دوای دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە لای دانیشتووانی رۆژهەڵاتی تاران بەهۆی بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز، لێپرسراوانی ناوچەکە رایدەگەیەنن، دەنگەکان نیشانەی هیچ مەترسی و هێرشێک نین، بەڵکو پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی پێشوەختە پلانداڕێژراوی لەناوبردنی تەقەمەنیی کۆنەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاویکردەوە؛ دەنگی ئەو تەقینەوە بەهێزانەی لەلایەن دانیشتووانی شارەکانی "پاکدەشت" و " پارچین " لە رۆژهەڵاتی پارێزگای تارانی پایتەخت بیستراون، لە پرۆسەیەکی کۆنترۆڵکراوی لەناوبردنی پاشماوەی ئەو تەقەمەنییانەی کە نەتەقینەتەوە.
ئاژانسەکە لە زاری لێپرسراوی خۆجێی شاری پاکدەشتەوە ئەوەی خستەڕوو، "ئەو دەنگانە پەیوەندییان بە پرۆسەیەکی توندوتۆڵی لەناوبردنی تەقەمەنیی بەجێماوی جەنگەوە هەبووە، هیچ روداوێکی نەخوازراو نەبووە و هیچ مەترسییەکیش لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نییە". ئەو لێپرسراوە جەختیشی کردووەتەوە، پرۆسەکە بەپێی رێنماییە توندەکانی سەلامەتی و لەلایەن هێزە پسپۆڕ و لێپرسراوەکانەوە ئەنجام دراوە و لە پێشتریشەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو.
بیستنی دەنگی ئەم تەقینەوانە بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی، بە تایبەت کە ناوچەکە لە ئێستادا بەهۆی نوێبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە، لە دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمدواییەی ئەمریکا کە چەند پێگەیەکی لە ناوخۆی ئێراندا کردە ئامانج و ترسی تەقینەوەی رەوشەکەی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن واشنتنەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکات و رادەگەیەنێت، وڵاتەکەی تەواوی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
کەمێک پێش ئێستا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ تاران تەواوی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ کردووە کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکادا هاتبوو.
عراقچی لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئێران تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بردووەتە سەر، بە پێچەوانەی ئەوەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات، کە خۆی بڕگەی نۆی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کردووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم پێشێلکارییە لە دوای زنجیرەیەک پێشێلکاری و هەڵەی تری ئەمریکاوە دێت، کە لە راستیدا، هیچ رێگەیەک نییە جگە لە پابەندبوونی دوولایەنە".
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە تێیدا لایەنێکی سەرەکی دارایی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵایئێران، لەگەڵ 13 کەسایەتی و قەوارەی تر کرانە ئامانج؛ ئەوەش دوای ئەوەی تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەروی هورمز دەستپێکردەوە.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان ئاشکرای کردوە، ئێران دەستی کردووە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە چەندین پێگەی ئەتۆمی و موشەکی خۆیدا، کە لە مانگەکانی رابردوودا روبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل ببوونەوە.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا بە وردی ئەوەی خستوەتەڕوو، کە ئێران سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شوێنی پێگەی ئەتۆمی و موشەکییەکانیەتی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوەی تاران گومان و پرسیاری جیددی لەسەر پابەندبوونی بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە دروستکردووە، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەگەڵ ئەمریکا ئیمزای کردبوو، کە تێیدا جەخت لەسەر پەرەنەدان بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی رەوشی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکە کرابووەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، وێنە سەتەلایتییەکان ئاماژە بە چالاکییەکی بەرچاو دەکەن لە پێگەی (پارچین) کە گومان دەکرێت مادەی تەقەمەنی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی تێدابێت.
لە وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، دەرکەوتووە کە دوای هێرشەکان، ئێران سەرەتا ناوچە زیان لێکەوتووەکانی بە داپۆشەری کاتی گرتووە و دواتر گۆڕیویەتی بۆ تۆڕی پارێزەر و بارهەڵگرەکانی تێکەڵکردنی کۆنکرێت لە شوێنەکەدا بینراوە، کە ئەمەش لەلایەن شارەزایانەوە وەک پێشێلکارییەکی ئەگەریی رێککەوتنەکە سەیر دەکرێت.
سی ئێن ئێن باسی لەوەشکردوە، ، لە پێگە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان هیچ چالاکییەکی هاوشێوە بەدی نەکراوە، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە، پێگە موشەکییەکانیشی گرتووەتەوە؛ لە بنکەی "تەبرێز" کارەکانی قیرتاوکردنی نوێ و لە بنکەی ئاسمانیی هەمان شار کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو چاڵانە کراوە کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە دروست ببوون.
هەروەها لە بنکەی کرماشان حەفارەکان خەریکی لادانی پاشماوەی وێرانکارییەکان و پاککردنەوەی دەروازەی تونێلەکان بوون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە،کەمبوونەوەی ئەو سنوردارکردنانەی پێشتر لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنە سەتەلایتییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە سەپێنرابوون، رێگەی خۆشکردووە بۆ ناسینەوەی ئەو شوێنانەی تاران لە پێشینەی کارەکانی داناوە بۆ چاککردنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەرفەتەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولای ئاڵۆزتر کردووە.
سبەینێ شەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری وەفدێکی دیپلۆماسی سەردانی عومان دەکات، میدیاکانی ئێران دەڵێن؛ هۆکاری سەردانەکە بۆ رەوشی ئەمنی و سترتیژی گەروی هورمزە.
ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا رایگەیاند، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی رەوشی ئەمنی و ستراتیژی گەروی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عومان دەکات.
ئەم سەردانەی حراقچی لە کاتێکدایە، ئێران بەهۆی ئەوەی ئەندام نییە لە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریایی، هەوڵ دەدات بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عومان بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز بگرێتە دەست.
داواکارییەکەی تاران، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراواندا روبەڕوو بووەتەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لەگەڵ ئەمریکادا ناگەنە رێککەوتن.
لای خۆشیەوە عومانیش وەک دووەم وڵاتی کەناراو لە گەروی هورمزدا، پێشتر چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پابەندە بە دابینکردن و پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی و بازرگانی لەو گەروە نێودەوڵەتییەدا و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە تێکدانی سەقامگیریی ئاویی ناوچەکە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، بۆ یەكەمجار لەماوەی چەندین دەیەی رابردوودا، كاروانی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی حكومی لە بازگەكانی عیراقدا دەپشكنرێت.
گەورە لێپرسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق بە ماڵپەڕی عەرەبی جدیدی راگەیاندووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رێنماییان پێگەیشتووە كە لە سەرجەم بازگە ئەمنییەكان پشكنین بۆ كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی حكومی بكرێت، بەبێ جیاوازی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێنماییان پێدراوە ژمارەی بازگەكان لە رێگاكانی دەرەوەی شار و نێوان پارێزگاكاندا زیاتر بكەن.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، لە سەرەتاوە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران و لێپرسراوان دژی بڕیاری پشكنینی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانیان وەستاونەتەوە، بەڵام دواتر پابەندی بڕیارەكە بوون و رێگەیانداوە پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بكرێت.
لە چەند هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵمەتێكی بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران و گێڕاندنەوەی ئەو پارانەی موڵكی گشتین، راگەیاند و تیایدا چەندین لێپرسراوی باڵا دەستگیر كران و دەیانی تر هەڵاتن.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا، جەختی لەسەر بێمتمانەیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە واشنتۆن کردەوە و رایگەیاند، لە کاتی دانوستانەکاندا بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای وتوە؛ هیچ جۆرە متمانەیەکیان بە ئەمریکا نییە.
ئەمڕۆ هەینی، لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئیندۆنیزیا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند وەک ئێرانییەکان متمانەیان بە ئەمریکا نییە.
قالیباف ئاماژەی بە مەرجی سەرەکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکادا کرد و وتویەتی؛ له روانگهی ئەوەوە، تهنها ئەو کەسانە دەتوانن لەگەڵ ئەمریکادا دانوستان بکەن، کە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کردبێت و توانای جەنگیان هەبێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران باسی لە هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند ئەمریکا، ئیسرائیل و ناتۆ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەم دواییە، پێیان وابوو دەتوانن لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام زۆر زوو بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و تێگەیشتن کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بەو شێوازە نییە کە ئەوان تێڕوانینیان بۆی هەبووە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، سەرەڕای گرژییەکان، دانوستانکارانی قەتەر بەمەبەستی دیدار لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران لە تارانی پایتەختن.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانی رۆیتەرز، ئاشکرای کردوە، سەرەڕای هێڕشيکانی واشنتۆن و تاران بۆسەر یەکتری، هەوڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ بەردەوامبوونی دانوستانە بەرفراوانەکان بەردەوامە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تیمی دانوستانکارانی قەتەر لە ئێستادا لە تارانن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران، گفتوگۆکانیش لەلایەن ئەمریکاوە هەماهەنگی دەکرێن.
رۆیتەرز ئاماجی گفتوگۆکانی خستوەتەڕوو، کە بریتیین لە چارەسەرکردنی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هەروەها گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان دوو وڵاتەکە و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر گەرویی هورمز لە بابەتە سەرەکییەکانی نێو گفتوگۆکانن.
لێپرسراوانی سوریا ئاشكرایانكرد، داعش لە پشت ئەنجامدانی تەقینەوەكەی هەفتەی رابردووی دیمەشقەوە بووە.
لیوا ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە دیمەشق سەبارەت بە تەقینەوەكەی هەفتەی رابردوو رایگەیاندووە، دوای روودانی تەقینەوە تیرۆریستییەكە، دەستیان بە لێكۆڵینەوەكانیان كردووە، لە ئەنجامدا یەكێك لە ئەندامانی ئەو شانەیەی هێرشەكەی ئەنجامداوە دەستنیشانكراوە، دواتر توانراوە سەرجەم ئەندامانی باندەكە دەستگیر بكرێن.
هاوكات ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوای كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان، ناسنامەی ئەندامانی باندەكە و پەیوەندییەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا دەكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە سێشەممەی رابردوو، لەكاتی سەردانی سەرۆكی فەرەنسا بۆ دیمەشق، چەند بۆمبێكی چێندراو لە نزیك هۆتێلی فۆر سیزن تەقینەوە، بەهۆیەوە 18 كەس برینداربوون.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرداوە، کە لایەنەکان لەناو ئیسرائیلدا خوازیاری چوونە ناو گرژییە نوێیەکانی نێوان واشنتن و تاران و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیانن بۆ ئێران.
دوای گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران و دەنگی هاتنەناوەی ئیسرائیل بۆ نێو گرژیەکان، میدیاکانی ئیسرائیل، رایان گەیاند سوپای ئیسرائیل خوازیاری ئەوەیە بەشداری جەنگەکە بکات.
تۆڕی راگەیاندنی "کان"ی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر تاران، تەلئەبیب چاوەڕوانی گۆڵپی سەوزی واشنتۆنە و سەرۆکی ئەمریکایە.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەبەوە دەکەن، لێپرسراوانی تەلئەبیب، پێشبینی دەکەن هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا وئێرا بۆسەر یەکتری لە چەند رۆژی داهاتوشدا بەردەوامی هەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند بوو،لاریان نییە لەوەی بۆ جاری سێێەم هێرشبکەنەوە سەر تاران، ئەگەر پێویست بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆچكردووی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەناو مەزارگەی ئیمام رەزا لە شاری مەشهەد بەخاكسپێردرا.
ئاژانسی مهر رایگەیاند، پێش بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی، رێوڕەسمێكی بەڕێكردنی جەماوەریی بەرفراوان بە ئامادەبوونی ملویۆنان كەس لە شەقامەكانی مەشهەد بەڕێوەچووە، دواتر نوێژی مردوو لەسەر تەرمەكەی كراوە.
هاوكات، ئێوارەی ئەمڕۆش رێوڕەسمی سەرەخۆشی و یادكردنەوەی رێبەری كۆچكردوو، لە مەزارگەی فاتیمەی مەعسوومە لە شاری قوم بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەوەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە بوشەهر و بەندەر عەباس بیستراون، لێپرسراوێكی ئەمریكا رایگەیاند، سوپای ئەمریكا هیچ هێرشێكی ئەنجامنەداوە.
میدیای رەسمی ئێران رایگەیاند، دەنگەكان لە ئەنجامی چالاككردنی سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە بووە و لە كاتێكدا لە روونكردنەوەیەكی پێشوتری میدیای رەسمی ئێراندا هاتووە كە بنكەیەكی سەربازی لە شاری بوشەهر بۆردومانكراوە.
هاوكات لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، لە كاتی بیستنی ئەو دەنگانەدا سوپای ئەمریكا هیچ چالاكییەكی سەربازی لە ناوچەكەدا ئەنجامنەداوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئێران چەند كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هورمز كردە ئامانج و لەبەرانبەریشدا ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشیكردە سەر ئێران، بەپێی دواین راگەیەنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش لە دوو رۆژدا زیاتر لە 170 هێرشی ئاسمانییان كردوەتەسەر ئێران
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا هۆشداری تووندی دایە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، سەردەمی زۆرداری و پێشێلکردنی بەڵێنەکان بەبێ باج کۆتایی هاتووە.
محەمەد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە دوای هێرشەکانی ئێەمریکا بۆسەر ئێران و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و بە واشنتۆن دەڵێت؛ "بە رونی دەیڵێم، هێرش بکەن هێرشتان دەکەینەوە سەر، هەوڵی بێهوودە مەدەن چونکە زیاتر رۆدەچن"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و رایگەیاندووە، گەروی هورمز تەنیا لەژێر سایەی رێوشوێن و ڕێکخستنی ئێرانیدا دەکرێتەوە و بە هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی ئەمریکی بەڕێوە ناچێت.
سوپای ئەمریكا شەپۆلێکی نوێی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران كۆتایی پێهێنا و 90 ئامانجی پێكا، ئێرانیش وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا – سێنتكۆم رایگەیاند، سوپای ئەمریكا شەپۆلێکی نوێی هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر ئێران تەواو كردووە، ئاماژەی بەوە شكردووە، هێزەكانی ئەمریكا نزیكەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانییان پێكاوە.
ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بریتین لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەكانی چاودێریی كەناراوەكان، پێگەكانی كۆگاكردنی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، توانای دەریایی، و ژێرخانی لۆجستی سەربازی لە درێژایی كەناراوەكانی ئێراندا، ئەمە جگە لە زیاتر لە 60 بەلەمی سەر بە سوپای پاسداران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەكانی واشنتۆندا، بە موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ژێرخان و دامەزراوە هەستیارەكانی لە بنكەكانی عاریفجان و عەلی سالم لە كوەیت، و بنكەكانی جوفەیر و شێخ عیسا لە بەحرەین كردووەتە ئامانج. هەروەها هۆشداری دا كە ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا دووبارە ببنەوە، وەڵامەكانیان فراوانتر دەكەن بۆ بنكەكانی تری ناوچەكە.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاند، دەنگی هەشت تەقینەوە لە شاری بەندەر عەباس لە باشوری وڵاتەکە بیسترا و سیستمی بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا، سێنتکۆمیش پشتراستیکردەوە هێرشەکان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بووە.
دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران، بڵاویان کردوەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە باشوری وڵاتەکەی بیستراوە، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا هێرشيکانی بۆسەر ئێران پشتراست کردەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی ئێران دەستپێکرد، ئامانجی ئەم هێرشانەش پەکخستن و تێکشکاندنی زیاتری ئەو توانایانەی ئێرانە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن بە توندی سەرکۆنەی رەفتارەکانی ئەم دواییەی تاران دەکات، هەروەها ئێران بە تەواوی بەرپرسیارە لەو هێرش و دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە کاتێکدا کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئازادانە لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگەدا هاتوچۆیان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئێرانیش پچڕانی کارەبای راگەیاند لە بەشێک لەو شوێنانە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.
دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیی بڵویکردەوە، واشنتۆن پێشوەخت ئاگاداری کردونەتەوە لە نیازی هێرشکردنە سەر ئێران.
لای خۆشیەوە، ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە لێپرسراوێکی ئەمریکی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە گەروی هورمز کردوەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشەکانی ئەمشەوی سەر ئێران لە هێرشەکانی دوێنی فراوانترن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان و سەرچاوەیکی سەربازی رایگەیاندوە، وەڵامان بۆ هێرشيکان توند و پەشیمانکەرەوە دەبێت
ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی پەرەسەندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چڕ دەکاتەوە بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، دامەزراوە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بە وردی چاودێری گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل خۆیان بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر ئامادە دەکەن؛ ئەمەش لەبەر رۆشنایی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری پەرەسەندنی خێرای ململانێکان و راکێشرانی ئیسرائیل بۆ ناو ئەو قەیرانە.
هەرچەندە ئاڵوگۆڕی تەقەکانی ئەم دواییانە تەنیا لە ناوچەی کەنداودا بووە و نەکەوتووەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوشی ئەمنی، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بە ئامادەبوونی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی بەڕێوەدەبات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی خۆی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا بەرزکردووەتەوە؛ هاوکات بۆ رێگریکردن لە هەر سوپرایزێک، هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەپارێزێت و ئامادەکارییە بەرگریی و هێرشبەرییەکانی بەهێزتر کردووە.
لە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، عەباس عراقچی لە ئێکس، وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت؛ مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەی مەزن و شارستانی و ئازای ئێران بە زمانێکی سوکایەتی و بێزارکەر، لە گەورەیی ئەم نەتەوەیە کەم ناکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوان هەرگیز بە وشەی هاوشێوە وەڵامی وشەی ناشرین نادەنەوە؛ وەڵامی ئەوان کردەوەی یەکلاکەرەوەیە و چاونەترس و پڕ لە بوێری و ئازایەتییە.
عەباس عراقچی نوسیویەتی؛ ئێرانیەکان بە شارستانیەتی کۆن و کولتوری دەوڵەمەند، پابەندبوون بە بەرزترین بەها ئەخلاقییەکان ناوبانگیان هەیە و ئەو قسە نەشیاو و نەگونجاوانەی دۆناڵد ترەمپ لە ئاستی گەورەیی میلەتی ئێرانو مێژوی ئێران کەمناکاتەوە.