زانکۆلاین بۆ دەرچوانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە کەرکوک و خانەقین و شەنگال کارادەکرێت
ساکۆ سمکۆ
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێک بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا وادە و رێکارەکانی پێشکەشکردنی فۆرمی زانکۆلاین ئاشکرادەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و شەنگال و خانەقین، دەتوانن لە سەعات 8:30ـی سەرلەبەیانی سبەینێ 15ـی 10ـی 2026 تاکو سەعات 12ـی شەوی رۆژی دووشەممە 19ـی 10ـی 2026 دەتوانن لە هەمان سایتی زانکۆلاین regayzanko.com داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
هاوکات، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند: سەرجەم دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی ناویان لە نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان تۆمارکردوە، لە سەعات 8:30ـی سبەینێ پێنجشەممەوە هاوشێوەی دەرچوانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری لەڕێگەی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.
وتیشی: بۆ هەر کێشە و گرفتێک سەبارەت بە پرۆسەکە دەرچوان دەتوانن سەردانی نوسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکەمان بکەن و ئاسانکاری و رێنوێنیان پێشکەش دەکرێت.
ئەوەشی روونکردەوە، ساڵانە لەگەڵ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵیش 2700 لە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن بە کۆدەکانیان بچنە ناو سیستم و راستەوخۆ داواکاری بۆ وەرگرتن لەهەمان سایتی زانکۆلاین پێشکەش بکەن.



