روونکردنەوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیيەوە
ساکۆ سمکۆ
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە لەبارەی گرانیی شتومەک و بڕینی پارەی راگیراوان لە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە بڵاوکرابوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: دوای ئەوەی لەلایەن چەند دەزگایەکی راگەیاندن و کەسانی نابەرپرسەوە هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە لە فرۆشگای بەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی نرخی کەلوپەل لەسەر راگیراوان گران کراوە و بڕی (%15) لەو پارانە وەردەگیرێت کە کەسوکاریان بۆیان دەنێرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دەرخستنی و راستیی و ناڕاستیی ئەو بابەتە دەستبەجێ لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و لیژنە تایبەتمەندەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری داواکاری گشتی و نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، سەردانی بەشی گرتن و گواستنەوەیان کردووە و لەوێ لە نزیکەوە چاودێری مەرج و بڕگەکانی گرێبەستی فرۆشگاکە (کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت) کراوە و راوێژ و گوێگرتن بۆ چەندین راگیراو ئەنجامدراوە.
پۆلیسی سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە: «دوای بەدواداچوونەکان، دەرکەوت سەرلەبەری ئەو هەواڵانە ناڕاست و هەڵبەستراون، بەو پێیەش دەرئەنجامی لیژنەکە تەواوی ناوەڕۆکی ئەو هەواڵانەی بە ناڕاست لە قەڵەمدا».
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت رێکاری یاسایی لە دژی هەموو ئەو کەس، لایەن و دەزگایانەی راگەیاندن بگرێتەبەر کە بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانە، هەوڵی چەواشەکردنی رای گشتی دەدەن.



