ئیسرائیل جەختدەکاتەوە وڵاتەکەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە دیاری دەکات کەدێنە ناو خاکی غەززە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: دەبێت ئیسرائیل ئاسودە بێت.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بڕیار لەسەر سیاسەتی ئەمنی خۆی و ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە دەدات کە قبوڵیان دەکات بۆ کارکردن لە کەرتی غەززە و بێنە ناوچەکە.

وتیشی، کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆیان دەکەن هەروەها بە هێزە نێودەوڵەتییەکانیان راگەیاندووە، ئیسرائیل بڕیار لەسەر ئەو هێزانە دەدات کە لای ئەوان پەسەند نین، و ئەمە شێوازی هەڵسوکەوتکردنی ئەوانە و بەو شێوازەش بەردەوام دەبن لە کارکردن.

ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کارەی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە پەسەند کراوە، وەک چۆن نوێنەرە باڵاکانی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیان پێداوە.

لەبەرانبەردا مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت "ئاسوودە بێت" بە بەشداربووانی هێزی نێودەوڵەتییە چاوەڕوانکراوەکان کە بڕیارە لە غەززە جێگیر بکرێت.

بەپێی ئاگربەستێک کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا ئەنجامدرا، چاوەڕوان دەکرێت هێزێک کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەندامانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پێکدێت لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.

هاوکات بەپێی قۆناغەکانی داهاتووی پلانەکە؛ کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز کرابوو بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە، بریتین لە چەکدانانی حەماس، جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایش، و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.