کوردستانکوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجامی دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا، بە مەبەستی دەستپێکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد،: بۆ ئەمساڵ بە کۆی گشتی (40.716) دەرچوو لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان مافی پێشکەشکردنی داواکارییان هەیە. لەو ژمارەیەش:

-بەشی زانستی: ٣٠,٨٤٧ دەرچوو

-بەشی وێژەیی: ٧,٩٢٣ دەرچوو

-ئامادەیی پیشەیی: ١,٢٤٠ دەرچوو

-خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان: ٧٠٦ دەرچوو

ناوبراو جەختیشی کردەوە: ئەو دەرچووانە لە یەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێل، و ئێواران) لە 16 زانکۆی حکومیی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 پێشکەش بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزیری پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
 
دەقی راگەیەندراوەکە 
 
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان،
هێزی پێشمەرگەی کوردستان،
هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی،
 
ئەمڕۆ بە شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن ڕادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
 
دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و ڕێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان کرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە.
 
لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی وکۆنترۆڵ ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر)
ڕێکخرانەوە.
 
بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێین کە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەکار دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
 
ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.
 
شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان
سەربەرزی بۆ هێزی پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەیلولی ٢٠٢٦
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئێلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق کرد.

ئێلبروس کۆتراشێڤ بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عیراق ماڵئاوایی لە سەرۆک بافڵ کرد, سەرۆکی یەکێتی سوپاسی پشتیوانی و پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئێلبروس کۆتراشێڤی کرد وەک دۆستێکی نزیکی گەلی کورد و یەکێتی و وتی: بۆ هەمیشە رۆڵ و خزمەتەکانت لە بیرناکەین کە فاکتەرێکی بەهێزبوون بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و رووسیا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کۆبووەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نەک تەنها بەشێک نیە و نابێت لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری ئەدمیراڵ ئیدوارد ئاڵگرین، راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان نەک تەنها بەشێک نییە و نابێت لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵکو هەوڵیانداوە هۆکارێکی یارمەتیدەربن بۆ هێوربوونەوەی شەڕ و بارگرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەشیان خستەڕوو، رەوشی ناوچەکە پێویستیی بە شەری زیاتر نییە و لەبەرژەوەندی هەمواندایە، کەناکۆکییەکان لە رێی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر راسپاردەی بانکی ناوەندیی عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لادانی بەپەلەی بۆ سەرجەم نووسینگە و کۆمپانیاکانی تایبەت بە فۆڕێکس و ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەرکرد.

دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە، راستەوخۆ دەست بە داخستنی ئەو ناوەندانە بکەن کە بەبێ مۆڵەتی رەسمی کار دەکەن، هاوکات بڕیارەکە ئەو کۆمپانیا و گرووپانەش دەگرێتەوە کە هەوڵ دەدەن لەژێر ناونیشانی بازرگانیی جیاواز یان رێگەی فێڵکارییەوە درێژە بە هەمان چالاکی بدەن.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئامانج لەم بڕیارە رێگرییە لە فێڵکاریی دارایی، پاراستنی سەرمایەی هاووڵاتییان و راگرتنی بازرگانیی نایاسایی بە دراوەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ناو شاری سلێمانی، کرێکارێک بە ناوی (نازم مەزھەر فەرحان) لە نهۆمی 14ی باڵاخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

کرێکارەکە بە رەگەز عەرەبە و خەڵکی ناوچەی مەخموورە، لەدایکبووی ساڵی 1994ە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، دەروون ڕزگار ڕەشید، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، لیژنەکانی سەندیکای راسپارد بە وردی بەدواداچوون بۆ روداوەکە بکەن.

هاوکات جەلیل حسین دەروێش، نوێنەری لقی سلێمانیی سەندیکاکان لە لیژنەی سەلامەتیی کرێکاران و ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەتی سلێمانی، گەیشتنە شوێنی روداوەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرد.
 
 
بێستون سەلام، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند: بە ئەگەرێكی زۆرەوە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو موچەی مانگی 8 رەوانەی هەرێم دەكرێت.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رۆژی 20ـی ئەیلولی وەک یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کرد.

لەم بارەیەوە پەیمان خواجە وتەبێژی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 20ـی 9ـی 2026 دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە.

وتیشی، ساڵنامەی خوێندنی 2026-2027 پەسەندکراوە و لەو رۆژەوە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، جلوبەرگی ساڵی نوێی خوێندنی بۆ سەرجەم ئاستەکان دیارکرد و هەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ خوێندنی ئەمساڵ تەواو کراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان وەڵامی داواكەی قوباد تاڵەبانی دایەوە سەبارەت بە هۆكاری گیانلەدەستدانی خوێندكارە كوردەكە لە چین و ئامادەییی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ خێزانی ئەو خوێندكارە.

كونسوڵخانەی گشتیی چین ئاماژەی بەوە كردووە، محەمەد سەعدەدین هادی، خوێندكاری دكتۆرای لە زانكۆی زەریای چین و خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە، درەنگانی شەوی 8ی ئەم مانگە لە رووداوی خنكانی ئاگادار كراونەتەوە.

دووپاتیشیكردەوە، ئامادەن هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بكەن بۆ گەشتكردنی كەسوكاری محەمەد بۆ چین و تەواوكردنی رێكارەكان بۆ هێنانەوەی تەرمەكەی.

پێشتریش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  لەگەڵ لیۆ جون، كونسوڵی گشتیی چین كۆبۆوە و داوایكرد هەرچی زووتر هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو خوێندكارە كوردە روونبكرێتەوە و كارئاسانی پێویست بكرێت بۆ هێنانەوەی تەرمەكەی بۆ كوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایدەکات، بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سلێمانی قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرەکی سەرچنار بەڕێوەناچێت.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەهۆی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە شاری سلێمانی، هەڵمەتی قیرتاوکردنەوەی شەقامی سەرەکی سەرچنار 'لە مەودای ترافیک لایتی نزیک بەنزینخانەی تاڤگە تا بەردەم سیتی سینەما' رادەگیرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، شەقامەکە بە سەربەستی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا تەواوبوونی کاتی فێستیڤاڵەکە کە بڕیارە چەند رۆژێک بخایەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو، کە بە پاڵپشتیی میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات و بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، ئەکتەر، سینەماکاران و فیلمسازان بەڕێوەچوو.

لەو ئێوارە هونەرییە پڕشکۆیەدا، لە نێو هەستی قوڵی هونەری و ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتیی دیار و ناسراوی بواری سینەما و هونەر، بەرهەمی هونەری  جۆراوجۆر پێشکەش کران. 

بەشداریی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەم بۆنە هونەرییەدا، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی هونەر و سینەما لە پەرەپێدانی کلتور، ڕۆشنبیری و ئاوێتەبونی کۆمەڵگەکان، هەروەها پشتگیریی بەرهەمهێنەرانی بواری هونەر و فیلمسازیی کوردی لەپایتەختی ڕۆشنبیری.

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی یەکێکە لە بۆنە هونەرییە گرنگەکان، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ناساندنی توانای هونەری و سینەمایی کورد و بەستنەوەی پەیوەندی و کاری هاوبەشی هونەرمەندانی ناوخۆ بە بواری سینەمای نێودەوڵەتییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارەبای سلێمانی درێژکردنەوەی سەعاتەکانی دەوامی تا 9ـی شەو راگەیاند، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتییان تا لە دوا رۆژدا سوود لە لێخۆشبوونی ٪50ـی قەرزی کارەبا وەربگرن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کرد و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی سبەینێ پێنجشەممە دوا رۆژی لێخۆشبوونی ٪50ی قەرزی کارەبایە، تا سەعات 9ـی شەو دەوام دەکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی کۆنی کارەبا.

کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی 'رۆژهەڵات، رۆژئاوا و دەربەندیخان' تا سەعات 9ـی شەو لە دەوام دەمێننەوە.

کارەبای سلێمانی داواش لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدی باڵای دانوستانکاری هەرێم لە بەغداد زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدراڵ ئەنجامدا، بە مەبەستی جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێم لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027.

ئەمڕۆ، وەفدی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ

لە سەرەتادا، وەفدەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە خستەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و روون بۆ رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت.

لە بەرانبەردا، وەزیری دارایی فیدراڵ پێشوازی لە بەشداری وەفدی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە رۆشنایی دەستور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆبوونەوە لە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ

دواتر، وەفدەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار.

هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سودەکانیان بەشدارە، بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.

لە بەرانبەردا، وەفدی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ پێشوازی لە پێشنیازەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. هەردوولاش لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا رێککەوتن.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ

لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.

ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.

وەفدی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدراڵ.

لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و وەفدی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیازەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت

لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە رێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستوری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاری دارایی و ئابوری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستوری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرانبەردا جەختی لە بەرپرسیارییەتی حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی موچە و ماف و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی تری عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە و هەردوولا ئامادەییان نیشاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، لەو بارەیەوە هەردوو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق پێبێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، و هەر شتێک کە لە داهاتوودا رودەدات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردولا جەختیان کردووەتەوە، بۆ کۆتاییهێنان بەم رەوشە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەموو رێگەیەکی چارەسەر دەگرنەبەر .

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا یەکێتی و نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەکردووە، وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەیان کراوەیە بەڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی 'هاریوان مەروان تەحسین بەگ'برازای میری ئێزدییان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی میر حازم تەحسین بەگ و کەسوکاری کۆچکردوو دەکات.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی.....

بەڕێز میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان

بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی برازای ئازیزتان هاریوان مەروان تەحسین بەگ غەمبار و دڵگران بووین. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو کەسوکاری کۆچکردوو دەکەین و هاوبەشی خەمتانین. روحی شاد بێت و خوای گەورە ئارامی و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ کۆبوونەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

ئەمە لە كاتێكدایە، رۆژی 2ی تەمموز رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا كرا، هاوپەیمانێتیەكەش بە وەرچەرخانێكی ستراتیژی و سەرەتای قۆناغێكی نوێی سیاسی و حكومڕانی وەسفدەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2223242526...1015