بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلی کورد لە سوریا دەکەین
محەمەد رزگار
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆبووەوە و رایگەیاند؛ پشتیوانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلی کورد لە سوریا دەکەن و هاوکار دەبن بۆ زامنکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و سەقامگیری لە سوریای نوێدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئامادەبوون، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران.
بارودۆخی گشتیی سوریا و پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ پشتیوانیی نەگۆڕی یەکێتی بۆ مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد لە سوریا دەکەین و هاوکاری هەر هەنگاوێک دەبین کە زامنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و هێنانەدیی سەقامگیری بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان لە سوریای نوێدا.
لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی بە پێزانینەوە رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتی بەرزنرخاند لە سەرخستنی گفتوگۆکان لە سوریا و پاراستنی مافی کورد لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندا.


