دوای گەیشتنی بە تەلئەبیب، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر حەماس رەتیبکاتەوە چەک دابنێت، ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و جەختیشیکردەوە لەوەی حەماس رۆڵی نابێت لە داهاتوی غەززەدا.

ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە  بۆ جێبەجێکردنی قوناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە ئیسرائیلە رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەندی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە بن و دەیانەوێت؛ هاوکاربن بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە یارمەتی خەڵکی غەززە بدات بەبێ حەماس باشتر بژین.

وەزیرەکەی ئەمریکا ئەوەشیخستەڕوو، پێشبینی دەکات حەماس چەک دابنێت و هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی حەماس رۆڵی لە داهاتووی لە غەززەدا نابێت.

جەختیسیکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حەماس حوکمی غەززە نەکات و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل نەبێت.

مارکۆ رۆبیۆ دڵنیایشی داوە لەوەی تا ئەو کاتەی هەرێمێک هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات، ئاشتی بەدی نایەت و  هەمووانیش لەوەتێگەشتوون.