رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 سەرکردەیەکی حەماس بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندوە، دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن هەندێک وڵاتەوە "هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا" و ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینەکانە، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا.

ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الميادين"، ڕایگەیاندوە گەرچی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بەس نییە، بەڵام هەنگاوێكی باش و دروستە، ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکانە.

حەمدان جەختیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا لەلایەن حەماسەوە دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا، یەکێکە لە هۆکارەکانی داننان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا.

ناوبراو وتوشیەتی؛ ناساندی فەڵەستین وەک دەوڵەت بەس نییە، ئێستاش رێوشوێنی پراکتیکی پێویستە بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە کوشتن و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی  کەرتی غەززە.

سەرکردەکەی حەماس داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، ئەم پێشهاتە دیپلۆماسیانە بکاتە گوشاری ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسرائیل، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.  

ئەم وتانەی ئەوە سەرکردەیە لە کاتێکدایە، ژمارەیەک وڵات لەوانە؛ فەڕەنسا، بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، کەنەدا و پرتوگال لە چەند رۆژی رابردوودا بە ڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و ئیسرائیل و ئەمەریکاش دژی ئەو دانپێدانانە بون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمەریکی بڵاویکردوەتەوە، ئێران دووبارە دەستیکردوەتەوە بە بنیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی کە تێیدا مووشەکی بەرهەم دەهێنا و لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابونە ئامانج لە شەڕی 12 رۆژەی نێوانیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس چەند وێنەیەکی بڵاوکردوەتەوە لە ڕێگەی مانگی دەستکردوە؛ کە ئەوە نیشان دەدەن، بە خێرایی و فراوانی کار لەو شوێن موشەکانەدا دەکرێت کە کراونەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ نۆژەنکردنەوەی توانا مەیدانییەکان.

گەرچی ئێران تا ئێستا زیانەکانی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن؛ پێدەچێت زیانەکان زۆربن،زیانی زۆر بەر ئەو ئەو دەزگایانە کەوتون کە بەرهەمهێنەری سووتەمەنی ڕەق بون بۆ موشەکەکان.

دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو بەرنامە مووشەکییانەی زیانیان بەرکەوتوە بۆ ئێران زۆر گرنگە، کە هەموو پێشبینییەکان بەو شێوەیەن خولێکی دیکەی شەڕی  لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران لە ئارادایە.

چەکی مووشەک یەکێکە  لە بەرنامە سەربازییەکانی ئێران و لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیلدا، سیستەمی بەرگری ئێران زیانی زۆری بەرکەوت.

بەرنامەی موشەکییەکانی ئێڕان یەکێکە لەو پرسانەی جێی ناکۆکی ئەو وڵاتە  و ڕۆژئاوایە و بەردەوام تاران پێداگری دەکات کە هەرگیزسازشیان لەسەر ناکات.

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوێنێ سێشەممە خولی 80ی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە بەشداری 193 سەرۆکی وڵاتانی جیهان دەستیپێکرد و تیایدا سەرۆک کۆماری عیراق وتاری تایبەتی خۆی پێشکەش کرد.

بڕیارە کۆبوونەوەکە ماوەی شەش رۆژ بخایەنێت و لە دەستپێک و هەفتەی ئاستبەرزی کۆبوونەوەکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید وەک دووەم سەرۆک کۆماری عیراق و دووەم کورد لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە، وتاری خۆی پێشکەش کرد.

د. لەتیف رەشید لە سەرەتای وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی عیراق و ئەو قۆناغانەی عیراق پیایدا تێپەڕیوە، هەر لە سیستمی دیکاتۆری و جەنگەوە تاوەکو تێکشکاندنی دیکتاتۆری و سەرلەنوێ گەشەسەندنەوەی عیراق و ئاماژەی بەوەکرد، کۆتاییپێهێنانی کارەکانی یونامی لە عیراق بەڵگەیە لەسەر جێگیربوونی دۆخی ئەمنی و پتەوی سیستمی سیاسی و دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.

راشیگەیاند، ئێستا عیراق لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و سەرۆکایەتی خولی کۆمکاری و عەرەبی و گروپی77- چین دەکات. هەروەها کاردەکات بۆ گەشەسەندنی زیاتر و هەمەجۆرکردنی داهات و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنە جیهانییەکان. داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد، بچنە ناو هاوبەشییەکی بەرهەمدارەوە لەگەڵ عیراق.

سەرۆک کۆماری عیراق سوپاسی پشتگیری بەردەوامی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ عیراق کرد و ئەوەی خستە روو، پێزانینی زۆریان بۆ رێکخراوەکە هەیە کە بەردەوام هاوکار بووە لە بەدیهێنانی دیموکراسی لە عیراق بە پشتیوانیکردنی هەڵبژاردنەکان و بەڵینیشی دا، وەک پارێزەری دەستور کار بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوام و سەلامەتی سیستمی دیموکراسی لە وڵاتەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد لەمساڵدا.

هاوکات، ئامادەیی عیراقی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی بارەگا جیاوازەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق.

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا د. لەتیف رەشید باسی لە پرسی تیرۆر لە عیراقدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە پاڵپشتی دۆستەکانی؛ عیراق توانی بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆرستی جیهاندا سەربکەوێت و ئێستا هەنگاو دەنێت بەرەو سڕینەوەی پاشماوەی ئەو هێرشانە. وتیشی، ئێمە باوەڕمان وایە؛ تیرۆر بەبێ جیاوازی لە دروشم و ماسکەکەکانی رێبازێکە کە پێویستە لێپیچینەوە لەگەڵ پاڵپشتیکارانیشیدا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک کۆمار باسی لە جەنگی غەززە کرد و رایگەیاند، ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی فەلەستینیدا دێت شایستەی مرۆڤ نییە و دۆخێکی شەرمەزارکەرە بۆ مرۆڤایەتی.

داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە خێرایی کار بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەبارەی جەنگی غەززەوە بکەن و بونیادنانی دەوڵەتی فەلەستینی بە چارەسەری سەرەکی ناوهێنا.
لەبارەی دۆخی سوریای دوای رژێمی ئەسەدەوە سەرۆک کۆماری عیراق داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتەکرد، رێز لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلەکەی بگرێت. هاوکات، پشتیوانی عیراقی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و باسی لەوەکرد، چاوەڕوانی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسیی و یاسایین لە تورکیادا کە بوار بۆ کاری سیاسیی ئاشتیانە بۆ هەمووان بڕەخسێنێت.

سەرۆک کۆماری عیراق بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و جەختکردنەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان وکارکردنی پێکەوەیی و دیموکراسیانە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەندازەی پێویست خوێن و فرمێسک و کارەساتی بەخۆیەوە دیوە، دەرفەتی زۆر گەورەی ئاشتی لەدەستچوون، کاتی ئەوەیە ئێستا بوەستێنرێن و رێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی و دادپەروەری و هاوکاری دابمەزرێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە نێوان مانۆڕە سەربازییەکانی وڵاتان و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەەو کوێ؟

لە ئێستادا رەنگە یەکێک لە پرسیارە هەرە سەرەکیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەوەبێت کە ئایا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بووەتە سەکۆی ململانێ جیهانیەکان و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و هاوکات  مانۆڕی سەربازیی میسری-تورکی ش، بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا و بەبەراورد بە دەیان ساڵی رابردو، لە یەکێک لە قۆناغە پڕ گرژییەکانی خۆیدا دەژی، لە کاتێکدا جووڵە سەربازییەکانی میسر و تورکیا لەگەڵ هەڵکشانی ئیسرائیل لە چەندین بەرەدا یەک دەگرنەوە. لە هەمان کاتدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵ دەدات بە بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە غەززە، خۆی وەک نێوەندگیرێک نیشان بدات، بەڵام ئامادەنەبوونی بەرچاوی هەندێک لە سەرکردە گەورەکان پرسیار لەسەر دەستپێشخەرییەکانی دروست دەکات.

لە کاتێکدا، مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکان، گرێبەستی چەک، و جووڵە سیاسییەکان، وێنەیەکی هەرێمیی ئاڵۆزیان دروست کردووە، کاتی خۆیەتی بپرسین،: ئایا ئەوەی رودەدات ئامادەکارییە بۆ جەنگ وەک مەرجێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی
.؟

 

مانۆڕێکی دەریایی سەرنج راکێش لە نێوان میسر و تورکیادا:

بۆ یەکەمجار لە ماوەی 13ساڵدا، هێزەکانی سوپای میسر لە خاکی تورکیادا بەشداری لە راهێنانێکی دەریایی هاوبەشدا دەکەن کە بە "دەریای دۆستایەتی 2025" ناسراوە، و تا 26ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئەم مانۆڕانە، کە سەربازە تورکیەکان، بەلەمە هێرشبەرەکان، ژێردەریاییەک، و فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 لەگەڵ یەکە دەریاییەکانی میسردا لەخۆدەگرێت، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوکاریی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نیشان دەدات.

سەمیر راغب، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، لە لێدوانێکیدا بۆ "سکای نیوز عەرەبیە" سەبارەت بەم هەنگاوەی میسر و تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاستەی هاوکاری لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا بێوێنەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکان رۆیشتووە، و دەرگای هاوکارییان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە، لە دروستکردنی چەکی سەربازیی هاوبەشەوە تا مانۆڕە دەریایی و وشکانی و هێزە تایبەتەکان.

راغب ئاماژەی بەوەدا کە ئەم لێکچوونە بناغەیەکی هەیە لە هاوشێوەیی پڕچەککردن و مێژووی سەربازیی هاوبەش، جگە لە روبەڕووبوونەوەی هەردوو لا بۆ هەڕەشە راستەوخۆکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان، بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە. رونیشیکردەوە کە بەرزترین ئاستی هاوکاریی سەربازی بریتییە لە راهێنانە هاوبەشەکان، و ئەمەش نیشانەی هەماهەنگییەکی سیاسییە کە لە مانۆڕی سەربازی تێدەپەڕێت و بەرەو داڕشتنی هەڵوێستی هەرێمیی هاوبەش دەڕوات، بەتایبەتی لە دۆسیەی فەلەستیندا.

ئیسرائیل وێنەی دۆخەکە لە قوبرس گۆڕێتەوە:

لە بەرامبەردا، راپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئیسرائیل سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی جۆری "باراک MX"ی رادەستی قوبرس کردووە، کە توانای رێگریکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی، و مووشەکەکانی هەیە بە مەودای 150 کیلۆمەتر. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوکێشەکانی پارێزگاری ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، و ئەگەری هەڵکشانی پێکدادان لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتە بە کراوەیی جێبهێڵێت.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە زمانێکی زیرەکانە، بەڵام پتەو، کاردانەوەی نیشاندا، جەختی لەوە کردەوە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات، و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی "تورکیا". ئەنقەرە لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە پڕچەککردنی بەردەوامی لایەنی قوبرسی رەنگە ببێتە هۆی "لێکەوتەی مەترسیدار".

ئەم گەشەسەندنانە لە کاتێکدا دێن کە تورکیا کار لەسەر پڕۆژە ستراتیژییە بەرگرییە گەورەکان دەکات، لەوانە پڕۆژەی "قوبەی پۆڵایین" دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکان، جگە لە دروستکردنی پەناگە لە پارێزگا جیاوازەکاندا، کە هەنگاوێکە رەنگدانەوەی هەستکردنی بە ئەگەری روبەروبوونەوەیە.

میسر:

جگە لە مانۆڕەکان، قاهیرە بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی چەک. ماڵپەڕی "تاکتیکاڵ ڕیپۆرت" ئاشکرای کرد کە میسر لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای بەرگریی سویدی "ساب" دەکات بۆ کڕینی فڕۆکەی فرە بوار بۆ هۆشداریی پێشوەختە و کۆنترۆڵی ئاسمانی. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی روبەڕوبوونەوەی ئەگەری مەترسییە ئەمنییەکاندا دێت، و لە سەرووی هەموویانەوە، پلانی ئیسرائیل بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە بەرەو سنوورەکانی میسر، کە قاهیرە بە هەڕەشەیەکی ستراتیژیی راستەوخۆی دەزانێت.

راغب جەختی لەوە کردەوە کە سوپای میسر توانای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی میسری و عەرەبی هەیە، و دووپاتی کردەوە کە هەر هاوکارییەکی سەربازی لەگەڵ تورکیادا بە واتای چوونە ناو هاوپەیمانییەکی بەرگریی هاوبەش نییە، بەڵکو هەماهەنگییەکی گرنگ لە نێوان دوو هێزی گەورەی هەرێمیدا چەسپ دەکات.

رۆڵی ئەمریکا لە نێوان دەستپێشخەری و تۆمەتبارکردن
ی بە هاندان بۆ گرژییەکان:

لە سایەی ئەم گرژییەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵی دا کۆنترۆڵی وێنەی دۆخەکە بکاتەوە، بۆیە سەرکردەکانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان-ی بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەیەک لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی غەززە. بەڵام ئامادەنەبوونی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، نیشانەی پرسیاریان لەسەر جددییەتی دەستپێشخەرییەکە دروست کرد.

ترەمپ، کە لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیدا شانازی بە کۆتاییهێنانی حەوت جەنگەوە کرد لەوەتەی گەڕاوەتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی، حەماسی بە بەرپرسیار لە بەردەوامبوونی جەنگ لە غەززە دانا، بە بیانووی ئەوەی رێککەوتنەکانی رەتکردووەتەوە کە بە "چارەسەری لۆژیکی" وەسفی کردن. لە بەرانبەردا، چاودێران پێیان وایە واشنتۆن روبەروی تۆمەتەکانی زیادبوونی لایەنگریی تەواو بۆ ئیسرائیل دەبێتەوە، و هیچ دەستپێشخەرییەک کە فشارێکی کردەیی لەسەر حکومەتی نەتەنیاهۆ دروست نەکات، ناتوانێت ببێتە هۆی هێورکردنەوەی دۆخەکە.

تێکچوونی میسری-تورکی و ئیسرائیل و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز:

ئەو چاودێرە، لە لێکدانەوەکەیدا بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی میسر-تورکی لەم ساتەی ئێستادا. ئەو پێی وایە هاوکاریی سەربازی رەنگدانەوەی لێکچوونی سیاسییە لە چەندین دۆسیەدا، کە دیارترینیان پرسی فەلەستینە. رونیشیکردەوە کە تێچووی سیاسیی ئیسرائیل بەهۆی جەنگی غەززەوە لە دەستکەوتە مەیدانییەکانی زیاتر بووە، چونکە وێنەکەی لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا تێکچووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەر هێورکردنەوەیەک بۆ ململانێکە تەنها بە فشاری راستەوخۆ لەسەر ناتانیاهۆ بۆ "هاتنە خوارەوە لە دارەکە" بەدی نایەت، و ئەو زیانە سیاسییانەی تەلئەبیب بەهۆی خوێنی فەلەستینییەکانەوە چەشتوویەتی کە وێنەکانیان بە جیهان گەیشتووە، لە هەر دەستکەوتێکی سەربازی لەسەر زەوی زیاترە. جەختی لەوە کردەوە کە رەتکردنەوەی رەهای میسر بۆ بیرۆکەی ئاوارەکردن، وەک هۆکارێکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی ئیسرائیلدا دێت، و قەتەریش بە ڕۆڵی خۆی بۆ خێراکردنی کۆتاییهێنان بە ململانێکە هەنگاو دەنێت.

راغب جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا، بەهۆی بوونی سەربازییەوە لەسەر سنووری ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، چیتر ناتوانێت وەک دۆستێکی ئەگەری مامەڵە لەگەڵ تەلئەبیبدا بکات، و ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە هەمیشە لە ئارادایە، بەتایبەتی لە سێبەری زیادبوونی هەراسانکردنەکانی ئیسرائیل لە سووریا.

لەنێوان مانۆڕەکانی میسر و تورکیا، پڕچەککردنی ئیسرائیل لە قوبرس، و جووڵەکانی ئەمریکا لە نیویۆرک، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەسەر لێواری گڕکانێکدا وەستاوە. قاهیرە و ئەنقەرە پەیامێکی ڕوون دەنێرن کە لە ئاست هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان بێدەنگ نابن، لە کاتێکدا ئیسرائیل پشت بە گۆڕینی یاساکانی یاری دەبەستێت لە ڕێگەی هەنگاوە وروژێنەرەکانەوە کە ڕەنگە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە دژی خۆی بگەڕێتەوە.

لە کاتێکدا واشنتۆن نێوەندگیرییەکی مەرجدار پێشکەش دەکات، ئامادەنەبوونی سەرکردە گەورەکانی عەرەب لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە متمانەی ناوچەکە بە توانای ترەمپ بۆ پێشکەشکردنی شتێکی نوێ هێشتا سنووردارە.

وێنە گەورەکە ئاشکرای دەکات کە هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بە هێزی سەربازی و هاوپەیمانێتییە کتوپڕەکان دووبارە پێکدەهێنرێتەوە، لە کاتێکدا چارەنووسی غەززە وەک سەختترین تاقیکردنەوە بۆ هەموو لایەنەکان دەمێنێتەوە: ئایا دەروازەیەک دەبێت بۆ چارەسەرێکی هەرێمی، یان پریشکێک بۆ جەنگێکی فراوانتر؟

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە بەرنامەیەکدا بە ناوی "چیرۆکی جەنگ"، چەندین لێدوانی گرنگی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەری فەلەستینییەکان، دۆخی حیزبوڵڵا، و هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر ململانێ هەرێمییەکاندا خستەڕوو. قالیباف جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس هەڵەیەکی ستراتیژی نەبووە و بە بێ ئاگاداری ئێران و حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە.

ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەر: هەڵەی ستراتیژی نەبوو و سەرکەوتنێک بوو بۆ حەماس:

سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد باقر قالیباف، ئاماژەی بەوەدا کە پێش قسەکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە، دەبێت سەیری مێژووی بابەتەکە بکەین. ناوبراو فەلەستینییەکانی بە "گەلێک" ناوبرد کە خاکەکەیان داگیرکراوە و بەرخۆدانیشیان "جووڵەیەکی ئازادیخوازانەیە" کە لە کولتوورێکی ئیسلامی و قورئانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

قالیباف وتی: "هەندێک جار لە رای گشتی جیهاندا، ئەم گرووپانە وەک تیرۆریست دەناسێنرێن؛ لە کاتێکدا راستییەکە ئەوەیە کە ئەوان بۆ ئازادکردنی نیشتیمانیان دەجەنگن."

سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە: "لە حەوتی ئۆکتۆبەردا حەماس هیچ هەڵەیەک نەبوو. هەق و ماف وەرگرتنەوە هەمیشە لە جێی خۆیدایە. بێگومان، ئەم بڕیارە بە تەواوی لەلایەن حەماسەوە درا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەبوون، وەک چۆن رابەری باڵا و سەید حەسەن نەسروڵڵا چەندین جار رایانگەیاندووە."

شکستی بانگەشەی باڵادەستیی هەواڵگریی ئیسرائیل و رەتکردنەوەی پیلانی ئیسرائیلی:

قالیباف ئاماژەی بەوەدا کە "ئیسرائیل بانگەشەی باڵادەستیی هەواڵگری دەکات و دەڵێت هەر جووڵەیەک پێش رودانی پوچەڵ دەکاتەوە، بەڵام حەماس توانی ئەم ئۆپەراسیۆنە فراوانە بە بێ ئاگاداری ئەم رژێمە ئەنجام بدات. ئەمە نیشانەی توانای حەماس و شکستی ئەوانە."

سەرۆکی پەرلەمان دەنگۆی دەستتێوەردان و ساختەبوونی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری رەتکردەوە و وتی: "ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ساختە بووایە، ئیسرائیل دەیانتوانی لە ماوەی چەند مانگێکدا حەماس لەناو ببات و بارمتەکان ئازاد بکات. بەڵام دوای دوو ساڵ، هێشتا نەیتوانیوە و ئەم بانگەشەیە بە تەواوی بێ بنەمایە."

قالیباف جەختی لەسەر جیاوازیی دیدگای ئێران و بەرانبەرەکانی کردەوە و وتی: "هێزی ئێمە لە لۆژیکەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە قورئان و کولتووری ئێرانی-ئیسلامییەوە وەرگیراوە. لە بەرامبەردا، لۆژیکی ئەمریکا و ئەوان، لەسەر زۆر و هێز بونیاد نراوە. ئێمە بە پشتبەستن بە لۆژیکی بەهێزی خۆمانەوە، لە بەرامبەر زێدەڕۆییەکانی دوژمنان راوەستاوین."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بە روبەروبوونەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دژبەری کرد و وتی: "دوژمن نەک تەنها دژی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکو دژی ئێرانی 90 ملیۆنییە بە پێگەی جیۆپۆلەتیکی و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیەوە. ئەوان نایانەوێت ئێرانێکی بەهێز بە سیستەمێکی ئیسلامییەوە لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاندووە کە ئامانجی راستەقینەی پشت سنووردارکردنەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر دیپلۆماتکارانی ئێران و خێزانەکانیان لە نیویۆرک، پەکخستنی کارایی دیپلۆماسیی ئێرانە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەقایی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم سنووردارکردنانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پابەندبوونەکانی ئەمریکایە و نیشانەی رق و کینەی واشنتۆنە بەرامبەر بە ئێرانییەکان.

هەراسانکردنی سیستەماتیک و کاریگەرییەکانی:

بەپێی لێدوانەکانی بەقایی، "هەراسانکردنی سیستەماتیکی دیپلۆماتکارانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە" بووەتە هۆی ئەوەی وەفدە ئێرانییەکان نەتوانن بەشداری لە چەندین بۆنەی فرەلایەندا بکەن کە تەنها لەم هەفتەیەدا لە دەرەوەی "سنوورە رێگەپێدراوەکان" بەڕێوەچوون.

پێشێلکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و نیشاندانی دوژمنایەتی:

وتەبێژەکە رایگەیاندووە کە "جێبەجێکردنی ئەم سنووردارکردنانە لەسەر جووڵەی دیپلۆماتکارەکانمان و تەنانەت لەسەر کڕینی پێداویستییەکانی رۆژانەیان، نەک تەنها پێشێلکارییەکی ئاشکرای پابەندبوونەکانی ئەمریکایە بەپێی رێککەوتننامەی بارەگا (Headquarters Agreement)، بەڵکو ئاست نزمی دوژمنایەتیی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانییەکان نیشاندەدات."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە؛ هیچ پاساوێک نییە بۆ سزادانی بەکۆمەڵی گەلی فەلەستین و شەڕی غەززە لە سێیەم ساڵی نزیک دەبێتەوە و ژمارەی مردن و وێرانکارییەکان لە غەززە بەردەوام لە زیادبوندایە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ڕەوشتی غەززە تەواو مەترسیدارە و سەرەڕای رێوشوێنەکان لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە، برسێتی لە کەرتەکە راگەیەندراوە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.

ناوبراو دەشڵێت؛ جیهان نەتەوە یەکگرتووەکانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئاژاوەگێڕی بگۆڕێت بۆ هاوکاری و ململانێکان بکات بە ئاشتی.

گۆتێرێس لەبارەی غەززەشەوە هۆشداریداوە؛ ئەو رەوشە ترسانەکە نزیک دەبێتەوە لە ساڵی سێیەم و ژمارەی مردن، برینداربون و وێرانکارییەکان بەردەوام روو لە زیاد بونە، جەختیشیکردوەتەوە لەوەی  پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن وەک تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، هەروەها داوای  ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانیش دەکات.

ئەمینداری گشتی دەشڵێت؛ دوای هەشت دەیە لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووبەڕووی قەیرانی هاوشێوەی ئەو قەیرانانە دەبنەوە کە بوە هۆی  دامەزراندنی رێکخراوەکە، بەبێ ناوهێنانیش دەڵێت؛ ژمارەیەک وڵات وا هەڵسوکەوت دەکەن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان نازانن.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، تەندروستی  غەززە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی نەخۆشخانەکان تەنها چەند ڕۆژێکی کەمیان ماوە بۆ داخستن و دۆخی کەرتەکە دەچێتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە،  تەندروستی شارەکە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی نەخۆشخانەکان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ "بەهۆی قەیرانی کەمیی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکان دۆخی کەرتەکە  دەچێتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە".

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە غەززە قەیرانی تەندروستی خراپتر دەبێت و نەخۆشەکان و بریندارەکان  لە مردن نزیکتر دەبنەوە.

وەزارەتەکە ڕونیکردەوە کە "ڕێکارە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان بۆ دانانی کاتەکانی کارکردن لەگەڵ وەستانی دابینکردنی سووتەمەنی بێکاریگەر بوون".

ئەمە لە کاتێكدایە، ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە هەشتەم ڕۆژ تێدەپەڕێنێت و تەنها دوێنی  دوو نەخۆشخانەی شاری غەززە، لە باکووری کەرتەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بەتەواوەی داخراون و لە خزمەتگوزاری وەستێندراوە.

تەندروستی غەززە، ئەوەشی خستوەتە ڕو، سوپای ئیسرائیل بە مەبەست  سیستەمی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەکاتە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، نزیک بوونەتەوە لە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەغداد و هەولێردا. هاوکات جەختی لەسەر رێککەوتن لەسەر ئالیەتێکی ورد بۆ ناردنی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێندرێت، کردەوە.

هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و رۆڵی لایەنەکان:

عەلی نیزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سومۆ، بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند: "لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هەوڵێکی زۆر درا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر. بەرپرسیارێتییەکی زۆر لەسەر وەزارەتی نەوت بوو، کە نوێنەرایەتیی سەرجەم فەرمانگە و کۆمپانیاکانی، لەنێویاندا کۆمپانیای سومۆ، دەکرد. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم، و لایەنێکی دیکەی گرنگیش کۆمپانیا جیهانییە بەرهەمهێنەرەکان بوون لە هەرێم."

عەلی نزار ئاماژەی بەوەدا کە "رێککەوتنەکە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی، چونکە گەیشتووینەتە ئالیەتێکی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و ناردنی بڕە نەوتە بەرهەمهاتووەکەی هەرێم." وتیشی: "چاوەڕێی رێکارەکانی ناردنی دوای تەواوکردنی سەرجەم وردەکارییەکان، و هەندێک بابەتیش بە نووسین تۆمار دەکرێن."

بەڕێوەبەری سومۆ ئاماژەی بەوەشدا کە "کۆمپانیا جیهانییەکان پێویستیان بە دڵنیاییە لەبارەی دانی شایستەکانیان دوای هەناردەکردن، کە کۆمپانیاکە کار لەسەر دڵنیایی دان بەو کۆمپانیایانە دەکات. حکومەت لە نزیکترین کاتدا دوای واژۆکردنی فەرمیی ئەم ڕێککەوتننامەیە، وادەکە رادەگەیەنێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارتی گەلی كۆماری_ جەهەپە، لەدوای شكستی هەڵبژاردنی رابردوەوە، روبەڕووی یەكەم ئاستەنگی یاسایی دەبێتەوە، هەوڵێك كە چاودێران بە لێكترازانی پارتەكەی دەبینن وەك گەورەترین ركابەری ئاكەپەی دەسەڵاتدار لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.

لەسەر سكاڵای ژمارەیەك لایەنگری كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی پێشووی جەهەپە، دادگای باڵای توركیا لە 24ی تشرینی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەبارەی كۆنگرەی 38ی پارتەكە دەدات كە لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، تیایدا ئوزگور ئۆزال شكستی بە كەمال كلچدار ئۆغڵو هێنا.

سكاڵاكە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كە ئۆزگور بە هاوكاری ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو و دەنگی ساختە بووەتە سەرۆكی پارتەكە، لەكاتێكدا ئۆزگور لەماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا لە سێ كۆنفرانسی پارتەكەیدا براوەی یەكەم بووە، یەكەمیان لە ٣٨ەمین كۆنگرەی ئاساییدا بوو لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دووەمیان لە ٢١ەمین كۆنگرەی نائاسایی پارتەكەیدا بوو لە ٦ی نیسانی ٢٠٢٥ و سێیەمین جاریش لە ٢٢مین كۆنگرەی نائاسایی بوو كە رۆژی ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.

هەڵپەساردنی دۆسیەكە لەلایەن دادگاوە لە ١٥ی ئەم مانگەو دواخستنی بۆ ٢٤ی مانگی داهاتوو، وایكرد جەهەپە هەنگاوێك بكەوێتە پێش دادگا، ئەویش كۆنگرەی سێیەم بوو لە ٢١ی ئەم مانگەدا، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر بڕیارێكی دادگا بكات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەكانی پێشوو.

ئوزێلی تەمەن ٥١ ساڵ لەدوای دەستگیركردنی ئیمام ئۆغڵۆوە وەك ڕكابەرێكی نوێی ئەردۆغان لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا تەماشا دەكرێت، لەكاتێكدا چەقۆی دادگا لەسەر ملی حزبەكە ئامادەیە بۆ لەتكردنی بۆ بەشی ناكۆك.

جەهەپە یەكێكە لە كۆنترین پارتە سیاسییەكانی توركیا كە ساڵی 1923 لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركەوە دامەزرا، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ئایاری 2023، وەك دووەم هێزی سیاسی توركیا 22.46% دەنگەكانی بەدەستهێنا و لەكۆی 600 كورسی پەرلەمانی، 146 كورسی بردەوە.

شرۆڤەكارانی سیاسی باس لە دوو ئەگەر دەكەن بۆ بڕیاری دادگا لە 24ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا، ئەگەری یەكەم ئەوەیە كۆنگرەی 38 و 39ی جەهەپە هەڵوەشێتەوە و لە شوێنی سەرۆكی ئێستا، قەیوم دابنرێت، ئەگەری دووەمیش ئەوەیە كۆنگرە هەڵوەشێتەوەو لە بری قەیوم، دووبارە كەمال كلیچدار ئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە ببێتەوە بە سەرۆك، لەم حاڵەتەدا دواین كۆنگرەی پارتەكەش لە 21ی ئەم مانگە هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەرپرسانی جەهەپە جەخت لەوە دەكەنەوە بڕیارەكانی دادگا بەشێكن لە پلانی حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بەئامانجی فشاركردن لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە ٢٠٢٨ بەڕێوەبچێت، هەروەها دابەشكردنی پارتەكەیە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان ماکرۆن رایگەیاند فەڕەنسا دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکات

، کارەکانی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەت، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و فەڕەنسا، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستیپێکرد. لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، چەندین لێدوانی خستەڕوو، لەوانە راگەیاندنی رەسمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن وڵاتەکەیەوە

ماکرۆن: کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە:

ماکرۆن لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە "کاتی وەستاندنی جەنگی غەززەیە" و وتی: "ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گشتیمان هەیە لە شکستهێنان لە بنیاتنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادپەروەرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." ماکرۆن هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: "هیچ شتێک پاساو نییە بۆ تیرۆر" و "جێگای لاوازی نییە لە بەردەم تیرۆریستاندا."

جەخت لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت و ناسینەوەی فەلەستین:

سەرۆکی فەڕەنسا دووپاتی کردەوە کە "پێویستە بەڵێنی رەسەن کە بەدیهێنانی دوو دەوڵەتە، جێبەجێ بکرێت." 

لەم خاڵە گرنگەدا، ماکرۆن رایگەیاند: "رایدەگەیەنم کە فەڕەنسا لە ئەمڕۆوە دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا." ناوبراو ناساندنی دەوڵەتی فەلەستینی بە "تاکە چارەسەر بۆ ئاشتی" ناوبرد.  ماکرۆن وتیشی کە "ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین شکستێکە بۆ حەماس" و جەختی لەوە کردەوە کە "حەماس لە روی سەربازییەوە شکستی هێناوە."

پلانی پاش جەنگ و پشتیوانیی نێودەوڵەتی:

سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی "هێزەکانی ئاسایش لە غەززە رادەهێنێت و حەماس چەک دەکات بە پشتیوانیی هاوبەشەکان." هەروەها رایگەیاند: "فەڕەنسا ئامادەیە پشتیوانی لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیری لە غەززەدا بکات." ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە "فەڕەنسا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات" و "سەفارەتێکی فەڕەنسی لە دەوڵەتی فەلەستین دادەمەزرێنین بە خێرایی دوای ئازادکردنی بارمتەکان."

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە "هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەوەوە دەبەستینەوە کە چی دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی." لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی فەڕەنسا وتی: "کاتی بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ گەلی فەلەستین" و "کاتی ئاشتییە."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد شەرع "لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ رۆیشتووین؛ داوا لە هەسەدە دەکەم سوود لەم ساتە مێژووییە وەربگرێت"

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە پانێڵێکدا لە ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا لێدوانیدا.

ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکەی کردەوە و پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.

لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ و ئاڵۆزییەکانی سوریا:

ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆ رۆیشتووین." ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "سوریا زۆرێک لە ئاڵۆزی و نائارامییەکانی بە میرات بۆ ماوەتەوە" و "پەیوەندییەکی پڕ لە گرژییان لەگەڵ ئەمریکا و جیهان وەک میرات بۆ ماوەتەوە." سەرەڕای ئەمەش، ئەحمەد شەرع پێی وایە "بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان سوریا و ئەمریکادا هەیە" و جەختی لەوە کردەوە کە "هەندێک لایەن حساباتەکانیان لەسەر خاکی سوریا یەکلا دەکەنەوە."

شەرع دووپاتی کردەوە کە "گەل لە پشت سەرکردایەتیی سوریاوەن و یەکگرتوون" و "کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یەک ئاستدا بین لەگەڵ هەموو سورییەکاندا." هەروەها بە توندی جەختی لەسەر لێپرسینەوە کردەوە و وتی: "لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە دەکەین کە سەرپێچییان کردووە، تەنانەت ئەگەر لە نزیکترین کەسەکانمان بن." سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوەشدا کە "حکومەت نوێنەرایەتی هەموو توێژەکانی گەلی سوریا دەکات" و "بە خێراییەکی زۆر بەرەو بنیاتنانی سوریای نوێ هەنگاو دەنێین."

لەبارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە، ئەحمەد شەرع رایگەیاند: "پێشنیازمان بۆ هەسەدە کردووە کە بچنە ناو سوپای سوریاوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ هەسەدەدا سستی هەیە."

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی سوریا پەیامێکی ئاراستەی هەسەدە کرد و گوتی: "پێویستە هەسەدە سوود لەم ساتە مێژووییە وەربگرێت کە تێیدا دەژین." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دیمەشق و هەسەدە دانوستانیان لەسەر چارەنووسی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە، و هەڕەشەی سەربازیی تورکیاش لەسەر ناوچەکەدا ماوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بزوتنەوەی حەماس پەیامێکی تایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناردووە و تێیدا داوای دەستوەردانی ناوبراوی کردووە بۆ دابینکردنی ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 60 رۆژ.

تۆڕەکە، رایگەیاندووە کە حەماس پێشنیازی کردووە لە بەرامبەر ئەم ئاگربەستەدا، نیوەی بارمتە دەستبەسەرکراوەکانی ناو غەززە ئازاد بکرێن.

سەرچاوەیەکی دیکەش بۆ رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دووپاتی کردووەتەوە کە پەیامەکە لە ئێستادا لەلای قەتەرە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رادەستی ترەمپی بکات.

ئەم داوایەی حەماس لە کاتێکدایە کە دۆسیەی مرۆیی و سیاسی لە غەززەدا زیاتر ئاڵۆز بووە، لەگەڵ زیادبوونی فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵنانی لایەنەکان بەرەو راگرتنی تەقە و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان.

شایەنی باسە، بەرپرسێکی فەلەستینیی ئاگادار بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندبوو، کە شاندی بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرە پێشنیازێکی نوێی لە نێوەنگیرەکانی میسری و قەتەری وەرگرتووە سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی تەقە لە کەرتی غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە راگەیاند، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە و ئەوانیش سوورن لەسەر ئۆپەڕاسیۆنەكانیان لە دژی داعش.

ئەبجەر داوود، وتەبێژی هەسەدە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی لە حەسەكە رایگەیاند، لە 8ـی كانوونی یەكەمی 2024ـەوە تا ئێستا، داعش 153 جار هێرشی كردۆتە سەر هێزەكانی هەسەدە.

هەروەها ئاشكراشی كرد لە هێرشەكانی داعشدا 30 شەڕڤانیان شەهید بووە و 12 شەڕڤانیش بریندار بوون هەروەها 6 هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشەكانی داعشدا گیانیانلەدەستداوە. 

لە بەردەوامی قسەكانیدا، ئەبجەر داوود وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردسات نیوز دایەوە و وتی، ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەموو سوریایان دەوێت و بۆ ئەم مەبەستەش دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە.

ئەبجەر داود رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ناشرینكردنی هەسەدە بڵاودەبنەوە، پیلانی دوژمنانە و هەموو دەزانن هەسەدە بەرگری لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەكات و هێزیكی رێكخراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سەرتاسەری سوریا بەڕێوەبچێت.
ئاژانسی سانای سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سەردەمی ئیدارەی نوێ ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

راشیگەیاند، دەنگدانەكە بۆ 210 كورسی پەرلەمانە كە لەسەرتاسەری وڵاتەكە بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان مانگی رابردوو ڕایگەیاندبوو، دەنگدان لە سێ پارێزگا دوادەكەوێت بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەكانەوە، هەروەها یەك لەسەر سێ كاندیدەكان بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەحمەد شەرع سەرۆكی راگوزەری سوریاوە دیاریدەكرێت.

ئەو هەڵبژاردنە لە كاتێكدایە، لەدوای رووخانمی رژێمی پێشوی سوریاوە لە 8ی كانونی یەكەمی 2024 تا ئێستا شەڕ لە چەند ناوچەیەكی وڵاتەكە  بەردەوامی هەیە و  سەقامگیری تەواوەتی نەگەڕاوەتەوە بۆ سوریا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد شەرع رایگەیاند، خوازیارە جارێكی تر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا كۆببێتەوە و دەشڵێت، ترەمپ دركی بەوە كردووە كە پێویستە سوریا پارێزراو و سەقامگیر بێت.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لە میانی سەردانەكەیدا بۆ نیویۆرك بۆ بەشداریكردن لە خولی 80 كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە بڕیارە خێرا و بوێرەكانی بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا هەنگاوێكی گەورەی ناوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ترەمپ دركی بەوە كردووە كە پێویستە سوریا پارێزراو و سەقامگیر و یەكگرتوو بێت، كە ئەمە نەك بەتەنها بۆ سوریا گرنگییەكی گەورەی هەیە، بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانی دنیاش گرنگە.

شەرع دەشڵێت، لە هەموو دۆخەكانی كیمیابارانكردن و داعش و دەركردنی چەكدارانی حزبوڵا لە ناوچەكە لە پشتی گەلەكەمان بووین و كارمان كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی سوری، پێویستە وڵاتانی جیهانیش بە رێگریكردن لە هەڵگرتنی سزاكان دژی خەڵكەكەمان نەوەستنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3435363738...104