وەزیری بەرگری ئیسرائیل: تا ئێستا لە 60% تونێلەکانی غەززە لەناو نەچوون
بڵند
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس رایگەیاند، تائێستاش نزیکەی 60%ی ئەو تونێلانەی کە حەماس خاوەندارێتی دەکات لە غەززە لە ناونەچون و جەختیشیکردوەتەوە کە لە ناوبردنی تونێلەکان گرنگترین کارە بیکەن.
ئەمڕۆ شەممە، کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری وڵاتەکە بە جێگری سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، "لەناوبردنی تونێلەکان گرنگترین ئەرکی هاوبەشە، بەپێی پلانی ترەمپ، دەبێت خۆمان ئامادەبکەین بۆ جێبەجێکردنی".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە تەرمی هەموو بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە و هەموو تونێلەکان لەناوببەین و حەماسیش چەک بکرێت و دڵنیابن لەوەی هیچ هێزێکی چەکدار لە غەززەدا نەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەو تونێلانەی کە ماونەتەوە لە هەردوو دیوی هێڵی زەرددان جێگیرکراون، کە ئێستا لەلایەن سوپای داگیرکەری ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە.
کەناڵەکە ئەوەشیخستوەتەڕوو، چەکدارانی حەماس کە هەفتەی رابردوو دوو سەربازی ئیسرائیلیان لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کوشتووە، لە یەکێک لەو تونێلانەیان بۆ هێرشەکە بەکارهێناوە.
بەگوێرەی خەمڵاندن و زانیارییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، تا ئێستا کەمتر لە 40%ی تونێلەکانی غەززە لەناوچوون.



