نهێنییەکی تری 75 هەزار ساڵەی نیاندەرتاڵەکانی شانەدەر ئاشکرا بوو
بڵند
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانیدا، ئاشکراکردنی توێژینەوەیەکی زانستیی نوێی گۆڤاری (Scientific Reports) راگەیەندرا، کە تیشک دەخاتە سەر پاشماوەکانی «شانەدەر A» بە تەمەنی 75 هەزار ساڵ.
بەپێی توێژینەوەکە کە سەرپەرشتیارەکەی دکتۆر ئێما پۆمیرۆییە، کونێکی بازنەیی بە پانیی 15 ملم لە ئێسکی شانی ئەم نیاندەرتالەدا دۆزراوەتەوە کە رەنگە کۆنترین بەڵگەی بێت لەسەر توندوتیژیی کوشندە بە بەکارهێنانی رمی دارینی تیژکراو کە بەرەو دڵ ئاراستە کرابێت.
سەرەڕای ئەم کۆتاییە توندوتیژە، بوونی برینی پێشوتری چاکبوەوە لە دەموچاویدا دەریخستووە کە ئەم کەسە دوای برینداربوونی سەخت لانیکەم ساڵێک ژیاوە، ئەمەش بەڵگەیەکی رونە لەسەر بوونی چاودێری، هاوسۆزی و پەیوەندیی قوڵی کۆمەڵایەتی لەنێوان نیاندەرتالەکاندا.
محەمەد لەشکری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار ئاماژەی بەوەداوە، ئەم هاوکارییە درێژخایەنە دەروازەیەکی جیهانییە بۆ ناساندنی دەوڵەمەندیی مێژویی ناوچەکە و لای خۆشیانەوە توێژەرانی کەیمبریج جەختیان لەسەر گرنگیی پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەواری هەرێم و سۆران کردەوە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە زانستییەدا کە بە شێوەیەکی هاوکات بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاوکرایەوە.



