ترەمپ مۆڵەتی 48 سەعاتی دایە حەماس: تەرمی بارمتەکان بگەڕێننەوە
راهۆز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر بزوتنەوەی حەماس لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا دەست بە گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان نەکات، ئەوا ئەو وڵاتانەی دیکە کە لە رێککەوتنەکەدا بەشدارن، رێوشوێن دژی بزوتنەوەکە دەگرنەبەر.
"وڵاتانی دیکەی بەشدار لە رێککەوتننامە مەزنەکەی ئاشتیدا رێوشوێن دەگرنەبەر"
ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "پێویستە حەماس لە زووترین کاتدا دەست بە گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بارمتانە بکات کە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دوو ئەمریکییەکەش دەگرێتەوە، ئەگەرنا وڵاتانی دیکەی بەشدار لەم رێککەوتننامە مەزنەی ئاشتیدا رێوشوێن دەگرنەبەر."
"گەڕاندنەوەیان رەنگە پەیوەندیی بە چەکداماڵینەوە هەبێت"
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەندێک لە تەرمەکان دەستگەیشتن پێیان قورسە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەتوانرێت ئێستا بگەڕێندرێنەوە، کەچی بە هۆکارێک ناگەڕێندرێنەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە ئەمە پەیوەندیی بە چەکداماڵینیانەوە هەبێت، بەڵام کاتێک وتم هەردوو لا بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمە تەنها کاتێک جێبەجێ دەبێت کە پابەندی ئەرکەکانیان بن. چاوەڕێ دەکەین بزانین لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا چی دەکەن."



