بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لەسەر سنور، ئەمڕۆ شەممە وەفدی دانوستانکاری تاڵیبان و پاکستان لە ئەستمبوڵ، بە نێوەندگیری قەتەر و تورکیا دەستیان بە کۆبونەوە کرد.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، وەفدەکەی تاڵیبان لە شەش کەس پێکدێن، بە سەرکردایەتی رەحمەتوڵڵا نەجیب بریکای وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان، وەفدەکەی پاکستانیش، لە دیپلۆماتکاران و ئەندامانی باڵای دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە پێکدێن.

لە کۆبونەوەکەدا بڕیار لەسەر بەردەوامی دانوستان و پرسی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان دژ بە پاکستان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر چەکداران، رێزگرتنی یەکتر بۆ یەکپارچەیی خاک و ئاسمانی یەکتر و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری تاڵیبان و پاکستان لە قەتەر دێت، کە بووە هۆی رێککەوتنی ئاگربەست.

ئەمە لە کاتێكدایە، بەهۆی پێکدادانی نێوان هەردوو وڵاتەکەوە لە دوو هەفتەی رابردودا زیاتر لە 100 کەس کوژران و  بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و بە قورسترین پێکدادانی نێوای ئەفغانستان و پاکستان دادەنرێت لەدوای هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2021وە.