بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە گرنگیی یەکریزیی کورد و رۆڵی سەرۆکی یەکێتی لە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا کرد.

لە دیدارەکەدا کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، د. یوسف گۆران، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سالار لالە سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەبوون، جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە، بەشێوەیەک ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.

پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتیش لە باکوری کوردستان و تورکیا، هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و سەرۆکی یەکێتیش پشتیوانیی حزبەکەی بۆ ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە و وتی: لەسەر هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبین تاوەکو ئەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازە سەربکەوێت، باوەڕمان وایە بە پێکەوەژیان و ئاشتی دەتوانین خزمەتی گەلەکەمان بکەین، چونکە لە شەڕ و دووبەرەکیدا جگە لە ماڵوێرانی هیچ بەدەست نایەت، بۆیە هیوادارم هەمووان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەنەوە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام.

لای خۆشیەوە، تونجەر باکرهان سوپاسی هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و وتی، ئێمە بە رێزەوە لە رۆڵتان دەڕوانین و پێزانینمان هەیە بۆ هەنگاوەکانتان کە لە خزمەتی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەدایە لە ناوچەکەدا.