زیاتر لە 15 هەزار خاوەنكار سوودمەند دەبن لە لێخۆشبوونی سزای دەستەبەری كۆمەڵایەتی
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەندبوونی زیاتر لە 15 هەزار خاوەنكار و پڕۆژە لە بڕیاری لێخۆشبوونی سزای قەرزەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی رادەگەیەنێت، هاوكات مۆڵەتی 90 رۆژ بۆ دانەوەی بنەڕەتیی قەرزەكان دیاری دەكات.
مەریوان بەگۆك، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز ئاشكرای كرد: بەپێی نوێترین ئامارەكان، 15 هەزار و 498 خاوەنكار و پڕۆژە سوود لە بڕیاری لێخۆشبوونی سزای دواكەوتنی قەرزەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی وەردەگرن.
روونیشیكردەوە: خاوەنكاران دەرفەتیان هەیە لە ماوەی 90 رۆژدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بە پێچەوانەوە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە حكومەت لە رێگەی دادگاوە شایستە داراییەكان وەردەگرێتەوە.
بەپێی داتاكان، لە پارێزگای سلێمانی 7 هەزار و 941 خاوەنكار، لە هەولێر 4 هەزار، لە دهۆك 1600، لە گەرمیان 908، لە سۆران 762، لە هەڵەبجە 205 و لە زاخۆش 82 خاوەن پڕۆژە لەم بڕیارەی حكومەت سوودمەند دەبن.



