ئەنجومەنی هەماهەنگی کاروباری کەرتی بانکی لە ئێران رایگەیاند، هێرشێکی ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکانی چوار بانکی سەرەکیی وڵاتەکەی پەکخستووە، بەڵام هیچ جۆرە دزەکردنێک بۆ ناو زانیارییەکانی کڕیاران و بەشداربووان تۆمار نەکراوە.
میدیا رەسمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری ئەنجومەنەکەوە بڵاویانکردەوە، هێرشەکە ژێرخانی هاوبەشی پەیوەندییەکانی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن بانکەکانی "ملی" (نیشتمانی)، "تیجارەت"، "سادرات" و "گەشەپێدانی هەناردەکردنی ئێران"ـەوە بەکاردەهێنرێت.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە وای لە تیمە تەکنیکییەکان کردووە رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی کاریگەری کردووەتە سەر هەندێک لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
ئەنجومەنی ناوبراو جەختی کردەوە کە هیچ دەستڕاگەیشتنێکی نایاسایی بە زانیارییەکانی کڕیاران یان سڕینەوەی داتاکان تۆمار نەکراوە، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ باری ئاسایی خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بانکەکانی ئێران دوێنێ شەممە رایانگەیاندبوو کە ژمارەیەک لە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانیان تووشی تێکچوونی تەکنیکی بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ئەنجامدانی مامەڵە بانکییە دیجیتاڵییەکان.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"یش بڵاویکردەوە، کێشە تەکنیکییەکە بانکە سەرەکییەکانی گرتووەتەوە (لەوانە ملی، تیجارەت، سادرات و گەشەپێدانی هەناردەکردن)، ئەمەش بەهۆی گرفتێکەوە بووە کە لە بەشێک لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی سەر بە "کۆمپانیای نیشتمانیی خزمەتگوزارییەکانی زانیاری" رویداوە.
ئیسرائیل نیگەرانە لە رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران و ئاشکرایدەکات، مەترسی لەسەر ئاسایشیان دروست دەکات.
دوای راگەیاندنی ئامادەکارییەکان بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیل نیگەرانی قووڵی خۆیان لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دەربڕی ر رایانگەیاند، ئەم هەنگاوە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان دروست دەکات، چونکە چاوپۆشی لە دۆسیە هەستیارەکان کردووە.
تەلئەبیب ئاماژە بەوەدەکات، خاڵەکانی ئێستای تێککەوتنەکە، پرسی چەکە ئەتۆمییەکان، موشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان وەک حیزبوڵا و حوسییەکان پشتگوێ دەخات، هاوکات بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئیدارەی ئەمنی و سیاسی ئیسرائیل بۆ تاوتێکردنی ئەم بابەتە کۆببێتەوە.
سوپای ئیسرائیل پێشبینی دەکات،موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، دەقی رێککەوتنەکەی بۆ ئەنجومەنی باڵا پەسەند کردبێت، هەرچەندە دەقەکە راستەوخۆ باس لە دۆسیەی ئەتۆمی ناکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاران رەزامەندی بدات لەسەر دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی لە ناوخۆی ئێراندا.
لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس رایگەیاند، ئێران چەکی ئەتۆمی ناوێت و دوای رێککەوتنەکە دەستبەجێ گەروی هورمز دەکرێتەوە.
ترەمپ جەختی لەوەشکردووەتەوە ، هیچ پارەیەک بە ئێران نادرێت و لە قۆناغی داهاتوودا مادە ئەتۆمییە کۆکراوەکان هەڵدەگرنەوە و لەناوی دەبەن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە تۆڕی "CNN" بڵاویکردووەتەوە، ئێران تەواوی ئەو شوێنانەی کە یۆرانیۆمی لێ پاشەکەوت کراوە مینڕێژ کردووە، و ترەمپیش لە دوا ساتدا رێگری لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سوپای ئەمریکا کردووە کە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران بووە.
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، بەشێك لە خۆپیشاندەران ئێران داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتەكەیان دەكەن.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، كۆمەڵێك لە خۆپیشاندەران لە ئێران رژانە سەر شەقامەكان و داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان كرد.
ئاماژەیانبەوەشكرد، خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكەدا بە توندی دژی ئەو تێگەیشتن و ڕێككەوتنانە وەستاونەتەوە كە ئێستا لە نێوان تاران و واشنتندا باسیلێوەدەكرێت.
راشیانگەیاند، خۆپیشاندەران دروشمی ڕەخنەگرانیان دژی پرۆسەی دانوستانەكان بەرزكردووەتەوە و پێیان وایە هەندێك لە بەندە بڵاوكراوەكانی رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەكە، لەگەڵ بنەما نەگۆڕەكان و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئێران ناگونجێن.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ شەممە، جەختی کردەوە کە شەڕ لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا شکستی هێناوە.
پزیشکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: شەڕ لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا شکستی هێنا، سەرەڕای تیرۆرکردنی سەرکردەکان و زانا ئەتۆمییەکان و هێرشکردنە سەر ژێرخانەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد: من بە باشی لەو سەختییانە تێدەگەم کە گەلەکەمان چەشتوویەتی، و ئارامگرتنیان لەبەرامبەر گوشارە ئابوورییەکاندا تاقیکردنەوەیەک بوو...
سەرۆكی سۆماڵیلاند سەردانی ئیسرائیل دەكات بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمی كردنەوەی باڵیۆزخانەی هەرێمەكەی لە قودس.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، عەبدوڕەحمان عەبدوڵا عەرۆ سەرۆكی هەرێمی جوداخوازی سۆماڵیلاند رۆژی یەكشەممەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل دەكات بە مەبەستی بەشداریكردن لە كردنەوەی باڵیۆزخانەی هەرێمەكەی لە قودس.
ئەوەش یەكەمین سەردانی رەسمی سەرۆكی سۆماڵیلاندە لە دوای ئەوەی ئیسرائیل ساڵی رابردوودا دانینا بەو هەرێمە وەك وڵاتێكی رەسمی و سەربەخۆ.
لە سەردانەكەیدا سەرۆكی سۆماڵیلاند بە نیازە لەگەڵ سەرۆكی ئیسرائیل و چەند لێپرسراوێكی تری باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە بە مەبەستی زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان.
رابەری باڵای ئێران لە رەشنووسی رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن رازییە، بەڵام هێشتا ئیمزای كۆتایی لەسەر نەكردووە.
لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی رایگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە رێككەوتنە سەرەتاییەكە لەگەڵ ئەمریكا رازییە و ئەو هەڵوێستەش وەك ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ دانوستانەكان دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای رەزامەندییەكەی، بەڵام تائێستا خامنەیی بە رەسمی ئیمزای لەسەر رەشنووسەكە نەكردووە.
سەرچاوەكانیش ئاماژەیان بەوە كردووە، رێككەوتنەكە تەنها بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكەیە و دۆسێی ئەتۆمیی بۆ كاتێكی تر دواخراوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش بڵاویكردووەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران تائێستا بە رەسمی رەزامەندی لەسەر رێككەوتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن نەداوە.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاند، چەند درۆنێكی ئێرانیان لە گەروی هورمز تەقاندووەتەوە كە ویستویانە رێگری لە تێپەڕبوونی كەشتیە بازرگانیەكان بكەن.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چەند سەعاتی رابردوودا ئێران چەند درۆنێكی خۆكوژیان لە گەروی هورمز ئاڕاستەكردبوو بۆ هێرشكردنەسەر كەشتییە بازرگانییەكان.
دەشڵێت، هێزەكانی ئەمریكا لە چەند سەعاتی رابردوودا سەرجەم درۆنەكانیان خستووەتەخوارەوە و هاتوچۆی دەریایی لە گەروەكەدا بەبێ هیچ بەربەستێك بەردەوامە.
پێشتر سێنتكۆم رایگەیاندبووو تا ئێستا توانیویانە رێڕەوی 136 كەشتیی بازرگانی بگۆڕن كە هەوڵیانداوە گەمارۆكە بشكێنن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن کە تیایدا هەردوولا بەڵێن دەدەن رێز لە سەروەری یەکتر بگرن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەک نەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بە نووسراو بەڵێنی داوە چیتر شەڕ دەست پێنەکات و هەڕەشە و هێز دژی ئێران بەکارنەهێنێت.
عراقچی سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە ئاشکرای کرد، بابەتەکانی وەک پرسی ئەتۆمی، هەڵگرتنی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە، چارەنووسی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، پرسی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لە یاداشتەکەدا جێگیر کراون.
وتیشی: رێککەوتن و دانوستان پرۆسەیەکی دوولایەنەیە و هیچ رێککەوتنێک نییە کە لایەنێک تێیدا 100%ـی قازانج ببێت و لایەنەکەی تر هیچ. بەڵکو دەبێت هەردوولا گەیشتبنە ئاستی رەزامەندی.
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، دانوستانەکان بۆ دوو قۆناغ پێشبینی کراون؛ قۆناغی یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەیە، قۆناغی دووەمیش کە دەستپێکردنی دانوستانە وردەکانە.
عراقچی ئەوەشی رایگەیاند، کە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بۆ قۆناغی دووەم دواخراون و ماوەی 60 رۆژ دانوستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە دیاریکراوە.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، عەباس عراقچی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی تاران کردەوە و رایگەیاند، هەرگیز حزبوڵای لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەبێت لوبنان و هەموو بەرەکانی تر بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی کە ئەم رێککەوتنە چەندین دوژمنی هەیە، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیلە و هەوڵی تێکدانی دەدات.
موراد قەرەیلان دەڵێت، دەبێت ئۆجەلان ئازاد ببێت، بۆ هێنانە ئارای ئاشتی لە نێوان گەلی كورد و توركدا، ئەگەر لە زیندان بمێنێتەوە ئاشتی بەرەوپێش ناچێت.
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) رایگەیاند، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی پێش هەموو شتێك دەبێت بە یاسایەك پێگەی ئۆجەلان رونبكرێتەوە.
وتیشی، ئازادی جەستەیی ئۆجەلان مەرجی هێنانەئارای ئاشتییە لە نێوان گەلانی كورد و توركدا، ئەگەر لە زیندان بمێنێتەوە، ئەو پرۆسەیە بەرەوپێش ناچێت.
راشیگەیاند، ئەو خەباتەی ئۆجەلان ئێستا لە ئیمراڵی بەڕێوەی دەبات، خەباتێكی نەتەوەییە و بۆ هەموو كوردێكە. چونكە ئەگەر توركیا واز لە سیاسەتی نكۆلیكردن و لەناوبردن نەهێنێت، هەمیشە دەستكەوتەكانی كورد وەك مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت، بەو بیركردنەوەیەش ناتوانێت دۆستایەتییەكی راستەقینە لەگەڵ كورددا پێكبهێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، کە دەقی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا جێگیر و ئامادەیە، بەڵام رێککەوتنەکە هێشتا نەبووەتە کۆتایی؛ ئاماژە بەوەش دەکات واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی گێڕانەوەی میدیاییەوە وەک سەرکەوتن نیشانی بدات.
دوای لێدوانەکانی دۆناڵف ترەمپ، کە رایگەیاند لەگەڵ ئێران گەیشتونەتە ریککەوتنی کۆتایی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشتریش ئاماژە بەوە کرابوو کە زۆربەی دەقەکانی رێککەوتنەکە یەکلاکراوەتەوە، بەڵام لایەنی ئەمریکی دەیەویست داواکاریی نوێ بۆ ناوەڕۆکەکەی زیاد بکات، بۆیە لە ئێستادا رێککەوتنەکە بە بنبڕ و کۆتایی دانانرێت هەرچەندە دەقی لێکتێگەیشتنەکە تا رادەیەکی زۆر ئامادەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە گێڕانەوە و لێدوانەکانی لایەنی ئەمریکی تەنها بۆ ئەوەیە وا پیشان بدەن، کە ئێران لەژێر گوشار و هەڕەشەدا لە هەڵوێستەکانی پاشەکشەی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە سەرجەم بەندەکانی هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری، لەلایەن لێپرسراوە باڵاکانی وڵاتەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت و لە کاتی خۆیدا هەڵوێستی رەسمی رادەگەیەنن.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەوەی لە میدیاکاندا دەربارەی کات و شوێنی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە بڵاودەکرێتەوە تەنها پێشبینی راگەیاندنەکانن و جەختیشیکردوەتەوە، هەریەکە لە پاکستان و قەتەر رۆڵێکی کاریگەر لەم نێوەندگیرییەدا دەبینن و ئێران سەلماندی کە سازش لەسەر ئەو شتە ناکات، کە بە هێڵە سورەکانی پێناسەی کردووە.
فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، ئاگری جەنگە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتیش دەکەن.
فەرماندەی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، وەڵامەکەیان زۆر توندتر دەبێت لە جاران و ئاگری ئەم شەڕەش تەنها لە ناوچەکەدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو بە شێوازێکی بەربڵاوتر پەرەدەسێنێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی دژایەتییەکی ئاشکرا بووە؛ چونکە لە لایەکەوە باس لە رێککەوتن و دانوستان دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە دەست دەکەن بە تێکدان و توندوتیژی، ئەم دژایەتییە لە رەفتار و گوتاری ئەمریکاشدا بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە گەروی هورمزد دادەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، سەرکردەکانی ئەمریکا بەهۆی شارەزانەبوون و نەناسینی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی، کەوتوونەتە ناو خولگەیەکی پووچەوە و پشتبەستن بە درۆی بەردەوام نیشانەی ئەم بێسەروبەرییەیە.
فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە واشنتۆن ناتوانێت لە رێگەی پڕوپاگەندە و جەنگی راگەیاندنەوە شکستە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی لە بەرانبەر ئێراندا بشارێتەوە.
لە کۆتاییشدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، هۆشدارییەکی رون و یەکلاکەرەوەی داوە و دەڵێت؛ یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەسێک رێگەپێدراو نابێت.
لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، ئێران ئەو کارە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و سەروەرییەکەی دادەنێت.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، هێرشە بەرفراوانەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا، نەک هەر پێشێلکردنی رونی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەروەری خاکی ئێرانە، بەڵکو بە تەواوی رێککەوتنی ئاگربەستە، تاران جەختیش دەکاتەوە کە واشنتن بەرپرسیارە لە هەر دەرئەنجامێکی مەترسیدار کە بەهۆی ئەم "ئاگردۆخی و شەڕەنگێزییەوە" بێتە ئاراوە.
ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و رایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی هەر وڵاتێک بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا لەم هێرشانەدا، بەشدارییە لە تاوانەکەدا.
لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، ئێران مافی رەوای خۆیەتی لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا، سەرچاوەی هێرشەکان و ئەو شوێنانەی کە هێرشەکەیان لێوە کراوەتە سەر خاکەکەی، بکاتە ئامانج و بێدەنگیان بکات.
هەروەها رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی تاوانەکانی ئەمریکا دەکەین لە هێرشە بەرفراوانەکەیدا بۆ سەر ئێران لە شەوی رابردوودا.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، تاران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمینداری گشتی رێکخراوەکە دەکات کە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە پاراستنی ئاشتەوایی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، جیهان بەرەو پشێوی و نائارامی زیاتر دەبات."
بەپێی هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراونەتەوە، چانسی گەیشتن بە هەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا زۆر سنوردارە، هاوکات تەلئەبیب خۆی بۆ ئەگەری سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئامادە دەکات.
دەستەی پەخشی رەسمی ئیسرائیل رایگەیاند، گومانێکی زۆر لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا هەیە سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتنی واشنتۆن و تاران، بۆیە ئیسرائیل لە ئێستاوە کار دەکات بۆ بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی، لە بەرانبەردا، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشبینییەکان دەریانخستووە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت وڵاتەکەی بگلێنێتە ناو شەڕێکی گشتگیر و فراوانەوە لەگەڵ ئێراندا.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە لێدوانێکی تونددا رایگەیاند: "رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران هێشتا زۆری ماوە کۆتایی بێت،" کاتز جەختیشی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بە تەواوی ساز و ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزی زۆر بەهێز لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا.
لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیل بە کەناڵی 14ـی راگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە بە خێراییەکی پێشبینینەکراو بگەڕێتەوە ناو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئاشکراشی کردووە کە ئەم قۆناغە رێگەیان پێدەدات ئەو لێدان و ئامانجانە جێبەجێ بکەن کە لە خولی پێشوی شەڕەکەدا ئەنجام نەدرابوون
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت؛ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردنی رژد و توند لە دژی ئێران و گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن نوسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، تاران و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
وتیشی، بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی تاران دەبنەوە و ناهێڵن هیچ مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەیان هەبێت.
لە پەرەسەندنێکی تردا، لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە "فۆکس نیوز"ی راگەیاندووە، سەرەڕای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی لێدانی سەربازیی نوێ لە تاران، دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەردەوامییان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکان هێشتا لە ئارادان و واشنتۆن لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن، بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی تاران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە داڕشتن و جێبەجێکردنی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کوێت، بە مەبەستی خوڵقاندنی پاساوێک بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
ئەم تۆمەتبارکردنە لە رێگەی پۆستێکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" هات، کە تێیدا لێدوانی لەسەر بەڵگەنامەیەکی ئەمریکی داوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنجی ئەم مانگە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە دەرچووە و تایبەتە بە فرۆشتنی سیستمی سەربازیی دژە درۆن بە کوێت.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە: پارچەکانی مەتەڵەکە زۆر بە خێرایی لە پاڵ یەک کۆدەبنەوە، و وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆپییەکی هاوشێوەی درۆنی (لوکاس)ی بۆ لێدانی فڕۆکەخانەی کوێت بەکارهێناوە.
بەقایی رونیکردەوە: ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە دروستکردنی پاساوێکی نموونەییە بۆ بازاڕکردن و ساغکردنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی دژە درۆن" کە لەلایەن کۆمپانیای "باوەرز"ەوە گەشەی پێدراوە، ئەمەش لە ژێر پەردەی پاراستنی کوێت لە هێرشەکانی ئێران.
له کۆتایی پۆستەکەشیدا، بەقایی نووسیویەتی: ئەم کارە بەڕاستی قازانجێکی زۆری هەیە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە گرێبەستە سەربازییەکەی ئەمریکا لەگەڵ کوێت سوود لە دروستکردنی مەترسییەکی وەهمی وەردەگرێت.