بە بۆمبی ئەتۆمی بە زلهێزەکان دەڵێین:نـەخێر
راهۆز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بۆمبی ئەتۆمیی راستەقینەی ئێران، چەکی ناوەکی نییە، بەڵکو ئەو توانایەیە کە بتوانن لەبەردەم زلهێزەکاندا بڵێن "نا".
عراقچی جەختیکردەوە، گەلی ئێران ئامادەیە باجێکی قورس بدات، بەڵام شکۆ و سەربەخۆیی لەدەست نەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێتیی "سەحرا" وتی: "ئێمە فەتوامان هەیە و بیروباوەڕی ئەمنیمان بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی لەخۆناگرێت. ئەوان دەیانپرسی 'بۆچی پیتاندن (یۆرانیۆم)تان دەوێت و ئەم هەموو تێچووە دەکەن؟' وەڵامی من ئەمە بوو کە ئێمە دەمانەوێت چونکە مافی خۆمانە و ئەوانی تر دەڵێن نابێت هەمانبێت."
عراقچی وتیشی: "بۆمبی ئەتۆمیی ئێران، توانای 'نا' وتنە لەبەردەم زلهێزەکاندا. ئەمە بابەتێکە کە لە کاتی شۆڕشەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. نابێت ئەمە بە کەم سەیر بکرێت. گەلێک ئامادەیە باجی قورس بدات، بەڵام رێگە نادات کەرامەت و شەرەف و سەربەخۆییەکەی پێشێل بکرێت."
"سەربەخۆیی راستەقینە، بڕیاردانی سەربەخۆیە"
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دروشمی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی" یەکێک بوو لە دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕش و وتی: "ئێران هەرگیز لە مێژووی خۆیدا داگیرنەکراوە، بەڵام خەڵک هاواری سەربەخۆیی دەکرد، چونکە پێیان وابوو سەربەخۆیی راستەقینە واتە توانای بڕیاردانی سەربەخۆ، بەبێ ئەوەی لەلایەن کەسانی ترەوە فەرمانت بەسەردا بکرێت."



