لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوام بە تەندروستیی هاووڵاتییان و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە، ئاماری کار و چالاکییەکانی کلینیکی چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک بۆ ماوەی هەشت مانگی رابردوو (لە سەرەتای ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی ئاب) بڵاوکرایەوە.

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لەو ماوەیەدا کۆی سەردانیکاران گەیشتووەتە 6,418 خانم کە بە شێوەی راستەوخۆ، رەوانەکراو، یان سەردانی بەردەوام سەردانی کلینیکەکەیان کردووە، و تێیدا 38 حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون.

سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکان، 823 نەخۆش بەهۆی بوونی ئازار و 455 نەخۆشیش بەهۆی بوونی گرێ سەردانیان کردووە، هەروەها پشکنین بۆ 44 منداڵیش ئەنجام دراوە.

لە بەشێکی تری ئامارەکاندا هاتووە کە 2,583 پشکنینی مامۆگرافی و 1,310 پشکنینی سۆنەر بۆ چارەخوازان ئەنجام دراون.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی تەندروستی پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند: پشکنینی پێشوەختە باشترین رێگایە بۆ پاراستنی تەندروستی و زوو دەستنیشانکردن، کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەرکردندا. تەندروستیی خێزان و کۆمەڵگە لە سەرووی هەموو کارپێشینەکانمانەوەیە.