
وەزارەتی دارایی عیراق پارەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی خەرجكرد و ئەمڕۆ پارەكە دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند: موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە خەرجكراوە و ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممە دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت و تا رۆژی پێنجشەممە كۆتایی بە دابەشكردنی موچە بهێنرێت.
لەبارەی موچەی موچەخۆرانی گرێبەستیشەوە سەرچاوەكە وتی، دوای تەواوبوونی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەمیشەیی، دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی داهات بۆئەوەی لەماوەی هەفتەیەكدا موچەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش دابەش بكرێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی هێرشەکانی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بە پێنج موشەک هێرشکراوەتە سەر چەند ناوچەیەک لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، سەعات (03:10) خولەکی بەیانی رۆژی دووشەممە 14ـی 9ـی 2026 بە(پێنج) موشەک هێرشکرایە سەر ئەم ناوچانە.
لەئەنجامی هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بەپێویستی دەزانین، داوا لەهاوڵاتیان بکەین لەدوای هێرشەکان نزیکی شوێنەکان نەبنەوە و دەستکاری پارچەو پاشماوەکانی موشەک و درۆن نەکەن لەپێناو پاراستنی سەلامەتیان.
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێک لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیرکرا، کە بڕی چوار ملیۆن دیناری لەناو دەغیلەی ماڵێکدا دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە بڕی چوار ملیۆن دیناری لەناو دەغیلەی ماڵەکەیدا لێدزراوە، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق توانیان شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، لە کاتی دەستگیرکردنەکەشیدا توانرا دەستبەسەر تەواوی بڕە پارە دزراوەکەدا بگیڕێت.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2003ـە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاشکرای کرد: ئاسمان لە زۆربەی کاتەکاندا ساماڵ دەبێت و خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کم/سەعاتدا دەبێت بە ئاراستەی باکوری خۆرئاوا.
بەپێی کەشناسی، پلەکانی گەرما بە بڕی 1 تا 2 پلە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزمتر دەبنەوە. لە بەرزترین پلەکانی گەرمای تۆمارکراودا، گەرمیان بە 41 پلە بەرزترین و حاجی ئۆمەران بە ٢٨ پلەی سیلیزی نزمترین پلەی گەرمییان تێدا تۆمار دەکرێت، هەروەها لە هەولێر ٣٩، سلێمانی ٣٦، دهۆک ٣٨، هەڵەبجە ٣٨ و چەمچەماڵ ٣٩ پلەی سیلیزی دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە (١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، ئاسمان لە ساماڵەوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا. پلەکانی گەرماش بە جێگیری دەمێننەوە و نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بریندارێكی ئاگركەوتنەوەكەی گرتووخانەی كۆبانێ گیانی لەدەستدا و 17 گەنجی دەستگیركراویش لە زیندانی حەلەب ئازادكران.
میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی گرتووخانەی كۆبانێ، بەهۆی گیانلەدەستدانی یەكێك لە بریندارەكانەوە بەناوی ئەحمەد عەقیل بۆ 10 حاڵەت بەرزبووەتەوە و بەوەش ئاماری بریندارەكان بووەتە 19 كەس كە رەوشی سێ كەسیان ناجێگیرە.
پەیامنێری كوردسات نیوزیش لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، 17 گەنجی كوردی دانیشتووی كۆبانێ كە لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی دەربڕینی ناڕەزاییەوە دەستگیركرابوون و رەوانەی زیندانی حەلەب كرابوون، ئازادكران.
لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە گرتووخانەی كۆبانێ، نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 20 كەسی تریش برینداربوون، زۆربەشیان ئەو هاووڵاتیانەی رۆژئاوای كوردستان بوون كە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیركرابوون لە دژی شەهیدكردنی شەڕڤانێك لەلایەن چەند چەكدارێكی عەرەبەوە.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە یاوەری وەفدێکی وەزارەت، سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتی چینی لە هەولێر کرد، بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمی و بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسی گیانلەدەستدانی خوێندکاری دکتۆرا (محەمەد سەعدالدین هادی) لە چین و ئاسانکاری بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەسەر بەدواداچوونی یاسایی کەیسەکە کردەوە و ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ رەوانەکردنی وەفدێک بۆ چین بە مەبەستی روونکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی و ئاسانکاریکردن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی، تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دڵنیایی بداتە خانەوادەکەی و خوێندکارانی کورد لەو وڵاتە.
لە بەرانبەردا، کونسوڵی گشتیی چین هاوخەمیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لە ئێستادا باڵیۆزخانەی عیراق لە چین لەگەڵ زانکۆی دەریایی چین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی هۆکاری روداوەکە، و دڵنیاییدا کە کەیسەکە لەلایەن تیمێکی پیشەیییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی کۆندا (لە 3ی ئاب تا 10ی ئەم مانگە)، نزیکەی 800هەزار هاوبەش لە سەرانسەری هەرێم سوودیان لە بڕیاری داشکاندنی 50٪ی قەرزی کۆنی کارەبا وەرگرتووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی هاوکاریکردنی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزە کۆنەکان بووە پێش جێبەجێکردنی تەواوەتیی "پڕۆژەی رووناکی" و گواستنەوە بۆ سیستەمی نوێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێکی زۆری ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر بووە توانیویانە لەو دەرفەتە سوودمەند ببن و جەختیشی کردووەتەوە کە لەسەر پشتیوانیکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بەردەوام دەبن.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دەزگا ئەمنییەکان و هاووڵاتییان و خێراکردنی ئاستی وەڵامدانەوەی روداوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی خستنەگەڕی هێڵێکی گەرمی نوێی راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان هاوشانی هێڵی گەرمی ژمارە (105)، هێڵی گەرمی ژمارە (194)ی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان کارا کردووە.
ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەی بەردەوام و(24)سەعاتی ئامادەی وەرگرتنی پەیوەندییەکان دەبێت، تاوەکو هاووڵاتییان لە کاتی رودانی هەر بارۆدۆخێکی نەخوازراو یان کتوپڕدا بە خێرایی پەیوەندی بە هێزەکانی پۆلیسەوە بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دایە ئەو هاووڵاتیانەی نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ چووە و رایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە دوا وادەیە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانی ناو فۆرمی حەج.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە دوا مۆڵەتی خستە بەردەم ئەو هاووڵاتیانەی کە نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ چووە بە مەبەستی راستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو فۆرمی تۆمارکردنی حەج، و جەختی کردەوە کە رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەیلولی 2026، دوا وادە دەبێت بۆ چاککردنی زانیارییەکان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە شێوەیەکی جدی پێداچوونەوە بۆ زانیارییەکانیان بپەڕێنن و نامەکانی ئاگادارکردنەوە پشتگوێ نەخەن، چونکە هەر کەسێک تا وادەی دیاریکراو فۆڕمەکەی راست نەکاتەوە، مافی بەشداری کردنی لە تیروپشکی پرۆسەی حەجدا دەفەوتێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رێکاری رەفتاری پیشەیی مامۆستایان و خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئیمزا کرد، کە رێگری دەکات مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات.
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رێکارەکەی ئیمزا کردووە کە تەواوی زانکۆ، ئەنجومەن، دەستە و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەروەها ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دیاریکردنی ستانداردەکانی رەفتاری پیشەیییە لە قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی، خوێندنی باڵا و بۆردی کوردستانی.
تەوەرەی یەکەم، رەفتاری ئەکادیمی و پیشەیی مامۆستایان رەفتاری یەکسان: قەدەغەیە جیاوازی لە نێوان خوێندکاراندا بکرێت لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە، رەگەز، بیروڕا، یان باری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
پەیوەندییەکانی مامۆستا و خوێندکار: قەدەغەیە مامۆستا پەیوەندی سۆزداری، هاوسەرگیری، یان پەیوەندی تەلەفۆنی تایبەت لەگەڵ خوێندکاراندا دروست بکات. لە حەڵەتی هاوسەرگیری لە کاتی خوێندندا، مامۆستاکە دەگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی بەش و کۆلێژەکە.
پەیوەندیی تەلەفۆنی: پەیوەندییەکان دەبێت لە رێگەی ئیمەیڵی رەسمی، پلاتفۆرمی زانکۆ (LMS)، یان لە رێگەی نوێنەری پۆل و سەرۆک بەشەوە بێت.
رێگریکردن لە بەرتیل و دیاری: وەرگرتنی دیاری لە خوێندکاران بە بەرتیل هەژمار دەکرێت و کەیسەکە رەوانەی دادگا دەکرێت.
رێگریکردن لە بەرژەوەندیی خزمایەتی: مامۆستا بۆی نییە وانە بڵێتەوە، بێتە سەرپەرشتیار یان ئەندامی لیژنەی تاوتوێکردن، ئەگەر خوێندکارەکە خزمایەتی تا پلە چوار لەگەڵیدا هەبێت.
شێوازی وانەوتنەوە: دەبێت وانەکان بە بێلایەنی بڵێنەوە و دەستەواژەی هاندەر بۆ دووبەرەکی، جیاکاری نەتەوەیی یان ئایینی بەکارنەهێندرێت.
هەڵسەنگاندن و نمرەدان: نمرەی خوێندکاران تەنها لەسەر بنەمای هەوڵ و کۆششی زانستی دەبێت و نابێت پەیوەندییە کەسییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان هەبێت.
پاراستنی ئاکاری گشتی: قەدەغەیە مامۆستا لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان بچێتە ناو حەرەمی زانکۆ یان هۆڵەکانی خوێندن.
گەیاندنی زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: دەبێت مامۆستایان بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن بۆ پاراستنی ناوبانگی زانکۆ.
تەوەرەی دووەم: رەفتار و ئەرکەکانی خوێندکاران پشت بەستن بە توانای خۆیی: خوێندکار دەبێت لەسەر بنەمای توانای زانستی خۆی نمرە بەدەستبهێنێت و قەدەغەیە پەنا بباتە بەر واسیتە، فشار، یان هەڕەشەکردن لە مامۆستا.
پەیوەندی رەسمی: خوێندکاران بۆیان نییە پەیوەندی کەسی یان تەلەفۆنی راستەوخۆ لەگەڵ مامۆستا دروست بکان یان بانگهێشتی خوان و پێشکەشکردنی دیاری بکان.
پۆشاک و کۆدی جلوبەرگ: دەبێت خوێندکاران رەچاوی ئادابی گشتی و کولتوری کۆمەڵگە بکەن و پابەندی رێنماییەکانی (Dress Code)ی زانکۆ ببن.
بەکارهێنانی مۆبایل: بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو هۆڵەکاندا قەدەغەیە، مەگەر بە رەزامەندی مامۆستا و بۆ مەبەستی فێربوون بێت.
تۆمارکردنی دەنگ و وێنە: تۆمارکردنی وێنە، ڤیدیۆ یان دەنگی مامۆستا لە کاتی وانەدا بە بێ رەزامەندی پێشوەختە بە تەواوی قەدەغەیە.
ناوهێنانی مامۆستا: پێویستە لە کاتی ناوهێناندا پاشگری زانستی یان پێشگری "مامۆستا" بەکاربهێندرێت.
پاراستنی ئارامی و کەلوپەلەکان: ئەنجامدانی چالاکی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی یان سازدانی ئاهەنگی کەسی (وەک رۆژی لەدایکبوون) لە ناو حەرەمی زانکۆدا بە بێ مۆڵەت قەدەغەیە.
قەدەغەکردنی ماددە زیانبەخشەکان: بردنەژوورەوەی چەک، خواردنەوە کحولییەکان، یان دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ژینگەی ئۆتۆمبێل یان هۆڵەکان قەدەغەیە.
ئامادەبوون لە وانەکان: دواکەوتن لە وانەی یەکەم تەنها تا 10 خولەک بە پاساوی رەوا رێگەپێدراوە، لە وانەکانی تردا مامۆستا سەرپشکە لە رێگەنەدان بە چوونی خوێندکار بۆ ناو هۆڵ.
تەوەرەی سێیەم: حوکمە گشتییەکان هەفتەی ئاڕاستەکردن (Orientation): زانکۆکان پێویستە لە هەفتەی یەکەمی خوێندندا رۆژێک بۆ ئاشناکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بە رێنماییەکان تەرخان بکەن.
سەرپێچی و سزاكان: هەر جۆرە جیاکاری یان سەرپێچییەک بەپێی یاسای بەرژەوەندیکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژماره (14)ی ساڵی 1991 و رێنمایی بەرزەفتکردنی خوێندکاران دادگایی یان رێکاری یاسایی لەبەرانبەر دەگیرێتەبەر.
قەدەغەکردنی جگەرەکێشان: جگەرەکێشان و ڤەیپ لە ناو زانکۆ قەدەغەیە، جگە لەو شوێنانەی تایبەت دەکرێن (Smoking Area).
پاراستنی نهێنی سکاڵاکار: ناو و ناسنامەی ئەو کەسانەی سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکان پێشکەش دەکەن بە نهێنی دەپارێزرێت.
جێبەجێکردن: ئەم رێکارە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بوار جێبەجێکردن و بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) و ساڵانی دواتر بەکاردەهێندرێت.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێکی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی سیپان حوزنی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "شەهید سیپان بە خوێنی خۆی جارێکی تر سەلماندی کە ڕێگای بەرگری و فیداکاری، ڕێگایەکی پڕ لە قوربانییە".
دەقی پەیامەکەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
بەدڵێکی پڕ لەخەمەوە پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهید سیپان حوزنی، ئەندامی هەسەدە و شەڕڤانی لیوای حەسەکە، دەکەم؛ کە لەتاوانێکی دڕندانەدا شەهیدکرا.
شەهید سیپان بە خوێنی خۆی جارێکی تر سەلماندی کە ڕێگای بەرگری و فیداکاری، ڕێگایەکی پڕ لە قوربانییە.
بەشداری خەمی بنەماڵەی شەهیدم و لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت، ئاشتی باڵ بکێشێتەوە بەسەر ناوچەکەدا.
یاد و ناوی شەهید سیپان حوزنی بۆ هەمیشە بە ڕێز و شانازییەوە دەمێنێتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
لە روداوێکی دەگمەندا لە هەولێر، پزیشکێک چاوی نەخۆشێکی کوێرکردووە و دواتریش سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، هاوسەری نەخۆشەکە دەڵێت، "پزیشکەکە سوکایەتی پێکردین".
ئەو کەسەی چاوێکی لەدەستداوە دەڵێت: هەست دەکەم کەیسەکەم لە هەموو شوێنێک بەلاڕێدا دەڕوات و پزیشکەکە دەیەوێت کەیسەکەم 'دەمکوت' بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: داواکارم بەدواداچوون بکرێت بۆ بڕوانامەی پزیشکەکە چونکە تەنها بەناو پزیشکە.

هاوسەری نەخۆشەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سێ مانگ پێش ئێستا هاوسەرەکەم کێشەی لە چاویدا بۆ دروست بوو، چوینە لای ئەو پزیشکە، وتی کۆمەڵێک دەرزی بەکاردەهێنین گەر چاک نەبوو 'لێزەر'ـی بۆدەیەکن، بە هیچ جۆرێک باسی نەشتەرگەری نەکرا.
هاوسەری نەخۆشەکە زیاتری بۆ کوردسات نیوز باس کرد: دوای دەرزییەکان رەوشی هاوسەرەکەم باشتر بوو، بەڵام پزیشکەکە وتی گەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت کوێر دەبێت، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە چاوەکە نەیبینی، چوینە لای دکتۆرەکە وتی دەبێت نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکەین، ئێمە چوینە لای چەند پزیشکیکی تر بەڵام وتیان کێ نەشتەرگری بۆکردووە با هەر ئەو بۆی بکات.
"دواتر توشی پچڕانی 'شەبەکەی چاو' بوو، چوینەوە لای پزیشکەکە، وتی پێویستە نەشتەرگەری بۆبکرێت و چوار دەرزی لە چاوی دا، دواتر هاوسەرەکەم باش نەبوو، چوینەوە لای دکتۆرەکە و پێمان وت کە متمانەمان پێت نەماوە"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.

زیاتر بۆ کوردسات نیوز باسدەکات و دەڵێت: پزیشکەکە توڕەبوو وتی 'من خودا نیم' پاڵی بە دایک و باوکی نەخۆشەکەوەنا و کردنیە دەرەوە و سوکایەتی پێکردن، سکاڵامان تۆمارکردووە بەڵام کارەکان زۆر بە هێوشی بەڕێوەدەچن.
"سەرەڕای ئەوانە، من و دایک و باوکی نەخۆشەکە بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراین و لێکۆڵینەوەمان لێ کرا"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.
وەزارەتی دارایی عیراق پارەی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی خەرجكرد و سبەینێ دووشەممە پارەكە دەگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی خەرجكرد و سبەینێ وەزارەتی دارایی هەرێم پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی وەردەگرێت.
بەپێی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممە دەست بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران بكرێت و تاوەكو رۆژی پێنجشەممە كۆتایی بە دابەشكردنی موچە بهێنرێت.
لەبارەی موچەی موچەخۆرانی گرێبەستیشەوە سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەمیشەیی، دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی داهات تا لەماوەی هەفتەیەكدا موچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكرێت.
کەجەکە لەبارەی روداو و پێشهاتەکانی ئەم دوایەی کۆبانێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: هەرچەندەش رێژەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا کەم بن، بە واتای ئەوە نایەت کە بێ خاوەن بن.
کۆما جڤاکێن کوردستان 'کەجەکە' لەبارەی شەهیدکردنی 'سیپان حوزنی' شەڕڤانی هەسەدە و دەتگیرکردنی کۆمەڵێک هاووڵاتی مەدەنی لە کۆبانێ و گیانلەدەستدانی بەشێکیان، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ناردنی هێز لە حەلەب و دیمەشقەوە بۆ كۆبانێ بەردەوامیی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی بەعسە و بەرتەسككردنەوەی پەروەردە بە زمانی كوردی، رەتكردنەوەی راستەقینەی ئیرادەی گەلی كوردە.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێگریكردن لە خوێندنی كوردی بەپێچەوانەی پرۆسەی تێكەڵبوونی دیموكراتیكە و پەروەردەی زمانی دایك هێڵی سوورە و گەلی كورد دەستبەرداری دەستكەوتەكانی نابێت.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، پێویستە حكوومەتی كاتیی دیمەشق لە هەموو دەستوەردان و هەڵوێستێك كە زیان بە ئاشتی دەگەیەنێت خۆبپارێزێت و دەبێت ئەوەش بزانێت؛ داننان بە ماف و ناسنامە جیاوازەكاندا تاكە رێگەی دەستەبەركردنی ئارامی و سەقامگیریی سوریایە.
تیرۆرستانی داعش لە دەریاچەی حەمرین هەڵیانکوتاوەتە سەر بەلەمێکی راوەماسی و چوار ماسیگریان رفاندووە و بەهۆی ئەو روداوەشەوە، راوەماسی بۆ ماوەیەکی کاتی لە دەریاچەکە قەدەغەکرا.
تەها محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چوار ماسیگر کە بۆ راوە ماسی چووبوونە دەریاچەی حەمرین، لەلایەن چەند تیرۆرستێکی داعشەوە رفێنران.
ئاماژەی بەوەشدا، دوابەدوای ئەو روداوە، هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکرانەوە و دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی کێوماڵ و گەڕان کرد و دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان، دووان لە رفێنراوەکان توانیان لەدەست تیرۆرستەکان رزگاریان بێت.
ئەوەشی روونکردەوە، بەهۆی ئەو رووداوە هێزە ئەمنیەکان قەدەغەی راوەماسیان لە دەریاچەی حەمرین راگەیاند و داواشیان لە راوچیەکان کرد پابەندی بڕیارەکان بن تا ئەوکاتەی رەوشی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.
وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەشداریی حکومەتی هەرێم لە ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی دانوستانکار ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم دواییەی خۆی لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدڕاڵ خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تێڕوانین و پێشنیارە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2027 تاوتوێکران.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێگیرکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بە تایبەتی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دواخستن.
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرنگە بە بەردەوامی گفتوگۆ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆن و نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەبێ جیاوازی ئەنجامبدرێن، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی تێگەیشتن و هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی 2027دا.