رۆژنامەی زە ئەتڵانتیک رایگەیاندوە، لە پاش تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر جەنگی غەززەدا، هێشتا بزوتنەوەی حەماس دەیان هەزار چەکداری چالاکی لەنیو کەرتی غەززە هەیە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی زە ئەتڵانتیکی ئەمریکی لە زاری لێپرسراوێکی ئیسرائیلیەوە بڵاویکردوەتەوە، بزوتنەوەی حەماس زیاتر لە 20 هەزار چەکداری چالاکی لەنێو کەرتی غەززە هەیە، ئەو ژمارەیەش سەرسوڕهێنەرە بە لەبەرچاوگرتنی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی سوپای ئیسرائیل کەلانیکەم دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی کوشتووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیکردوە لە رێگریکردن لە هاتنی هاوکاریە مرۆییەکان و برسیکردنی خەڵکی غەززە، چونکە دەنگدانەوەیەکی جیهانی گەورەی بەدوای بەخۆیەوە بینی و چەندین وڵات نیازی خۆیان بۆ داننان بەدەوڵەتی فەلەستیندا راگەیاند.
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە جەنگ لە کەرتی غەززە بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە زیاتر لە 63 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و سوپای ئیسرائیل بەشێکی بەرچاوی لە کەرتی غەززە کۆنترۆڵ کردوە.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکانی سوەیدا، رەققە و حەسەکە راگەیاند.
لیژنەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تەلەفزیۆنی سوریا، هۆکاری دواخستنەکەی بۆ ئەو "ئاستەنگە ئەمنییانە" گەڕاندەوە کە لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە.
هەروەها لیژنەکە جەختی کردەوە کە ئەو کورسیانەی بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخانکراون، پارێزراو دەبن تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنەکان لە نزیکترین دەرفەتدا ئەنجام دەدرێن.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا، ئەمڕۆ شەممە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی چاوەڕوانکراو لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا دەکەن لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا.
نووسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لە وەڵامێکدا بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا، جەختی کردەوە کە "هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە" کە باس لە ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو لادا دەکەن.
پێشتر، رۆژنامەی "ئیندپێندنت عەرەبییە" لە زاری "سەرچاوەی باڵای سورییەوە" بڵاویکردبووەوە کە سوریا و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا رێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا (سانا) رایگەیاندبوو کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس لەگەڵ وەفدێکی ئیسرائیلیدا کۆبووەتەوە. بەپێی ئاژانسەکە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەچووە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کراوە.
سانا ئاماژەی بەوەشکردبوو کە گفتوگۆکان جەختیان لەسەر راگرتنی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا، بەهێزکردنی سەقامگیری لە باشوری سوریا، چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1974ی جیاکردنەوەی هێزەکان کردووەتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە بوو کە لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پاریس لە نێوان شەیبانی و رۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیلدا ئەنجامدرا. هەروەها سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لە کۆبوونەوەی دیکەی راستەوخۆ دەکەن کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوون.
شایەنی باسە، ئەم پێشهاتانە دوای توندوتیژییە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدا دێت کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا رویا1600 کەس.
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، ئاشکرای کرد کە تاران لە چەند وڵاتێکدا ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری دامەزراندووە، هاوکات جەختیشی لەسەر توانای خۆبژێویی ئێران لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی بەرگریدا کردەوە.
نەسیرزادە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، چەند کارگەیەکیان لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە رەسمی بکرێنەوە و رابگەیەندرێن.
وەزیری بەرگریی ئێران ئەم هەنگاوەی بە "نیشانەی ئەوە زانی کە جیهان باوەڕی بە تواناکانی بەرگریی ئێران هەیە و خواست لەسەر بەرهەمەکانمان، بەتایبەتی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، لە زیادبووندایە."
نەسیرزادە ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەندێک بواردا، دروستکردنی کارگەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی پارچە یان کەرەستەی دیاریکراو لە روی ئابوورییەوە بەسوود نییە، بۆیە ئێمە بە رێگەی دیکە ئەم پێداویستییانە پڕ دەکەینەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیرەکە جەختی لەسەر پێویستیی پشتبەستنی هێزە چەکدارەکان بە توانای ناوخۆیی کردەوە و وتی: "لە کاتی قەیرانەکاندا، ناتوانرێت پێداویستییەکان لە دەرەوە دابین بکرێن. بۆیە دەبێت هەموو ژێرخانە پێویستەکان لە ناوخۆدا دابمەزرێنین."
بە وتەی نەسیرزادە، "ئەمڕۆ زیاتر لە %90ی ئەو کەرەستانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێویستیانە، لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەتی لە بواری مووشەکدا." رونیشیکردەوە کە "مووشەکەکان، چ ئەوانەی بە سووتەمەنیی شل یان رەق کاردەکەن، %100 لە ناوخۆدا دروست دەکرێن و پشت بە هیچ وڵاتێکی بیانی نابەستین."
"هەموو توانای مووشەکیمان بەکارنەهێناوە"
وەزیری بەرگریی ئێران دووپاتیکردەوە کە توانای مووشەکیی وڵاتەکەی زۆر لەوە زیاترە کە تا ئێستا بەکارهێنراوە و تاران خاوەنی چەندین مووشەکی نوێیە بە کڵاوەی جەنگیی پێشکەوتووەوە کە لە شەڕی ئەم دواییەدا بەکارنەهێنراون، لەوانەش مووشەکی "خوڕەمشەهر 5" کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین نموونەکان دادەنرێت.
هەروەها ئاشکرایکرد کە مووشەکی "قاسم بەسیر"یش کە بەم دواییە پەردەی لەسەر لادرا، بەکارنەهاتووە. نەسیرزادە ئەم مووشەکەی بە "ورترین مووشەکمان" وەسف کرد کە پشت بە تەکنەلۆژیایەکی نوێ دەبەستێت و "بەرھەمی ئەزموونەکانمانە دوای ئۆپەراسیۆنی 'بەلێنی ڕاستگۆیانە 2'."
نەسیرزادە وتیشی، "خاوەنی مووشەکی سەرووی دەنگ (هایپەرسۆنیک)، سجيل و نەوەیەکی نوێی مووشەکین کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا تاقیکراونەتەوە و کاراییان سەلمێندراوە."
لەبارەی ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەوە، نەسیرزادە وتی: "ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر، بۆ نموونە 15 رۆژ، بەردەوام بووایە، رەنگە لە سێ رۆژی کۆتاییدا، ئیسرائیل نەیتوانیبا بەرپەرچی هیچ مووشەکێک بداتەوە."
وەزیری بەرگریی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە شەڕی ئەم دواییە ئەو بوارانەی بەرگریی بۆ رون کردوونەتەوە کە پێویستە کاری زیاتریان لەسەر بکرێت و بەهێزتر بکرێن و تەنها مووشەک لە کارە لەپێشینەکانیان نابێت.
لەدوای نەمانی حکومەتی پێشوی سوریاوە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە زیاتر لە هەزار و 100 کەس کوژراون کە بەشێکیان بەهۆی کێشەی تایفەگەریەوە کوژراون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بلاویکردەوە، لەدوای نەمانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدەوە لە ناوچەجیاوازەکانی سوریا هەزار و 131 بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە کوژراون، لەو ژمارەیەش 601 کەسیان بەهۆی ئینتیمای تائیفیەوە کوژاون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێکی زۆری قوربانیەکان لە پارێزگاکانی حومس و حەما و لازقیەبوون بەهۆی بوونی پێکهاتەی جیاواز لەو پارێزگایانە.
لەدوای نەمانی حکومەتی پێشوی سوریاوە، رەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و پیکدادانی توند لەنیوان لایەنەجیاوازەکانی سوریا رویداوە.
تیرۆرستانی داعش لە پارێزگای دێرەزوری سوریا هێرشێکی خۆکوژیان کردە سەر خاڵێکی هێزە ئەمنیەکانی سەر بەحکومەتی سوریا و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا رایگەیاند، لە شاری ئەلمەیادینی پارێزگای دێرەزور لە سوریا، رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە رێگەی دوو تیرۆستی خۆکوژەوە هێرشی کردوەتە سەر خاڵێکی ئەمنی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا و یەکێک لە تیرۆرستەکان لە رێگەی پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی تەقاندوەتەوە، پاشان ئەوی دیکەیان لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی لەگەڵ هێزەئەمنیەکان کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو هێرشە خۆکوژیەی تیرۆرستانی داعشەوە ئەندامێکی سەربەهێزە ئەمنیەکانی سوریا کوژراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە سەرەتای ئەمساڵەوە 143 هێرشیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 60 کەس کوژراون.
نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكەمینجار بە رەسمی ئاماری برسێتی لە غەززە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، 500 هەزار كەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رەتیدەكاتەوە و دەڵێت، هیچ برسێتییەك لە غەززە بوونی نییە.
ئەمڕۆ هەینی، نەتەوە یەكگرتووەكان بە رەسمی ئاماری برسێتی لە غەززە بڵاوكردەوە، كە بۆ یەكەمینجارە ئامارێكی لەو جۆرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبكرێتەوە و رایگەیاند، ئەوەی لە غەززە روودەدات برسێتییەكی كارەساتبارە.
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەكردووە، 500 هەزار كەس لە غەززە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و ئەگەر رێگری لێ نەكرێت، تا مانگی ئەیلول ئامارەكە بۆ نزیكەی 650 هەزار كەس بەرز دەبێتەوە.
لە بەرانبەرادا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی رەتكردەوە و رایگەیاند، برسێتی لە غەززە بوونی نییە و ئەوەی باس دەكرێت، وتەی ناڕاستی حەماسە بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەكاری دەهێنن.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە فەرمانی کردووە بە دەستپێکردنی دانوستانی دەستبەجێ بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لە کەرتی غەززە ماونەتەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەپێی "مەرجی قبوڵکراو بۆ ئیسرائیل".
ناتانیاهۆ لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی فیرقەی غەززە بۆ پەسەندکردنی پلانی کۆنترۆڵکردنی شارەکە، لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا وتی: "هاتووم بۆ پەسەندکردنی پلانەکانی سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە و تێکشکاندنی حەماس. لە هەمان کاتدا، فەرمانم دەرکردووە بە دەستپێکردنی دانوستانی دەستبەجێ بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە."
هاوکات، سوپای ئیسرائیل دەستیکردووە بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پزیشکییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە باکووری کەرتی غەززە، تا خۆیان ئامادە بکەن بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی شاری غەززە بەرەو باشوور. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە سوپا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە راگەیاند.
پێشتر ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردبووەوە کە "تەنانەت ئەگەر حەماسیش بە رێککەوتن رازی بێت، سوپای ئیسرائیل غەززە کۆنتڕۆڵ دەکات،" وتیشی: "نزیک بووینەتەوە لە کۆتایی شەڕ."
پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە رووبەڕووی رەخنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە، چونکە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە قوڵتر بکاتەوە، کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی دانیشتووانەکەی رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.
ماڵپەڕێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پلەکانی گەرما، رۆژی پێنجشەممە، هەشت ناوچە و شاری عەرەبی خستە لیستی گەرمترین ناوچەکانی جیهانەوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا.
ماڵپەڕی "Eldorado Weather" کە تایبەتە بە پێوانەکردنی پلەکانی گەرما، لیستێکی بڵاوکردووەتەوە کە 15 شاری جیهانی لەخۆگرتووە. لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت بە تۆمارکردنی 47.1پلەی سیلیزی، گەرمترین ناوچە بووە.
ریزبەندییەکە بەم شێوەیەیە:
1. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت (کوێت): بە 47.1پلەی سیلیزی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی گرتووە.
2. فڕۆکەخانەی ناوخۆیی وادی دەواسیر ( سعودیە): بە 48 پلەی سیلیزی، لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی و حەوتەمی جیهاندایە.
3. حاسی مەسعوود (جەزائیر): لە پلەی هەشتەمی جیهاندایە.
4. عەین ساڵح (جەزائیر): لە پلەی نۆیەمی جیهاندایە.
5. ئەدرار (جەزائیر): لە پلەی دەیەمی جیهاندایە.
6. تەوریرت (جەزائیر): لە پلەی یازدەیەمی جیهاندایە. (پلەی گەرمای شارە جەزائیرییەکان لە نێوان 44.7و 44.6 پلەدا بووە).
7. قەیسومە (سعودیە): بە. 44،4پلەی سیلیزی لە پلەی حەوتەمی عەرەبی و 13ی جیهاندایە.
8. مەدنین (تونس): بە 44.4 پلەی سیلیزی لە پلەی هەشتەمی عەرەبی و 14ی جیهاندایە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی لوبنان و بزووتنەوەی فەتح کرد بۆ چەککردنی ئارەزوومەندانە لە کەمپەکانی فەڵەستینی لە بەیروت و بە "هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو یەکڕیزی و سەقامگیری" وەسفی کرد.
باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە هەردوو لا کرد و رایگەیاند: "ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە کە لە ئەنجامی هەنگاوە بوێرانەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنانەوە هاتووەتە ئاراوە."
نێردەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە "پابەندبوونێکی راستەقینە بە ئاشتی و هاوکاری نیشان دەدات."
ئەم رێککەوتنە لە مانگی ئایاردا لە نێوان مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ئەنجامدرا و بڕیارە لە ئەمڕۆوە، پێنجشەممە، پرۆسەی رادەستکردنی چەک بە سوپای لوبنان دەست پێبکات. پرۆسەکە سەرەتا لە کەمپی بورج ئەلبەراجنە لە بەیروت دەست پێدەکات و بزووتنەوەی فەتح دەستپێشخەرییەکەی گرتووەتە ئەستۆ بۆ هاندانی لایەنە چەکدارەکانی دیکە.
بۆ ماوەیەکی زۆر، سوپای لوبنان نەچووەتە ناو کەمپە فەڵەستینییەکانەوە و ئاسایشی کەمپەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەبراوە، بۆیە ئەم هەنگاوە بە هەوڵێکی گرنگ دادەنرێت بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.
تویتەکەی تۆم باراک:
https://x.com/USAMBTurkiye/status/1958552010317320695
لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات واقیعێکی نوێ لە سوریا بسەپێنێت و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە ئیسرائیل ناچار بکات هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.
نوێنەری سوریا جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی کردەوە و وتی: "ئێمە دابەشکردنی سوریا بە تەواوەتی رەتدەکەینەوە."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوریا هەنگاوی ناوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی ئابووری و دووپاتیکردەوە کە "دەرگای دیالۆگی 'سوری-سوری' کراوەیە."
دەربارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سوەیدا، نوێنەری سووریا وتی: "چەندین جار جەختمان کردووەتەوە کە سوەیدا و خەڵکەکەی بەشێکن لە پێکهاتەی سوریا."
لە کۆتاییدا، نوێنەری سوریا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە شەفافیەت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی سوریا، گێر پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریدا لە ناسەقامگیریی ئاگربەستی ئێستای وڵاتەکە و جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە.
پێدەرسن رایگەیاند: "بەبێ بوونی رێوشوێنی بنیاتنانی متمانە، ئاگربەست بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە،" وتیشی، "یەکپارچەیی سوریا بە خوێنڕشتن نایەتە دی، بەڵکو بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دێتەدی."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە بە وردی چاودێریی رەوشی سوەیدا دەکەن و هیوای خواست بەرپرسانی روداوەکانی ئەو ناوچەیە دادگایی بکرێن، بەبێ گوێدانە لایەنگرییان. هەروەها بوونی چەکدارە بیانییەکانی بە "مەترسییەکی گەورە" لە سوریا ناوبرد.
لەبارەی پرۆسەی سیاسییەوە، پێدەرسن باسی لە دەرچوونی مەرسومێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەنجومەنی گەلی کاتی کرد و داوای قۆناغێکی گواستنەوەی شەفاف و باوەڕپێکراوی کرد. جەختیشی کردەوە کە "قۆناغی گواستنەوە دەبێت ببێتە هۆی داڕشتنی دەستورێک کە گوزارشت لە ئیرادەی گەلی سوریا بکات."
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بەردەوامبوونی هەوڵەکانیشی کرد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
لە کۆتاییدا، پێدەرسن ئاماژەی بەوەدا کە کاردەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرە سورییەکان بۆ زێدی خۆیان.
هەردوو حکومەتی سوریا و ئیسرائیل لە پاش ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی نێوانیان بەتەواوەتی نزیکن لە ئەنجامدانی رێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوانیاندا.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەناڵی ئەلحەدەسی سعودی راگەیاند، سوریا و ئیسرائیل لەسەر نزیکەی 80%ی خاڵەکانی نێوانیان رێککەوتون، کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیمەشق و تەلئەبیب رێککەوتون لەسەر بەردەوامبوون لە دانوستانە ئەمنییەکانیانی نێوانیان لە ئازەربایجان و فەرەنسا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رێکخستنە ئەمنیەکانی باشوری سوریا نزیکە لەوەی بەتەواوەتی جێبەجێبکرێت.
ئەو سەرچاوەیە رونیشیکردوەتەوە، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا داوای لە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کردوە رونکردنەوەی تەواوەتی بدات لەسەر ئەوگرتە ڤیدیۆیانەی پێشێکاریەکان بەرانبەر دروزەکان لە پارێزگای سوەیدا پیشاندەدەن.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، لەگەڵ وەفدێکی ئیسرائیل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبووەوە و تیایدا باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە باشووری سوریا و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ناوچەکە کرد.
لە میانی دیدارەکەدا، رێککەوتنێک ئەنجامدرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی غەززە "تەنانەت ئەگەر حەماس لە دوا ساتدا بە رێککەوتنی ئاگربەست رازی بێت."هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەرتی غەززە "لەسەر لێواری کۆتاییهاتنە."
نەتەنیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "سکای نیوزی ئوسترالی" وتی: "تەنانەت ئەگەر حەماس بە رێککەوتنەکە رازی بێت، ئیسرائیل غەززە کۆنترۆڵ دەکات،" بە ئامانجی "لەناوبردنی ئەوەی لە تێکدەران ماوەتەوە و بەدیهێنانی ئاسایش."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجیان "ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چەککردنی حەماسە،" و جەختی لەوە کردەوە کە "لەناوبردنی دوا مۆڵگەی بزووتنەوەکە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی."
ناتانیاهۆ روونیکردەوە کە ئامانجی "داگیرکردنی غەززە نییە، بەڵکو پێدانی داهاتوویەکی جیاوازە بە غەززە و ئیسرائیل."
لەلایەکی دیکەوە، نەتەنیاهۆ ئاشکرایکرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "بە تەواوی پشتگیری لە ئامانجی سەربازیی ئێمە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئێمە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو کارە دەکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە بانگهێشتی 60 هەزار سەربازی یەدەکی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی سەرەڕای سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی. هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی سەرەتایی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە.
دانیشتووانی شاری غەززەش رایانگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی چڕی شارەکە.
دەستەی ئاماری سعودیە رایگەیاند، ژمارەی عەمرەکاران لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس، کە زیاتر لە شەش ملیۆن ونیویان عەمرەکاری بیانی بوون.
بەپێی ئەنجامی سەرژمێریەک کە لە لایەن دەستەی ئاماری سعودیەوە راگەیەندراوە، ژمارەی عەمرەکارانی ئەمساڵ گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 222 هەزار و 479 کەس، لە رێژەیەش 60.5٪ لە رەگەزی نێر بوون و 39.5یش لە رەگزی مێ بوون.
دەستەی ئاماری سعودیە ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی ئەو عەمرەکارە بیانیانەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا سەردانی ئەو وڵاتەیانکردوە، گەیشتوەتە شەش ملیۆن و 523 هەزار و 630 عەمرەکار، 82.2% یان لە رێگەی فڕۆکەوە سەردانی سعودیەیانکردوە، هەروەها ژمارەی عەمرەکارانی ناوخۆیی سعودیە لە چارەیەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەشت ملیۆن و 698 هەزار و867 عەمرەکار بووە.
نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە كەرتی غەززە دەكات، حەماسیش دەڵێت پلانی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە بێ بایەخكردنی هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیرە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانی كۆنفرانسێكدا لە ژاپۆن داوای ئاگربەستی دەستبەجێی كرد لە كەرتی غەززە، دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند كە هەنگاوەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری غەززە دەستیپێكردووە.
گۆتێرێس راشیگەیاند، بڕیاری فراوانكردنی ئۆردوگاكانی نیشتەجێبوون بۆ جولەكان لە كەناری رۆژئاوا نایاساییە و داوای لە ئیسرائیل كرد لەو پلانە پاشەگەزبێتەوە.
بزوتنەوەی حەماسیش، دوای دەستپێكردنی قۆناغی دووەی ئۆپراسیۆنی جەدعون 2ی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە رایگەیاند، ئەو پلانە بێ بایەخكردنی هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیرە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، وتیشی چۆن پێشتر ئۆپراسیۆنەكانیان شكستیهێناوە ئەم ئۆپراسیۆنەش بە هەمان شێوە دەبێت.