رەزا تەلایی نیک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردوە و رایگەیاند؛ ئەگەر بیر لە ‌هێرشکردن بکەنەوە خراپتریان بەسەر دێنن، دەشڵێت؛ بە گوێرەی قەبارەی زیانەکانیان بێت پێناچێت جارێکی دیکە بوێریان هەبێت و  ‌هێرشبکەنە سەر ئێران.

ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، ئەگەر دوژمن ئارەزووی هەڕەشەیەکی دیکە بکات، بە دڵنیاییەوە  لە شەڕی 12 رۆژە خراپتریان پێدێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای چەک و ئۆپەراسیۆن و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانیان بە بەراورد بە پێش شەڕی 12 رۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر زیادی کردوە و  بە پێجەوانە توانی دوژمن کەمی کردوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری ئێران، ئەوەشیخستوەتەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شکست و زەربە قورسەی لە شەڕی 12 رۆژەدا تووشی ئیسرائیل بوو، پێناچێت جارێکی دیکە بوێری ئەوەیان هەبێت  بیربکەنەوە لە هێرشکردنە سەر ئێران.