رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل رایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل بە یاسادانەرانی ئیسرائیلیان راگەیاندووە کە هێزی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی غەززە پێدەچێت سەربازانی پاکستانیش لەخۆ بگرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، پاکستان یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی پێکدەهێنن لە غەززە و پاراستنی کەرتەکەیان پێدەسپێردرێت.

جگە لە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ماڵپەڕی هەواڵی ئیسرائیلی یەنیتیش بڵاویکردەوە، ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری پەرلەمانی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ئاگادارکراونەتەوە کە "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی" لە سەربازانی ئەندەنوسیا، ئازەربایجان و پاکستان پێکدێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، تورکیا ویستیەتی ببێتە یەکێک لەو هێزانەی کە سەقامگیری غەززەیان پێدەسپێردرێت و لایخۆیەوە ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەمەریکا ئاگادارە ئێمە ڕێگە بە تورکیا نادەین هێز بنێرێتە غەززە.

مەبەست لە "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە"، بە گوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، سەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرتی غەززەیە لە دوای شەڕ و یارمەتیدانی ئیدارەی کاتی ناوچەکەیە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان سەبارەت بە پێکهاتە و ئەرکی ورد و سەرکردایەتی ئەو هێزە ئاشکرا نەکراون و دانوستانەکان بەردەوامن.

ئەندەنوسیا بە ئاشکرا پێشنیازی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ئەو نوێنەرایەتییە کردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلیان راگەیاندووە، ئازەربایجانیش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی هێزەکانی، بەڵام تا ئێستا ئەگەری بوونی سەربازانی پاکستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە ئاشکرا نەکراوە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، زۆرێک لە وڵاتان پێشنیازی بەشداریکردنیان لە هێزی ئەمنی نێودەوڵەتی بۆ غەززە کردووە، کە بە وتەی ئەو بەشێکی سەرەکییە لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا.