دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند کە هێزەکانی لە تورکیا دەکشێنێتەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایانگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کۆتایی هاتووە و جەختیان کردەوە کە "بڕیاری ئاشتیمان تاهەتایەیە."


تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای راگەیەندراوەکەی پەکەکە بۆ گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ قۆناغی دووەم، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە هەنگاوی یاسایی و سیاسی بەرەو ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی بچن.

باکرهان وتی: "ئێستا لە قۆناغی دووەمی گرنگترداین. ئەم قۆناغە هێندەی قورسییەکەی، مانادارە. پێویستە پەرلەمان ئەم دۆخە ئاسانتر بکات و پەرەی پێبدات. دەبێت رێکخستنی یاسایی بۆ ئەم قۆناغە گواستنەوەیە بکرێت، چونکە ئەمانە تەنها رێکخستنی تەکنیکی نین، بەڵکو بناغەی ئاشتیش دەبن."

هاوسەرۆکی دەم پارتی بڕیارەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە هیوای 86 ملیۆن کەس بوو. دەرگایەک کراوەتەوە و پێویستە سوودی لێ ببینین."

هەروەها بانگەوازی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد و وتی: پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دەبێت میدیا واز لە زمانی زبر بهێنێت و بە زمانی ئاشتی قسە بکات.

لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە: "بە هیچ شێوەیەک واز لە ئاشتی ناهێنین، با هەموو کەسێک ئەمە باش بزانێت."