تورکیا دۆسیەی سیخوڕی بۆ سەر دۆسیەکانی دیکەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ زیاد کرد
راهۆز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "سەر بە رێکخراوی تاوانکاری" کردەوە.
لێکۆڵینەوەکە گواستنەوەی پارەش دەگرێتەوە کە گوایە پەیوەندیی بەو رێکخراوەوە هەیە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە لە مانگی ئادارەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرە، ئێستا روبەروی کۆمەڵێک تۆمەتی نوێی قورس بووەتەوە. داواکاری گشتی دەڵێت لێکۆڵینەوەکە جەخت لەسەر "پەیوەندییەکانی ئیمامئۆغڵو لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان" و "ماهیەتی ستراتیژیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی" دەکاتەوە و بەشێک لە چالاکییەکانی بە سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە لە قەڵەم دەدات.
بەپێی راگەیەندراوی داواکاری گشتی، شیکاری بۆ ئەو کەرەستە دیجیتاڵییانە کراوە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە و دەرکەوتووە وێنەی پاسپۆرتی کەسانی بیانی تێدایە کە گوایە پەیوەندییان بە ئیمامئۆغڵوەوە هەبووە. راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە زانیارییەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پەیوەندیی کۆدکراوەوە ئاڵوگۆڕ کراون، کە لێکۆڵەران بە چالاکیی سیخوڕی هەژماریان کردووە.
تا ئێستا لەم کەیسەدا15 گومانلێکراو بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دزەپێکردنی داتا لە رێگەی ئەپی "İstanbul Senin"ەوە دەستگیرکراون.



