رۆژنامەیەکی فەرەنسی: حزبوڵا بەنهێنی خەریکی خۆ رێکخستنەوەیەو چەک دانانێت
راهۆز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
مەحمود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، بزوتنەوەکەیان چەکەکانیان رادەست ناکات و بە "هێز بۆ نیشتمان و سەروەریی لوبنان" وەسفی کرد. هاوکات، راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی فەرەنسی ئاشکرای دەکات، حزبوڵا بە نهێنی خۆی رێکدەخاتەوە و سەرۆکوەزیرانی لوبنانیش جەخت لە کۆکردنەوەی چەک دەکاتەوە.
قەماتی وتی، "دوژمن رۆژانە دەستدرێژی دەکاتە سەرمان و هەموو فشارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کارمان تێناکات."
ئەو بەرپرسەی حزبوڵا ئاماژەی بە بڕیاری 1701ی نێودەوڵەتی کرد و وتی، "حزبوڵا پابەندی بڕیارەکە بووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل پابەندی نەبووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و فەرەنسا چاودێری رێککەوتنەکەیان دەکرد، کە نەیانتوانی راگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان بەسەر دوژمندا بسەپێنن."
"حزبوڵا بە نهێنی خۆی بەهێز دەکاتەوە"
پێشتر، راپۆرتێکی رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسی ئاشکرای کردبوو کە حزبوڵا لە ئێستادا نزیکەی بە تەواوی لە ژێر زەویدا کاردەکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، حزبوڵا بە نهێنی کار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆی سەرکردایەتی و هێزی سەربازیی خۆی دەکات، روونیشیکردووەتەوە کە دوای ساڵێک لە ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکانی ئیسرائیل، کارەکان بە نهێنییەکی تەواوەوە بەڕێوەدەچن بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانیان.
لۆفیگارۆ دەڵێت، لە کاتێکدا حزبوڵا بە رواڵەت رەزامەندی لەسەر چەکدانان نیشان دەدات، بەڵام لە کرداردا لە پێگەکانی دیکەیدا پێچەوانەی ئەوە کار دەکات.
حکومەتی لوبنان لە مانگی ئابی رابردوودا بڕیاری چەکداماڵینی حزبوڵای دابوو. سوپای لوبنانیش پلانێکی پێنج قۆناغی بۆ کشانەوەی چەک دانابوو، لە هەنگاوێکدا کە پارتە لوبنانییەکە رەتیکردەوە و بڕیارەکەی بە "تاوان" وەسف کرد.
لە نوێترین لێدواندا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی کردەوە، "لوبنان پابەندە بە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە باشووری رووباری لیتانی پێش کۆتایی ئەمساڵ." لە بەرامبەردا داوایکرد، ئیسرائیل "ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە کشانەوە لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان و راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی."



