مانگی هەشت بۆ هەرێم دەنێردرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی هەرێم ئیدانەی هێرشکردنە سەر بۆرییەکانی نەوتی سعودیە دەکات و رایدەگەیەنێت؛ نابێت خاکی عیراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر بۆرییەکانی نەوتی لە شانشینی عەرەبیی سعودیە کرد و رایگەیاند، هاوپشتیی تەواوی خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە دووپاتدەکەنەوە.

هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ رێکارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عیراق دەربڕی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.

لە راگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتیی هەرێم جەختی کردەوە، کە نابێت خاکی عیراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئاماژەی بەوەشکرد، رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ، تاقە رێگەی گونجاون بۆ پاراستنی ئاسایشی عیراق و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە ئاگادارییەکدا داوا لە هاووڵاتییان و سەردانیکاران دەکات منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان نەبەن بۆ ناو نەخۆشخانە.

ئەم داوایەی نەخۆشخانەکە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی منداڵاندایە لە تووشبوون بە ڤایرۆس و بەکتریای گواستراوە، هەروەها رەخساندنی ژینگەیەکی ئارامە بۆ پشوودان و چاکبوونەوەی نەخۆشەکان. هاوکات رێگری لە دروستبوونی ژاوەژاو و قەرەباڵغی لە هۆڵەکاندا دەکات، تاوەکو پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن.

نەخۆشخانەی رزگاری ئاماژەی بەوەش کردووە: هێنانی منداڵ لەلایەن خێزانەکانەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی نەخوازراو.

 جەختیشی کردەوە: پابەندبوونی هاووڵاتییان بەم رێنماییانە زامنی سەلامەتیی منداڵان و خێرا چاکبوونەوەی نەخۆشەکان دەبێت، هاوکات سوپاسی تێگەیشتن و هاوکاریی هەموان دەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ، لەبارەی روداوەکەی شەوی رابردوو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو روداوە.

دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و سووکایەتیکردن بە کەرامەتی هاووڵاتییان و خنکانی نۆ زیندانی لە زیندانی شارەکەدا، پێشێلکارییەکی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، شەوی رابردوو کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەبەوە چوونەتە ناو کۆبانێ و دەستیان بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییان کردووە، لەلایەکی دیکەوە، لە زیندانی شارەکەدا و دوای هەوڵێک بۆ گواستنەوەی زۆرەملێی زیندانییان بۆ دەرەوەی کۆبانێ، ئاڵۆزی و ئاگرکەوتنەوە رویداوە، کە بەهۆیەوە نۆ زیندانی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ ئاشکرایکرد، پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف بکرێت و تەواوی ئەو کەسانەی لەو روداوە بەرپسیارن رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

هاوکات دامەزراوەکە، ماتەمینی گشتیی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری کۆبانێ راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد سبەینێ سەعات 5ـی ئێوارە، بەشداریی لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی قوربانییاندا بکەن

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و نیمچە هەور.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و نیمچە هەور، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە و لە کاتەکانی ئێوارەدا لە هەندێک ناوچە پەڵە هەور و نیمچە هەور پێکدێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە گرتووخانەی كۆبانێ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 17 كەسی تریش برینداربوون و تائێستا هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە ئاشكرا نەكراوە.

موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو حكومەتی سوریا دەستیكرد بە دەستگیركردنی ئەو كەسانەی خۆپیشاندانیان كرد لە دژی شەهیدبوونی شەڕڤانێك بە دەستی چەند چەكدارێكی عەرەب لە دیرەزور و رەوانەی گرتووخانەی كۆبانێی كردن.

پەیامنێری كوردسات نیوز وتیشی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لەو گرتووخانەیەی كۆبانێ كەوتەوە و بووەهۆی گیانلەدەستدانی نۆ كەس و برینداربوونی 17 كەسی تر.

دەشڵێت، بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی كۆبانێ كراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و تائێستا هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بە رەسمی ئاشكرا نەكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی کوردسات نیوز لە رێگەی پەیامنێرەکانییەوە لە رۆژئاوای کوردستان، بەدواداچوونی بۆ دۆسێی شەهیدکردنی شەڕڤانێکی هەسەدە کرد، میدیا سەربەخۆکانی سوریا کوردسات نیوزیان وەک سەرچاوەیەک بۆ راستی و دروستی بەکارهێنا.

کوردسات نیوز لە سەرەتای هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، لەڕێگەی موهەنەد ئیبراهیم و دارا بەرەکات لە رۆژئاوای کوردستان، بەردەوام شایەتحاڵێکی راستگۆ و بوێری گواستنەوەی راستییەکان بووە.

دوابەدوای ئەوەش، لە ساتی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، دووبارە کوردسات نیوز وەک هەمیش گوێزەرەوەی راستییەکان بووە لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ سەرتاسەری جیهان.

ئێستاش کە 'سیپان حوزنی' شەڕڤانی هەسەدە لەلایەن گروپێک لە چەکداری چەند هۆزێکی عەرەبییەوە لە حەسەکە رفێنرا و دواتر لە دێرەزوور شەهیدکرا، کوردسات نیوز بەردەوام بوو لە رووماڵکردنی ئەم دۆسێیەش و بەهۆی راستگبێژی و راستگۆیی لە گواستنەوەی هەواڵەکانەوە، 'روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ'یش وەک میدیاکی سەربەخۆ لە سوریادا، کوردسات نیوز وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی خۆی بەکاردەهێنێت و هەواڵ و بابەتەکانی لێوە پشتڕاستدەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە پچڕانی کارەبا لە دهۆک و زاخۆ دەبێت.

وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراوکەدا ئاماژەی بەوەداوە، که سبەینێ شەممە پچڕانی کارەبا لە سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەبێت. لە سەعات 4:00ی بەیانی تا 10:00ی بەیانی.

راشیگەیاندوە، پچڕانی کارەباکە بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی تەواوکاری چاکسازی لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی 132 kV لە نێوان هەولێر و دهۆک، بە ئامانجی پاراستن و بەردەوامیدان بە جێگیریی تۆڕی نیشتمانیی کارەباوە دەبێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا سوپاسی تێگەیشتنی هاوبەشانی کارەبا دەکات لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەم کارەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە حەوت ملیار  دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو شەش ملیار دینار كەمیكردووە.

ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ خستنەڕووی داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان ئاشكرایكردووە، داهاتی ئەم هەفتەیە، بڕی حەوت ملیار و 162 ملیۆن و 753هەزار ، 977دینار بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو شەش ملیار دینار كەمیكردووە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو بڕی داهات زیاتر لە 13 ملیار  دینار بووە.

بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، 85%ی ئەم داهاتە بەشێوەی نەختینەو 15% بەشێوەی چەك بووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2122232425...1015