وەفدێکی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی حەسیبە عەبدولڵا، لێپرسراوی بۆردەکە، سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، وەفدەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و تێیدا دۆخی گشتیی پارێزگاکە، دواین هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و قۆناغی دوای شەڕی داعش تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، حەسیبە عەبدولڵا پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ کار و بەرنامەکانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا دەربڕی و رایگەیاند: یەکێتی پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاسایش، ئۆقرەیی و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان.
کاروان ستونی، وتەبێژی رەسمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند کە شەوی رابردوو (14/15ی ئەیلوولی 2026) عومرەکارێکی کورد بەناوی (محەمەد حەسەن)، کە تەمەنی سەروو 65 ساڵە و خەڵکی کەلارە، لە سعودیە کۆچی دوایی کرد.
وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا: ئەم عومرەکارە دوای بەجێگەیاندنی سوونەتی عومرە، لە رێگەی نێوان مەدینە بۆ عەرعەر کۆچی دوایی کردووە.
جەختیشی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە رێگەی نووسینگەی کەلارەوە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکارییەکان، لەسەر داواکاریی کەسوکارەکەشی کە لە گەشتەکەدا لەگەڵیدابوون، تەرمەکەی لە سعودیە رەوانەی کەلار دەکرێتەوە.
بەمەش ئەم رووداوە دەبێتە دووەم حاڵەتی کۆچی دوایی عومرەکارانی کورد لە وەرزەکانی عومرەی ئەمساڵی 2026دا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەیشتە تاران و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.
لەسەر بانگهێشتی رەسمی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە تاران و بڕیارە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
پێشتریش ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ تاران لە چوارچێوەی راوێژكارییە بەردەوامەكانی نێوان ئێران و عیراق و هەرێمی كوردستاندایە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و پتەوكردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا.
وتیشی: بافڵ جەلال تاڵەبانی لە تاران زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هاوبەشن، دیارترینیان ئابووری و ئاسایشی سنوورەكان.
سبەی سەعات 10ی بەیانی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات و تێیدا سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، کە لەلایەن وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتە روو.
لە تەوەری دووەمدا، وەزیری پلاندانان هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی حکوومەتی عیراق سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 دەکات. لەم بڕگەیەدا کاریگەریی ئەنجامەکانی سەرژمێری لەسەر دیاریکردنی رێژەی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتووی حکوومەتی هەرێم تاوتوێ دەکرێن.
تەوەری سێیەم و کۆتایی تایبەتە بە پرسی دارایی، تێیدا وەفدی باڵای دانوستانکار ئەنجامی دوا گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغداد بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027 و هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی شایستە دارایییەکان و رۆڵی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا دەخەنە روو.
قائیمقامیەی دەربەندیخان رایگەیاند، بڕیاری رێکخستنی کاتی کردنەوە و داخستنی دوکانەکانیدا و لە سبەینێوە جێبەجێ دەکرێت و لە لە 08:00 بەیانی تا بانگی مەغریب کراوە دەەبن.
قائیمقامیەتی دەربەندیخان لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەسەر رەزامەندی زۆرینەی دوکاندارەکان بڕیاری رێکخستن وکاتی کارکردنی دوکانەکان دیاری کرا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کاتی کردنەوەی دوکانەکان، لە 08:00 بەیانی تا بانگی مەغریب دەبێت و ئەم بڕیارەش لەسەر رەزامەندی 150 خاوەن دوکان دراوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەودوکانانەی بڕیاریان داوە بەشەو دوکانەکانیان دابخەن بریتین لە؛ کەمالیات ، کوتاڵفرۆش ، شوشەوات ، پۆشاکی جل و بەرگی ئافرەتان و منداڵان ، جانتاو پێڵاوی ژنان و مناڵان ، عەتار و بەهارات و چەرەسات ، دوکانی پەردە ، قرتاسیەکان ، ئەو بابەتانەی پەیوەندی بەباتی ژنانەوە .
قایمقامیەتی دەربەندیخان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکاتەوە و رادەگەیەنێت هەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکە، رێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر.
لەسەر بانگهێشتی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیارە، سبەینێ بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەردانێكی رەسمی و بە یاوەری وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەردانی ئێران بكات.
ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند سبەینێ سێشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سهرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە.
بەقایی ئاماژەی بەوەکردوە، سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ تاران کە لەسەر بانگهێشتی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەیە و لە چوارچێوەی راوێژکارییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستاندایە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەردانەکە بەمەبەستی فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەدا کۆدەبێتەوە.
بەقایی جەختیشیکردوەتەوە سەرۆکی یەکێتی، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران سەبارەت بەو پرسانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن، لەوانەش پرسەکانی پەیوەست بە هاوکاری ئابووری و ئاسایشی سنورەکان تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە رەسمی گواستنەوەی خوێندکاران لە نێوان کۆلێژەکانی پزیشکی گشتیی قەدەغە دەکات.
لە نوسراوێکی رەسمیدا، کە ئاڕاستەی گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کردووە و کۆپیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاندوە، لەسەر داواکاری زانکۆکان ئەو بڕیارەی داوە.
لە راگەیەنداوەکەدا هاتووە؛ بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 هیچ گواستنەوەیەک لە نێوان کۆلێژە پزیشکییە گشتییەکان لە زانکۆکان ئەنجام نادرێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەت لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە خوێندکاران، دوای ئەوەی لە شارەکانی دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە بەشی پزیشکی گشتی وەرگیرابوون، دوای ساڵێک لە خوێندن داوایان کردبوو بگوازرێنەوە بۆ بەشی پزیشکی گشتیی لە شارەکەی خۆیان ئەمەش دەبوە کێشە بۆ زانکۆکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ باڵیۆز ستیڤ ڤەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کۆبونەوە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکیدا رایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی باڵیۆز ستیڤ ڤەیگن جارێکیتر و بە ئەرکێکی نوێ گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ پێکەوە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان کردوە لەبارەی رەوشی هەرێمی کوردستان و عیراق.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە؛ لە کۆبونەوەکەدا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پاراستنی هەرێم لە هەر چەشنە هەڕەشە و مەترسییەک، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە رووبەڕویان ببێتەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، جەختیان كردەوە لە پشتگیریكردنی هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دوورخستنەوەی وڵاتەكە لە بارگرژییەكانی ناوچەكە.
دووەمین فێستیڤاڵی پاییزی پێنجوێن بە پاڵپشتی میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات بەڕێوەدەچێت.
عەدنان کاکەڕەش، قائیمقامی پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ فێستیڤاڵەکە کردووە و لە رۆژانی 17 و 18 و 19ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و دەوڵەمەن دەبێت بە بەرهەمی ناوخۆیی.

قائیمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوەدا: زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە پێنجوێن هەیە، لە وەرزی کاردا پێویستمان بە پێنج هەزار دەستی کارە لە دەرەوەی قەزاکە.
عەدنان کاکەڕەش وتیشی: دەمانەوێت بەرهەمێکی ساغ و تەندروست بگاتە دەستی هاووڵاتیان و گەشە بە پیشەسازیی کشتوکاڵی لە پێنجوێن بدەین.
ژنێکی تەمەن 22 ساڵ لە کەلار بەهۆی تەزوی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
رەفیق قادر، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بە کوردسات نیوزی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنێک لە گەڕەکی سیروانی قەزای کەلار بە تەزوی کارەبا گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا: ژنەکە تەمەنی 22 ساڵە و بەوتەی کەسوکارەکەی لەکاتی هەڵخستنی جلدا کارەبا گرتویەتی و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
قائیمقامیەتی رانیە رایدەگەیەنێت، بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دوای بەدواداچوون بڕیاردارا بە قەدەغەکردنی هاوردەکردن و فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخشی "4U" لە سنوری ئیدارەی راپەڕین.
قائیمقامیەتی قەزای رانیە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، کە دەرکەوت ئەو خواردنەوەیە لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە خواستێکی زۆری لەسەر بوو، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە دیاری و خەڵاتی لەگەڵدا دابەش دەکات و هانیان دەدات بۆ کڕینی زیاتر.
راشیگەیاند، "ئەوەش لەکاتێکدایە پێکهاتەی ئەو جۆرە خواردنەوەیە لە (شەکر، رەنگ، کافاین) پێکهاتووە و لەسەر لەیبڵەکەی ئاماژە بەوەکراوە، بۆ تەمەنی خوار 16 ساڵ گونجاو نییە، بەڵام لە شوێنکارەکاندا رەچاوی ئەو رێنماییە نەکراوە".
سەبارەت بە رێکارەکان، قائیمقامیەتی رانیە رایگەیاند، ئاسایشی بازگەکانی راپەڕین ئاگادار کراونەتەوە کە رێگری لە هەر بارهەڵگرێک بکەن، کە خواردنەوەی وزەبەخشی "4U" دەهێنێتە سنوورەکەوە، هەر فرۆشگەیەکیش خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان بفرۆشێت، راستەوخۆ دادەخرێت و رێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرجۆرە ریکلامێک بۆ خواردنەوەی وزەبەخش قەدەغەیە و هاوشێوەی جگەرە، ڤەیپ و خواردنەوە کحولییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا، قائیمقامیەتی قەزای رانیە داوا لە سەرجەم کاسبکاران و فرۆشیاران دەکات، پابەندی رێنماییەکان بن لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و منداڵانی سنوورەکە.
تەمویلی موچەی مانگی 8ـی موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە: بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.
دارایی هەرێم دەشڵێت: هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی موچە بڕیوە.
دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە: ئەوە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی هەشت، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، راستەوخۆ لیستی موچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی ئاب دەکرێت
موچەی مانگی هەشت خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەگەر هەیە سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.
بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز: موچەی مانگی هەشت خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، گەر ئەمڕۆ رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە تەواوبکرێت، سبەینێ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی هاشتی موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و لە قۆناغێکی نوێدا تیروپشک بۆ دابەشکردنی چوار هەزار پارچە زەویی تر لە سنووری شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و نوێنەرانی فەرمانگەکانی شارەکە، ئەمڕۆ دووشەممە، دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان، پرۆسەی تیروپشک بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو.
لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە، چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پێگەکانی (یەک و سێ)ی داربەڕوولە و پێگەی (20)ی بەردەکەڕ لە تەنیشت شاری لاوان دابەشکران.
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ماوەی رابردوودا بە چەند قۆناغێک 23 هەزار پارچە زەویی تر لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەشکراون.
جەختیشیان کردەوە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و بەپێی لیستی هاتووی دامەزراوەکان، سەرجەم فەرمانبەرانی شایستە زەوییان بۆ تەرخان دەکرێت.