تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە "کۆبوونەوەی گەلان و باوەڕەکان" لە قەرس رایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتی قۆناغی یەکەمی تەواو کردووە و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە لەلایەن رێکخستنی دەم پارتی لە قەرس سازکرابوو و نوێنەرانی گەلان و ئایینە جیاوازەکانی شارەکەی کۆکردبووەوە، باکرهان ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کشانەوەی لە تورکیا کرد لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. باکرهان وتی، "هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان و کشانەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا و راگەیاندنی ئەوەی کە چیتر چەک دژی دەوڵەتی تورکیا بەکارناهێنێت، گرنگییەکی مێژوویی هەیە."

هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر کێشەی چەک لە ئارادا نەمابێت، ئایا ئەرکی دەوڵەت و حکومەت نییە کە ئەو هۆکارانە لەناو ببات کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەک، وەک "تاکڕەوی، ڕەگەزپەرستی و کارە نادیموکراتییەکان."

باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی کۆمەڵگەی دیموکراتی کۆتایی هاتووە و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان. ئەو وتی، "ئێستا ئێمە لە قۆناغی دووەمداین. لە قۆناغێکداین کە دەبێت یاسا بە شێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لەگەڵ ئاشتیدا بگونجێت." باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان تیشک دەخەنە سەر چارەسەری و هەوڵدەدەن ئەو تێگەیشتنە کە لە ژیانی ڕۆژانەی قەرسدا هەیە، زاڵ بکەن.

هەروەها وتیشی، "ئەو خەباتەی ئێستا دەیکەین هی هەمووانە. کۆماری دیموکراتی تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی گشتگیر مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو عەقڵ و باوەڕانەدا بکات کە کێشەیان هەیە."