هەنگاوی نوێی سبەینێی پەکەکە چیدەبێت؟ ئایا خۆیان رادەستدەکەن؟
راهۆز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، گەریلا هەنگاوێکی نوێی "مێژوویی" لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا بنێت. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وردەکارییەکان ئاشکرا بکرێن، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هەنگاوەکە بریتییە لە گەڕانەوەی گروپێکی گەریلا لە باکوری کوردستانەوە بۆ باشوری کوردستان، نەک خۆڕادەستکردنەوەیان بە تورکیا.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان و کۆنگرەی12
ئەم هەنگاوە نوێیە لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە دێت، کە لە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لەسەر بنەمای ئەو پەیامە، پەکەکە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و بڕیاریدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە درێژە بە تێکۆشان بدات.
رێوڕەسمی چەک سوتاندن لە ئەشکەوتی جاسەنە
وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی ئاشتی، رۆژی 11ی حوزەیرانی 2025، گروپێکی 30 کەسیی گەریلا بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکی سیمبولیدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، وەک نیشانەی نیازپاکی چەکەکانیان سوتاند و رایانگەیاند، لەمەودوا بە ڕێبازی سیاسیی دیموکراتی درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
سەرچاوەیەکی تایبەت: گەریلاکان دەگەڕێنەوە، خۆیان رادەست ناکەن
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی مەراسیمەکەی سبەینێی پەکەکەوە، زانیاریی تایبەتی بە کوردسات نیوز دا و رایگەیاند: "گروپێکی گەریلا لە باکوری کوردستانەوە بەرەوە باشوری کوردستان دەگەڕێنەوە."
هەمان سەرچاوە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە خۆڕادەستکردنی گەریلا دەکەن و جەختیکردەوە، هیچ گروپێکی گەریلا ناچنە تورکیا و خۆیان ڕادەست ناکەن.



